بەشێکی زۆر لەو کەسانەی کاری سیاسییان کردوە لەوانەیە قەبووڵییان کردبێ کە نابێ خۆیان تێکەڵی پەیوەندی عاشقانە بکەن و ئەگەریش قەرارە عاشق بن ئەوە خاک، وەتەن، خەڵکی فەقیر و پڕۆلێتاریا باشترین بابەتن بۆ عاشقبوون و عاشقایەتی.
شێرکۆ بێکەس باس لەم دژایەتییە ئەکا کە چۆن سیاسەت نەیهێشتوە عیشق گەشە بکا: ئەم کێشەیە هیچکام لەو کەسانەی بیرەوەری خۆیان نووسیوەتەوە و ئەزموونی شاخو داخیان هەبووە باسیان نەکردووە. وەک هەموو تخوبە حەرامەکانی تر خۆیان لێنەداوە. ئێمە جاری وابووە بە دوومانگ و سێ مانگ لە دووریشەوە مێینەمان نەدیوە. قسەمان لە گەڵدا نەکردوون. هیچ پردی پەیوەندییەک لە نێواندا نەبووە. ئەمە لە کاتێکداو لە هەڕەتی لاویدا، رۆژ نەبووە جەستەی مێینە لە زەین و خەیاڵدا ئامادە نەبووبێت. جاری وابووە پارچە پەڕۆیەکی سوورمان لە دوورەوە لێبوە بە ژن ..! بەڵام لە تاو هەڕەشە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان، پ.م بە زۆر خۆی سەرکوتی خۆی کردوە. ناوبەناوێ لە هەموو دەورانی شۆڕش و شاخدا، ئەگەر سووسەی پەیوەندییەکی سێکسی یان پەیوەندییەکی عاشقانە کرابێ، زۆر بە دڵ ڕەقییەوە لە لایەن سەرکردەکانی شۆڕشەوە ئەو مرۆڤانە تەفروتوونا کراون» (نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، ٢٠١٣: ١٧۶).
هێمن یەکێکیتر لەو کەسانەیە کە باسی چۆنییەتی درووست کردنی بەربەست لە سەر رێگای عیشق ئەکا: ئەندامەتی کۆمەڵەی ژ.ک گۆڕانێکی سەیری بە سەر مندا هێنا. شەو و رۆژ لە بیری کۆمەڵەدا بووم کە ئەویش ئامانجی رزگارکردنی نەتەوەکەم بوو. هەموو ئاوات و ئارەزووی تایبەتی خۆم وەلا نا. ئیتر نەتەنیا دەستم لە شەوەداوەت و هەڵپەڕین و رێبازگرتن و لەسەر سوانە وەستان هەڵگرت، بەڵکوو وەک سۆفی تۆبەکار تووشی هەر کیژ و ژنێکی کورد دەهاتم سەرم دادەخست و چاوم لێنەدەکرد. چونکە ئەوەشم بە خیانەت دەزانی. بۆ خاتری کۆمەڵە من دەستم لە یارێک هەڵگرت کە بە گەورەترین مەحروومییەتی ژیانمی دەزانم و رابردنی زەمانیش لە بیری نەبردومەوە و ناسۆری لە دڵمدا هەرماوە» (سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن، ٢٠١۴: ٣۴). هێمن دواجار ئەگاتە ئەو جێگایە کە ئیتر خەیاڵی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕخاڵی نەبێ و ئەو جۆرەی کە خۆی وتوویەتی لەم شێعرەدا درۆی لە گەڵ ئێحساسی دەروونی خۆیدا نەکردووە:
عاشقی چاوی کەژاڵ و گەردنی پڕ خاڵ نیم عاشقی کێوو تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن.
هێمن بەم وەزعیەتە کە عیشق پاشەکشێ ئەکا و مەیدان بۆ سیاسەت بەجێ ئەهێڵی، ئەڵێ ” سۆفیگەری سیاسی” کە ئەگەر هەر کات ئەم دووانە رووبەڕووی یەک ببنەوە ئەوە عیشقە کە ئەبێ مەیدان چۆڵ کا و سیاسەت چۆنییەتی پەوەندی و رەفتار و ئاکاری خەڵک دیاری بکا.
– وادیارە ئەم دژایەتی و کێبەرکێیە هەر لەناو کوردا نەبووە و لە هەر جێگایەکی ئەم دونیا پان و بەرینە سیاسەت پەرەی سەندوە رێگەی لە گەشەکردنی عیشق گرتوە و وەکوو خەتەرێک بۆ کاری سیاسی هەڵسوکەوتی لە گەڵ / تماشای کردوە.
“خۆسێ دۆنۆسۆ” لە رۆمانی “راگەیاندنی دۆخی ئەمنی”دا (curfew)باس لە “کوێری جوانناسانە” ئەکا کە پێویستە شۆڕشگێڕی چالاک وەکوو شێوازێک ژیانی خۆی بۆ تەرخان بکا. دۆنۆسۆ رەخنە لەو شێوازە ئەگرێ کە نەبوونی جوانناسی کوونێکی گەورەی تێکردوە و پێی وایە تەنیا رێگاچارە بۆ پڕبوونەوەی ئەو کوونە ئەوەیە بەڕاستی عاشق بی، هەڵبەت ئەگەر جورئەتی بێ و بتوانێ ئەو راستییە بدرکێنێ.
- سقز رووداو
- کد خبر 13782
- بدون نظر
- پرینت