شما اینجا هستید
اجتماعی » دیارە کێ بەرپرسە خەڵاتی هەژار و چەند سەرنجێک

ڕۆژانی ۷ و ۸ جۆزەردان، خەڵاتی هەژار بەڕێوەچوو؛ وەک لە کاردانەوەی ئەم بەڕێوەچوونەوە دەرکەوت، شەقام وەک رووداوێکی فەرهەنگی گەورە چاوی لێکرد و  باس و ڕەخنەی زۆر تا ئێستە هاتۆنەتە ئاراوە.
بۆچوون و ڕەخنەکان دوو ڕەهەندیان خستۆتە بەر باس. یەکەم “جەوهەری” ین و لە سەر شەرعیەتی بوون و نەبوونی کار و چالاکی فەرهەنگی لەم چەشنە دەدوێن کە بە پێویستی نازانم ئەم باسە کە لای زۆرینەی شەقام یەک لایی بۆتەوە، لە سەری بدوێم و یادداشتەکەی کاک “ڕێبین نووری” تەرخانە بۆ ئەم ڕەهەندە و کورت و کوردی لە سەری دواوە. پێشوازی زۆر بەرچاو  لە خەڵاتی قەڵەمی هەژار، شایەتحاڵێکی تەواوە بۆ ئەم یەک لایی بوونەوە.

 

لە دوو بۆنەی ئەم خەڵاتەدا، واتە رۆژی پەردەلادان و رۆژی کۆتایی ڕێ‌وڕەسمەکە، چەند وتار پێشکەش‌کران کە هەموویان لە زمانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانەوە بە باشی دوان و بە تێگەیشتنی بەندە، وتارەکانی مامۆستا “سەلاحەدین ئاشتی” بەرزترین و زوڵالترین بوون و پەسەندکردنی لە لایان جەماوەرەوە ئەم ڕەهەندەی زۆر بەرز کردۆتەوە و بۆم هەیە بڵێم ئەگەر ئەو وتارانە جێیان خاڵی با، ئێستە جەماوەر بە شێوەیەکی تر لەسەر بوون و نەبوونی ئەم خەڵاتە بڕیاریان دەدا.

ڕەهەندی دووەم، کە ڕەهەندی “بەڕێوەبەری”یە، ئەو باس و یادداشتانە دەگرێتەوە کە لە سەر شێوەی بەڕێوەچوونی خەڵاتەکەن و خاڵی زۆر وردیان تێدایە کە هیوادارم بەڕێوەبەرانی خەڵاتەکە لەبەرچاوی بگرن، ئەگەر خولی دیکەی بەڕێوە بچێ. منیش وەک یەک لە بەشداربووانی ئەم خەڵاتە، هەنێ لایەن دەخەمە بەرچاو و خوازیاری بەرپرسیارێتی بەڕێوەبەرانم سەبارەت بەو لایەنانە:

 

۱٫ بە پێی لێدوانەکانی سەرۆکی زانکۆ، سکرتێری خەڵات و سەرۆکی توێژینگەی کوردستانناسی، جێگری سەرۆکی زانکۆ و هەندێ لە بەرپرسانی خەڵاتی قەڵەمی هەژار؛ ستراکتۆر و بونیادی ئەم خەڵاتە وەک “جەشنەواڵە” دیاری کراوە و شێوەی کار لە وەها بونیادێکدا لە هەموو شوێنی ئەم جهیانە بەرینەدا، ڕوون و یەکە و بەداخەوە بەشی زانستی و تا ڕادەیەکیش، دیکەی بەشەکانی ئەم خەڵاتە بە تەواوی ئاگاداری نەبوون و بەشێکی زۆری ڕەخنە و گلە و گازەندەکان لێرەوە سەرچاوە دەگرن.
ئەم خەڵاتە کە بڕیار بوو لە ۲۱ بەش و دوو تەوەری “نووسین و وەرگێڕان”دا خەڵات ببەشێتەوە، بیری چوو، چ بڕیاڕێکی داوە و لە سەر چ بونیادێک ئەبێ ئیشەکانی خۆی جێبەجێ بکات.
کێ نازانێ جەشنەواڵەکان تاقە بۆیان هەیە لەسەر ئەو کار و بەرهەمانەی بە مەبەستی بەشداری کردن بە دەستیان دەگات، داوەری بکەن. ئەمە رێژەی کار و بەرهەمی بەشداربووی خودی فیستیڤاڵەکەیە، پێوەری هەڵسەنگاندن و داوەری دیاری دەکەن و هیچ فیستیڤاڵێک بۆی نییە ئاستێکی نموونەیی بکات بە پێوەر و، کار و بەرهەمەکانی پێ بسەنگێنێ و بڕیاری وا بدات کە کەس لە ئاستە نموونەیەکەی نزیک نەبۆتەوە.

 

۲٫ جەشنەواڵە هەیە دوو ئاست دیاری دەکا و جار هەیە دەڵێ بۆ ئاستی یەکەم کەسم بۆ دیاری نەکرا و لە فڵانە بەشدا خەڵاتی شایانی ڕێز دەبەشمەوە. ئەو ئاستە، ئاستی خولە پێشووەکانیەتی نە ئاستی نموونەیی و هیچ جەشنەواڵەیەک لە خولی یەکەمیدا وەها تێناکەوێ. بوار هەیە هەم خەڵاتی یەکەمتان پێداوە هەم شیاوی ڕێز، کە ئەویش بواری “فەرهەنگنووسی و ڕۆمان”ە. جا ئەمە لە کوێی دنیادا باوە، نازانم. لە زۆرینەی بەشەکانیشدا هەر هیچ کتێبێک بە هێند وەرنەگیراوە و پەرژانەتە سەر ” شیاوی رێز ” بوون، ئەمەش تێکەوتنێکی ترە. ئێوە خولی یەکەمتان بوو، کامە ئاستتان تۆمار کردووە کە کەس لی نزیک نەبۆتەوە کە شیاوی رێز دیاری دەکەن.

 

۳٫ لەو ۲۱ بەشە ۶ بەش خەڵات کراون. هەرچەند نووسینگەی خەڵات تا ئێستەش ڕوونی نەکردۆتەوە بۆچی دیکەی بەشەکان، خەڵات نەکراون کە دەبوایە “بەرپرسی! زانستی!”ی خەڵات، ئەم ئەرکەی ڕاپەڕاندایە و تا ئێستەش بە فەرمی و نافەرمی بێ‌دەنگە. ئەگەر لەو بەشانەدا کتێب بە دەست خەڵات نەگەیشتوون، بۆ ڕایناگەینن؟! ئەگەر بەرهەم بەدەستاین گەیشتووە و داوەری نەکراوە، بۆ داوای لێبوردن ناکەن؟! ئەگەر دەڵێن بەرهەمەکان لاوازن، ئەم پاساوە بە پێی بونیاد و ستراکتۆری خەڵاتەکە، قسەیەکی بێ بنەمایە. چشنەواڵە کێ‌بەرکێی نێوان بەرهەمە گەیشتووەکانن، نە شت و بابەتی دیکە. ئەگەر بەڕێزیان وا بیر ناکەنەوە، دەبێ ستراکتۆر و بونیادی خۆیان بگۆڕن و داوای لێبوردن بکەن لە هەموو بەشداربوان کە شتێکیان ڕاگەیاندووە و بەشێوەیەکی جیاواز لە ڕاگەیاندنەکەیان کار کراوە.

 

۴٫ لە بانگهێشتی ئەم خەڵاتە سێ بوار تایبەت کراون: ئەدەبی کوردی؛ توێژینەوەی زمانناسی و ئەدەبی؛ بوارە هاوبەشەکان.
لە بواری یەکەمدا واتە ئەدەبی کوردی ۵ لق دیاری کراون وەک: ڕۆمان، کۆمەڵە چیرۆک، ئەدەبی منداڵان، شانۆنامه، شێعر.

جیا لە ڕۆمان ۴ بەشەکەی دی خەڵات نەکراون. تەنانەت کۆمەڵە چیرۆک و شانۆنامە بە شایانی رێزدانانیش نەبینراون. ئەمە لە کاتێکدایە لەو دوو بەشەدا، بەرهەمی زۆر باش، بەشداری خەڵات بوون و بەندە ئاگاداری زۆرێک لەو بەرهەمانەم و نووسەر و وەرگێڕەکانی ئەم بەشە لە زۆر فیستیڤاڵی تایبەت و پسپۆڕانەی ئەو بوارانەدا، ئاستی زۆر بەرز و نموونەییان تۆمار کردووە. نموونەتان ویست لێرەوە لە خزمەتداندام و ئەزانم چها کتێبی باش لەم بوارانەدا هاتۆتە خەڵات و بە دووری نازانم هەر چاویشتان پی نەکەوتبێ.

 

۵٫ لە بواری دووەمدا واتە توێژینەوەی زمانناسی و ئەدەبی، وەزعەکە هەر زۆر شپرزە. نووسینگەی خەڵات خۆی پاژێکی شوێنێکی گەورەترە وەک “توێژینگە”. کەچی بەداخەوە تاقە توێژنەوەیەکتان لەم بەشەدا بە شیاویش دانەناوە. بەمەتان هەر نەزانیوە، هەموو ئەو کارانەی “توێژینگەی کوردستانناسی” چاپ و بڵاوی کردۆنەتەوە، خۆ تایبەت بەم بەشەن. ئەگەر خۆتان ئەو کتێبانەتان بەشدار نەکردووە لە خەڵاتەکەدا، هەر زۆر تایبەتە. ئەگەر بەشدارتان کردووە و بە شیاوتان نەزانیوە زۆر تایبەتترە.
ئامان نەڵێن کتێبمان لەم بوارەدا بە دەستمان نەگەیشتوون، کە ڕاست نییە. نەڵێین ئاستی بەرهەمەکان نزم بوون چون لە بەر سێ هۆ بۆتان نییە خۆتان لە پشت ئەم پاساوەوە داشارن. یەکەم: وەک وتم بەشێکی بەرچاوی ئەو کتێبانەی لەم بوارەدا دەگونجێن، بە پێی داوەری خۆتان و لەسەر ئەرکی توێژینگە چاپ و بڵاوکراونەتەوە. سەیر دەبێ بفەرموون لاوازن؛ چونکوو پێشتر بۆ هەر کتێبێک چاپتان کردووە، ئەوەندە تامە و لامەتان داوەتەوە، گوێی ئاسمانتان پێ کەڕ دەکرد.
دووەم: ئێوە جەشنەواڵەن و فەقەت بۆتان هەیە لە نێوان ئەو بەرهەمانەدا کە بە دەستان گەیشتوون قسە بکەن و سەر پشک بن. سێهەم: جەخت دەکەممەوە، ئەوەندە بەرهەمی باشتان بۆ هاتووە، سێ خول جەشنەواڵەشی پێ بەڕێوە دەچێ. نووسەرەکانیشیان ئەوەندە دیارن لە نێو کورد و غیرەکورددا، وەک رۆژی روونن بە ئاسمانەوە کە بەداخەوە بەشی زانستی خەڵات ” بە تەمایە کوترەکوتر، بە دەستەکی سەعاتەکەی [بن گیرفانی]، بە کۆمەڵی خەڵکی هەژار بسەلمێنێ  ” لەم بەشەدا کتێب کەمن و ئەوەی هاتووە لاوازن.
بەشی زانستی! باوەر بفەرموو دیاردەکان و فامکردی ئێمە لە دیاردەکان بە زانستیشیەوە “ڕێژەیی”ن. زۆر لە مێژە ئەم باوەرە، جیهانی گرتۆتەوە و خودی زانکۆ و زانستی نوێشی لە سەر بونیاد نراوە. ئەگەر ئێمەی بەشدار بوو قەناعەتمان بەو رێژەیی‌بوونە نەبوایە، خۆ بەشدار نەدەبووین و بەڕێزت وەک مامۆستا پێناسە نەدەکرای، چگا بەو بەرێزانەی ئەرکی داوەریت خستۆنەتە ئەستۆ. ئەگەر ئێمەی بەشدار بوو، وەک بەرێزت و داوەرەکانت لە ئێوەمان بڕوانی با، خۆ لە نێوان بەڕێزت و داوەرکانت لەگەڵ زانست و داوەری و مامۆستایی [نموونەیی] ئەوەندە مەودا هەیە، تەمەن و بارستایی زانستی هەر هەمووتان، لۆچێکی ئەو مەودایەش پڕ ناکاتەوە.

 

۶٫  هەموو جەشنەواڵەکان لە ئاستی بچووک و گەورە، ناوخۆ و دەرەوەییدا، داوەری خۆیان ئەناسێنن، بۆچی خەڵاتی هەژار ئەم کارەی نەکرد و زۆر پێداگرە لە داشاردنیان، ئەمە بەڕاستی جێگەی تێڕامانە! نەکا کاری وات کردبێ، پێچەوانەی داوەرەکانی خۆشتان بێ!

 

۷٫ بواری هاوبەش کە سێهەم بواری خەڵاتە، وەک لە ناو و هێما و دەرکەوتی خەڵاتەوە دیارە لە پلەی سێهەمدا پێناسەتان کردووە، بەڵام زۆرترین گرینگیتان پێداوە و ئاگاتان لێ نەبووە بوارە سەرەکییەکانتان پشت گوێ دەخەن. ئەها لە زۆربەی بەیان و وتارەکانتاندا باسی خوێندنی کوردی دەکەن، کوا گرینگی دانتان بەم بوارە. دیسان نەکەن بفەرموون کتێب نەهاتووە یان لاوازە، بۆ ئەوەی ئەوەندە ئاگادارم چی بە دەستتان گەیشتووە و هەر بە هێند وەرتان نەگرتووە. بۆ نموونە لەم بوارە تایبەتەدا کە بواری فێرکاری زمانی کوردییە کتێب هەیە و بۆتان نێردراوە ۱۱ جار چاپ کراوە و هەر جارە ۳۰۰۰ تیراژی بووە، دەکرێ خەڵک ئەوەندە گێڵ بن، لە کتێبێک کە لای ئێوە شیاوی بینین نەبووە  و نەخوێندراوەتەوە، پێشوازی لەم چەشنە بکەن؟ من پێم وایە ئەگەر بۆ گێڵ بگەڕێین، دەبێ ئەدرەسەکە بگۆڕین و وردترین و دیارترن ئەدرەس ئەچێتەوە لای بەرپرسی بەشی زانستی خەڵات، کە بڕیار بوو چاوی خەڵات بێ و بەداخەوە ئەم پیشوازییە گەورەی نەدی و بچووک نواندی.

 

۸٫ بۆ لە بواری زمانی کوردی و زمانناسیدا بێ‌دەنگن. خۆ ئەگەر بڵێن لەم بوارەدا هیچ نەکراوە یان هیچمان بۆ نەهاتووە، ڕاست ناکەن. ئێوە وەک توێژینگە و  وەک مامۆستایانی بەشی زمانی کوردی لە زانستگای کوردستان چۆن شتی وا دەڵێن، لە کاتێکدا بوونی خۆتان و توێژینگە و لقی زمانی کوردییەکەش بە دەوڵەمەندی ئەم بەشەوە بەندە. کەچی هیچ کتێبێک لەم بەشەدا بە هیچ نازانن.

ئێمە وەک بەشدار بووی خەڵات تاقە بەرپرسی بەشی زانستی دەناسین و نازانین کێ بڕیاری لەو چەشنەی داوە [ کە داوەر بن]، بەڵام دیارە بەرێزیان لە چاو خۆیان و دەستی خاڵی و ئاوەڵایان وەها دواون، ئەگینا نووسین و توێژینەوەی کوردی زۆر لەم بەشەدا دەوڵەمەندە و سەرتۆپەکانی ئەم سامانە گەیشتە دەستان و بەداخەوە نەتانزانی و کورد گوتەنی ” قەدری زێر لای زێرنگەرە”.

 

۹٫ سێ لەو خەڵاتانەی دابەشکرا، بۆ “کۆ بەرهەم” تایبەتکراوە، ئەمە لە کاتێکدایە هەزار جار پاتەتان کردەوە هەر نووسەر و وەرگێڕێک بۆی هەیە یەک بەرهەم بنێڕێ و بە داخەوە بە قسەی خۆشتان پابەند نەبوون.

 

۱۰٫ لە هەموو جەشنەواڵەکاندا داوەرەکان لە بەشی خۆیاندا، بەیانێک دەردەکەن و دەڵێن چییان کردووە و بۆچی دەنگیان بەم شێوە بووە کە بەداخەوە نە داوەر دیار بوون و نە بەیانێک لە لایەن وانەوە دەرچوو. ئەمەش مافێکی ڕەوای داوەرانە کە بەشی زانستی خەڵات ڕچاوی نەکرد.

 

۱۱٫ لە کۆتاییدا سپاسم هەیە بۆ هەموو زەحمەتەکان و هەوڵ و ماندووبوونی بەرپرسانی زانکۆ ، توێژنگە و ئەندامانی ئەنجومونی باڵای پلاندانای خەڵاتی قەڵەمی هەژار و  هیوادارم ئەم خەڵاتە بەردەوام بێت و لە خوڵی داهاتوویدا وەها کار بکات، [وەک هیوا و چاوەڕوانی هەموو بەردەنگەکانیەتی] ببێت بە گرینگترین و گەورەترین بۆنە و خەڵاتی قەڵەمی کوردی و بەشی زانستی ئەم کارە کە هەموو دەسەڵاتێکی پێ بەخشرابوو و  ۸۰ لە ۱۰۰ ی پرۆژەکەشە و خولی یەکەمی بەم دەردە برد، زێدەتر گرینگی پێ‌بدرێ و بۆ بەدەستهێنانەوەی متمانەی بەردەنگانی، بەرپرسیارێتی هەموو ئەو هەڵە کوشەندانە وە ئەستۆ بگرێ و دیارە کێ بەرپرسە.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل