شما اینجا هستید
اجتماعی » ھاکا وتیان ئه‌سپه‌ سه‌رشێته‌که‌ی زه‌مان «جه‌لال مه‌له‌کشا»یشی گلان!

 

دیمانەیکی کورت لەگەڵ زڕەی زنجیری وشە دیلەکانی مامۆستا جەلالی مەلەکشا:مۆحسن سادقی

 وەکوو پێشه‌کی له‌ زمانی شاعیره‌وه‌:

قه‌ڵه‌مێکی ده‌سته‌مۆیان دایه‌ ده‌ستم!

 بووم به‌ شاعیر و

ده‌رد و ئازارم ھه‌ڵبژارد.

 وتیان بنووسه‌ شه‌وه‌زه‌نگ

له‌م وڵاته‌ سروشتیه‌ …

وتیان بنووسه‌ ئاسمان

 قه‌ڵه‌مڕه‌وی یاسای داڵه‌

 وتیان بنووسه‌ یاسای داڵ یاسای خوایه‌

….

به‌ڵام شیعر

بۆ سه‌فه‌ر

 له‌ چاودێر ناپرسێ

ئه‌شقیای کوێستانی خه‌یاڵه‌ و

له‌ سوڵتان له‌ خونکار و له‌ جه‌لاد

 ناترسێ.

من شاعیری دڵی خۆمم …

کڵاوم لارە!

 قه‌ڵه‌مه‌که‌م له‌ به‌رامبه‌ر چی سوڵتان و فه‌رمانڕه‌وا و … داگیرکه‌ره‌ کڕنۆش ناکات!

من گوڵێکم

بتانه‌وێ و نه‌تانه‌وێ

له‌م شۆره‌کاته‌ ڕواوم ئێوه‌ی دڕکیش

 ڕق و کینه‌ی ھه‌موو دنیا کۆکه‌نه‌وه‌

 دڵنیا بن ده‌ستان ناگا

به‌ ترۆپکی به‌رزی ناوم.

 

🔹نێو و نیشانتان‌؟

جه‌لالی مه‌له‌کشای ڕووت و قووت

🔹خه‌ڵکی کوێن؟

خه‌ڵکی وڵاتی گریانم

🔹له‌ کام ڕه‌گه‌زی؟

من یادگاری ئه‌و عه‌شیره‌ته‌م

له‌ سه‌ر سینگی ژین

 گوڵیان به‌ ھه‌ودای خوێن ته‌قه‌ڵ داوه‌!

🔹ھه‌واڵی نیشتمان و زێده‌که‌ت؟

ھه‌ر دڕوو ده‌ڕوێ

خێڵی گوڵ

 که‌وتونه‌ته‌ به‌ر شه‌لاخی باھۆز و

 ھه‌رچی شیناوه‌رده‌، ژاکاوه‌

خاک لانه‌ی مار و دووپشکه‌

ئاسمانیش قۆرخی داڵه‌

🔹لە شەوگاری ئەنگوستە چاو و ولاتی بێ‌باراندا  ژیانت چۆن ڕابوارد؟

من…

بە وشەی تیشک

قسەم لەگەڵ شەوا ئەکرد

دژی زریان و شەختە بووم

سینگم پڕ بوو لە بروسکە

رۆحم وەک رۆژ لە ناو دەروونما ئەدرەوشا

🔹ئێستا ده‌ته‌وێ چ بکه‌ی؟

من ده‌مه‌وێ به‌ گاسنی وشه‌ی شێعر

وەرزی تازه‌ بکێڵمه‌وه‌

 بۆ چاندنی زه‌رده‌خه‌نه‌

🔹کاتێ قەلەمە دەستەمۆکەیان دایە دەستت و فرمان درا بنوسی “شەوەزەنگ لەم ولاتە سروشتیە و…” تۆ چیت کرد؟

لقی شکاوی گولێکم کردە قەڵەم

بەخوێناوی بولبولێکی کوژراو نوسیم:

نوسیم: ئاسمان قەڵەمڕەوی باڵندەیە

نوسیم ئەوین یاسای بێ‌خەوشی دڵدارە

گول و ئاسمان و ئازادی

قانونی خوای ئەویندارە

🔹به‌سه‌رھاتی شێعره‌کانت؟

بوون به‌ گوڵ و

 که‌نیشکه‌کانی ئه‌م شاره‌

 چه‌پک چه‌پک

کردیان به‌ ھه‌دیه‌ی دڵداری

🔹دوا بڕیاری شێعری لاسارت؟

بڕیاری دا

 شووره‌ی ده‌سکرد بڕوخێنێ …

 نه‌ھێنی و ڕازی ئه‌ودیو

دیواره‌که‌ بدرکێنێ

🔹بۆچی بوی به‌ تاوانبار؟

چونکه‌ ئه‌موت

مرۆڤ ده‌بێ

 ئازاد و شاد و سه‌ربه‌ست بێ

🔹پەیامت بۆ کوڕه‌کانی ھه‌لاکۆخان؟

ھه‌زار کوانووی پڕ له‌ ئاگر

 شێعره‌کانم ناسووتێنێ

گۆمێ گه‌نده‌ڵ که‌ی ئه‌توانێ

 چیای ھاوار له‌ ناو خۆیا بخنکێنێ

🔹وته‌ت بۆ مێژوو؟

ئەی مێژوو!

له‌ بیرت بێ

 به‌ھار ھات و ده‌ساڵ، ده‌ساڵی ڕه‌به‌ق

 له‌ به‌رامبه‌ر ده‌رکه‌کانماه‌وه‌ ڕاوه‌ستا و پاڕایه‌وه‌

 ئێمه‌ ده‌رکه‌مان بۆ نه‌کرده‌وه‌ و …

🔹سه‌ده‌ی سەردەم؟

ئەم سەردەمە

چەرخی دەردە

سه‌ده‌ی ته‌نیایی ئینسانه‌

🔹ھه‌ڵه‌بجه‌؟

زامێکی ناسۆره

‌… ھه‌ڵه‌بجه‌ ھاواری ئینسانه‌

… ھه‌ڵه‌بجه‌ شکاتی گه‌لێکه‌

🔹سواره‌ی ئێلخانی‌زادە چلۆن وەسف دەکەی؟

شه‌مێ باڵا به‌رز

 گۆچانی تیشکی گرت به‌ ده‌سته‌وه‌

شه‌وی به‌زاند‌و

 گڕی خسته‌ ناو شه‌وگاری نووته‌ک

له‌ نێڵه‌ نیڵدا

🔹له‌ داستان و به‌سه‌رھاتی داره‌ پیره‌ بۆچی فه‌رمان به‌ بڕینی درا؟

فه‌رمان درا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی

 داره‌ پیره‌ په‌نای یاخی و جه‌رده‌کانه‌

له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی سێبه‌ری وی

 مۆڵگه‌ گه‌ڵاڵه‌ و پیلانه‌

له‌به‌ر ئه‌وەی ھێندێ باڵنده‌ی نافه‌رمان

 کردویانه‌ به‌ ھێلانه‌

 پاڵ و  په‌سێو داره‌ پیره‌

 مه‌ته‌رێزی یاخیه‌کانه‌

🔹چی بوو به‌ پواز بۆ داره‌ پیره‌؟

لقێ سووتاو!

 ڕه‌ق و ته‌ق و ڕه‌نگ بزرکاو

لار و گێڕ و له‌به‌ر خۆره‌تاو ھه‌ڵقرچاو

لاواز و بێ‌به‌ر و گه‌ڵا

خوێڕی، ناحه‌ز و به‌ره‌ڵڵا

🔹چۆنیان کرد به‌ پواز؟

لقی لار و خوار و خێچ و بێ‌ئه‌مه‌گیان

به‌ به‌ڵێنی درۆ کڕی

🔹کاتێ داره‌ پیره‌ وتی: “لقه‌ مه‌ڕۆ! مه‌به‌ به‌ داره‌ ده‌ست” پواز چی وت؟

پواز وتی، ئیتر من ئه‌و لقه‌ له‌ڕ و لاوازه‌ نیم

 ته‌ماشام که‌ بزانه‌ من چیم

… به‌ڵێن وایه‌ بمکه‌ن به‌ ده‌سته‌ی خه‌نجه‌ری

 به‌ر پشتوێنی فه‌رمانڕه‌وا!

من چیم داوه‌ له‌ یاخی بوون

نازانم له‌ خه‌بات دژی سه‌رما و سۆڵه و‌ مافی ڕه‌وا!

🔹له‌ ئاکامدا دارە پیرە و پواز چیان به‌ سه‌ر ھات؟

داره‌که‌یان بنبڕ کرد و

 بۆ ئاگری کوره‌ی کۆشکی سوڵتانیان برد

ڕێ که‌وتن و پواز وتی ئه‌ی من نابه‌ن؟

گه‌وره‌که‌یان وتی: لاچۆ …

لاچۆ له‌به‌ر چاوم بۆگه‌ن

قه‌ت نه‌مدیوه‌، خاین به‌ خۆ

 بێژگه‌ ھۆڕه‌ی سپڵه‌ وه‌ک تۆ

تفی لێ کرد …

به‌ شه‌پان و تێھه‌ڵدان

فڕی دایه‌ نێو زبڵدان!

🔹له‌ ژوانگه‌ی پیلان چیت بۆ ده‌رکه‌وت؟

به‌ ئه‌م ھه‌وره‌ قسره‌

 نه‌ ئاسمان ئه‌زێت و

 نه‌ قاقڕ به‌شینکه‌ ئه‌خه‌مڵێ

🔹کێشه‌یان چیه‌؟

ئه‌و ھه‌ورانه‌

 ھه‌ر چه‌ند سه‌ر له‌ ئاسمان ئه‌سوێن

 قسرن، بارانیان پێ نییه‌

 تۆزی به‌رپێی

 ئه‌سپی له‌شکه‌ری ھه‌ڵاکۆن!

🔹ڕه‌خنه‌ت بە گشتی له ئێمە و خەلکی و‌ کۆمەڵگا چیه‌؟

بیرتان ئاسمانێکی ته‌سکه‌

ھێنده‌ به‌رچاوتان تاریکه‌

 نازانن ڕۆژ له‌ ئاسۆی کام پێده‌شته‌وه‌

 سه‌رھه‌ڵدێنێ

ھه‌ر به‌ ته‌شییه‌ کۆنه‌که‌تان ده‌یڕێسن و

 له‌ بیری نوێ سڵ و سر‌کن

🔹ئامۆژگاری و چاره‌سه‌ر؟

له‌ شه‌وگاری ئه‌نگوسته‌چاو

 گۆچانی شک ده‌لاقه‌یه‌ک ناکاته‌وه‌ …

 چرای ئه‌ندێشه‌تان ھه‌ڵکه‌ن

 ڕێگا و ڕه‌وتی ھه‌نگاوه‌کانتان بگۆڕن.

🔹به‌ هیوای کام ڕۆژی چاوه‌ڕوان کراوی له‌ ژیانا؟

 کاوه‌ی کوڕم

 جانتای سه‌فه‌رکاته‌ شانی؟

 ده‌ڵاڵانی به‌ر گاراژی شاری سنه‌

 ھاوار بکه‌ن

 سلێمانی سلێمانی

🔹کاتی گه‌ڕانه‌وه‌ و دوا سه‌فه‌ر وه‌سیه‌تت بۆ دۆست و یاران چییه‌؟

کاتێ مردم، ده‌خیلتان بم!

له‌م غه‌ریبستانه‌ مه‌منێژن

 جه‌سته‌ی ماندووه‌ خه‌مڕێژه‌که‌م بسووتێنن

 خۆڵه‌ مێشه‌ خه‌مباره‌که‌م

 به‌ ئاوی دیجله‌ بسپێرن!

🔹بۆچی دیجله‌؟

دیجله‌ ده‌مبا بۆ ئۆقیانوس

 ده‌بمه‌ ھه‌ڵم و ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ ئاسمان

بای زریانیش ھه‌ڵده‌کات و

جه‌سته‌ی سپی چه‌شنی ھه‌ورم

ده‌باته‌وه‌ بۆ کوردستان!

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی