مەبەستی ئەم وتارە بەقارەمان کردنی خاتووزین نییە. بەڵکوو دخوازێ وەک چۆنە، راڤەی بکات و بە خوێنەری بناسێنێ.
خاتووزین لەو دەگمەن ژنانەیە کە لە میانەی دەرفەتە بچووکەکانی فرمان و کابانی، هەستی ئاڤراندنی ژنانەی خۆی دەگوازێتەوە بۆ بەوێنا کردنی وێنەی خەونەکانی و گڵ دەهێنێنتە سۆ لە پێناو شێوە بەخشین بەو ئاژەڵانەی کە لە چیرۆکەکانیدا وەک مرۆڤ دێنە کایە.
خاتووزین لە سەروبەندی ژیانی لادێ و بەخەبەرهاتن لەگەڵ مەڕوماڵات و بیستنی باقەباقی بەرخ و کاژیلەی تازە بە دنیا هاتوو و بەسەربردن لە کاتی مەڕەبێری و ژیانی مێرگ و باخ و بێستانی کوردەواری، لەگەڵ ئاژەڵ بە زمانێکی نەرم دەدوێ و دەیانکات بەو کاراکتێرەی کە ئەوانیش بێنە دەنگ و هەرکامەو ژیانی خۆیان رەوایەت بکات، ئاژەڵ بە زمانی خاتووزین و خاتوزین بە زمانی ئاژەڵ، لەم دنیا فانتێزییە، ئاژەڵی بەرهەمهاتوو لە خەیاڵێکی ناسک و مێهرەباندا، رەواڵەتێکی ئانترۆپۆمۆڕفیستی دەگرێتە خۆ و چیدی هەمان بوونەوەر نییە کە لەوبەری دنیای مرۆڤانەوە بە سووکی سەیری دەکرێت. چیدی ئاژەڵ لە خەونەکانی خاتووزیندا، ئەندامی خێزانێکی گەورەیە و وەک باوک و برا و دایک و خوشک و منداڵ، رەفتار دەنوێنن.
تا ئێرە و پێش لەوەیکە ئەم ئانترۆپووسە، بەدستی هونەرمەند بە وێنا بکرێت، وێنەیێکی پڕ رەمز و رازی لە خەیاڵی خاتووزیندا پێبەخشراوە.
هەنووکە چرکەساتی ئاڤراندنە. ئانە، کاتی لەدایکبوونی ئەو پەیکەرەیە کە شێوەکەی لە هزردا نەخشاوە. بەڵام بە دەستی کەسێ کە نە ئەکادێمی هونەری بینیوە و نە ئاگاداری زانستی ئاناتۆمییە. نە دیزاین دەزانێ و نە ئێتۆدی لێداوە. ئەو لە سەروبەندی شیر دۆشین و رامووسانی لەشی بەرخۆڵەیێک و بەقوربان و سەدەقە بوونی مانگایێکی گوانپڕ و بەئەمەگ و لە کاتی لەوەڕینی ئارام و کسپە و کرپەی ئاهەنگینی جوینی ئاڵف و پرخە و لرخەی کاوێژ و هاروهاجی بزنان و هەڵخەوداخەی کاژیلە، پڕپڕ بووە لە سەرنج و لەبەر کردنی وێنە و فۆڕم و تەلیسم و جوانی و مۆسیقا. ئینجا دواتر وەبیری هاتوونەتەوە و نەستیشی وێڕای ئەوان کەوتۆتە گەمە و رمبازێن و ئەم هەموو وێنە دەبن بە هەوێنی خولقاندنەوەی ئەندامانی خێزانەکەی خەیاڵی.
خاتووزین پێشتر لەگەڵ سروشتی گڵ و گۆزە و دیزە ئاشنایە و ئەزموونی گڵێنە لەسەر پەیکەری ئاژەڵ تاقی دەکاتەوە. بەڵام بە بێ دێفۆڕمە کردنی سووژەکانی ناتوانی ئۆبژەیێکی رەوایەتمەند بشوبهێنێت. لە سەر و گوێلاکەوە بگرە هەتا قاچ و قول بە ئاقارێکدا دەبات کە هەڵگری دیالێکتیکی نڤار و داهێنان بێ. دەشێت وابزانی رەچەڵەکی ئەم بوونەوەرانە بگەڕێتەوە بۆ مێژوویێکی هەرە دێرین و کۆنترین چیرۆکەکانیان بە دیاری بۆ هێنابێتین.
بەرهەمەکانی خاتووزین تژی لەگەوهەری داهێنان و هەستێکی خاوێن و پاراوە. دێفۆڕماسیۆنەکان دەرەنجامی نەتوانکاری نییە بەڵکوو بە ئیرادە و دڵنیاییەوە دەستەبەر بووە و مەبەست دەربڕینی هەستێکە کە لە قووڵایی وشیاری هونەرمەندەوە سەرچاوەی گرتووە. پەیکەرەکانی خاتووزین ئەو نهێنییە دەخاتەڕوو کە هێمایێکی بەهێز لەمەڕ هزرمەندی ئاژەڵ بوونی هەیە کە تا ئێستە بۆ مرۆڤ ئاشکرا نەبووە. لە روانگەی خاتووزینەوە ئاژەڵ هەست و نەست و هزری هەیە و پێدەچێ بە زمانی بێ زمانی بەردەوام مەسێجی مێهر و بەزەیی ئاراستەی مروڤ بکات. بینەر ناتوانی بیر لە سەربڕینی ئاژەڵکانی خاتووزین بکات. ناوێرێ تەماحیان تێ بکات. جۆرێ لە شەرمەزاری لە هەمبەر پێرسۆناژەکانی خاتووزین لای مرۆڤ دروست دەبێ. تۆ وادەزانی ئەمانە خودی خۆتن و پێستێکی تریان لەبەر کردووە بەڵام لە سێحرەکەیان تێناگەیت و زمانی پڕ لە ئێش و ئازاریان، پڕ لە ئامۆژگاری و سەرکۆنە کردنیان تەرجومە هەڵناگرێ.
ئەم بەرهەمانە مێژوویێکی کۆن رەوایەت دەکەن کە تۆ بەردەوام لێێ تێنەگەیشتووی و ئەوانیش بەردەوام هیوایان لە فامکردنت بڕاوە.
ئەم بەرهەمانە خودی مێژوون، مێژووی روانینی دایک لە دنیا، لە سروشت، لە ئاژەڵ، لە بەزەیی و لە بێڕەحمی. لە سەرسەری بوون و نەزانیین و نەناسین. لەو مەترسیانە کە دڵی دایک دەخورپێنێ و لە دڵی خۆیدا وەک مەراقێکی هەمیشەیی دەیهێڵێتەوە.
ئەم بەرهەمانە بە هەمان زمانی پڕ رەمزەوە دەوترێت کە تا ئێستە تەلیسمەکەی نشکاوە و نهێنییەکەی نەدرکاوە. بە زمانی دایک، بە زمانی لایەلایە و لاوژە و حەیران، بە زمانی هوزان و وێنەکێش و دەستکردە دێرینەکان، بە زمانی تەنبوور و بزۆک.
بەرهەمەکانی خاتووزین ناشێ وەک بەرهەمێکی ئاکادێمی راڤە بکرێت. زانکۆی خاتووزین لە ئامێزی دایکیەوە دەستی پێ کردووە و لە دڵێ سۆز و زایەڵەی بەر بێشکانەوە هەڵقوڵاوە.
ئەم بەرهەمانە پڕ بە پێستی خۆیان دایکانە و پڕ بە پێستی مێژوو کوردانەن.
- سقز رووداو
- کد خبر 15282
- بدون نظر
- پرینت