ده‌روێشێک له فێرگه‌ی قانێعدا
پیره‌پیاوێک به ته‌زبێحی دنک ڕیز و درێژی قه‌زوانه‌وه ته‌قیله‌ی له سه‌ر کردووه و له کۆڵانی منداڵانی گه‌ڕه‌کی شار، هه‌گبه‌ی شادی و ئاشتی بۆ دنیای بێ گه‌ردی پاسارییه ڕه‌نگاڵه‌کان ده‌هۆنێته‌وه. پیره‌پیاوێک وه‌ک منداڵان ده‌گری. له زه‌ماوه‌ندی مشکهخان کۆلاره‌ی بۆ نیان و په‌پووله وه‌ک ئاڵا هه‌ڵدایه پانتای ساو و شینی ئاسمان. ڕاستگۆیی کرده ئیمامی ته‌زبێحه‌که‌ی و ملوانکه‌ی […]
پیره‌پیاوێک به ته‌زبێحی دنک ڕیز و درێژی قه‌زوانه‌وه ته‌قیله‌ی له سه‌ر کردووه و له کۆڵانی منداڵانی گه‌ڕه‌کی شار، هه‌گبه‌ی شادی و ئاشتی بۆ دنیای بێ گه‌ردی پاسارییه ڕه‌نگاڵه‌کان ده‌هۆنێته‌وه. پیره‌پیاوێک وه‌ک منداڵان ده‌گری. له زه‌ماوه‌ندی مشکهخان کۆلاره‌ی بۆ نیان و په‌پووله وه‌ک ئاڵا هه‌ڵدایه پانتای ساو و شینی ئاسمان. ڕاستگۆیی کرده ئیمامی ته‌زبێحه‌که‌ی و ملوانکه‌ی شینی لای کۆتر و مێرووله خوێنده‌وه تا گمه‌ی کۆڵان تا زریکه‌ی ناخ تا ده‌نگی شێته و ژیره بچێته ناخی چیرۆک.
ئه‌و ده‌روێشه‌ی بۆ خۆی ده‌ڵێ : «له ته‌مه‌نی نۆ ساڵیه‌وه که پۆلی سێی سه‌ره‌تایی بووه ھۆگری شێعر بووه و شێعری کتێبه وانه‌ییه‌کانی ھه‌موو له به‌ر کردوون”له ته‌مه‌نی مێرمنداڵی دا له‌گه‌ڵ کتێبه‌کانی شاعیری نیشتمان په‌روه‌ر و خۆشه‌ویست مامۆستا قانع ئاشنا بووه و به‌و کتێبانه خۆی فێری خوێندنی کوردی کردووه. ده‌روێشێک که بۆ خۆی ده‌ڵێن: «گۆڤاری سروه، قوتابخانه‌یه‌ک بوو که زۆر کەسانی په‌روه‌رده کرد که بۆ خوی یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که له‌و قوتابخانه‌دا ڕاھاتووه.»
به ته‌زبێحی ده‌ستی ده‌که‌وینه ژماردنی ئه‌و کتێبانه‌ی که بۆ بواری منداڵان نووسیوه‌تی و پتر له بیست کۆپه‌ڕ و سی و سێ به‌رهه‌م، خه‌رمانه‌ی نه‌بڕاوه‌ی مامۆستای قوتابخانه و بیرمه‌ندی ڕخنه‌گر، له‌نگه‌ری وشه و ڕێزمان و نووسین و ڕاژه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ر بۆ زمانی گه‌له‌که‌ی. نووسه‌ر، وه‌رگێڕ و ڕخنه‌گر مامۆستا عه‌بدوڕه‌حمان فه‌هیمی ناسراو به ده‌روێش له کۆڕێکی خونچیلانهدا هه‌ستی جوانی سپارده ده‌س نه‌وه‌کانی تا بۆمان بخوێنێته‌وه. و گه‌مه‌ی منداڵانه بکات به‌م شێوازه:
باپیره
با پیره‌م په‌نجا ساڵه
له‌گه‌ڵ من ده‌کا کایه
جارجار ده‌گری وه‌ک منداڵ
به قه‌ستی ڕایدهژێنم
که ماندوو بێ له کایه.
ئێمه‌ی تامه‌زرۆ و قوتابی زایه‌ڵه‌ی شاخ و ناخی نووسه‌ری شار له ماڵه بێ گهردهکهیدا کۆزیلهکهمان به‌ست. تا یادی تێکۆشان و ئه‌رک و ماندوو بوونی بکه‌ین. له شه‌وی شه‌ممه‌ی شه‌شی مانگی گوڵان و له ساتێکی تێکه‌ڵ به سۆزی ئاهه‌نگ و شێعر، نووسراوه و گوتار، ده‌ستی ماندوویی مامۆستایه‌کی خامه ڕه‌نگینمان گوشی و وه‌ک پێناسه و کوتله‌ی کێل گه‌ردنی شارێک له قه‌ڵای دڵ و ئاوزی نه‌بڕاوی ڕامایین و به‌ڵێنی خوێندنه‌وه و ناساندنی و ئه‌رکی زێدهترمان به خۆمان دا. ئه‌وه‌ی بۆ گه‌وره‌کانی خۆمانی ده‌که‌ین پێناسه‌مانه، هه‌ناسه‌ی بوون و مان و نهمرییمانه. ده‌روێشه‌کانی ڕاژه و کڕامه‌تی له بڕان نه‌هاتووی جوانی نوێن له به‌ر پشتێنی کورده‌واریمان دنێین و به‌خوێندنه‌وه و ناساندنی به‌رهه‌مه‌کانی ده‌که‌ینه تان و پۆی نیشتمانی شه‌نگ و ده‌لالمان و خۆمان ده‌ڵێنه‌وه.
لەم کۆڕەدا ئەم کەسانە بە شێعر و وتار، بابەت و مۆسیقا ڕێزیان لە ئەرک و چالاکی مامۆستا گرت.
پەپوو سەدیقی
موستەفا ئاسوور
ئیرەج کەی خوسرەوی
عابید حسەینی
حسەین ڕەشید زادە
شەماڵ ئیسماعیل پوور
خالید تەوەکولی
عەبدولخالق ڕەحمانی
خالید فەتاحی
حەسەن سەجادی
سەعید وەرمزی
سارۆ کەریمی
ژینا فەهیمی
– بەشی مۆسیقا
مامۆستا ڕەسوول میرزا پوور
ماجید ئیمامی
ناسر ئیسماعیلی
عەبدوڕەحمان ڕەحیم نژاد
عەلی تاهیری
کۆڕی ئاشتی (سەید موحەممەدی حسەینی، ئەفشین سابری، فڕوخ خزری)
کورته‌یه‌ک له ژیاننامه‌ی عه‌بدولڕه‌حمان فه‌ھیمی:
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌ھیمی کوڕی میرزا عه‌بدوڵڵا دایکی نوسره‌ت خاتوون، ڕێبه‌ندانی ساڵی ۱۳۳۴ی ھه‌تاوی له شاری سه‌قز گه‌ڕه‌کی ته‌کیه‌ی بابه شێخ له دایک بووه. ساڵی ۱۳۳۹ ماڵیان گوێزاوه‌ته‌وه بۆ شاری بانه. چوارساڵ له بانه ماونه‌ته‌وه. پۆلی یه‌ک و دووی سه‌ره‌تایی له مه‌دره‌سه‌ی په‌ھله‌وی شاری بانه خوێندوه و ساڵی ۱۳۴۳ گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ سه‌قز. تا پۆلی سێی ناوه‌ندی له شاری سه‌قز خوێندوه و پاشان چوه‌ته سنه و درێژه‌ی به خوێندن داوه. پاش ته‌واو کردنی زانکۆ و گرتنی شه‌ھاده‌ی فه‌وقی دیپلۆم. بۆ سه‌ربازی چۆته شاری ئه‌سفه‌ھان و پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ سه‌قز و له ئیداره‌ی فێرکردن و بارھێنانی ئه‌و شاره بۆته مامۆستا. ھه‌شت ساڵ له گونده دوور و نزیکه‌کانی سه‌قز ده‌رسی به منداڵان گوتۆته‌وه و ۲۶ ساڵیش له قوتابخانه‌کانی شار مامۆستا بووه. ئێستا خانه‌نشینه.
عه‌بدولڕه‌حمان فه‌ھیمی بۆ خۆی ده‌ڵێ : «له ته‌مه‌نی نۆ ساڵیه‌وه که پۆلی سێی سه‌ره‌تایی بووه ھۆگری شێعر بووه و شێعری کتێبه ده‌رسیه‌کانی ھه‌موو له به‌ر کردوون. ھه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌شدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری منداڵان ـ کیھان بچهھا ـ ئاشنا بووه و ھه‌موو حه‌وتوانه ئه‌و گۆڤاره‌ی کڕیوه و پۆلی شه‌شی سه‌ره‌تایی بووه که یه‌که‌م شێعری بۆ گۆڤاری کیھان بچهھا ناردووه و له‌و گۆڤاره‌دا چاپ کراوه.»
له ته‌مه‌نی مێرمنداڵی دا له‌گه‌ڵ کتێبه‌کانی شاعیری نیشتمان په‌روه‌ر و خۆشه‌ویست مامۆستا قانع ئاشنا بووه و به‌و کتێبانه خۆی فێری خوێندنی کوردی کردووه. ئه‌و جار بۆ خۆشی شێعری به کوردی داناون که شیعره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی ئێستا له دیوانه چاپکراوهکهیدا ھه‌ن. شاعیر ده‌ڵێ : «پاش شۆڕشی په‌نجا و حه‌وت و ھاتنی گۆڤاری سروه، زێده‌تر له جاران له بواری خوێندنه‌وه و نووسینی کوردی دا کاری کردووه. شیعر و وتاری له گۆڤاری سروه‌دا چاپ کراوه و تا ژماره‌کانی ئاخری گۆڤاری سروه له‌گه‌ڵ ئه‌و گۆڤاره‌دا ھاوکاری کردووه.» ئه‌و ده‌ڵێ : «سروه، قوتابخانه‌یه‌ک بوو که زۆر کەسانی په‌روه‌رده کرد که بۆ خوی یه‌کێک له‌و که‌سانه‌یه که له‌و قوتابخانه‌دا ڕاھاتووه.»
پاشان له‌گه‌ڵ گۆڤار و حهفتهنامهکانی دیکه‌ش دا که پاش سروه داھاتن ھاوکاری کردووه. ئه‌و ده‌ڵێ : به‌و ھۆیهوهکه ڕشته‌ی خوێندنه‌که‌ی فێرکردنی سه‌ره‌تایییه و بۆ خۆشی له خولی سه‌ره‌تاییدا ده‌رسی گوتۆته‌وه. زۆر تر له بواری ئه‌ده‌بی منداڵاندا کاری کردووه. یه‌که‌م کتێبی به نێوی «شادی» له ساڵی ۱۳۷۴ دا چاپ کراوه و تا ئێستا زیاتر له بیست کتێبی بۆ منداڵان نووسیوه و چاپ و بڵاو کراونه‌ته‌وه. جیا له کتێبی منداڵان چه‌ند کتێبی دیکه‌شی چاپ و بڵاو بوونه‌ته‌وه و ئێستاش کتێبی دیکه‌ی به ده‌سته‌وه‌ن که ئاماده‌ی چاپن. ریزی کتێبه چاپ کراوه‌کانی ئه‌مانه‌ن :
۱ـ شادی (شێعر)
۲ـ ئاشتی (شێعر)
۳ـ دنیای بێگەرد (شێعر)
۴ـ کؤتر و مێروولە (چیرۆک)
۵ـ نیان و پهپوولە (چیرۆک)
۶ـ ئازار (چیرۆک)
۷ـ شێته و ژیره(چیرۆک)
۸ـ ئاڵا (چیرۆک)
۹ـ گردنبند آبی (له کوردیه‌وه بۆ فارسی) ملوانکه‌ی شین
۱۰ـ زه‌ماوه‌ندی مشکهخان (چیرۆک)
۱۱ـ مشکی برسی (چیرۆک)
۱۲ـ سفر به تبریز (قلب آذربایجان)
۱۳ـ سفرهای شیما
۱۴ـ راستگۆیی (چیرۆک)
۱۵ـ پاساری (شێعر)
۱۶ـ سه‌فه‌رێک بۆ شاری بۆکان
۱۷-تەزبێح فرۆش
۱۸-تەقیلە
۱۹- وجدان
کۆلاره
دوو چاوی جوانت ھه‌یه
په‌لکه‌کانت ڕه‌نگینن
ده‌چیته ئه‌و عاسمانه
یاری ده‌که‌ی له‌و به‌رزه
سروه‌ی با ڕاتده‌ژێنێ
خۆزگه به خۆت کۆلاره
برۆی که‌وانت ھه‌یه
ھه‌ڵقه ھه‌ڵقه و شیرینن
بۆ نێو ئه‌و باڵندانه
ده‌ڕوانیته ئه‌م عه‌رزه
ساتێکت دنیا دێنێ
ھه‌موو دنیات لێ دیاره
شـــه‌ڕ
منداڵه‌کان، شه‌ڕ پیسه
شه‌ڕ خه‌ڵاتی شه‌یتانه
شه‌ڕ ماڵ وێرانی دێنێ
ئاکامی شه‌ڕ کوشتنه
کێ گولله و تفه‌نگ داوێ
ھه‌رکه‌س شه‌ڕی پێ خۆشه
مرۆڤی چاک شه‌ڕ ناکا
وته و کرده‌وه‌ی چاکه
ھه‌ر که‌سێ شه‌ڕفرۆشه
شه‌ڕ کرده‌وه‌ی ئیبلیسه
ده‌سکه‌وتی شه‌ڕ گریانه
گوند و شار ده‌ڕووخێنێ
شیوه‌ن و خوێن ڕشتنه
ئه‌وه خه‌ڵکی خۆش ناوێ
کووره‌ی نه‌وسی له جۆشه
خۆی په‌ست و به‌دفه‌ڕ ناکا
به‌رھه‌می بیری پاکه
چرای عه‌قڵی خامۆشه
ھاوخه‌می
ماھان قژی ڕژا بوو
ھاتۆ بۆ قوتابخانه
بوو به گاڵته‌ی منداڵان
ماھان به دڵشکاوی
کاتێ مامۆستا زانی
ھه‌ندێکیش به دڵپڕی
قوتابی ڕۆژی دوایه
قژی ئه‌ویش وه‌ریبوو
با ماھان ته‌نیا نه‌بێ
یه‌ک تاڵیشی نه‌ما بوو
که‌وته به‌ر تیر و تانه
ھه‌موو له ده‌وری ھاڵان
فرمێسک ڕژا له چاوی
زۆر به نه‌رم و نیانی
فرمێسکه‌کانی سڕی
دیتیان مامۆستاش وایه
ئاخر، سه‌ری تاشیبوو
ھه‌ر ئه‌و قژی وا نه‌بێ
کاتژمێر
گوتم بابه کاتژمێرم بۆ بسێنه
به پێنووسێک سه‌عاتی کرده ده‌ستم
سێ مانگه ئه‌رباب پاره‌ی پێ نه‌داوه
دایکم ئێژێ: حاشا له کووره‌خانه
بابه‌م گوتی: داده‌ی مه‌چه‌کت بێنه
یانی وه‌کوو ئه‌و سه‌عاته ڕاوه‌ستم
قند و ڕۆن و شه‌کر و چاشمان نه‌ماوه
ساڵ دوازده مانگ، چاو له‌ده‌ستی بێگانه