شما اینجا هستید
اجتماعی » خوێندن و خوێندنەوەیکی تاڵ

بە قەڵەمی: ئەیووب محەممەدنژاد
بۆ: ئەوانەی #کونکوور یان هەیە و ئەوانەی لای خێر لە دەرچووانی #زانکۆ ناکەنەوە
بۆ سەرکەوتن لە کنکوور یان هەمان ئەزموونی گشتی تەنیا هەوڵ و ماندووبوونێکی یەجگار زۆر و شەونووخونی، و هەڵات هەڵات؛ پێویست نییە
هەندێک جار هەندێک هۆکار دەبنە بەربەست دەبنە ڕێگر لەوەی کە من، لەوەی کە تۆ، بگەیت بە ئاوات. کاتێک کە کەسێک دەبینین کە هەوڵ دەدا بۆ خوێندن؛ بە هەندێک وشە بە هەندێک ڕستە، پللاری تێدەگرین، یان دڵخۆشی دەکەین. یان ئاواتی باش باشی بۆ ئەخوازین. سەرەکی‌ترین ڕستە ئەمەیە: باشه سەرکەوتووبی، جوان دەرس بخوێنە، ئیشاڵڵا دامەزرێی.
بەڵام ئیشاڵڵا دائەمەزرێی؟؟؟
هەموو هەوڵ ئەدەین، دەخوێنین و ناخەوین دەخوێنین و ناسرەوین، دەخوێنین و شایی ناچین، دەخوێنین و شین ناچین، دەخوێنین و دەخوێنین و هەر دەخوێنین، ئەوا دایک و باوک، خۆت و خۆت، ڕۆحت و ڕۆحت، تەنانەت ژین و ژینت، تێکڵاوی خوێندن ئەبێ، هەر ئەخوێنی و قۆناغ ئەبڕی و دەرناکەوی، هەر ئەخوێنی و دەبێ بخوێنی، هەر ماندوودەبی و ئەبێ ماندووتر بی، هەر ئەم شەو تا بەیانی ناخەوی و بەیانیش تا شەو، ناخەوی. خەمی دایک و باوک و خەمی ژیان و خەمی گەیشتن بە ژیانێکی گەش، تەواووی بوونت دائەگرێ، شین و شادی وەلا ئەنێی، دەبیتە کتێب، دەبیتە پێنووس، دەبیتە تێنووس، لە سەر دەست، لە سەر لاقت، لە سەر مێزی قووتابخانە وشە و ڕستەی بەهێز دەنووسی؛ دەنووسی من ئەمساڵ تەنیا بە پزیشکی بیردەکەمەوە، من باشترین پزیشکم لێدەردێ، لە بەرخۆتەوە بە ورتە ورت، دەڵێی: [هەر چەندێ من زاتی پزیشک بوونم نییە] ئاخە من حەزم لە نووسەرییە، حەزم لە نیگار کێشانە. من دەبێ ببمە نیگارکێشێ بەتوانا، من دەبێ ببمە وێنەگر، وێنەی ژیان بکێشم، من دەبێ ببمە هونەرمەند دەبێ ببمە ئێل دەبێ ببمە بێل.
بەهەشتێ بۆ خۆم بخولقێنم لەو جەهەنمەی خۆم، باوکم و باوانمی تێدایە، دەرچم. بەهەشت بکێشم، بەهەشت بنووسم، بەهەشت درووست بکەم، ئەخە من ڕۆحیاتی پزیشکیم نییە، لەو لاشەوە دەزانی گەر پزیشکیش نەبی باوک و باوانت، خۆت و خولیاکانت، ناچنە بەهەشتەوە، یانی وایان بە گوێتدا خوێندووە، یانی هەر لە مناڵیەوە وتیانە تۆ بۆ پزیشکی باشی. تەنانەت بۆ وەی باشیش نەبی، هەر پزیشکی داهاتووی هەیە ڕۆڵە، هەر دەبێ پزیشک بی هەر دەبێ ئەوەی ئێمە دەمانەوە ببی، بەڵام من خۆم باش ئەزانم، من خوا درووسی کردووم؛ بیر کەمەوە و بنووسم، بنووسم و بکێشم، بکێشم و دونیایێ بۆ خۆم بخولقێنم. چ ناخۆشتر لەوەی خۆزگەت غەرق بێت، چ ناخۆشتر لەوەی کە بزانی خەڵکی نازانن تۆ بۆ چی خولقاوی، تەنانەت باوکت، تەنانت دایکت، هەموو ئەم خەڵکەی، لە نزیکەوە بۆ دوور؛ نازانن تۆ چیت، چیت لە مێشکدایە؛ تۆ ناناسن، تۆ ناخوێننەوە.وات لێ ئەکەن خۆشت نەزانی بۆ چی خولقاوی.
هەن سەرکەوی پێیان ناخۆشە، ژێریش کەوی تانە بارانت ئەکەن، هەن و هەن و هەر نابڕێنەوە…
ئێمە بە خێرایی گەورە ئەبین، ئەگە لە دێ(گوند-دێهات) لە دایک بین دووای بڕینی قۆناغی سەرەتایی خوێندن، دەبێ بڕۆین ئاوارەی ئەم شار و ئەو شار بین، ئێمە هەر ئەخوێنین و کۆڵ نادەین، قۆناغ بە قۆناغ سەرئەکەوین، هەندێکمان لە خابگا دەمێنینەوە و ڕەش و ڕەش و چارەڕەشتر ئەبین، بۆ نان و خوان و خەو و دەس‌بە ئاویشمان دەبێ بچینە سەفەوە، لەو سەفانەدا وەنەوز ئەدەین، شەوانە نیگابانیش ئەدەین، دەم‌بەیانی هێشتا ڕۆژی پێش ڕۆژیش نەهاتووە، هەڵمان دەستێنن لە خەو. قەڕەباڵغی دەمانکوژێ و کێشەکان دەکوژین، هەر دەمرین و دەمرێنین، مناڵین و وزەمان زۆرە، هەر چەرخی قووڕبەسەریی دەمانهاڕێ و ناتوێینەوە.
هەندێکیشمان بە ماشین هاتووچۆ دەکەین؛ پووڵی کرێ ماشینیشمان نییە قەرز ئەکەین، لە ئێمە خراپتر ئاغای شۆفیڕە بۆ مانگانە تمەنێ زیاتر زۆرتر لە ئێمە سووار ئەکا، بە جێی چوار سەرنشین، دەبینە پێنج و شەش و… جار وایە لە گەڕانەوە بۆ ماڵ، لە ڕێگادا تەسادف دەکەین و دەبینەوە بە هیچ. دانەیێکمان تیا ئەچێ، پێش شکانی حەزی دایک، پێش دیتنی ڕوخساری خوشک، مانوونەبی وتن بە باوک و گرتنە ئامێزی بە جلە عارەقاوییە شڕە ماندووەکانییەوە.
ئەوانەی دیکەش لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەم ڕووداوە؛ لە ترسی مردن، دەس لە خوێندن هەڵ ئەگرن و ئەچنەوە سەر دۆخەکەی باوانیان.
کچ بن لە ماڵدا زیندانی ئەبن، فەڕش ئەکەن یان دەسکەنە، هەندێکیشیان دروێنەش ئەکەن دوواتر شوو ئەکەن قەتیش داوای بەشەماڵ ناکەن، داواشی کەن بەشیان نادەن، بەشیشیان بدەن بە جنێو و نامیتکەوە. جار واهەیە بەختیان ڕەشتر لە ماڵی باوکیان ئەبێ، هەر ناحەسێنەوە و هەر ماندوون.
کوڕ بن دەبنە شوان، دەبنە کرێکار، ئەچن بۆ شیرکەت، لە تاران کار ئەکەن بە شەو کار بە ڕۆژ کار، هەر کار ئەکەن و بە هیچ ناگەن.
هەندێک دەمێننەوە هەر بە زۆری خۆیان، ڕوو لە خوێندن دەکەن دوو حاڵەت هەیە یان پشتیوانی ڕۆحی و مادیان هەیە یان هیچ. ئەمانە دەڕۆن و ناگەڕێنەوە، هیوا ئەخەنە بەر خۆیان، هەوڵ دەدەن و مانووبوونیان لا بێ واتایە، نە پرسە
دەچن نە شایی و سەما، چەن کلیپی ئەنگیزەیی دەبینن، دار و بەرد دەنووسن، من ئەتوانم، من بێ‌گومان باشترین کتێبخوێنم.
هەر دەخوێنم و هیچ تێناگەم، هەر دەخوێنم و هیچ نازانم، هەر دەخوێنم و هیچ فێرنابم، هەر دەخوێنم و لەبیرم دەچێتەوە، هەر دەخوێنم و نازانم چی دەخوێنمەوە، هەر نازانم بۆ دەخوێنم.
بیرکاری و فیزیا بە باشی دەزانم بەڵام نازانم بۆچی دەبێ بزانم، شیمیا و بیوولۆژیا خۆراکمە، دەڵێن لە ژیانا بەکارم دێت بەڵام هیچ بەکارم نایا.
من بە زۆر، بە مەیلی خۆم، بە هەر جۆرێ بێ؛ دەخوێنم، خەریکە دەگەمە قۆناغی کۆتایی پڕۆسەی یەکەم، دووازدە ساڵ لە قوتابخانە خوێندم؛ خوێندن نا باشتر بڵێم، عومرم چوو، دووازدە ساڵ لەوێ تەمەنم بردە سەر، هاوینان، شاگرد میکانیک بووم، جۆشکار، سافکار، هەندێک لە من، هاوینیش دەرسی بەهێزبوونی زمان دەخوێنێ، هەندێ بەهێزبوونی پایە، ئەزموونی زانکۆ، ئەزموون ئەکات. چارەڕەشەکەشمان دەچێتەوە بۆ دێ دەبێتەوە شوان، ئەمە دووهەم حاڵەتەکانن کە هیچ پشتیوانیان نەبوو. ئەمانە “یان هیچ”کانن.
بە هەموو حاڵەتێکەوە، ئێمە؛ یانی من و من، من و تۆ و هەموومان دووازدە ساڵ لە مەکتەبا بووین، دیپلۆمان وەرگرت و هیچ نازانین، سەیریشە و تاڵیشە، تۆزێکیش عەیبە، نە بۆ داهاتوو ڕاهاتووین نە بۆ خزمەت بە خەڵک نە بە خۆمان نە بە خۆشمان.
دووای دووازدە ساڵ خوێندن. مەخابن من پێم خۆش نییە شایەدا تۆش پێت خۆش نەبێ بچینە زانستگا و خوێندنی باڵا وەربگرین بەڵام خۆ دووازدە ساڵ کتێبمان بەدەستەوە بوو، خوێندمەوە و خوێندتەوە، لەگەڵیا ژیام و لەگەڵیا ژیای. بەڵام هەست ئەکه‌م هیچم نەخوێندۆتەوە و هیچیش نازانم، ئەرێ بۆ هیچ نازانم؟؟ بڕێک لە من ئەزانێ، یانی ئەوە‌ی کە دیکتە دەکرێ و دەبێ بزانین تا نومرە دەگرین.
لێرەدا هەموومان سفرین، لەمەنفی دووانزدەوە هاتووین لێرەدا دەگەینە سفر یانی هیچ. ئێمە دووای دووازدە ساڵ خوێندن تازە ئەگەین بە هیچ، باوڕناکەی؟؟ ئەی بۆ یەک ئیش و هەلی کار تەنانەت بە شێوەی کاتیش، تەنانەت بە پارەیێکی زۆر کەم بۆ من نییە؟؟ ئەی بۆ یەک تاقە کەس نییە بە دووازدە ساڵ خوێندن دامەزرابێ، من گێژ من حۆل من نەزان من نەفام، من نەخوێن و بەڕەڵا، کامە زیرەکە بۆم بێنن بزانم لە کوێ ئێش ئەکا، چەنێ پارەی پێ ئەدەن، چەنێ خۆشی لەکارەکەی دێت، چەنێ ئەم دەرسە حەساندوویەتییەوە؟؟ ئێستاش باوڕناکەن کە هیچین؟؟.
لێرەشا دوو دەستە دەبین: من دەس لە خوێندن هەڵدەگرم و کۆتایی ڕێگا خۆتان شرۆڤەی کەن.
من درێژە بە خوێندن ئەدەم و خۆم شرۆڤەی ئەکەم: من دەچمە زانکۆ، شانازی ئەکەم. شاییم بە خۆمە. چاو و دڵم دەکرێتەوە، ڕەفیقی ئەم شار و ئەو شار پەیا ئەکەم. زۆر زوو دەچم کارێ پارەوەخت پەیا ئەکەم تا کۆمەک خەرجم بێ. قەرز ئەکەم تا ئەو پووڵە ئەگاتێ. زۆر ڕووم نییە بچم بەولاولا، لە ناو ڕەفیقا ئەشکێمەوە. لە کۆتاییا خەمێ ئەمگرێ. برینم قووڵ ئەبێتەوە.
برینی قووڵتر ئەوەیە کە دووای شانزە ساڵ خوێندنیش، دووای ۲۰ ساڵ خوێندنیش و دووای عومرێ خوێندن، نە هیچ فێرئەبی نە هیچ بە دەست دێنی.
کەم کەم سەرت سپی دەبێ، ڕێژەی بینایی چاوت کەم ئەبێ، هەر کەم ئەبێ و بەرەو تاریکی ئەڕوا، لێڵ و لێڵ و لێڵ‌تر ئەبێ، تۆ هەر لە خوێندن پاشگەز نابییەوە، هەر ئەخوێنی و ئەنووسی، لەو بوارەدا کە حەزی پێ ناکەی و باوکت حەزی لێ دەکا، لەو بوارەیا کە حەزی پێ ناکەی و دایکت فیزی پێوە دەکا. لەو بوارەیا کە باشیش ئەزانی بەکاری هیچ نایا، لەو بوارەیا کە باشیش ئەزانی و باشیش بە کار دێت و دەتوانی خزمەتی خەڵک بکەی بەڵام مەجاڵت پێ نایا!!!
تەقەی سی و چەن ساڵیت دێ، کچم و دەمەوێ شوو بکەم پێم دەڵێن قەیرە و کەس منی ناوێ، کوڕم و ژن دێنم، پیرەپیاوم پێ دەڵێن و کەس منی ناوێ، سەرمایەم نییە و هەر ئەچمەوە سەر دۆخەکەی جاران. کتێب نەبۆتە نان و ژن و مناڵی پێ بەخێو ناکرێ، چەن مەقالە و خەڵاتی گشتیم هەیە.بەڵام باش دەزانم ژن بە مەقالە نایا!!!
هەندێکمان بڕێ شانسمان زیاترە، کار بۆمان پەیدا دەبێ ئەویش نەک لەو ڕشتەی خۆمانا بەڵکوو، هیچ پێوەندی نە بە خولیای خۆمانەوە هەیە نە هی باوکمان نە هی دایکمان، لە لای کابرایێکی چاو حیز کار دەکەین مانگێ ملوێنێ دەکەوین، بێ بیمە و قەراردادی، قەت نابینە ڕەسمی، قەت ناحەسێینەوە هەر دەڕۆین و پێی ناگەین، هەر دەڕۆین و ناحەسێینەوە.
ت.ب۱: بۆ خوا پێداوەکان نەنووسراوە.
ت.ب۲: حاڵی زۆرمان وایە، ئەمانە کورتە ڕیوایەتی ڕاستی ژیانی خۆم و هەندێ منداڵن کە لە نزیکەوە دیوومن، ئەزانم ئێوەش دیووتانن پەس ئەمە ڕیووایەتی هەزاران منداڵە کە زۆرمان دیوومانە.
ئێستا ئەم ژانە زۆر بە ژانە، و قسەی خەڵکی کە ئێژن کوڕە هەر بێکار ئەبی، زۆر ناخۆشە. ناخۆشە کە خەڵک بڕوایان بە خوێندن نەماوە؛ هەموو نا هەندێکیش نا، زۆرن.
بەڵێ، زۆر شت لە دەس خۆمان‌ نییە.
هەوەڵ دەدەین بەڵام تۆخوا ئێوەش هەوڵ بدەن. منداڵانمان با لەوە زیاتر نەسووتێن. زۆر بێ‌ویژدانییە کە گەلێ ساڵ بخوێنی و هیچ هیوایەکت نەبێ خوا بێ هیوامان نەکات بەڵام بە قەولی مەحوی ئێژێ جارێ: “بێ‌هیوام لە هیواکانم”

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی