شما اینجا هستید
اجتماعی » یادێک لە شاعیری چەوساوەی سەقزی؛ مامۆستا مەلا حەسەن نەوحی زەنگەنە

نەوحی لە ساڵی ۱۹۰۰ـی زایینی (۱۲۷۸ـی هەتاوی) لە گەڕەکی سەرپەچەی خواروو لە نێوان خانەقای حاجی شێخ مستەفا و مزگەوتی مەلا براییم لە شاری سەقز لە دایک بووە، هەر وەک خۆی لە شێعرێکدا ئاماژەی پێکردووە و نووسیویەتی:

هــەزار و نۆســەد، هــاتمــە دنیــــاوە
هێشتا لە ژینام کە شەست و چوارە

هەر لە منداڵییەوە و لە تەمەنی حەوت ساڵیدا، دەستی بە خوێندنی ئاینی ئەو سەردەمە کردووە و کەسێکی زیرەک و توانا بووە.

لە ساڵی ۱۹۲۶ بە فەقێیەتی ئەچێتە ناوچەی گەرمیانی باشوری کوردستان بۆ هەمیشە لەوێ دەمێنێتەوە و نەگەڕاوەتەوە سەقز.

لە ساڵی ۱۹۲۹، پێنج ساڵ لە کفری لای مەلا سەعیدی موفتی خوێندوویەتی و پاشان لە کەرکووک لای مەلا تاهیری کەرکووکی خوێندویەتی. پاش هەشت ساڵ خوێندنی عیلمەکانی مەلایەتی، لە ساڵی ۱۹۳۸ مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.

جگە لەوەی شاعیرێکی توانا و رۆشنبیرێکی دیاری سەردەمی خۆی بووە، پیاوێکی راستگۆ و بوێر و مافپەروەر بووە.
نیشتمان و نەتەوەکەی خۆش ویستووە، شانازی بە ناودارانی گەلەکەی خۆی کردووە، لەبەر ئەمەشە کە بۆ گەلێک لە ناودارانی کورد گریاوە و فرمێسکی بۆ هەڵڕشتوون و بە شێعر شیوەنی بۆ کردوون و نازناوی “نەوحی” بۆ خۆی هەڵبژاردووە و شێعری پێ وتووە چونکا نەوحی واتای گریان و شیوەن بۆ مردوو دەگەیەنێت.

دەستێکی نووسینی زۆر جوانی هەبووە، هەروەها شارەزا بووە لە کاری درومان، بەرگدورین، تەلارسازیی و پیاوێکی رووخۆش و دەم بە پێکەنین بووە.

نەوحی گەلێ شێعری جۆراوجۆری بە شێوەی عەرووز و دە بڕگەیی لە پاش خۆی بە جێ ماوە. شێعرەکانی بە شێوەیەکی گشتی دەبنە حەوت بەش:
نیشتیمانی ، نەتەوایەتی ، مێژوویی، ئەوینداری ، کۆمەڵایەتی، شین و لاواندنەوە، ئایینی.

زۆر ئارەزووی لە ئەسپسواری و ڕاو و سەیران هەبووە و لەگەڵ ئەوەی لە سەقز لە دایکبووە هەر بە شاعیرێکی ناوچەی کەرکووک ناسراوە.

ساڵی ۱۹۶۶ لە شارۆچکەی خورماتو بە نەخۆشی زەحیری کۆچی دوایی کردووە.

ئەم پارچە شێعرەش لە عەشقی سەقزا نووسیویەتی:

تەمەن بێت و درێژ بێت و ببینم
لە ژینمدا دیسان “سـەقـز” ببینم
لە گوێی چیمەن لە (باخچەی کۆرپەی کیژان)
بە بەستە دەستە گوڵباغێ بچێنم
ئەتۆ کوردی بە فارسی بۆ ئەنووسی؟
لە بێ‌وردایەتی بابتی ئەبینم
چەمی بانە و سەقز تاکوو جاخەتوو
شەپۆلێکە لە دیدەی پڕ نەمینم
لە ئاوی خوڕخوڕە و چۆمی تەتاهوو
هەموو گوڵزاری کوردی پێ ئەڕوێنم
پلەی ئاسانە و ناڵەشڪێنە
هەتاکوو ئەربابا زۆر بۆی خەمینم
لە بۆکان و لەسەردەشت و ل پشدەر
ئەوەی گەنجە لە کوردا بیدوێنم …

ڕوحیان شاد و یادیان هەرمان.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل