بەشداریکردن یان نەکردن لە فێستیڤاڵی ئامادەبوون و هاوکاری لەگەڵ زانکۆشدا هیچکات کارێکی سەلبی نییە بە پێچەوانەوە زانکۆ دەبێت لە شوێنی خۆێدا جێگەی ڕێز و هاوکاری و هاوکات ڕەخنەی هەمووان بێت. وەک ئادرنۆ دەڵێت: زانکۆ وەک بونیادێکی ڕاگر و بەرهەمهێنەروەی ڕەوت و سیستمی باو و خوازراوی دەسەڵات دەبێت بەردەوام لە بەردەم ڕەخنەدا بێت.
لە لایەکی دیکەوە «ئادرنۆ» ئەدەبیات وەک هێزێکی ئازادی خواز پێناسە دەکات کە لە بەرانبەر پرۆسەی کارکردەکانی ئیدۆلۆژی زاڵ دەوەستێت. کە من لە بەرنامەکان و چۆن بەڕێوەبردندا ئەوەم هەست پێکرد کە سیستمی دەسەڵات چۆن دەستێوەردانی بەرنامەکانی خەڵاتی هەژار دەکات بەڵام کە سەیری ئەنجامی داوەریم دەکرد بەس شپرزیی و سەرلێشێواویم دەبینی.
هەروەها مادام لە فێستیڤاڵێکدا بەشدار ئەبین دەبێ ئەوەش بزانین کە لەوانەیە نەکەوینە بەر خەڵات و ئەمە شتیکی ئاساییە چونکە تەواوی بەشداربووان خەڵات بە مافی خۆیان دەزانن و ئەوەش لە هیچ فستیڤاڵێکدا ناگونجێت. کەواتە کیشەکە خەڵات نییە بەڵکوو هەندێ پرس و پرسیاری بنەڕەتیتر لە بەردەم زانکۆ کوردستانە کە لەم یادداشتە کورتەدا باسی لایەنە نەرێنییەکانی خەڵاتی قەڵەمی هەژار ئەکەم:
ئەوەی من بینیم لە بەشی ئەدەبیدا، شتێک بوو لە ئاستێکی زۆر لاواز کە تەنانەت نەیتوانیبوو ئاستی فێستیڤاڵی ئەنجومەنە ئەدەبییەکان لە دەیەی ٧٠ و ٨٠ی هەتاویدا تێپەڕێنێت. بەو جیاوازییەی کە ئەمجار لەژێر ناوێکی قەبە و پشتئەستوور بە وشەی زانکۆوە، کە بەو جۆرە وەهمی زانستیبوونی بۆ زۆر کەس سازکرد. ئەو وەهمە لە وشەی زانکۆ دەخێزێت کە دەبوا لە پرۆسەی داوەری خۆی پیشان بدایات کە تەنانەت ناکرێ بە پێی هیچ تیۆرێک خوێندنەوەی بۆ بکرێت. مەگەر ئەوەی کە فۆکۆ گوتەنی زانکۆ وەک بونیادێکی زانستی سەر بە دەسەڵات تەنیا ڕێگەی سووککردنی ئەدەبیات (وەک هێزێکی ئازادیخواز) لە ڕێگەی بێڕێزییەوە نیشان بدات. چون ئەو ئەدەبیاتە کە خولقاوە بۆ سیستمی دەسەڵات و زانکۆش دەستەمۆ ناکرێت و ناچێتە خانەی وانەکانی زانکۆ . ئەوەش وا ڕۆیشتووە بە خواستی سیستم مانا و چواچێوەی بۆ داتاشراوە.
خەڵاتی هەژار سەرەڕای پەراوێزخستن و بێڕێزیکردن بە وێژەی کوردی، دیسان تووشی هەڵەی باوی هەمیشەیی بووەوە، واتە خەڵاتبەخشین بە ناو و ناوچە و زاراوە. واتە گلەیی لەسەرکردنەوە و ڕازیکردنی هەمووان. لە ڕاستیدا هیچ بنەمایەکی زانستییانە لە جۆری داوەرییەکاندا بەدی نەدەکرا. بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین کە هێڵی فیکری زانکۆ چی بوو؟ ئەیەویست بە هەڵبژاردنی ئەو کەسانە چی بڵێت و چی بگەیێنێت؟ بۆ نموونە لە شیعردا هەموو جۆرەکانی شیعر و نەحلەکان و دیالێکت و ناوچەکانیان لە بەرچاو گرتبوو. کارێک کە دەکرێ وەک جۆرێک «نفاقی ئەدەبی» ناوی لێ ببەین کە لەودا تەنیا شتێک دەخرێتە پەراوێزوە، خودی داهێنان و ئەدەبیاتە. ئەوەیە ئەڵێم بە پێی هیچ تیۆرێک خوێندنەوەی بۆ ناکرێ ئیلا بێڕێزی.
لە لایەکی دیکەوە یەکێک لە ئامانجەکانی هەر فێستیڤاڵێک، خەملاندن و سازکردنی ئەرک لە سەر شانی براوەکانە. بۆیە زیاتر زووم دەکرێتە سەر نوێئەزموونەکان، نەک خاوەن ئەزموونەکان. بۆ ئەوەی ئەم تاقمە لە درێژەی چالاکییەکانیاندا هەنگاوی پتەوتر و شێلگیرانەتر هەڵبگرن. خەڵاتدان بە خاوەن ئەزموونەکان تەنیا ئەتوانێ ڕێزگرتن بێت. کەواتە خەڵاتێک کە عەقڵیەتێکی زانستی لەپشتیەوە نەبێت، نە لەسەر ئێستای داهێنان کاریگەر دەبێت و نە لە سەر ئایندەی وێژەی کوردی و نەشئەتوانی ڕەوت و جەریانێک تازە ساز بکات. هەروەها هیچ کاریگەرییەکیشی لەسەر پرۆسەی خوێندنەوە نابێت. یانێ ئەگەر ئێستا لەسەر کتێبی براوەکان بنووسن “براوەی خەڵاتی هەژار” یا نەینووسن، وەک یەک وایە.
هەموو میدیا و گۆڤار و فێستیڤاڵێکی جیدی هێلێکی فیکری لە پشتەوەیە بۆ پڕۆسەی جەریانسازی. پرسیارم ئەوەیە خەڵاتی قەڵەمی هەژار بەپێی بژاردەکانی ئەیەوێت چی بڵێت؟ کامەیە خەتی فیکری و ئەندێشەیی زانکۆ؟ چاوەڕیی چ دەرەنجامێک دەکات؟
ئەگەرچی وەک وتم پێم وایە لەم فێستیڤاڵەدا هەوڵی زۆر دراوە بۆ سووککردن و پەراوێزخستنی دەقی ئەدەبی و داهێنان لە بوارە ئەدەبییەکان -بە تایبەت شیعر و چیرۆک -دا، بەڵام گومانم لەوەشدا نییە کە ئەم هەوڵانە لە ناخی خۆیدا بەو عەقڵیەتەوە فەنای پێوەیە، چونکە ئەدەبیاتی داهێنەرانە لە دەرەوەی زانکۆ و بنەما و پێکهاتەکانی دەسەڵات دەخولقێ.
هەر بۆیە نایشارمەوە کە پێم خۆش بوو هەموو براوەکان کلاسیککار یان سوننەتگرا بایەن یا خود بەپێچەوانە هەموویان ئاونگارد بایەن و بەو چەشنە باشتر دەبوو.
چونکە لانیکەم بەو کارە دەردەکەوت کە عەقڵییەت و خواست و ئارەزووی زانکۆ کامەیە؟ ئێستا لەوانەیە بڵێن ئێمە فەزایەکی پلۆراڵمان ڕەچاوکردووە و هیچ ڕەوت و نەحلەیەکمان لە چاو نەخستووە. کەچی وادیارە نازانن کە کاری زانکۆ نابێ وابێت.
لێرەیە کە ئاکادمیکبوونی سیستمی داوەری دەکەوێتە بەر پرسیار.
ئەبوایە میدیاکان ڕایانبگەیاندبا زانکۆی کوردستان بە شێوەیەکی خوازەیی کۆتایی شیعری ڕاگەیاندووە . ئەمە «باشترین تیتر» بوو بۆ دەرەنجامەکانی فستیڤاڵ. لێرە و لەم یادداشتە کورتە نامەوێ باسی ئەرزشەکانی شیعر بکەم و دەرنجامەکانی نەبوونی شیعر لە کۆمەڵگای کوردی و کتێبخانەی کوردی باس بکەم. تەنیا ئەوە ئەڵێم بیرتان نەچێ زۆربەی تویژینەوەکان و تیۆرەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بە تایبەت فەلسەفە، لە ڕێی خوێندنەوەی شیعرەوە دەرکەوتووە. بڕاونن بۆ مەکتەبی «فرانکفۆرت» و خوێندنەوەکانیان. ئیتر ئەگەر زانکۆ لە ئیراندا بە گشتی ناتوانێ سەرچاوەی بیرکردنەوە و دەرخستنی بیری جیاواز بێت و تا ئیستاکەش ئەندێشە لە هونەر و ئەدەبیاتەوە هەڵقوڵاوە، پرسیارەکە ئەکەوێتە بەردەم سیستمی زانکۆ لە ئێراندا. ئەمە بە مانای رەشکردنی توانایی و زانایی دەرچووانی بزۆزی زانکۆ نییە کە خوێندنەوەی ئازاد و بەرخۆدانێک لە ناخیاندا نەیهێشتووە سیستمی زانکۆ دەستەمۆیان بکات. بەڵکوو باسی سیستمی خودی زانکۆیە.
ئەوەی منی نیگەران کردووە ئاماژەکانی سەرەوە نییە، چونکە لەو ئاستە، لەوە زیاتریان لێی چاوەڕێ نەدەکرا چون وەک خۆم تووشی وەهمی زانستیبوونی داوەری نەبووم. بگرە لەگەڵ هاوڕێیەکمدا پێشبینی براوەکانیشمان کردبوو (ئەمە بە شایەتیی هەندێکیان کە پێشتر پیرۆزباییم لێ کردبوون و خۆیشیان دەیانزانی!)، بەڵکوو نیگەرانی من “چۆن بەڕێوەبردنی فێستیڤاڵەکە”یە کە لە چەند خاڵدا ئاماژەی پێدەدەم:
ـ یەکەم: پاش چەندین ساڵ بەشێکی زۆر لە شاعیر و نووسەرەکان دیسان بە بەشداریکردن لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار بە تایبەت ئەوە کە لە زانکۆی کوردستاندا بەڕێوە ئەچێت متمانەیان بە دۆخەکە کرد. چونکە بڕیار وابوو توێژینگەی کوردستانناسی زانکۆی کوردستان ئەو خەڵاتە بەڕێوە ببات، بۆیە پێشوازییەکی لەو چەشنەی لێکرا. بەڵام دواتر کاناڵی سەحەر و پارێزگاریی سنەیش هاتنە پێشێ و خۆیان بە خاوەنی کرد.لێرە هەموو بەشداربوویەک بۆ بەڕێوەچوونی ئەو خەڵاتە ئاگای لە مۆڵەتی دەسەڵات و دەوڵەت هەبوو (بۆ هەموو بەرنامەیەک هەروایە) بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر سەرەتا هەموو کەسێ ئەمەی زانیبا (واتە خۆ بە خاوەنکردنی خەڵات لە لایەن کاناڵی سەحەر و پاریزگاری سنە) بەشداریی لەو ئاستە مەحاڵ بوو. ئەگەرچی بەوەشەوە زانکۆ ناچار بوو لەوەی پەنا بباتە بەر ناوەندەکانی چاپ و پەخش، بەڵکوو کتێبی بۆ بنێرن. بۆیە ڕاشکاونە دەڵێم ئەو فستیڤاڵه شیاوی متمانەی ئێمە نەبوو.
ـ دووەم: دووەم جارە کە کاری زانکۆ لەگەڵ دەرەوەی زانکۆ واتە فەزای ڕووناکبیری دووبەرەکی ساز دەکات. یەکەم جار لە کۆنگرەی ناودارانی کورد و ئێستاش لە خەڵاتی قەلەمی هەژار. ئایا مەبەستێکی لە پشتەوەیە یا خود هەر نەزانمکاری خۆیانە؟ یان دۆخی هەستیار و چەن جەمسەر و پارچەپارچەی کوردە؟بۆیە دەبێ ڕاشکاوانە بڵێم ئەوەی بەشداری کردووە یان نەیکردووە قارەمان نییە تەنیا بڕیارێکی تاکەکەسییە.ئەوەش خەڵات ڕادەست دەکاتەوە تەنیا هەڵویستێکی ئەدەبییە.
ـ سێیەم: بانگهێشتکردنی هونەرمەندێکی وەک “شارام نازری” بەو بڕە پارە بەرچاوەوە، ئەویش لە کاتێکدا چاوەڕی دەکرا لە فێستیڤاڵێکی کوردی، بە کوردی بخوێنێت، کەچی بە فارسی گۆرانییەکانی دەستپێکرد، مانای چییە؟ من کێشەم لەگەڵ مۆسیقای سوننەتی فارس و مەولانا نییە، بەڵکوو کێشەم ئەوەیە کە بۆ دەبێ لە زانکۆی کوردستان و لەناو جەژنی خەڵاتی قەڵەمی کوردیدا، گۆرانی فارسی بخوێنرێت. ئینجا ئەو هەموو پارە ئەیتوانی کاری باشتری پێبکرێت، لانیکەم بۆ چەن پرۆژەی لێکۆڵینەوە یان بۆ چاپی چەن کتێبێک تەرخان بکرێت. یان جێی خۆیەتی بپرسن کە خودی شارام نازری وەک کەسایەتییەکی کورد، چەندە خزمەتی بە موسیقای کوردی کردووە؟ ئەی بۆ کەسێکی خاوەنشێوازی وەک مامۆستا “عەزیز شارۆخ” بانگهێشت ناکەن و ئەم کارە بەو ناسپێرن؟ ڕەنگە زانکۆ پێی وایە بە هێنانی شارام نازری، ئەتوانێ ئاستی فستیڤالەکە بەرزتر بکاتەوە! سێ بەش مۆسیقا، کۆڕی خەڵاتەکەی زیاتر لە «فستیڤاڵی مۆسیقا» نزیک کردبووەوە .خودی کاتێک کە بۆ مۆسیقاکەش تەرخان کرا بوو هێند زۆر بوو کە دەکرا پەنێلێکی زانستی لەو کاتەدا بەڕێوەبچێت و مشتومڕ و پرسیار و وەڵام ساز بکات.
ـ چوارەم: بەرپرسانی خەڵاتەکە چۆن لە پەیامی ڤیدیۆیی حەدادی عادڵ دەڕوانن؟! ئەویش کەسێک کە پێشتر ڕاشکاوانە زمانی کوردی بە «زاراوە» پێناسە دەکات. یان ئامادەبوونی دەبیری موقەدەم و کەواتە ئێستا لەو شوێنە و لە بەرنامەیەک کە بنەما و کاکڵەکەی لە سەر بنیاتی زمانی کوردی دانراوە، چ پێویست بە پەیامی ئەو کەسە هەیە؟ ئەگەر زەختێک لە سەرەوە بووە، بیانگوتبا با کەسەکان خۆیان بڕیار بدەن بۆ بەشداربوون یان نەبوونیان.کە دواتر نەبێتە هۆی دووبەرەکی.
پێنجەم: زانکۆی بەڕێز ۵۰۰ کورسیت هەیە، بۆ ۷۰۰ کەس داوەت دەکەی؟ کە داوەتیان دەکەی بۆ بە شوێنی حەوانەوە و دیاریی نەشیاو، بێ ڕێزییان پێدەکەی؟ بۆ دیارییەکەت کتێبێک نەبوو؟ ئاخر کیف و کەمەربەن و نانبرنجی؟ (ئاخۆ بڵێی کەسیان بیر لەو کارانە و ئەنجامەکانی دەکاتەوە؟)
شەشەم: هەڵویستی هەندێ لە هاوڕێیانیش بە گەڕاندەوەی خەڵاتەکە جێی شۆک بوو. ئەی بۆ وەرتانگرت؟ یان بۆ پاش دوو ڕۆژ وەک قارەمانێک دەینێرنەوە؟ بیرتان لەوە کردۆتەوە کە هەڵویست کات و ساتی خۆی هەیە!
لە کۆتاییدا من وەک ئامادەبوویەک کە لە نزیکەوە شایەتی پرۆسەی بەڕێوەچوونی ئەو مەراسمە بووم (هەڵبەت زیاتر لە حەوشەی زانکۆ) لە بەشداریکردنم پەشیمانی دەرنابڕم، بەڵام هیچ پوتانسییەک یان کارێکی تازە یان هیوایەکی نوێم لەو فستیڤاڵەدا نەدی و پێشم وانییە دەرنجامی وەها فستیڤاڵێک جگە لە سڕینەوەی متمانە لە کۆمەڵگای ڕۆشنبیری بە نسبەت خودی زانکۆ وە دەرنجامێکیتری بووبێت. با هەر میدیازەردەکانیش پرۆپاگەندەی بۆ بکەن و بە گەورەترین خەڵاتی جیهانی ناوی ببەن. ئاواتەخوازم زانکۆ بە پێداچوونەوە و شیکاری هەمە لایەنەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار چ لە ڕووی ناوەڕۆک و چ لە ئاستی ئیجرایی و ئەنجامەکاندا بە خۆێدا بچێتەوە. ئەوەی ئێستا بە زانکۆ دەکرێت و دەبێت پشتی بگیردرێت سازبوونی فەرهەنگستانی زمانی کوردی-یە. ئەوەش بە دەرەوەی زانکۆ دەکرێت وەک هەمیشە داهێنان و پێشەوەبردنی زمان و چاندی کوردییە. ئەمەش بەو مانایە نییە کە فەزای ئەدەبی و ڕۆشنبیری ڕۆژهەڵات لە بەرنبەر زانکۆدا پێناسە بکرێت بەڵکوو باسی ئەمری واقیعە.
وەک دوایین قسە پڕ بە دڵ حەزم ئەوەیە خەڵاتی هەژار وەک کاراکترێک لە کایەی زمان و ئەدەبی کوردی بەردەاوم بێت و ببێت بە بەرنامەیەکی ساڵانە، بەڵام لە هەموو ڕوویەکەوە بە زانست و هەستیارییەکی زۆرتر بجووڵێتەوە، هاوکات لە باتی خەڵات بۆ کەسە بە ئەزموونەکان، زیاتر دەرفەت و ئەرک بۆ لاوەکان ساز بکات (مەبەست تەمەنی ژێر ۳۰ ساڵە) بەڵکوو لانیکەم لەسەر زیادکردنی ئاستی داهێنان و خوێندنەوەی دەق و کتێبی کوردی کارتێکەر بێت. پیشنیاری دووەمم ئەوەیە کە واز لە ئەدەبیات بێنێ و هەر بوارە نێوانلقییەکان لە بەرچاو بگرێت.
- سقز رووداو
- کد خبر 21651
- بدون نظر
- پرینت