شما اینجا هستید
اجتماعی » ڕاگەیاندنی کوردی لە ماوەی شەڕی داعشدا دەوری ئیجابیی نەبینی

هێرش ڕەسووڵ موراد مامۆستای پسپۆڕی راگەیاندن له زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی جەخت لە سەر زەروورەتی پێبەندبوون بە ئەخلاق و ئێتێکی ڕۆنامەوانی وەکوو پیشەیێکی تایبەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕاگەیاندنە کوردییەکان لە ماوەی شەڕی داعشدا نەک هەر دەوری ئیجابییان نەبینی بەڵکوو هەندێک جار زانیارییەکانیان بە قازانجی داعش دەردەچوو.

له هەلومەرجێکی وەک ئەمڕۆدا، خۆگونجاندن و پەی‌بردن به خاڵه بەهێز و لاوازەکانی کاری رۆژنامەوانی له نێو شۆڕشی راگەیاند‌ندا له‌بەرچاو گیراوە و رۆژ لە دوای رۆژ دەروازەی مەوداکانی کاری رۆژنامەوانی بەرەو ئاسۆیێکی گەشتر و فراوانتر دەکرێتەوە. رۆژنامەوانی بوارێکی زیندووی داهێنانە مرۆییەکانه که هەر لەم بوارەدا رەوتی گەشەی تاک و کۆن ئاوێته دەبن، بۆیه ئێتێکی رۆژنامەوانی بۆ هەموو رۆژنامەوانان و رۆژنامە و میدیاکان لە پرۆسەی گواستنەوەی رووداوەکاندا گرینگه. بە هەموو ئەمانەشەوە له بیر نەکەین کە هێشتا لای ئێمه، رۆژنامەوان وەکوو پێویست پێناسه نەکراوە و هەر کەسێک کە بۆ رۆژنامە بنووسێ، وەکوو هەواڵنێرێک چاو لێئەکرێ، کەچی کەم نین ئەوکەسانەی هێشتا یەکەم یاساکانی هەواڵنووسی نازانن و تەنانەت بە پێویستی نازانن داوای فێربوون بکەن. ڕەنگە یەک لە هۆکارەکانی ئەو کێشەیەش بگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دامەزراوەیێکی رۆژنامەوانی و نەبوونی هەندێک یاسای ئەخلاقی رۆژنامەگەری بۆ پشتگیری له هەواڵنێران و رۆژنامەوانانی راستەقینه. له وتووێژێکدا که ئەیخوێننەوە، هەوڵ دراوە لەگەڵ پرۆفسۆری یاری‌دەر هێرش رەسول موراد، مامۆستای پسپۆڕی راگەیاندن له زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی، خاوەنی  ده کتێبی چاپکراو لە بواری توێژینەوە و راگەیاندن و رۆشنبیری و چوارده توێژینەوەی زانستی، ئاوڕێک بدەینەوە لە کێشە بەرچاوەکانی بواری رۆژنامەوانیی کوردی لە هەرێمی کوردستان.

دەقی دیمانەکە لێرەوە بخوێنەوە:

ـ دوکتور وەک ئەزانن رێژەی رۆژنامە و گۆڤارەکان لە چەند ساڵی دواییدا ئێجگار زۆر بووە و ڕێگرییێکی ئەوتۆ له دەرهێنانی رۆژنامەکان ناکرێ. ئێوه ئاستی رۆژنامەوانیی کوردی لەم ساڵانە چۆن ئەبینن؟

‎ئاستی ڕاگەیاندنی کوردی له ئێستادا به شێوەیێکی گشتی چ له کوردستانی ئێران، عراق، سووریا و تورکیا و چ له دەرەوەی کوردستانیش، بە بینراو و بیستراو، نووسراوه و ئەلەکترۆنیک، بە داخەوە له ئاستێکی باش و چاوەڕوانیدا نییه. ڕەنگە ئەمەش هۆکارگەلێکی له پشتەوە بێت. ئەمەش له ژینگەیێک بۆ ژینگەیێکی‌تر دەگۆڕێ. بۆ نموونە له کوردستانی ئێران کارەکە تۆزێ جیاوازه وەک له کوردستانی عێراق، له کوردستانی تورکیا، کوردستانی سووریا، تەنانەت له تارانیش. بەڵام به شێوەیێکی گشتی، کۆمەڵێک ڕەهەندی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەڵتووری و تەنانەت ئایینی و پیشەیی، ئەو هۆکارانەن کە هەرکام بە بارتەقای خۆی کاریگەریی هەیه لە سەر ئەو ئاسته خراپەی بواری راگەیاندنی کوردی. کێشەی سەرەکی ئەوەیه که له ئێستادا به شێوەیێکی گشتی، ئێمه وەکوو دامەزراوە، دامەزراوەیێکی «راگەیاندنی نیشتمانی»ـمان به زمانی کوردی نییه.

_ باسی «دامەزراوەی نیشتیمانیتان» کرد. ئێوه دامەزراوەی کوردی چۆن پێناسه ئەکەن و پێتان وایه دامەزراوەیێکی ئاوەها، چۆن ئەتوانێ کارێگەریی لە سەر ئاستی رۆژنامەوانیی کوردی ببێت؟ ئاسەنگی نەبوونی ئەو دامەزراوەیە چییه؟

‎پێش هەموو شتێک کە دەڵێین “دامەزراوە”، نابێت تەنها جۆرێک یان ئامرازێکی راگەیاندن لەخۆ بگرێ، بەڵکوو فراوانە، له نووسراو و بینراو و تا دەگاته ئەلەکترۆنیکی و نیومیدیاش، ئامرازە نوێیەکانی راگەیاندنیش له خۆی دەگرێ. ئێمه ئەمەمان نییه که خاوەن گوتارێکی نیشتیمانی بێ. راگەیاندنێک لەسەر بابەتگەلی جیاواز له بواری خزمەتگوزاریی گشتی له کەشوهەوا، تەندروستی، ژینگە، پەروەردە و خوێندن تاکوو خوێندنی باڵا و رێگه­وبان، سەرباری ئەوەش، کارکردنێکی بابەتییانە لە سەر پرسە نیشتمانییەکان، لە سەر هۆشیاریی نیشتیمانی، بەرزکردنەوەی ئاستی تاک، ئاستی هاووڵاتیی کورد سەبارەت بە پرس و بابەت و دۆزه جیاوازەکانمان نییه بە داخەوە.

‎ئێستا کوردستان زۆر زۆر پێویستی به راگەیاندنێکی لەو جۆرەیە. هەڵبەت هۆکارێکی‌تر، نەبوونی گوتارێکی یەکگرتووی نیشتمانییه. له کوردستانی وڵاتانی ئێران، عێراق، سووریا و تورکیا بە جیا و بە شێوەیێکی گشتیش و لە دەرەوەی ئەوەش، ئەمه کارێکی بنچینەییه. پرسی پێشخستنی بەرژەوەندییە تایبەتەکان له پێش بەرژەوەندییه باڵا و نیشتمانییەکان، هۆکارێکی‌تری گرنگه بۆ ئەوەی ئێمه ئەو راگەیاندنەمان نییه. به بڕوای من بوونی راگەیاندنێکی نیشتیمانی له واقێعی ئەمڕۆی کوردستانی هەر چوار وڵاته­که­ و بە گشتی بۆ راگەیاندنی کوردی زۆر پێویسته و خزمەتێکی زۆره به تاکێکی کورد و هاونیشتیمانییانی کورد. بە دڵنیاییەوە ئەمه دەتوانێ رۆڵێکی زۆر ئەرێنی ببینێ له پرس و بابەت و دۆزه جیاوازەکاندا.

‎ـ لەو سەردەمەوه کە رۆژنامەوانی بە زمانی کوردی یان رۆژنامەوانیی کوردی دەستی پێکردووە، تاکوو ئیسته، رۆژنامەوانی لای کورد چۆن ئەبینن؟ ئایا کورد توانیویه لە خۆی تێپەڕێ یان نا؟

‎به پێی تەمەنی رۆژنامەنووسی کوردی یان وەک ئەوەی دۆزراوەتەوە، یەکەم رۆژنامەی کوردی دەگەڕێتەوە بۆ ۱۲۱ ساڵی پێش که رۆژنامەی کوردستان لە ۱۸۹۸ بوو. بەداخەوە بە هۆکارگەلی سیاسی و نەتەوەیی بوو کە نەهێڵدراوه یەکەم رۆژنامەی کوردی، له خاکی کوردستان دەرچێ. بۆیه بنەماڵەی بەدرخانەکان، پێشەنگەکان، مقداد مدحەت بەدرخان و عەبدوڵرەحمانی برای، ناچار بوون که له قاهێره، جنێف و لەندەن و وڵاتانی‌تر ئەو رۆژنامەیە له چاپ بدەن. هەڵبەت بەم کاره هەر لە دەرەوەی وڵاتیش رۆڵێکی کاریگەریان لەو قۆناغە بوو وەک رووبەرووبوونەوەی ستەمکاری سوڵتان عەبدولحەمیدی دووهەم، هەوڵدان بۆ بەرەوپێشبردنی زمانی کوردی، هەوڵدان بۆ پێشخستنی رۆشەنبیریی کوردی، هاندان بۆ خوێندن و خوێندەواری، نەهێشتنی نەخوێندەواری و کۆمەڵێک ئامانجی گەوره، کە لەو ساڵانە رووی داوه.

دەبینین دوای ئەوە لە هەموو ناوچە کوردنشینەکان ورده ورده رۆژنامەگەری، سەرەتا بە راگەیاندنی نووسراو، بە رۆژنامه تاکوو گۆڤار و هەتد، دیسانەوە له سەرەتاکانی سەدەی بیست تا ناوەڕاست، تا نیوەی دووم، زیاتر کارکردن بوو بە ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی، قۆناغی رزگاریی نیشتیمانی، مەسەلەی زمان، رۆشەنبیریی کوردی و کەڵتووری کوردی. لە دوایی‌دا بە بیست و سی و چلەکاندا، لە شۆڕش و حکومڕانییەکاندا، رۆژنامەوانیی کوردی دەگۆڕێ بۆ گوتارێکی شۆڕشگێڕانه و رووبەرووبوونەوەی ستەمکارانە یان بە شێوەیێکی وردتر دەچێتە چوارچێوەی ئۆرگان و حزبایەتی. دەتوانین بڵێین له ئیستە‌دا بۆ نموونه له هەرێمی کوردستان زۆرترین چاپەمەنی و راگەیاندنی نووسراوه‌یی بینراو، بیستراو، ئەلەکترۆنی و نیومیدیا و هەتد، قۆناغێکی زۆر باشی تێپەڕ کردووه بەڵام له چەند ساڵی کۆتایی‌دا له قۆناغێکی پاشەکشەدایە. بە ڕای من چۆن به ڕاستی نەیتوانیوه رۆڵی ئەرێنی ببینێ و نەیتوانیوه ببێته خاوەن دامەزراوەیێکی نیشتیمانی. مەسەلەی ئێتیک، یاسا، ئاکار و پێشه‌ی وەک پێویست ڕەچاو نەکردووە یان وەک پێویست کاری نەکردووە لە سەر بەرژەوەندییە باڵاکان و بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکان، کاری نەکردووە لەسەر گوتارێکی یەکگرتوی نیشتیمانی. بۆیه ئەو بەرهەمە که هەیه له ئێستەدا به ڕای من سەرباری هەموو هەنگاوەکان و هەوڵەکان، هێشتا له ئاستی چاوەڕوانی‌دا نییه.

‎ـ وەک ئەزانن رۆژنامەوانیی جیهانی کاریگەریی بووە بە سەر زۆر له کێشەکانی کۆمەڵگا و تەنانەت جەنگ. وەک نموونە ئەگەر بڵێین، درکاندنی نهێنییەکانی پێنتاگۆن پاش چەند دەیە لە لایەن رۆژنامەکانەوە بوو. یان حەتا ئەوەمان بینیوە کە لە مێژووی رۆژنامەوانی‌دا، ڕاگەیاندن ڕێگریی لە جەنگ کردووە. ئایا رۆژنامەی کوردی و بە گشتی رۆژنامەوانی کورد توانیویه ئاوەها کاریگەرییێکی لە سەر کۆمەڵگای کورد ببێ؟

‎رەنگە هەندێک قۆناغی جیاواز ئەو کاریگەرییەی هەبێ تا رادەیێک، بەڵام له ئێستادا بەداخەوە رۆڵێکی نەرێنییە و ئەو کاریگەرییە نابینین. تەنانەت ئەگەر ئێمه ماوەی شەڕی داعش، وەرگرین ۲۰۱۴ تا نزیکی ۲۰۱۸، ڕاگەیاندنی کوردی نەک رۆڵی ئەرێنیی نەبینیوە، بەڵکوو رۆڵی زۆر نەرێنی بینیوە له کوردستانی عێراق. راپۆڕت، وتووێژ، هەواڵ و تەنانەت بەشێکی له زانیارییەکان له خزمەتی داعش‌دا بوون، بە مەبەست بێ یان بێ مەبەست، ئەمه لادان لە ئاکاری پیشه، ئێتیک و ئەخلاقیاتی پێشه‌یه. لە زۆر بواری‌تری سیاسی ئابووری و کۆمەڵایەتی، زۆر جار لە جیاتی ئەوە رۆژنامەکان رۆڵێکیان بێ له بەستنی پارچەکانی‌تری کۆمەڵ، رۆڵی له فراوانکردنی ئەو کەلێنەی کە حزبەکان، گرووپه سیاسییەکان و قەیرانەکان دروستیان کردووه بینیوە.

دیمانە: ماریە پاکنەهاد

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی