شاخ و کارەسات بەردەوام دە “بوون”ی کورد دا ڕۆڵیان گێڕاوە بەڵام پتر ڕۆڵێکی تێئۆلۆژیک و ئاڕکیتایپیک نەک ڕۆڵێکی بوونناسانە. رووحی کورد ئەوەندەی تێکەڵاو بە شاخ بووە ئەوەندەش جەستەی گرێ پێچی کارەسات. شاخ و جەستە دە بوونی کورد دا هیچکات هاوێر نەکراون.
ئەگەر شاخ فاکتەرێکی گرینگ نە تاکەهاوڕێ بووە بۆ کورد، ئەوەندەش جەستە نە تەنیا دە کارەساتدا کە دە ڕێکخستنی کارەساتیشدا ڕۆڵی بینیوە. شاخەوانی بۆ کورد پتر پرساژۆیەکی ڕادیکاڵ بووە دە بەستێنێکی ئیلاهییاتی و بە پیرۆزکراودا.
ۆیە ڕووکردی تێئۆلۆژیک و ئیلاهییاتی بۆ کورد پتر کارەسات بووە و پتریش خۆی دە جەستەی کورد دا دەرخستووە. هەم دە شۆڕش دا هەم دە شاخەوانیدا هەم دە کۆڵبەریدا. لەو ڕووەوە جەستەی کورد بەردەوام جەستەیەکی بەپیرۆزکراوی سیاسی بووە. جەستەی کورد ئەگەر بوارێک بووە بۆ کارەسات، ئەوەندەش زەینی کورد هەستی بە ئۆتۆنۆمی کردووە دە ژێر کۆی سەرچەشن(کهن الگو) و مێتافیزیکی شاخدا.
هەستەوەری کورد لە کاتی کارەسات دا پتر لە هەموو کاتێک دەرکەوتووە. چونکە رووحی کورد و سەرچەشنە ئاڕکیتایپیکەکانی و هەروەها زەینی کورد هێشتاش لە سروشت و مێتافیزیک دانەبڕاوە. چ مێتافیزیکی شاخ چ مێتافیزیکی شەڕ.کارەسات و مێتافیزیک ئەو دوو بوارەن کە کورد تێیاندا هەستی بە جەستەمەندبوونی بوون کردووە. واتە جەستەمەندکردنی کارەسات بۆ ئێمەی کورد پتر لەوەی لانیکەم ئیلاهییاتێکی سیاسی بێ، خۆبواردنێکی سیاسی بووە لە ڕووداو. ڕووداو نەک بە واتای کارەسات بەڵکوو بە واتای بەزاندنی کردەی واقع دە بەرامبەر کردەی نمادیندا بەو پێیە جەستەی کورد وەک سۆبێکتی داڕووشاوی لاکانی لە گەڵ ئەوەیکە زۆرترین زەبری لە ئاپاڕاتووسی بە ئیلاهییاتی کردنی شاخ و شەڕ و کارەسات خواردووە ئەوەندەش نواندنەوەی وێژمان و گوتاری تڕاژیکی کردووە.
شاخ بو کورد نە تاکە هاوڕێ و پشتیوان بەڵکوو ناوەرۆکی مێتافیزیکی کارەسات بووە بۆ جەستەی. دە ڕاستیدا کارەسات بۆ کورد جۆرێک دژوازی سەرکەوتن بووە بە سەر پاڕادایمی مێتافیزیکی غیاب و حزووردا. غیاب بە واتای تێدا چوونی ئاگاییەکی بوونناسانە نەک داماڵرانی فیزیکی لە جیهان. کورد ئەگەر بە وتەیەک بەدەر لە شاخ هاوڕێی نییە، لە بەرامبەر دا شاخیش هەرگیز بێ ئالەنگاری نەبووە. ئالەنگاری کورد دە کاتی کارەسات دا نە تەنیا جەستەی کورد کە دە پەراوێز خسترانی هزریش بووە. جەستەمەند کردنی کارەسات لە تەشقی خۆی دا بە واتای دە پەراوێز خستنی هزرە. بۆیە جەستەی کورد هەمیشە بەشێک لەو کارەساتە بووە کە شوناسی کوردیشی هێشتا دە شاخدا هێشتۆتەوە. شاخ وەک مێتافیزیکی سروشت کە کورد هێشتا لێی دانەبڕاوە. بۆیە قورسترین زەبرەکان لە شاخ جەستەی کوردی ئەنگاوتووە. کۆڵبەر و شەڕوان و شاخەوانی کورد لە شاخ هەڵدەدێردرێ، لە شاخ لە سەرما و ڕنوو دەمرێ و لە شاخیش شەهید دەبێ. هەر ئەو “شاخ” ـە کە گوتاری زاڵ وەک سنوور دیاری کردووە و “کورد”ی وەک پارێزگاری بوێر بۆ لە قەڵەم داوە(ابژە). بەڵام خودی کورد مافی ئەوەی نییە ئەو شاخە ببڕێ بۆ پاروویەک نان بۆ لەتێک ئازادی. چونکە لە ئاپاڕاتووسی دەسەڵاتی سیاسیدا و هەروەها مێتافیزیکی سروشتدا کورد نەک ئەویتر کە بارمتەی ئەویترە(other). کەواتە شاخ نە هاوڕێی کورد کە ئامڕازی ئەویترە بۆ نەفی کورد و بەردەوامی کارەسات و تێک تەنینی جەستە و گوللە و خوێن و نان و مەرگ و ڕنوو. جۆرێک بە سەنتێزکردنی ئاگایانەی کارەسات و ڕاپێچ کردن و گڕمۆڵەکردنی لۆگۆس. شاخ جارێ نە هاوڕێی کورد کە ئیمکانی ئەویترە. مەگەر ئەوەیکە کورد نەک شاخ کە هزری سیاسی لە شاخ و کارەسات بستێنێتەوە و تەجرەبەی کورد مومکین و گونجاو کا تێیدا.
- سقز رووداو
- کد خبر 20693
- بدون نظر
- پرینت