شما اینجا هستید
اجتماعی » خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان بە مەبەستی ناساندنی کتێبە باشەکان، پشتیوانی نووسەر و وەرگێڕەکان و پاراستنی سەربەخۆیی فەرهەنگی بەڕێوە دەچێت

دووهەمین خولی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان، رۆژانی ۲ و۳ی گه‌لاوێژی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بەشداریی نووسەران، وەرگێڕان و چالاکوانانی فەرهەنگیی کوردستان لە شاری سەقز بەڕیوە دەچێت. بە مەبەستی ئاگاداریی زیاتر سەبارەت بە چۆنییەتی بەرێوەچوون و دابەشکردنی ئەم خەڵاتە، لە دیمانەیەک لە گەڵ ڕەزا شەجیعی بەرپرسی دووهەمین خولی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان، تیشکی زیاتر دەخەینە سەر لایەنەکانی ئەم ڕووداوە فەرهەنگی و زانستیە.
پرسیار: پێش کردنەوەی دەرگای باسەکانی دووهەمین خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان، تکایە سەبارەت بە یەکەمین خولی ئەم خەڵاتە ڕوونکردنەوەیەکمان بۆ بدەن؟
وڵام: سەرەتا سپاستان دەکەم بۆ هەوڵ و ماندووبوونتان. خولی یەکەمی ئەم خەڵاتە ساڵی ١٣٩٠ لە شاری کامیاران بەڕێوە چوو. بەرپرسی ئەوکاتی ئەم خەڵاتە، بەڕێز جەلال قەلعەشاخانی بوو کە هاوکات بەرپرسی ئیدارەی ئیرشادی کامیارانیش بوو. زۆر ئاگاداری وردەکارییەکانی ئەو خولە نیم، هەرچەند وەک ناوەندی بڵاوکردنەوەی گوتار بەشدارییەکی چالاکمان لەو خولەشدا هەبوو.
پرسیار: ئامانج و مەبەستی سەرەکیی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان چییە؟
وڵام: ئەم خەڵاتە بە مەبەستی دەرخستن و ناساندنی کتێبە باشەکان و پشتیوانی و هاندانی نووسەر و وەرگێڕەکان و پاراستنی سەربەخۆیی و شوناسی فەرهەنگی بەڕێوە دەچێت.
پرسیار: خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان، واتایەکی بەربڵاو دەگەینێت، تکایە سنوورەکانی ئەم خەڵاتە لە ڕووی بازنەی جوگرافیایی و کاتیی نووسین و لە چاپ دانی بەرهەمەکان زیاتر ڕوون بکەنەوە؟
وڵام: وەک پێشتریش لە فەراخانەکەدا ئاماژەی پێدراوە، مەرجی بەشداربوون لەم خەڵاتەدا چاپ و بڵاوبوونەوەی ئەو کتێبانەیە کە بە شێوەیەک سەر بە پارێزگای کوردستانن. واتا ئەو کتێبانەی کە بەرهەمهێنەری کتێبەکە پارێزگای کوردستانی بن یان ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەکەی یەکێک لە ناوەندەکانی ئەم پارێزگایە بێت.
پرسیار: ئەم خەڵاتە لە لایەن کام دەزگا و ناوندەوە دانراوە و بەڕێوەبردنی لە ئەستۆی کێدایە؟
وڵام: لە بنەڕەتدا خەڵاتی کتێبی ساڵ لە ئێراندا لە لایەن ناوەندی خانەی کتێب لە تاران بەڕێوە دەچێ و لە سەر ئاستی پارێزگاکاندا، ئیدارەی گشتیی ئیرشاد بەرپرسی بەڕێوەبردنی ئەم خەڵاتەیە و بە پێی ئەوەی لە نێو شارەکانی پارێزگای کوردستاندا شاری سەقز لە بواری کتێبدا بە ڕێژەی شارەکانی تر چالاکتر و ئەکتیڤترە، “ئەنجومەنی فەرهەنگیی ئەدەبیی پەیڤ” پێی خۆشبوو ئەو هەلەی بۆ بڕەخسێ ببێتە بەڕێوەبەری ئەم فستیڤاڵە.
پرسیار: لێژنەی هەڵبژاردن لە چ کەسانێک پێکهاتووە و چەن بەش لە خۆ دەگرێت؟
وڵام: کۆی فستیڤاڵەکە لە دوانزە بەشدا بەڕێوە دەچێ کە بریتین لە؛ ڕەخنە و لێکۆڵینەوە- وەرگێڕانی ئەدەبی- شیعر- چیرۆک و ڕۆمان- ئەدەبی منداڵان- مێژوو و جوگرافی- دین و فەلسەفە- هونەر و میعماری- کۆمەڵناسی و دەروونناسی- زمانناسی و زمانی کوردی- شانۆنامە- حقووق و سیاسەت. لێژنەی هەڵبژاردن و داوەری لە بیست و دووو کەس پێکهاتبوون کە بریتین لە بەڕێزان؛ لە بەشی ئەدەبی منداڵان کاک سۆران حسەینی و خاتوو لەیلا ساڵحی، بەشی چیرۆک و ڕۆمان د. عەبدوڵڵا لەتیفپوور د. محەمەد ڕەحمیان، بەشی شیعر؛ د. محەمەد یەعقووبی و د. بەدریە قەوامی، بەشی وەرگێرانی ئەدەبی کاک وریا غەفووری و د. ئەحمەد ئەحمەدیان، بەشی ڕەخنە و لێکۆڵینەوە؛ کاک ئەمجەد غوڵامی و د. نەجمەدین جەباری، بەشی زمانناسی و زمانی کوردی؛ د. زانیار نەقشبەندی و د. مەنیژە میرموکری، بەشی شانۆنامە؛ کاک فارس باقری و کاک بەختیار پەنجەیی، بەشی حقووق و سیاسەت؛ د. ئازاد فەلاحی، بەشی هونەر و میعماری؛ د. حەمیدڕەزا ئەردەڵان و کاک فەردین سادق ئەیووبی، بەشی دین و فەلسەفە؛ د. نەوید نەقشبەندی و د. کەیوان بولەندهیمەتان، بەشی مێژوو و جەگرافی؛ د. فەرەیدوون نووری و د. محەمەد شێخ ئەحمەدی، بەشی کۆمەڵناسی و دەروونناسیش؛ د. نێعمەت عزیزی.
پرسیار: کۆی ئەو بەرهەمانەی بە دەست نووسینگەی خەڵاتی کتێبی ساڵی کوردستان گەێشتوون لە ڕووی ژمارەوە چەندن و زۆرترینیان تایبەتە بە کام بوار؟
وڵام: ۴٣٢ ناونیشانی کتێب گەیشتوونەتە دەست نووسینگەی خەڵات کە زۆرترینیان تایبەتن بە بەشی ئایینی و بەشی منداڵان. لە بەشی حقووق و سیاسەتیشدا کەمترین بەرهەم لە خۆوە دەگرێت.
پرسیار: چ پێوەرێک بۆ دیاریکردنی کتێبی شایستەی خەڵات دانراوە و لە هەر بەشێکدا چەند کتێب خەڵات دەکرێت؟
وڵام: لە هەر بەشێکدا بە پێی سروشت و لۆژیکی بەشەکە هەندێک پێوەری وەک پێویستیی خودی بابەت و تازەگەری و ڕەچاوکردنی پێوەرەکانی نووسین و خەمڵاندنی بیرۆکە و … و هەروەها بەشێک لە پێوەرەکان پێوەری فوڕمی بوون کە بۆ هەر کام لەو دوازدە بەشە بە پێی ئەوەی کە زیاتر لە حەوت ساڵە ئەم خەڵاتە بەڕێوە نەچووە، دوو خەڵاتمان دیاری کردووە؛ کتێبی سەرتر و کتێبی شایانی ڕێز.
پرسیار: وەک بەرپرس و بەڕێوەبەری ناوەندێکیگرنگ و کارای چاپ و بڵاوکردنەوە کتێبی کوردی، پێگەی ئەم چەشنە خەڵاتانە چۆن هەڵدەسەنگێنن و چ پێشنیارێکتان بۆ پتەوتر کردنی ئەم ڕەوتە هەیە؟
وڵام: بە شێوەیەکی گشتی بوونی ئەم چەشنە خەڵاتانە پێویستن و ئەکتیڤییەک دەداتە مەیدانەکە و کتێبی ساڵیش بە نیسبەت کتێبی کوردی خەڵاتێکی ساوایە و دەبێ پاش بەڕێوەچوون، خوێندنەوەیەکی هەمەلایەنە و ڕەخنەگرانەمان بۆ هەردوو خولەکەی هەبێ و لە ناخی خوێندنەوە و ڕەخنەکاندا ئەو ڕەهەندانە بدۆزینەوە کە بۆ باشتربوونی و پتەوترکردنی پێگەی خەڵات خزمەتی باشترمان پێدەکەن. لە ئێستادا پێشنیاری خۆم و پێداویستیی ئەم خولەی خەڵاتەکە ئەوەیە کە ئەم خەڵاتە نەبەسترێتەوە بە جوگڕافیایەکی بەرتەسکی وەک پارێزگای کوردستان. نووسین و کتێبی کوردی لە ئێراندا سەرەڕای هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکان دڵخۆشکەرە و بە جورئەتەوە دەتوانین بڵێین دووەمین زمانی نووسینی کتێب لە ئێراندا زمانی کوردییە و بە خۆشحاڵییەوە لە زۆربەی بوارەکاندا خاوەنی کتێبی کوردین و ئەبێ ئەم خەڵاتە لە خولەکانی داهاتووی خۆیدا ڕیگایەک بگرێتە بەر کە بتوانێ هەموو کتێبە کوردییەکانی ئێران لە خۆ بگرێت. بۆ نووسینی کتێب بە زمانی فارسی لە سەر دوو ئاست ئەم خەڵاتە بەڕێوە دەچێ هەم لە سەر ئاستی پارێزگا و هەم لە سەر ئاستی ئێران، بەڵام بۆ ئەو کتێبانەی زمانیان کوردییە، تا ئێستا لە سەر ئاستی پارێزگا ئەویش تەنیا پارێزگای کوردستان بەڕێوە چووە.
پرسیار: پرۆسەی بەرهەمهێنانی کتێب، پرۆسەیەکی چەند قۆناغییە کە نووسین و وەرگێران تەنیا قۆناغێکی لە خۆ دەگرێت، بەم پێیە بە ڕای بەڕێزتان لە خەڵاتی کتێبی ساڵدا جێگای بەشەکانی دی بەرهەمهێنانی کتێب بزر نییە؟ و کام قۆناغی گرنگی دی ماوە کە دەبێت لە وەها بۆنەیەکدا ئاوڕی لێ بدرێتەوە؟
وڵام: بەڵێ پڕۆسەی بەرهەمهێنانی کتێب پڕۆسەیەکی چەند قۆناغییە، بەڵام ئەوەی لەم خەڵاتە و لە خەڵاتی هاوچەشندا ئەبێ لەبەر چاو بگیردرێ، قۆناغی نووسینە و بەس. ئەو لایەن و قۆناغانەی دی کە زۆرینەی زۆریان تەکنیکین لە شوێنێکی تر و لە فستیڤاڵگەلێکی دیکەدا دەکرێ ئاوڕیان لێ بدرێتەوە.
پرسیار: چ پەیامێکتان بۆ چالاکوانانی بواری بەرمهێنانی کتێب، هەر لە نووسەران و وەرگێڕانەوە تا هەڵەچن و گرافیست و ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە؟
وڵام: هەرچەند سەردەمی پەیامناردن لە مێژە بەسەرچووە و خۆیشم لەو ئاستەدا نابینم پەیامێکم هەبێ و پەیامێک بنێرم، بەڵام بەڕای من مەیدانی نووسینی کوردی لە ئێراندا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کە ئیدی پێویستە بە شێوەی پسپۆڕانە لە بوارە جیاوازەکاندا کار بکرێت و هەرکەسەو بە پێی توانایی و پسپۆڕیی خۆی بە جیددی لە بوارەکەی خۆیدا چالاک بێت. ئیتر سەردەمی ئەو خەمە بەسەرچووە کە یەک کەس و ناوەند و لایەن بە هەموو کارەکان ڕابگات.
پرسیار: کێشە سەرەکییەکانی بواریی کتێبی کوردی بە گشتی و کتێبی کوردستان بو تایبەت کامانەن و دەبێت لە ئاست ئەم کێشانەدا چ هەنگاوێک بهاوێژرێت؟
وڵام: نووسین و کتێبی کوردی دوو کێشەی لە بەردەمدایە. کە یەکەمیان ئەو کێشانەن بواری مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوە دەگرێتەوە و دووهەم ئەو کێشانەیە ناوەندەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە ڕاپەڕاندنی سەرجەم پڕۆسەی چاپ و بڵاوکردنەوەدا هەیانە. باسکردن لە هەرکام لەم کێشانە باسێکی دوور و درێژە کە من بە پێی توانا لە وتووێژ و لێدوانەکانی پێشتردا ئاماژەم پێداون، بەڵام وەک وەڵامێکی کورت بۆ ئەم پرسیارە گرنگ و دوور و درێژە دەڵێم کتێبی کوردی لە ئێراندا لە باشترین حاڵەتدا لاوازترین پشتیوانیی لێدەکرێ.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل