فەرەیدوون محەممەدزادە بەرپرسی ئەنجومەنی فیلمی سەقز
ئەمڕۆ گرینگترین و سەرەکیترین کێشەی سینماکارانی کوردی ئێران بەحسی زمانە. هەر بەو بۆنەوەیە کە کاتێ فیلمێک دێتە دەرەوە هەوەڵین شتێک کە رێخنەی لێ ئەگیردرێت زمانە. بۆ وێنە ئەو رێخنانەی وا ئەمرۆ لە سەر سریاڵی “نون خ” ئەنووسرێت. کاتێ کە هۆنەرمەندێکی کوردی ئێران شێعر دەڵێت یا چیرۆک دەنووسێت تووشی کێشەی زمانی زۆر نابێت. بەو مانا کە زمانێک وەکوو زمانی معیاری به دەستەوە هەیە و بەو زمانە ئەنووسێ. زمانێک کە بە گشتی پێی دەڵێن زمانی ئەدەبی. تەجرەبەی کورد لە بواری شێعر و پەخشان و چیرۆک کەم نیە. هۆنەمەندان زۆر ئیشیان کردووە و ئاسەواری زۆرمان هەیە. ئەگەر زمانی تەواوی ئەم بەرهەمانە سەد دەر سەد یەک نەبێ جیاوازی کەمیان هەیە و زمانی معیار زمانی هەموویانە.
بەرهەمە ئەدەبیەکانی تر وەکوو شانۆنامە و فیلمنامە لە کوردستانی ئێران ئەگەر نەڵێین هیچ، زۆر کەم کار کراوە. بەرهەمێک وەکوو شانۆنامە خۆی چەن شاخەی لێ دەبێتەوە وەکوو: شانۆنامەی شەقامی، شانۆنامەی سەحنە، شانۆنامەی ڕادیویی، شانۆنامەی موحیتی ،شانۆنامەی شۆرایی. یان فیلمنامە کە چەن بەشی هەیە: فیلمنامەی موستەنەد، فیلمنامە کورتی داستانی و فیلمنامەی بڵیند. هەر کام لەم نموونانە ئەتوانێ جیاوازی زمانی ببێ.
لە کوردستان سابقەی مێژوویی شانۆ نسبەت بە سینما زۆرترە هەڵبەت ئەوە هەر تایبەت بە کوردستان نیە و لە تەواوی دنیادا شانۆ زۆر کۆن تر لە سینمایە. بەڵام کاتێ کە شانۆ وەکوو بەرهەمێکی وارەداتی هاتوەتە نێو کوردستانی ئێران سینما بە دنیا هاتبوو و ئیمکانی ئەوە بوو سینما زووتر بێت و یان بە یەکەوە بێن.
شانۆ و شانۆنامە نووسی بە هۆی ئەوە کە بە دیالۆگ وابەستەیە و بنەمای خۆی لە سەر وت و وێژی ئەکتەرەکان دائەنێت زۆر بە ئەدەبیات وابەستەیە. هەر بەو بۆنەوە زمانی خۆی لە سەر زمانی ئەدەبی داناوە. زمانی زۆرێک لە شانۆنامە بەرزەکانی دنیا زمانی شێعرە وەکوو شانۆنامەکانی شکسپێیر. پەس شانۆنامەی کلاسیک بۆ ئەوەی بنووسرێت زۆر کێشەی زمانی نەبووە. شانۆنامە نووسی کوردیش زمانی ئەدەبی کە شێعر و چیرۆکی پێ ئەنووسرا هەڵیبژارد و دەستی کرد بە نووسین. ئەم شێوە نووسینە لە شانۆنامە واتە شێوەی کلاسیک بە هاتنی سەبکی نوێ وەکوو ئەبزۆرد و ناتۆرالیسم و هتد گۆڕا. زمانی سەبکی ئەبزۆرد زمانی ئەدەبی نەبوو. زمانی خەڵکێک بوو کە لە کۆلان و بازار قسەیان پێ ئەکرد. هۆنەرمەندی ئۆڕۆپایی و یان هەر وڵاتێکی تر کێشەی نەبوو. دیالۆگی خامی خەڵکی کۆلان و شەقامی ئەگرت و ئەو دیالۆگانەی دراماتیزە ئەکرد و بەرهەمەکەی خۆی پێ ئەنووسی. یان هەر وەها هۆنەرمەندی فارس زمان.
شانۆی شەقامیش هەر وایە. شانۆنامەی سەر شەقام بە هۆی خسڵەتی ئێعترازی کە هەیەتی زمانی خەڵکی شەقامی هەیە و یان شانۆنامەی موحیتی بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە موحیتی دەرەوە زمانی ئەدەبی نیە و یا ئەوانی تر.
شانۆکارانی کوردی ئێران کاتێ کە ویستیان لە زمانی خەڵکی کۆلان و شەقام و بازار کەڵک وەر بگرن و شانۆنامەی پێ بنووسن کێشەیان بۆ درووس بوو. زمانی کۆڵان و شەقام زمانێک بوو پڕ لە فارسی. پرسێارێکیان بۆ درووس بوو. ئەبێ ئەم زمانە کە بە دەگمەن وشەی کوردی تیدایە هەڵبژێرین؟
ماشاچی چۆن لەگەڵ ئەم زمانە بەرانبەر ئەبێتەوە؟ ئایا گاڵتەمان پێ ناکەن؟ جگە لە شانۆنامەی سەحنە کەبە زمانی فاخر و ئەدەبی و بێ کێشە کار کرواە هەڵبەت هێندێ لە شانۆکاران باوەڕیان بە ئەدەبیەتی شانۆ بە گشتی نیە، لە نەوعەکانی تری شانۆ کێشەی بووە و هەیەتی. ئەو کێشە تا ئێستایش هەر بەردەوامە.
سینما وەکوو هونەری حەوتم هونەرێکی نوێیە. لە تکنۆلۆژی کەڵکی وەرگرتوە و توانیویەتی بە تەواوی دنیادا بڵاو بێتەوە. سینما لە کوردستان مێژووی کەم بەڵام پڕ بایەخی بووە. بەهمەنی قۆبادی وەکوو ڕەچەشکێنی سینمای کوردستان زۆر زوو توانی پلەکانی بەرزی دنیا لە سینما بچێتە سەرەوە و سینمای کوردی بە دنیا بناسێنێ. پێش لە قۆبادی تەنیا یەڵماز گونای توانیبووی ئەو کارە بکا.
سینما ژیانی ڕۆژە. ژیانی خەڵکی کۆلان و شەقام و شار و دێیە. زمانیشی زمانی ڕۆژە. زمانی ئەدەبی لە سینما جێگای نیە و یان زۆر کەمە.ئەو کێشەی وا لە تێعدادێک لە شانۆکان هەیە لە سینما زۆر بەرچاوترە. فیلمسازی کوردستان چۆن لەگەڵ ئەم کێشە بەرانبەر بێتەوە و چۆن حەلی بکا؟کاتێ کە ئێمە فیلمێک لە فیلمسازێکی کوردستانی ئێران ئەبینین ئەگەر ئەکتەرەکانی بە زمانی کوردی ئەدەبی قسە بەکەن هەوەڵین شتێ کە ئەڵێن ئەوەیە کە “چەنێ مەسنووعیە” ئەگەریش بە زمانی دەرەوە قسە بکەن ئەڵێین “دەی ئەوە کەی کوردیە خۆ هەمووی فارسیە”. هەر بەو بۆنەوەیە کە هەموو فیلمەکانی کوردستانی ئێران کێشەی زمانیان هەیە.
کاتێ کە لە شار ئەچینە دەرەوە و روو لە دێهات دەکەین کێشەمان کەمتر ئەبێتەوە. خەڵکی لادێ بە تایبەت پیرەکانیان بە زمانی ڕۆژی خۆیان قسە ئەکەن کە فارسی تیدا نیە و یان زۆر کەمە. بۆیە کاتێ کە لە تلویزیون بەرنامەی لادێ ئەبینین بۆمان خۆشە و کێشەی زمانمان نیە. شایەد هەر بەو بۆنەوەیە کە زۆربەی فیلمەکانی ئێمە هەر لە دەرەوەی شار درووس کراوە و تا ئەو ڕادیە کە هێندێک لە بیرمەندان باوەڕیان وایە ئەم مەسەلە هۆی ئەوەیە کە شار و شارستانیەتی تەجرەبەیەکی نوێ بۆ کوردە. فیلمی “زمانی برای مستی اسبها” کە توانی دووربینی زێڕی فستیواڵی کەن وەر بگرێ فیلمێکە کە لە دەرەوەی شار روو ئەدات. بەرهەمەکانی تری قۆبادی وەکوو “نیوەی مانگ” و “آوازهای سرزمین مادریم” فیلمی شاری نین. زمانی فیلمی “کیسەڵەکان دەفڕن” و “کسی از گربەهای ایرانی خبر ندارد” کوردی نیە. ئەم فیلمانە هەمووی شاکارن بەڵام لە بابەتی زمانەوە لاوازن. حەتا زمانی ئەسڵی فیلمی “یۆڵ”ی یەڵماز گۆنای کە نەخڵی زێڕی کەنی وەرگرتوە تورکیە ئەگەر چی کەسایەتیەکانی کوردن و چیرۆکی کوردە بە تەواوی. هەڵبەت لەو کاتەدا حکوومەتی تورکیە بە گشتی مونکری کورد بوو چ بگا بەوە ئیجازە بدات بە زمانی کوردی فیلم درووست ببێ. ئەگەر تەماشای فیلمەکانی تری فیلمسازانی کوردی ڕۆژهەڵات بکەین ئەبینین بە دەگمەن فیلمێکی تیدایە کە باسی مڕۆڤی کورد لە نێو شاردا بکا و چیرۆکی هەمووی لە لادێ و دەرەوە شار پێک هاتوە. بە دەگمەن بەرهەمێکی تیدایە وەکوو کورتە فیلمی “بادبادکهای بی باد” سالم سەڵواتی و یان “صورتهای متروک” ئەشکان ئەحمەدی کە چیرۆکی دنیای ئەمڕۆ بێ. زۆرجار ئەگەریش فیلمێک ببێ کە باسی دنیای ئەمڕۆ بکات بێ دیالۆگە و کێشەی زمانیەکەی حەل نەبووە وەکوو “آخرین آغوش” سامان حسەین پور. فیلمسازی کوردی ئێران وادیارە مەترسی ئیش کردن لە شاری هەیە و نووسینی فیلمنامە سەبارەت بە مڕۆڤ و گیر و گرفتەکانی شارستانی بۆی سەخڵەتە. بۆ ئەو کار لە دەرەوەی شار ئاساییە. ئەو شتانەی کە مرۆڤێکی لادێیی ئەڵێ مەحدوود بە مەڕۆ ماڵاتەکەی و خواردمانیەکانی و کشت و کاڵ و ماڵداریە و زیاتر لە چەن وەرەق نیە. بەڵام لە شار و دنیای ئەمڕۆ لە سەر سیاسەت، لە سەر ماف، لە سەر ئێقتساد، لە سەر گیر و گرفتەکانی مرۆڤی مودێڕن، لە سەر تکنۆلۆژی، لە سەر دنیای مەجازی و هەزاران باس و بابەت قسە ئەکرێ کە زۆربەی وشە و ئیستڵاحەکان لە زمانێکی ترەوە ئیجارە ئەکرێ. هەڵبەت هێندێک جار وایە کە فیلمساز بۆ ئەوەی میزانسنی خۆی بچنێ روو بە داوێنی سرووشت ئەهێنێ یان روو لە دێهات دەکات. بەڵام ئەوەی کە قەتعیە فیلمسازی کوردی ئێران کێشەی زمانی هەیە. کە وایە پرسیارێکی گەوەرە درووس ئەبێ کە جوابی ئەم پرسیارە ئەتوانی کێشەی فیلمسازی کوردی ئێران لە بەین بەرێ یان کەمی کاتوە.
پرسیارەکەیش ئەوەیە: فیلمسازی کورد ئەبێ چی بکا کە لە شارستانیەتی کورد، فیلم درووس بکا و زمانی فیلمەکەی کوردی ڕۆژ بێ و لە عەینی حاڵدا نەکەوێتە ژێر پێی زمانێکی ترەوە؟
- سقز رووداو
- کد خبر 12153
- بدون نظر
- پرینت