بەپێی وتەی بەرپرسانی کۆڕەکە، بڕیار وابووە بەرنامەکە زووتر بەڕێوە بچێ؛ بەڵام چەند جار بە هۆکارگەلی جیاوازەوە، بۆ نموونە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئێران، دواکەوتووە! له کۆتاییدا بڕیار دراوە کە له “ڕۆژی قەڵەم”دا بەڕێوە بچێت. ئەوان، هەرجۆرە پەیوەندیی نیوان هەڵبژاردنی ئەو ڕۆژە و بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماریی ئێران ڕەد دەکەنەوە و ئەڵێن: ئەوە تەنیا بە ڕێکەوت بووە و بەرنامەکە هیچ پەیوەندییەکی بە بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پاڵێوراوێکی تایبەتەوە نەبووە. ئەگەریش کەس یا لایەنێ، کەڵکی وای لێوەرگرتبێ، ئەوە ئێمە ئاگادار و بەرپرسیار نین.
بەرپرسانی کوردستانناسی دەڵێن: “ئەگەرچی لەم بەرنامەیەدا بە ڕەچاوکردنی ۱۴ بواری خزمەت بە زمانی کوردی، ڕێز له کۆمەڵێ کەسی شوێندانەر گیرا، بەڵام مەبەستی ئەو بەرنامەیە، تەنیا کۆڕ و کارناڤاڵی ڕێزلێنان نەبوو؛ بەڵکوو درێژەی هەمان هەوڵی بەرزکردنەوەی داخوازیی و ئامادەکاریی بۆ دامەزراندنی فەرهەنگستانی زمان و ئەدەبی کوردی بوو.”
منیش یەکێک له بانگهێشتکراوانی ئەو بەرنامەیه بووم و وەکوو نوێنەری “دەنگیکوردستان”، خەڵاتی ئەو حەوتەنامەیەم وەرگرت.
لەگەڵ ئەوەیدا که نەختێ شپرزی بە بەرنامەکەوە دیار بوو و چەندین کەسی بانگهێشتکراویش، بە هەر هۆکارێک، نەهاتبوون و چەندین ڕەخنە و گلەیی و گازندە له سەری بڵاو بووەوە، بەڵام ناکرێ هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێوەبەرانی ئەو بەرنامه بەربڵاوە، له بەرچاو نەگیردرێ.
هەرکەس کە بە شێوەی کرداریی، نەختێ ئەزموونی کار و چالاکیی مەدەنی لەو شێوەی له ئێران و بەتایبەت له کوردستان هەبێت، چاک دەزانێ کە بەڕێوەبەرانی ئاوەها بەرنامەگەلێک، تووشی چ گێرە و کێشەگەلێکی ورد و دروشت یا لار و لاوەکی دەبن.
زۆربەی کات، چالاکان، پلانی بەرنامەکان بە باشی دادەڕێژن؛ بەڵام بە دەگەمەن، بۆیان دەڕەخسێت یا ڕێگایان پێ دەدرێت که بە هەمان شێوەی باش، بەڕێوەی ببەن و بیگەینن بە ئاکام.
سەیەر لەوەدایە کە کێشە و بەربەستەکان له سەرتادا ناگوترێ؛ بەڵکوو له نیوەدا و بگرە له کۆتاییهکاندا ساز دەکرێت! لەو کاتانەدا بەڕێوەبەران که نیوەی کارەکانیان کردووە، نە دەتوانن چاوپۆشی له ماندوبوونی خۆیان و چاوەڕوانیی خەڵک بکەن و نە ئەوەی کە چاوپۆشی لە کەموکۆڕی و ویست و ئامانجەکانیان بکەن. له کوردستان کەم نەبوون ئەو بەرنامە و چالاکییانە کە خهیریان بەخشراوەتەوە یا تەنانەت له دوایین چرکەکاندا، کەنسل کراونەتەوە. بۆیه هەر جۆر ڕەخنەگرتنێک لەو جۆرە بەرنامانه، بەبێ ئاگاداربوون لە هەلومەرج و قسەی دڵ و ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرانی ناتەواو دەبێ.
ئەو بەرنامەی کە کوردستانناسی بەڕێوەی برد، ڕاستە له یەک بواردا بوو و بەڕواڵەت تەنیا چالاکانی زمانی کوردی له ئێران دەگرتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆر بەربڵاوە؛ هەزاران کەس له ئێران، کەم و زۆر و بە شێوەی دیار و نادیار و له بوار و ناوچەی جیاجیادا خەریکی خزمەت بە زمانی کوردین. دیارە هەر جۆره پێوەرێک بۆ هەڵبژاردنیان دابنرێت، دیسان کەسانێک بە ناحەق ریزپەڕ دەبن و هەرگیز ناتوانرێت پڕفکت و بێڕەخنە بێت! بۆیه کارێک لەو چەشنە ئەگەرچی ئەمەگناسانەیە و خەڵکی زۆر دڵگەرم دەکات، بەڵام هاوکات بڕێ کەسیش دڵسارد دەکاتەوە و دووریش نییه، هەست بە هەڵاواردن، لای چالاکانی ناوچە و زارە جیاوازەکانیش ساز بکات.
تا ئێستا چەندین ڕەخنە بە زمانی فارسی له سەر ئەو بەرنامەیه نووسراوە و دەستەیەک لە نووسەرانیش، نامەیەکی بەکۆمەڵیان ئاراستەی وەزیری زانستی ئێران کردوە و داوایان لێ کردووە لەوبارەوە ڕوونکردنەوە بدات!
ئەگەرچی نامەی ئەم نووسەرانە له سەرتادا بە باشی ئاماژەی بەوە داوە کە نابێ داخوازیی گەلی کورد له ئێران، بە بەڕێوەبردنی ئاوەها بەرنامەگەلێک کورت بکرێتەوە، بەڵام ئەم نامەش وەک باقی ڕەخنەکان، زۆرتر جەختی لەسەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و هۆکاری بانگهێشتکردن و نەکردنی کەسەکان کردووە.
پێناچێت کێشەکە گەیشتبێتە ئەو ئاستە کە نامە بۆ وەزیر بنووسرێت و ڕەخنە لە ناوەندێکی کوردی، ببرێتە لای کەسێک کە ڕەنگە ئاگاداریی و وڵامدانەوەی لهو بارەوە “هیچ” بێت. ئەکرا ئەو نووسەرانه پێشتر له هەڤاڵانی خۆیان له ناوەندی کوردستانناسی و بەڕێوەبەرانی بەرنامەکه داوای ڕوونکردنەوە بکەن و ئەگەر هیچیان دەست نەکەوت، ئینجا سکاڵای خۆیان ببەنە لای بەرپرسانی باڵاتر و داواکاریی زۆر گەورەتر و گرینگتریان بهێنایەتە گۆڕێ. هەرچەند لەوباوڕەدام دیسانیش هیچ نەدەگۆڕدرا و دوور نییه بکرێتە بیانوو بۆ بڕانی ئەو نەختە بوودجەش!
بە بۆچوونی من: باسی سەرەکی سەبارەت به بەڕێوەچوونی بەرنامەی ڕێزگرتن له چالاکانی زمانی کوردی له لایەن هەردوو ناوەندی کوردستانناسییەوە، چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و هاتن و نەهاتنی کەسەکان و ئەو ڕەخنە بێکۆتاییانە نییه؛ بەڵکوو پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە پێویستیی بەڕێوەچوونی ئاوەها بەرنامەیەک، ئەویش له لایەن دوو ناوەندی زانستیی وەکوو کوردستانناسییەوە چییه؟
لە کاتێکدا پانتای توێژینەوە له کوردستاندا پڕه له کاری نەکراو و باسی نەورووژاو و خوێندنەوەی ناتەواو، بۆچی ئەو دوو ناوەندەی کە بڕیاره هەستن بە ڕاپەڕاندنی ئەو ئەرکە گرینگانە، بە وەها کارێکی ئاسایی، پڕ کێشە و ناپێویستەوە سەرقاڵ بن؟!
خەڵکی کورد باش تێدەگا که ئەوانەی خزمەت به زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن، خۆنەویستانە و بێبەرامبەر، ئەو کارە دەکەن! بۆیه بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن که ڕێزیان لێبگرن و ڕێزیشیان لێگرتووە. زۆر بەدەگمەن کەسێک ببێ که کارێکی گرینگی بۆ فەرهەنگ و زمانی کوردی کردبێت، بەڵام خەڵک ڕێزی نەگرتبێت یان تەنانەت له چەندین کۆڕ و کۆبوونەوەدا، چەپڵەی بۆ لێ نەدرابێت یا خەڵات نەکرابێت.
زۆربەی هەرەزۆری ئەو سەد کەسەی ئەو ڕۆژه ڕێزیان لێ گیرا و ئەوانەی کە بانگهێشت کرابوون و نەهاتبوون و ئەوانەی کە دەبا بانگهێشت بکردراین و نەکرابوون، پێشتر ڕێزیان لێ گیراوە و کەم و زۆر، قەدریان گیراوە. نووسەری وا هەیە بۆ یەک بەرهەم چەندین جار له ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە جیا خەڵات کراوە!
کەم ئەدیب و کوردینووسی جیددی هەیە که ناوەندە پەیوەندیدارەکانی ئەم دیو یا ئەو دیو، لانیکەم بۆ جارێکیش بێ، ئاوڕیان لێ نەدابێتەوە.
کێشەی کۆمەڵگای کوردی ئەوە نییه کە ڕێز له نووسەران و ئەدیبانی ناگرێت که تەنانەت بڕێ جاریش زیاد لەڕادەی پێویست ڕێزیان لێ دەگرێت! بەڵکوو کێشهی گەورە ئەوەیە کە خوێندنەوەی پێویست بۆ کێشەکانی کۆمەڵگای کوردی ناکرێت.
باشتر وایه، ناوەندەکانی کوردستانناسی له ناودڵی زانکۆەکانەوە و له سەر دەستی پسپۆڕانی زانستە جیاجیاکان و بە پشت بەستن بە میتۆدە زانستییهکان، هەوڵە کرچ و کاڵەکانی ڕەوتی ڕۆشنبیریی کوردی یەک بخەن و بەرەو ئاراستەی پێویست ڕای بکێشن.
لە کاتێکدا کێشەی لەمێژینەی کورد پێکەوە کارنەکردنە، هەبوونی سێ ناوەندی کوردستانناسی، ئەویش له یەک شاردا، درێژکراوە و بەردەوامبوونی هەمان کێشەیە. ئەگەر لە ناوەندی کوردستانناسی ئیرشادی ئیسلامی گەڕێین، که نرخی نەبوونە، زۆر جێگای خۆشحاڵییه کە دوو ناوەندی کوردستانناسی زانکۆەکانی کوردستان و ئازادی سنە، بۆ ئەم بەرنامە، بە هاوبەشی کاریان کرد. ئەگەر بۆ وەرگرتنی دوو بوودجه، جیابوونی ئەو دوو ناوەندە پێویست بێت، زۆر پێویستە کە لانیکەم هەموو کار و چالاکییەکانیان بە تەواوەتی هەماهەنگ بێت.
بەگشتی کەمکاری و ناکارامەیی هەموو ناوەندەکانی نێو ئێرانی گرتووەتەوە و کوردی و ناکوردیبوونی بۆ نییه! ناوەندی ئێرانناسی له شاری سنە ساڵەهایە درگاکەی نەکراوەتەوە؛ بەڵام لەم دۆخەشدا، چاوەڕوانیی زۆر گەورە له ناوەندی کوردستانناسی دەکرێت؛ چۆنکه هەم تاکە شوێنێکه که لەو بوارەدا کاری بەردەوامی تیمی دەکات و هەم هەوڵ و ماندوبوونی کۆمەڵێک کەسی پسپۆڕی له پشتە. بۆیە دەبێ پێگە و جێگەی بەرزی خۆی بناسێت و هاوکات هەم سوود له بەهرە گەورەکانی دەرەوەی زانکۆ ببات و هەم تەنیا لە بواری زمان و ئەدبیاتدا خۆی قەتیس نەکا و سوود له ناوەند و بوارە زانستییەکانی دیکە وەکوو کۆمەڵناسی، ئابووری و ڕامیاری وەربگرێت.
کوردستانناسی نابێت تەنیا لە زانکۆ یا لە نێو کۆمەڵێک ئەدیب و ڕووناکبیردا بخولێتەوە؛ بەڵکوو دەبێ بچێتە نێو کۆمەڵگا و لەگەڵ خەڵکی دێهات و شار، پەیوەندی بگرێت تا بتوانێت وێنەیەکی ڕاستەقینە و گشتگیرانەی له کۆمەڵگەی بەردەنگی، خۆی ببێت.
ماوەتەوە بڵێم: کە کوردستانناسی دەبێت زۆر ئاگادار بێت، وەک زۆر دەزگا و ناوەندی دیکەی کوردی، ناوی بە ناوی کەس یا چەندکەسێکەوە گرێ نەخوات. ئەمڕۆ ناوی زۆربەی دەزگا کوردییەکان، هاوسانن بە ناوی بەرپرسەکانیان! وەک چۆن جاران ناوی تەرێقەت و ناوی هۆزەکان و ناوی ئەمارەتەکان بە ناوی سەرۆکەکانیانەوە گرێ درابوون؛ ئێستاش ئەگەرچی ناوەند و دەزگا بابەتێکی مۆدێڕنە، بەڵام لای ئێمه بە هەمان دەردی کۆن بردراون! بۆیه بەڕێوەبەرانی کوردستانناسی دەبێ بەردەوام ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکان و شێوە و چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ناوەندەکە، بۆ ئاگاداریی خەڵک ڕابگەینن، هەتا کوردستانناسیش وەک زۆر ناوەندی دیکە، تووشی پاسیڤبوون نەبێت. دیاره ئەگەر خواستی جیددی هەبێ، دووپاتکردنەوەی ئەزموونی سەرکەوتووانەی “کۆڕی زانیاری” لەم سەردەمەدا هەم زۆر ئاسانە و هەم زۆر پێویست.
- سقز رووداو
- کد خبر 19324
- بدون نظر
- پرینت