شما اینجا هستید
اجتماعی » ئەنفال و خەیانەت

فەرهاد هادی، ده‌نگی‌کوردستان

کورد نە یەکەم نەتەوە بووە و نە دواهەمین نەتەوەشە کە هەوڵی ژینۆسایدکردنی بدرێت.
کەم نین ئەو گرووپ و نەتەوانەی کە زۆر خراپتر و بێ‌ڕەحمانەتر لە کورد هەوڵی سڕینەوەیان دراوە. دیار نیە بە درێژایی مێژوو چەندە کەمینە و گرووپ و نەتەوە هەبوون کە لە لایەن بەرامبەر و باڵا‌دەستانەوە لە ناوچوون و هیچ ناو و نیشانێکیشیان لێ بەجێ نەماوە!
ئەوەی لێرەدا کورد لە زۆربەی ئەو نەتەوانەی کە هەوڵی ژینۆسایدکردنیان دراوە، جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە کورد نە لە ناو چووە و نە بە تەواوەتی لەو دۆخە ڕزگاری بووە!
دیارە زۆر هۆکار هەیە کە ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتی لە چەشنی ئەنفال بەقووەت دەکەن، بۆ نموونە ئەو قەدەرە جۆغرافیایەی کە کورد تێکەوتوە یا ڕۆحی نەسرەوتن و ملکەچ نەکردنی کورد لە هەمبەر ماف‌خوراوی و توانەوە‌دا، یاخۆ جۆری ڕوانین و مامەڵەی هەمیشەیی ئەویدی لە گەڵ کێشەی کورددا و هتد.
یەکێک لەو دیاردانەی کە توانای دووبارە کردنەوە و خۆلقاندنی کارەساتی هەیە و کەمتر لەو پێوەندیەدا باسی لە سەر کراوه، دیارده‌ی خەیانەتە.
ئەگەرچی دیاردەی خەیانەت و خەیانەتکردن تەنیا تایبەت بە کورد نیە و هیچ گەل و گرووپێکی ئەم جیهانە نیە کە لە‌و دیاردەیە بێبەری بێ، بەڵام ڕەنگە کەمتر نەتەوەیەک بە ڕادەی کورد لە خەیانەت خەساری دیبێت!
مێژووی کورد لێوانلێوە لە خەبات و خەیانەت، پڕە لە ڕەنج کێشان و ڕەنج بە خەسار چوون! مێژووی کورد مێژووی دەرد و دۆڕانە، دووپات‌ کردنەوەی هەرس و هەستانەوەیە!
لەم نێوەدا دیارده‌ی خەیانەت، بەردەوام ئامادەیی هەبووە. لە وێزگە هەستیارەکانی مێژووی کورددا، زۆر جار خەیانەت کایەکەی بەقازانجی دۆژمنانی کورد گۆڕیوە! زۆربوونی ژمارە و ژەهری خنجەری ئه‌وخەیانەتانەی کە لە پشتی کورد دراوە، وایکردوە کە لە نێو کورددا بە سووکترین وشە ناو لە کەسانی خەیانت‌کار ببرێت و بە ناشیرینترێن شێوەش تەعبیر لە کردەوەی خەیانەتکارانە بکرێت.
باسکردن لە خەیانەت و ڕەوڵی خائن، بۆ نموونە لە شاڵاوەکانی ئەنفال‌دا، هەرگیز بە مانای خۆ بە تاوانبار کردن و ڕاکشانی پەنجەی تاوان بۆ خۆ و داشۆرینی دەستی خوێناوی دۆژمن نیە، بەڵکوو دەر‌خستنی گرینگی ڕەوڵی ئەو دەستانەیە کە لە نێو دەستی دۆژمندا بوون و دەستی جەلادیان تا دووا حەشارگەی قوربانی ڕادەکێشا!
دیاردەی خۆ بە تاوانبارزانین لە نێو کورددا کە هەوڵ دەدەم لە دەرفەتێکی دیکەدا بگەڕێیمەوە سەری، دیاردەیەکی زۆر گرینگە کە پێش ئەوەی به‌رهەمی خەیانەت بێت خۆی یەکێکە لە دەرکەوتە و دەرئەنجامەکانی خەیانەت.
کریس کۆچێرا لە یەکێک لە کتبەکانیدا باس لە بوونی چوارسەد فەوج یاچوارسەد هەزار کورد دەکات کە لە خزمەتی سوپای بەعسدا بوون !
ڕوونە بە بێ بوونی ئەو ژمارە خائنە لە سوپای دۆژمندا و بە بێ پەلکێش‌کردنی بەعس لە لایەن ئەوانەوە، هەرگیز کارەساتی ئەنفال و چەندین کارەساتی دیکە بەو شێوە بەربڵاوە، ڕوویان نەدەدا.
بەڵام ئەوە تەنیا پاساو هێنانەوە و خۆ دەرباز کردنە لە تاوانی بەشدار‌بوون لە جەنایەتدا و هەروەها جۆرێکە لە هەڵهاتن لە ئازاری ویژدان و هەستی تاوانباری! ئەویش بەو بیانوەی کە گوایه هیچ چاره‌یەکی دیکە نەبوو! لە حاڵێکدا لە هەمان سەردەمی ئەنفالدا ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگەی‌ئازا، بە هەزاران خەڵکی ئەو گوندانەیان ڕزگار کرد کە بڕیار بوو ئەنفال بکرێین، ئەویش تەنیا نەختێ بەرلەوەی دەستی جەیش و جاشیان پێ بگات.
تاوانی ئەنفالچیە‌ کوردەکان دووقات دەبێتەوە ئەگەڕ بەشێک لە ئەوان ئاگاداری قووڵایی کارەساتی ئەنفال و چارنووسی ئەو خەڵکە‌ بووبێتن کە بۆچی ڕاپێچی ناو ئۆردووگاکان دەکران و لە پێناو چیدا بەعس ماڵ و سامانەکەیانی وەکوو دەسخۆشانە دەدا بە ئەوان!؟

زۆربەی کات کە باس لە چەمکی خەیانەت ده‌کرێت، دوو کێشەی گەورە دێتە ئاراوە؛ یەکه‌م ئەویکە ئەو پێناسەی بۆ خەیانت دەکرێت و یا خۆ ئەو تەسەورەی لە خەیانەت بە خەیاڵدا دێت، زۆر تەسک و دیاری‌کراوە و تەنیا شێوەناسراوەکەی خەیانەت پیشان دەدا و پەچە لە سەر ڕۆخسارە نادیارەکانی ئەو دیاردە لانادات.
دووهەم ئەوەی‌کە؛ باس لە ئەو کێشە بنەمایی و هۆکارانە ناکرێت کە خەیانەت بەرهەم دێنن. چۆنکە ئەمڕۆ ئیدی خەیانەتکاران تەنیا ئەو کەسانە نین کە وان لە نێو ڕیزەکانی دۆژمندا، بەڵکوو ئەوەی کە ئەرکی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە ئاست کۆمەڵگادا ڕاناپەڕێنیت و قازانجی گشتی و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە بەرچاو نه‌گرێت، ئەوە بە جورێ لە جوڕەکان بنەما بۆ خەیانەت خۆش دەکات و بە دڵنیایەوە ئەویش خەیانەتکارە. لێرەدایە کە گەندەڵی و خەیانەت یەک‌‌دەگرنەوە و دەبنە تەواکەری یەکتر!
لەم ساڵانەی دواییدا؛ کورد چەندین نموونەی زۆر ناخۆشی لەو یەک گرتنە شوومە‌ی تۆمار کردوە.
بەبێ دوو دڵی چۆڵکردنی شەنگاڵ بۆ داعش و دواتر چۆڵکردنی کەرکووک بۆ حەشد، خەیانەت بوون و هەردووکیان لە بەرهەمە گەورەکانی گەندەڵی سیاسی و ناکارامەیی دەسەڵات و دامەزراوەی بەرگری بوون.
جیا لەوانەش ئەبێ بزانین کە خەیانەت تەنیا ئەو شتە نیە کە لە ساتێک لە ساتەکان و چرکەیەک لە چرکە هەستیارەکانی مێژوودا ڕوو دەدا و تۆمار دەبێت و خەڵک لۆمەی دەکەن، بەڵکوو خەیانەت ئەمڕۆ توانای ئەوەی هەیە کە لە هەموو چرکەکان و لە هەموو کون و قۆژبنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادە بێت و ڕوو بدات! بەڵام نەتەنیا کەس تۆماری نەکات و کەس لۆمەی نەکات، بەڵکوو تەنانەت هەر بەرچاویش نەکەوێت و زۆر کەس دەرکی پێ نەکەن و ناوی خەیانەتیشی لە سەر نەبێت.
ئەگەر ئەنفالچیەکان خەیانەتکارن چۆن دەبێ ئەوانەی سازی ناکۆکی و دوو ئیدارەیی لێدەدەن و ئەوانەی هەلی گۆڕان لە بار دەبەن و ئەوانەی کورسیەکان بە مۆڵکی بنەماڵەیی خۆیان دەزانن و ئەوانەی مافی بنەماڵەی ئەنفال‌کراوەکان دەخۆن و ئەوانەی دەسەڵاتی کوردی لە بەرچاوی خەڵک دەخەن و ئەوانەی ڕەحمەت دەنێرن بۆ سەدام، خەیانەتکار نەبن؟ جا چ جیاوازیەکی هەیە ئەگەر ئەو کەسانە لە نێو یا لە دەرەوەی دەسەڵات بن یا تەنانەت ڕەخنەگریشی بن!؟

ئەگەر بمانەوێ لە گەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، دیارە ئەوانەی ئەو دۆخەی دەخولقێنن کە تێدا ئەنفالچی دەرباز دەبێت و دادگایی ناکرێت و تەنانەت کورسیش وەردەگرێت، هەم زۆرتر لە ئەنفالچیەکان تاوانبارن و هەم ئەبێ پێش ئەوان دادگایی بکرێن! چۆنکە ئەوانە ئەو کەسانەن کە گەندەڵی و خەیانت بە یەک دەگەینن! ئەوان ئەو گەندەڵانەن کە سنووری نێوان جەلاد و قوربانی دەشێوێنن و ناهێڵن حەق لە ناحەق جیا بکرێیتەوە! ئەوانە کۆمەڵگا ئەوندە لێڵ و تەماوی دەکەن کە قۆبحی خەیانەت دەشکێت و بەرە بەرە خەیانەت‌کردن ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو گەندەڵیە بۆ داپۆشینی خۆیشی بێت، لە هەمبەر خەیانەت‌‌دا بێدەنگ دەبێت! دیارە لەو دۆخەدا، گەندەڵان و خەیانەتکاران بەشێوەی ئۆتۆماتیک دەبن بە یاریدەر و تەواوکەری یەکتر و بەردەوام یەکدی بەرهەم دێننەوە.

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل