شما اینجا هستید
اجتماعی » دۆشاوی تەماتەی خۆماڵی و دەرفەتێکی ئیهمال کراوی ئابووری

کە مانگی خەرمانان ڕووی کردە کۆتایی و پێ نرایە وەرزی پاییز بۆنی دۆینە و شەلەم کوڵاندن و دروست کردنی دۆشاوی تەماتە لە کۆڵانی گوندەکانی کوردەواری بەرز ئەبێتەوە.
حەیاتی نەتەوە و ئتنیکەکان بەندە بە کۆمەڵێک پێوەری تایبەت وەک زمان و کولتوور و مێژوو و سیاسەتەوە. دابونەریتی کوردەواری و ژیانی لادێ نشینەکان یەک لەو فاکتەرە سەرەکییانەن کە بوونەتە هۆی مانەوەی کورد و هەموو تاکێکی کورد بە بەزمی لادێ کەیف خۆش ئەبێت و تووشی نۆستالۆژییێکی شیرین دێت کە دەیباتەوە ئەو کەشەی باوباپیرانی تێیدا ژیاون.
بەزمێکی جوانی لادێ دروست¬کردنی بەرهەم و خواردنی خۆماڵی و تەندروستە کە جیاوازیی زۆری لەگەڵ خواردنەکانی شار، هەیە. گوندنشینەکان وەرزی هاوین، بەروبوومی خۆماڵی بەتازەیی دەخۆن و بەشی زستانیشیان وشک دەکەن و هەر خواردنێک بە شێوەیێکی تایبەت هەڵدەگیرێت بۆ زستان. کە وەرزی هاوینی لێ هات کەیبانووی ماڵ لە سەر بانان دەردەکەون و هەر دەمەو سەرقاڵی دروست کردنی بەرهەمێکن. قەیسی و قۆخ و هەڵووژە و هەنجیر و سێف و هەرمی لەت ئەکەن بۆ خۆشاوی شەوان، بیبەر و بامیە ئەکەن بە پەتەوە و وشکی ئەکەن، تەماتە وردە لەت ئەکەن و وشکی ئەکەن، کاکڵە گوێز دەردێنن، قاقڵی و سیاوڵە ئەتەکێنن، گسکە شاری ئەبەستن، شەلەم پاک ئەکەن، نۆک ئەهاڕن و لەتکە ئەکەن، دۆینە ئەکوڵێنن و شەلەم و دۆینە ئەنێنەوە و زۆر شتی تریش. لەگەڵ ئەمانەش تەنوور و نان و کولێرە کردن و جیاکردنەوەی بەرغەل و تاقەت¬کردنی ئاژەڵ و دۆشینیان کۆمەڵێک ئەرکن کە لەم ڕۆژانەی دوا مانگی وەرزی هاویندا کابانێکی لادێیی سەرقاڵ دەکات.
یەک لەو نەریتە کۆنانەی لە گوندە کوردنشینەکان وەک نەریتێکی باو پارێزراوە دروست کردنی دۆشاوی تەماتەی خۆماڵییە. بەیانییان تلووع لەگەڵ خۆرکەوتن تەماتەکە ئەچننەوە و لە سێبەری کەپرەکەدا ورد و قەوییەکەی جیا ئەکرێتەوە. وردەکەی کە ترشترە بۆ لەت کردن و قەوییەکەشی بۆ دۆشاوی تەماتە. پاشان بەجوانی تەماتەکان ئەشۆردرێتەوە و لە سەر نانەشان دائەنرێت بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە. لێرەیا بە دوو شێوە بەپێی نەریتی ناوچە کوردنشینەکان دۆشاوەکە دروست دەکرێت. هەندێکیان تەماتەکە ئەجنن و ئینجا هەڵی ئەفلەقێنن و ئاوەکەی پاڵفتە ئەکەن. هەندێکی دیکەشیان تەماتەکە لە تۆڕ یان عەدڵێکی ووش ئەکەن و بەپێ ئەیشێلن بۆ ئەوەی بەجوانی پاڵفتە بکرێت. پاشان لە سەر سینیی فافۆن لەبەر خۆر دادەنرێت و هەموو ڕۆژێک کابانی ماڵ بە کەوچکێکەوە دەچێتە سەری و خوێی دەکات و دەیشێوێنێت. پاش چەند ڕۆژ دۆشاوەکە ئامادەیە و ئەکرێتە دەفری شیشە و تۆزقاڵێک ڕۆنیش دەکرێتە سەر دەفرەکە بۆ ئەوەی تەمک نهێنێت. بە حوکمی خوێ و خۆر، بەرهەمێکی ئێجگار تەندروست بەرهەم دێت کە جیاوازیی لەگەڵ دۆشاوەکانی کارخانە زۆرە چوونکە هیچ مادەیێکی زیادیی لێنادرێت. شێوەیێکی دیکەی بەرهەمهێنانی دۆشاوەکە ئەوەیە ئاوی تەماتەکە بە هەمان شێوە دەگیرێت و پاڵفتە ئەکرێت. ئینجا مەنجەڵێکی مسینە یان لەگانێکی گەورەی فافۆن، قوڕ دەدرێت و لە کوانووە گڵینەکەدا ئاگری بۆ خۆش ئەکرێت و ئاوی تەماتە گووشراوەکە بەو دووکەڵ و ئاگرە دەکوڵێت. ئەم شێوازەیان پێویستی بە خۆرەتاو و خوێ کردنی ئەوتۆ نییە و لە هەمان کاتی کۆڵاندنەکەیدا بە قەدری پێویست خوێی ئەکرێت.
دۆشاوی تەماتە یەک لەو خواردنە هەرە زەروورانەیە کە لە زۆر چێشتی ڕۆژانەی خەڵکدا بەکار دەهێنرێت. بۆیە خواردنی دۆشاوێکی تەندروست لای ئەو کەسانەی گرینگی بە سەلامەتی خۆیان دەدەن ئێجگار گرینگە. لە خۆیدا تەماتە زۆر خاسیەتی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە. خواردنێکە کە ڕێگری لە نەخۆشیی شەکرە دەکات، DNAی جەستە دەپارێزێت، دژی پیرییە، بۆ قژ و تووکە سەر بەسوودە، پێست شاد ئەکات، ڕێگری لە زۆر جۆرە شێرپەنجە دەکات و چاویش تیژ ئەکات.
کوردەواری بە حوکمی خاکەکەیەوە بۆ بەرهەمهێنانی هەموو جۆرە بەروبوومێک ناوچەیێکی گونجاوە و ساڵانە بە هەزاران تەن تەماتەش لە کوردستان بەرهەم دەهێنرێت. بەگوتەی خالید جەعفەری بەڕێوەبەری دایرەی کشتوکاڵی پارێزگای کوردستان هەر ئەمساڵ ۱۸۰۰ هێکتار (۷۲۰۰ دۆنم) لە زەویوزاری کوردستان بە تەماتە کراوە و بە تنها لە شاری کامێران ۶۰۰ هێکتار تەماتە کراوە کە پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ۵۰ هەزار تەن تەماتەی تێدا بەرهەم بهێنرێت.
ئەگەر لە پارێزگای کوردستان مشوورێکی ئەم هەل و توانا گونجاوە بخورێت و جووتیاران ناچار نەبن خام فرۆشی بکەن و بە ڕێکخستنی پیشە و بەرهەمهێنان بەم مادە خاوە ئامادەیە پشتگیریی جووتیاران بکرێت هەردوو سەری دەبێتە قازانج و جگە لە ڕەخساندنی هەلی کار بۆ چەندین هەزار هاووڵاتیی کوردستانی، کولتووری خواردنە تەندروستەکانیش برەوی پێدەدرێت و جووتیارانیش هان دەدرێن بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر لە پار ڕژد بن لە کارەکانیان. ئەمەش پێشکەوتن و گەشەی ئابووریی بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنێت و پێویستیشی بە تێزی زانستی و ئابووری نیە. بەڵام زۆر بەداخەوە کە تەماتەی فەلای بێچارە پێگەیشت کەس لێی نانەوێت و هیچ ناکات و ڕەنجی یەک ساڵی فەلا و خاوخێزانی بێ ڕێزیی پێئەکرێت. کە زستانیشمان لێ هاتەوە دەمێک تەماتەمان بۆ ناکڕدرێت دەمێک پەتاتە. تاوێک پیوازمان لێ ئەبێت بە زێڕ و تاوێ میوەمان پێ ناکڕدرێت… ئەم چیرۆکەش بەردەوامە.

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل