شما اینجا هستید
اجتماعی » فەرهەنگ وەکوو سەرمایە

یەکێک لە جیاوازییەکانی زانستە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکان لە گەڵ زانستەکانیتر ئەوەیە کە بەشێکی زۆر لە چەمکەکانیان ئاڵۆز و پیچیدەن و پێناسە و مانای جۆراوجۆریان هەیە. فەرهەنگ یەکێک لەوانەیە کە چەندین پێناسەی هەیە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە لێکۆڵینەوەی لە سەر کراوە. بەشێکی زۆر لە کۆمەڵناسان بە شێوەیەک لە شێوەکان، لە تیۆرییەکانی خۆیاندا ئاماژەیان بە فەرهەنگ کردووە و باسیان لە تایبەتمەندییەکان، کاریگەری و جێگە و پێگەی ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە لە ناو کۆمەڵدا کردووە. هەروەها، فەرهەنگ وەکوو فاکتەرێکی گرینگ و سەربەخۆ بۆ تێگەیشتن لە / شیکردنەوەی پرسی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتی باسی لێکراوە و لە سەری نووسراوە.
“بۆردیۆ” لەو کەسانەیە کە بیروبۆچوونی تایبەت بە خۆی هەیە سەبارەت بە فەرهەنگ و لەم دواییانەدا جیاواز و بە شێوەیەکی‌تر باسی فەرهەنگی هێناوەتە ناو زانستی کۆمەڵناسی و کەڵکی لێوەرگرتووە بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵناسانەی دیاردە کۆمەڵاتییەکان. تەئکیدی بۆردیۆ لە سەر فەرهەنگ بە جۆرێکە ئەگەر “مارکس” دەوری مرۆڤی “مادی” لە کۆمەڵدا بەرجەستە ئەکاتەوە، لای ئەم، ئەوە فەرهەنگ و مرۆڤی “فەرهەنگی”یە کە دەوری بەرجەستە و کاریگەری هەیە لە کۆمەڵدا و فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ لێکدانەوە و لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی. بۆیە ئەگەر ڕوو لە هەر تیۆری و بیروبۆچوونێکی بۆردیۆ بکەین بەر لە هەموو شتێک ئەبینین لە سەر ئەساسی فەرهەنگ، بۆچوون و تیۆرییەکانی داڕشتووە. بۆ نموونە، کاتێک باسی “سەرمایە” دەکا، تەنیا ئاماژە بە لایەنە مادییەکەی ناکا، بەڵکو لایەن و ڕەهەندگەلی سیمبولیک، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشی لێ زیاد دەکا کە ئەتوانن دەسەڵات ببەخشن بە خاوەنەکانیان و ببن بە بنەمایەک بۆ نابەرابەریی چینایەتی و دژایەتیی کۆمەڵایەتی یان بزووتنەوەی سیاسی و جەماوەری.

 

لە تیۆریی “سەرمایە”ی، بۆردیۆدا، لە گەڵ پووڵ و سامانی مادی، فەرهەنگ و پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکانیش فاکتەری سەرەکین و هەرکامیان سەرمایەی تایبەت بە خۆیان بەرهەم دێنن. پەیوەندە کۆمەڵایەتییەکان، سەرمایەی کۆمەڵایەتی و ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی فەرهەنگیش، سەرمایەی فەرهەنگی دروست دەکەن. ئەوەی لەم تیۆرییەدا جێی تێڕامانە و جیاوازییەکانی بۆردیۆ لە گەڵ کۆمەڵناسانی‌تر زیاتر دەردەخا ئەوەیە کە بۆردیۆ بۆ شیکردنەوەی زۆر بابەت و کێشەکانی کۆمەڵدا لە پێکهاتە و پێوەندیی ئەم جۆرە سەرمایانە لە ژیانی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیدا کەڵک وەردەگرێ و ئاسۆیەکی تازە دەخاتە بەردەم کۆمەڵناسان و توێژەرانی بابەتە کۆمەڵایەتییەکان. سەرمایەی فەرهەنگی بریتییە لە کۆمەڵێک توانایی، پەیوەندی، زانیاری، عادەت، سەلیقە، کەلوپەل و … کە تاک لە کۆمەڵدا وەکوو ئیمتیازێک کەڵکی لێ وەردەگرێ بۆ ئەوەی پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی سەر بخات و دەسەڵات بە دەس بێنێ.
لە ڕوانگەی بۆردیۆوە سەرمایەی فەرهەنگی بە سێ شێوە لە کۆمەڵدا بوونی هەیە:
سەرمایەی فەرهەنگیی لەخۆگر (Embodied Cultural Capital): ئەم جۆرە سەرمایە فەرهەنگییە، بریتییە لە لێهاتوویی و زانستی فەرهەنگیی دەروونی‌کراو وەکوو توانایی زمانی، وشیاریی فەرهەنگی و ئەو ڕەوشتانەی کە لە بنەماڵەدا پەروەردە دەکرێن و بە گشتی تاکێک لە کۆمەڵگادا بەدەستی دێنێ، دەبێ بە خاوەنی، لە بەشی نائاگادا لە خۆی دەگرێ و بەرجەستەی دەکاتەوە، وای لێ دێ وەکوو ئەوە وابێ کە بەشێکە لە جەستەی.
سەرمایەی فەرهەنگیی بەرهەست (Objectified Cultural Capital): ئەم جۆرە لە سەرمایەی فەرهەنگی، پێکهاتووە لەو شتە فیزیکییانەی وەکوو کتێب، تابلۆی نەقاشی، مووسیقی، بەرهەمی هونەری، ئامرازەکان و دەستکردە دێرینەکان، کە کەسێک دەتوانێ ببێ بە خاوەنیان، کەڵکیان لێ وەرگرێ و لە باری فەرهەنگییەوە بایەخدارن. ئەم جۆرە لە سەرمایە هەم خۆی لە خۆیدا بۆ گەشەی فەرهەنگ بەسوودە و هەم پێگەی کۆمەڵایەتیی ئەو کەسانەی هەیانە جیاواز و بەرز ئەکاتەوە.
سەرمایەی فەرهەنگیی دامەزراوەیی (Institutionalized Cultural Capital): ئاماژەیە بۆ بڕوانامەی ئاکادیمی، کە نیشاندەری ئاستی زانیاری و توانایی زانستی ئەو کەسانەیە، کە خاوەنی ئەو بڕوانامانەن. بڕوانامە لە لایەن دامەزراوە ڕەسمییەکانەوە دەردەکرێ، دەدرێ بە کەسەکان و ئیمکانی ئەوەیان بۆ ئامادە دەکات تا کەڵکی مادی و ئابووری لەم سەرمایەی فەرهەنگییە وەربگرن و بیکەن بە سەروەت و سامانی مادی(بوردیو؛ ۱۹۸۴) .

 

لە هەموو کۆمەڵێکدا کێشە و دژایەتی زۆر و زەوەند هەیە. “مارکس” پێی وایە مێژووی کۆمەڵایەتیی مرۆڤ، مێژووی خەبات دژی نابەرابەریی چینایەتییە، کە لە کۆتاییدا چینی کرێکار زاڵ دەبێ بەسەر چینی سەرمایەداردا و بەرابەری و سوسیالیسم پەرە دەستێنێ. بەشێکی زۆر لە کۆمەڵناسان وەکوو مارکس لایان وایە کە ژیانی کۆمەڵایەتی پڕە لە دژایەتی و ململانێ لە نێوان چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵدا لەسەر دەسەڵات، چۆنییەتیی گەیشتن بە شتە بەسوودەکان و پلە و پایەی بەرزی کۆمەڵایەتی، بۆیە شیکاریی ئەو ململانێ و دژایەتییانە بە بابەتی سەرەکیی زانستی کۆمەڵناسی لە قەڵام دەدەن و بە جۆرێک خۆیان بە درێژەدەری ڕێگای مارکس دەزانن.
بۆردیۆش لەسەر هەمان ڕێچکە، خۆی پێناسە دەکات و کەڵکەڵەی سەرەکیی ئەو شیکردنەوەی چۆنییەتیی و هۆکارەکانی ململانێ و دژایەتییەکانە، بەڵام، بەهێنان و خوڵقاندنی چەندین چەمکی نوێ، خۆی لە مارکس دوور خستەوە و نیشانی دا کە بۆچوونی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە سەبارەت بەو دیاردە کۆمەڵایەتییە. بۆردیۆ چەمکی “سەرمایە” لە مارکس وەردەگرێ و لە هەمان کاتدا “فەرهەنگ” و “کۆمەڵ”یشی لێ زیاد دەکا، دەستەواژەی نوێ دێنێتە ناو تیۆرییەکانی خۆی و لە ڕوانگەیەکی ترەوە و بە وردەکاریی زیاتر، تیشک دەخاتە سەر کێشەی دژایەتیی کۆمەڵایەتی.
باس کردن لە فەرهەنگ وەکوو سەرمایە، ئاڵوگۆڕێکی بونیادی لە پێناسەی فەرهەنگ و تیۆریی دژایەتیی کۆمەڵایەتی بەدی دێنێ. فەرهەنگ لە ڕەوشت، بەها و باوەڕە کۆمەڵاتییەکانەوە، کە مەبنایەکن بۆ چۆنییەتیی هەڵسوکەوت و بیرکردنەوە و … ئەبێ بە ئیمتیازێک، کە لە بەینی تاکەکان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکاندا بۆ بەدەسهێنانی ڕکابەری هەیە، چونکا هەر کەسێک سەرمایەی زیاتری لە بەر دەستدا بێ بە هەمان نیسبەت شوێندانەری و پێگەی کۆمەڵایەتیشی سەرتر و دەسەڵاتی زۆرتر دەبێ. لە لایەکی ترەوە، کەسانێک کە سەرمایەی فەرهەنگییان هەیە، بەوە قەناعەت ناکەن و هەوڵ ئەدەن دەستڕەسی پەیدا بکەن بە سەرمایەکانی تریش (کۆمەڵایەتی و مادی) و بەمجۆرە، ململانێ و دژایەتی لە ناو توێژ و چینەکانی کۆمەڵدا دروس دەبێ.

لە کۆمەڵگای کوردیدا – وەکوو تەواوی کۆمەڵان و کۆمەڵگاکانی تر – کێشە و ململانێی کۆمەڵایەتی هەیە. تاک، چین و توێژە جۆراوجۆرەکان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات یان بەدەسهێنانی سەرمایە، سوود و ئیمتیازی زیاتر ڕکابەرییان هەیە و زۆر جار مشت‌ومڕی سەخت لە نێوانیان دروس دەبێ. یەکێک لەو دژایەتی و ناکۆکییانە، دژایەتی لەگەڵ چینێکە کە خاوەنی دەسەڵات، پووڵ و پارە و سەرمایەی مادییە. ئەم دژایەتییە بە چەند شێوە لە مێژووی کۆمەڵایەتیی کوردستاندا ڕەنگی داوەتەوە:

لەو کاتەوە کە بەها و دەستکەوتە مادی و نامادییەکانی دونیای مۆدێڕن لە کوردستاندا بڵاو بۆتەوە، دژایەتییەکی کۆمەڵایەتی زۆر پەرەی سەندووە و بووە بە کێشەیەکی بنەمایی لە کوردستان. ئەو دژایەتییە، دژایەتی چینایەتییە، کە لە ژێر کاریگەریی ئەندێشەی چەپ لە کوردستاندا بووە بە یەکێک لە ملمانێ سەرەکییەکانی کوردستان. بەشێکی زۆر لە شاعیرانی هاوچەرخی کوردستان کە شێعری کۆمەڵایەتییان هەیە، لە ڕوانگەی ئایدیالۆژیا و ئەندێشەی چەپەوە بە نیسبەتی ئەم دژایەتییە لە قازانجی چینی ڕەعیەت و هەژار، دژ بە ئاغا و فیئۆداڵ و … هەڵوێستیان گرتوە و ئەم نابەرابەرییەیان بە ناڕەوا و زاڵمانە زانیوە.
حیزبە سیاسییەکانیش کە زۆربەیان سەر بە ئەندێشەی چەپ بوون، بۆ یەکەم جار بەپێی تیۆریی مارکسی، چەندین چەمک و دەستەواژەی وەکوو چین، خەباتی چینایەتی، فیئۆداڵ، سەرمایەدار، پڕۆلێتاریا، کۆمۆنیسم و … بۆ شیکردنەوەی دۆخی چینایەتی لە کوردستان دێننە ناو ئەدەبیاتی سیاسییەوە و ئەساسنامەکانیان لەسەر ئەو ڕیبازە و بەپێی ئەو تیۆرییە نووسیوە. ئەگەرچی قسە لەسەر ڕەوابوونی ئەم تیۆرییە بۆ لێکدانەوەی باری چینایەتی و ئابووریی کوردستان زۆرە و زۆر کەس ئەم لێکدانەوانە بە گونجاو نازانێ، بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ بەشێکی زۆر لە هەڵوێستی ڕۆشنبیران و چالاکانی سیاسی کەوتە ژێر کاریگەریی ئەم بیرۆکەیە. ئەم بیرۆکەیە چەند تایبەتمەندیی هەیە:
ئاغا، شێخ، مەلا و سەرمایەدار لە یەک چیندا پێناسە ئەکا. چینی دژ بەوانیش لە ڕەعیەت، کرێکار، فەقیر و … پێک دێ:
“هەژار” لە شێعرەکانیدا وا دەردەکەوێ، هیچ نەبێ لە سەردەمێک لە ژیانیدا یەکێک لەو کەسانەیە کە خەبات بۆ لابردنی دژایەتیی چینایەتی دەکا و خولیا و ئارەزووی ئەوەیە کەم ئەم جیاوازییە نەمێنێ. لە شێعری “خۆشیی دواڕۆژ”دا خۆشی لەوەدا دەبینێ کە ئاغا، شێخ و حاجی نامێنن و ڕەعیەت، ڕەنجبەر، کرێکار، فەقیر، هەژار، تەنانەت سۆفی و دەروێشیش جێی ئەوان دەگرنەوە:
نامێنێ ڕۆژ و شەو، ئاغا و تاجی / ڕاو بکەن، بچنەوە کۆشکی عاجی
کاتێ دێ ڕەعیەتی دەس قەڵشاوی / لە سەرووی ئاغا بنووسرێ ناوی
ڕۆژێ دێ ڕەنجبەری بێ نان و ماڵ / سەری حاجیان بکا زیندە بە چاڵ
ها کە دیت سۆفی و دەروێش جووتن / تێ دەگەن بۆچی نەدار و ڕووتن (بۆ کوردستان، ل ٢٣-٢٢).
هەژار جیا لەو چین و توێژانە کە بە شێوەیەکی سوننەتی لە کۆمەڵگای کوردستاندا هەن، ئاماژە بە چینێکی نوێ بە ناوی “سەرمایەدار” ئەکا، کە پێی وایە خوێنمژ، بەدکار و داگیرکەرە. ئەم چینە تەنیا بە نیسبەتی فەقیران و هەژاران بەدکار و خوێنمژ نییە بەڵکوو داگیرکەری وڵاتی گەلانی سەربەخۆیشن. دیارە ئەمە دیدێکی تەواو مارکسییە سەبارەت بە دژایەتیی چینایەتی و سەرەنجامەکەی هەر لەو چەمکانە کەڵک وەردەگرێ کە لە ئایدیۆلۆژیای چەپدا باون.
هاوار کۆمەڵی سەرمایەداران / دەستەی خوێنمژان گەلی بەدکاران
ئەی خوێنمژانی فەقیر و هەژار / داگیرکەرانی گەلانی ڕزگار (هەمان، ل ٢٧).
قانعیش هەڵبەت تۆزێک جیاوازتر – کەمتر لە ژێر کاریگەریی ئایدیالۆژیای چەپ و زیاتر لەسەر بنەمای کەڵکەڵەی گەشەسەندن – باسی ئەو دژایەتییە چینایەتییە دەکا و وەکوو مایەیی دواکەوتوویی، بەربەست و گرفتێک لەسەر ڕێگەی پێشکەوتنی ئەو چین توێژانە ئەبینێ کە دەسەڵاتیان هەیە:
مەنعی پێشکەوتن ئەکەن لەم خاکمانە چوار گرۆ / خان یەک، سەردار دوو، بەگزادە سێ، ئاغا چوار
نایەڵن بۆخۆم ڕەحەت بم سەربەخۆ تاوێ بژیم / ئەجنەبی یەک، مامە دوو، ئەقتاعی سێ، کوێخا چوار
باز بووم باڵی شکانم چوار بەڵای نەحسی خراپ: / خانەقا یەک، تەکیە دوو، عەممامە سێ، عابا چوار (دیوانی قانع، ل ١٢٢).

کاکی ڕەنجبەر لە کاتی گۆرانی / مەکە مەدحی ئەمیر و سوڵتانت
باسی هەوڵ و ژیانی ڕەنجبەر کە / باشترە تاکوو وەسفی خانانت (هەمان، ل ۵٩٣).
وەک دیارە هێمنیش لە بەشێکی شێعرەکانیدا جیاوازی و ستەمی چینایەتی سەرنجی ڕاکێشاوە و دژایەتیی کردووە لەگەڵ ئەو ستەم و نابەرابەرییە و بە دیاردەیەکی خراپی زانیوە:
نیسک و نۆک و ماشی ناو عەمباری ئاغای مفتەخۆر / پاک لە سایەی دەسکەنەی زین و مرۆت و سوێسنە (هێمن، ل ٨٨)

لە چین بێ یا لە ماچین بێ دیارە / کە ئاغا دوژمنی چینی هەژارە (هەمان، ٣٠٧)
هێمن تەنیا لەبەر نابەرابەری و ستەمی چینایەتی، دژایەتیی لەگەڵ چینی سەردەست نەکردووە، بەڵکوو بیر و بۆچوون و ئەخلاقی ئەوانیشی بە دزێو زانیوە و لەم ڕوانگەیەشەوە دژایەتیی لەگەڵ کردوون، کە بۆ ئازادی تێناکۆشن، بێ فیکر و ئیدراکن، بێ خێر و ناپاکن، جەبوون و قەڵس و لاسارن، گێژ و بێ هۆشن:
نیانە بیری سەربەستی / دەکەن فەخرێ بە ژێردەستی / دەڕۆن هەروا بەرەو پەستی
ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم
ئەوانەی ئێستە سەردارن / جەفاجۆن و ستەمکارن / غوڵامی پووڵ و دینارن
ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم
لە بەر زوڵم و جەفای وانە / وەتەن یەکبارە وێرانە / هەزار خۆزگەم بە بێگانە
ئەمن دەیڵێم و بێ‌باکم (هەمان؛ ل، ۶٨)
“عیشق” وەکوو هێزێکی ڕەهایی‌بەخش و شێوازێکی دیکە بۆ خەبات دژی نابەرابەری و ستەمی چینایەتی، بیرۆکەیەکە کە لە شێعرەکانی “هێمن”دا ڕەنگی داوەتەوە. دیارە بۆ شاعیرێکی وەکوو هێمن، عیشق و خۆشەویستی و هەست و سۆز، زۆر سرنجڕاکێش بووە و بە شێوەی جۆراوجۆر لە شێعرەکانیدا دەبیندرێ و کەڵکی لێ وەرگیراوە. ڕووبەڕووبوونەوە و ململانێ لەگەڵ دەسەڵات لە ڕێگای عیشقەوە یەکێکی تر لەو ڕێبازانە بووە کە مامۆستا هێمن ڕەچاوی کردووە بۆ ئەوەی نیشان بدا کە نابەرابەری شتێکی ستەمکارانە و دوور لە ئینسافە.
هێمن، لە شێعری “سووڕی دەوران”دا میرێک وێنا دەکا کە زۆردار، دزێو، دڵڕەق، جوێنفرۆش، خوێنڕێژ، لاسارە، بێ بزە و بێ بەزەیییە، کە هەزاران کەسی کوشتووە و هەزاران هەژاری ئازار داوە. بەرهەمی ئەم تایبەتمەندییانەی میر، کۆشکێکی زۆر ناخۆشە کە پڕە لە گەندەڵی، سەرکوت، دزی، دووڕوویی، ناهەقی و … :
مەکۆی جەردە و چەتان بوو دیوەخانی / غوڵام و نۆکەری بوون نانی‌نانی
لەوی بێزدار بوو ئینسانی بەنامووس / تەشی‌ڕێس بوو لە دەرکی ئەو زمان‌لووس
دەیانکرد خزمەتی وەک دیل و بەندە / هەتیوچە و سەرسەری و سۆدرە و سەهەندە
لە هەق بێزار و دڵ‌بەستەی ڕیایی / یەکەم تۆچێنی کێڵگەی بێ‌وەفایی
نەیاری چاکە و یاری خراپە / خەزێنەی کون‌بڕ و شاری خراپە
پەڕی قامووسی ئەویان کردبوو داگیر / وشەی دار و تەناف و کۆت و زنجیر (ل، ٢٨۶)
لەو کۆشک و قەڵایەدا، میر کیژێکی هەیە کە دەتگوت خوشکی ئاونگ و خوناوە، لە جوانیدا جوانترە لە مانگی ئاسمان و لە هەمان کاتیشدا “هەموو شێوەی لە بابی خۆی جودا بوو”:
لەبارێ، نازەنینێ، کوڵمە ئاڵێ / نیگارێ، دڵڕفێنێ، چاوکەژاڵێ
بەژن‌باریک و باڵابەرز و تەڕپۆش / یەسک‌سووک و ڕەزاشیرین و ڕووخۆش
ئەو کیژە ئەوەندە جوان و پاک و ڕێک‌وپێک بوو کە:
دەبوو جێی ئەو بەرزتر با لە هەوران / کەچی دەژیا لە ژووری ماڵی گەوران
دەبوو چەتری سەری باڵی هوما با / نەوەک ئاوا لە ڕووپۆشێ خزابا
دەبوو سواری قەڵاندۆشی هەڵۆ با / لە بەرزایی چیادا سەربەخۆ با
دەبوو ژوانگەی لە کن ڕاوگەی کەوان با / نەوەک وا چاو لە دەستی دەرکەوان با
دەگەڵ گوڵ پێکەنێ فێنکی بەیانی / سەرانسەر پڕ لە خۆشی بێ ژیانی
دەگەڵ بولبول بڵێ حەیران و بەستە / خەڵک شەیدا بکا بەو شۆر و هەستە
بەڵام ئەو کیژە ژیانێکی زۆر ناخۆش و سەختی بەسەر ئەبرد و لە ژیانێکی خۆش و ئازادانە بێبەری بوو. لە دۆخێکدا گیری کردووە کە لە دەرکی دەرکەوان هەیە، ڕێگەی پێنادرێ بچێتە ناو خەڵک و جەماوەر، بەردەوام فرمێسکی نامرادی دەڕێژێ و لە ژێر هەور و لە ناو “قەفەس”دا قەتیس ماوە، ناتوانێ ئەوینداری بکا و جووتی خۆی ئازادانە و ئازایانە هەڵبژێرێ.

دەبایە چێژی ئازادی بچێژێ / نەوەک فرمێسکی نامرادی بڕێژێ
دەبوو جووتی ژیانی هەڵبژێرێ / نەوەک بابی بە سەوقاتی بنێرێ
سیاچاڵی کچانە کۆشکی میران / هەزار خۆزگە بە کاولاشی فەقیران
کچی میر و گەدا دڵیان هەیە دڵ / دڵیش ناکا لە دڵداری و ئەوین سڵ
ڕەبەن تامی ژیانی چۆن دەزانێ / ئەگەر “پێ”شی بگاتە ئاسمانێ
ئەوەی لێرەدا هێمن پێی لەسەر دادەگرێ و وەکوو خەسارێکی ژیانی ژن و ئینسان بەگشتی لە عەسری فیئۆداڵیدا ئاماژەی پێدەکا، بەر لە هەموو شتێک، نەبوونی ئازادی و ئیمکانی ئەوینداریەتییە. لە عەسری فیئۆداڵیدا ژن دەبێ ڕزگار ببێ لەو زوڵم زۆر و ژیانە نالەبارە کە سەپاندوویانە بە سەریدا. هێزی ڕزگاری‌بەخشیش لای هێمن عیشق و هونەرە. ئەو وڵاتە و ئەو قەڵایەی کە میر زاڵە بە سەریدا “سیاچاڵی کچانە”، “تاوسی شۆخ و مەست لە قەفەس کراون”، “بەجێی چەشتنی تامی ئازادی، فرمێسکی نامرادی دەڕێژدرێ”، “دیوەخانەکەی مەکۆی جەردە و چەتان بوو”، “یەکەم تۆچێنی کێڵگەی بێ‌وەفاییە” و “تاوانی بەدکاری تێدا ون دەبێ” و … . لەگەڵ ئەمانەیش، تایبەتمەندییەکەی تر ئەوەیە کە نابەرابەری و جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگادا بە شێوەیەکی ئاشکرا هەیە و لە کۆشک و قەڵای میرەوە پشتیوانیی لێدەکرێ:
لە کۆشک و گرتووخانەی دەرکەبەستە / یەکێک مەستە، هەزاران زار و خەستە
لە لایە لاو دراونە بەر شکەنجە / لە لای دیکە سەمایە و لار و لەنجە
لە کونجێ بێوەژن دەگری و دەناڵێ / لە کۆشکێ بادەگێڕە چاوکەژاڵێ
لە سووچێ باب لە سوێی ڕۆڵەی دەسووتێ / لە قەسرێکی دەڕەقسێ نیوەڕووتێ
کچی بێبەش لە ژوورێ ئەشکی دەسڕێ / کوڕی ئاغاش بە پارە جوانێ دەکڕێ
هەتیوی برسی چڵمی هەڵدەلووشێ / کوڕی شێخ ئارەقی نابڕێ لە شووشێ
لە لایە چارەڕەش کەوتووە لە کۆڵان / لە لایە پارە بەش دەکرێ بە کۆڵان
لە لایە جامی بادە پڕ کراوە / لە لایە داری ئیعدام هەڵخراوە
ئەو شتەی کە بۆچوونی هێمن لە بیرۆکەکانی تر جیا دەکاتەوە ئەوەیە، ئەو کەسەی کە یاسا و ڕێساکانی عەسری فیئۆداڵی دەشکێنێ، “لاوێکی هونەرمەند” و “کچە میرێکی عاشق”ە، نەک چینی کرێکار یان جووتیار و … . خاڵێکی تر کە هێمن و بۆچوونەکانی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە بۆ وێناکردنی زوڵم و ستەمی کۆشکی فیئۆداڵەکان تەنیا ئاماژە ناکا بە نابەرابەریی ئابووری، ئەویشی لە بەرچاوە، ئەمما ئازادیی ژن و ئیمکانی ئەویندارییەتی بۆ ئەو، نابەرابەری لە دەسڕەسی بە سەرمایەی فەرهەنگی، گرینگیی زیاتری پێدەدرێ. لە ڕاستیدا لە شیعری هێمن‌دا عیشق “ڕەهایی‌بەخشە” و ئەوە “ئینسانی فەرهەنگی”یە کە مەیداندارە و بە گژ نۆڕمەکانی ساختاری چینایەتیدا دەچێ و بۆ ڕووخان و گۆڕانیان خەبات دەکا، نەک ئینسانی مادی “مارکس” یان تەنانەت ئینسانی عەقڵانیی “ڤێبێر” (ایوبی؛ ص، ۱۵).
لە شێعری “سووڕی دەوران”دا ئەوە عیشق و هونەرە کە دەبێ بە فریادڕەسی “کچەمیر” و “لاوی هونەرمەند” و ڕزگاریان دەکا لەو بەند و پێوەندە و ئەو ژینە ناخۆشەی کە نابەرابەریی تیایە، بۆ کچان وەکوو سیاچاڵ وایە، مرۆڤ سەربەست و ئازاد نییە، کچان ئەسیری ژان و دەردن، لە ژوان بێبەشن، فرمێسکی نامرادی دەڕێژن و … . لە وەها بارودۆخێکدا هێزی ڕزگاریبەخش عیشقە و هونەر و ژیانی بێ ئەوین گشتی زیانە و تاریکە:
ئەوین مایەی ژیان و بوون و مانە / ئەوین ڕایگرتووە دەوری زەمانە
ئەوین نەبوایە پێی ناوێ بخۆی سوێند / جیهان چۆڵ بوو، پەپووش تێیدا نەدەخوێند
ژیانی بێ ئەوین دەشتی نەبوونە / لە سایەی عیشقە ئەم دنیایە ڕوونە
ژیانی بێ ئەوین گشتی زیانە / کچیش نەیخوارد فریوی ئەم ژیانە
هونەر و عیشق لە لای هێمن وەکوو دووانەیەک وان کە هەم بۆ تاک و هەم بۆ کۆمەڵگا ئازادی و خۆشی بەدی دێنن، بۆیە لەو شێعرەدا هونەرمەندێک دەبێ بە پاڵەوانی ئەم مەیدانە و بە نەغمەی تار و دەنگی خۆش و هەستی ئاگرین، کیژ لە قەڵای سەختی میر و دەرکی داخراوی باوان، کە ناهێڵێ بە دڵی خۆی ئەوینداری بکا، دەرباز دەکا، گەوهەر لە کانان دێنێتە دەرێ، بۆ ئەوەی مەینەتی دووری نەمێنێ و تاسە و ئارەزووی بە ئاوی کانیاوی ئەوین بشکێ. بۆیە کچی میر وەدووی پووڵ و پارە و سەرمایەی مادی ناکەوێ. هێمن، لەم شێعرەدا بۆ وەدی هاتنی ئازادی لە لوولەی تفەنگەوە بە شوێن ئازادیدا نەدەگەڕا، نەغمەی تار، دەنگی پڕخورۆش، هەستی ئاگرین، چاوتێری، ئاشتی و خێرخوازی هاندەرن بۆ لاوی هونەرمەند، کە بەند و پێوەندەکان بپچڕێنن و بە ئامانجەکانیان بگەن:
وەدووی دڵ کەوت و پچڕی بەند و پێوەند / دڵی خۆی دا بە لاوێکی هونەرمەند
هونەرمەندێ کە هەر نەغمێکی تاری / گڕ و ئاورینگ و پشکۆی لێ دەباری
هونەرمەندێ کە دەنگی پڕ خورۆشی / بە بەندێ دەیپەڕاند دەرد و نەخۆشی
هونەرمەندێ کە هەستی ئاگرین بوو / دەروونی پڕ لە ناسۆر و برین بوو
هونەرمەندێ کە سووتاوی ئەوین بوو / هەموو ئەندامی سۆز و تاو و تین بوو
هونەرمەندێ کە زادەی دەرد و خەم بوو / زەدەی دەستی ڕەشی دێوی ستەم بوو
هونەرمەندێ بە زگ برسی و بە چاو تێر / لە شەڕ بێزار و دۆستی ئاشتی و خێر
هونەرمەندێکی عەسری فیئۆداڵی / دڵی پڕ بوو، بەڵام گیرفانی خاڵی (هەمان؛ ل، ٢٩٠-٢٨٩).

هەروەها، ئەوین و عیشق کاریگەریی بەرچاوی هەیە لەسەر کۆمەڵگا و جیاوازی، ستەم، نابەرابەری و دەمارگرژی ناهێڵێ و کەمی دەکاتەوە. ئەمە یەکێکی ترە لەو نیشانانە کە هێمن عیشق وەکوو فاکتەرێکی ڕەهایی‌بەخش پێناسە دەکا. ئەو کارەی کە شۆڕش و چینی کرێکار لە بیرۆکەی مارکسیدا دەیکەن، لای هێمن عیشق ئەو کارە دەکا:
ئەوین نابینێ بەینی قەوم و دینان / ئەوین نازانێ فەرقی توێژ و چینان
ئەوین دوو دڵ دەکا مەفتوونی یەکتر / لە کن ئەو وەک یەکن ئیسلام و گاور
ئەوین خاتوو زڵێخای نەرم و هێدی / دەکاتە دیلی عەبدی زێڕخڕیدی
ئەوینە شێخی سەنعانی غەیب‌زان / دەکاتە گاور و شوانی بەرازان (هەمان؛ ل، ٢٩١).
هەر لە بەر ئەو تایبەتمەندیانەیە کە “کیژی میر” و “لاوی هونەرمەند” پەنا دەبەنە بەر عیشق و بۆ نەجات بوونیان لەو ژیانە ناخۆش و تاڵە، بۆ ئەوەی ئاواتەکانیان بێتە دی و بۆ ڕزگاربوونیان لە نابەکاران و زاڵمان، ژیانێکی ئەویندارانە هەڵدەبژێرن:
ژنێکی ڕاسپاردە کن هونەرمەند / ئیتر ئەو بێبەشی و سووتانە تا چەند؟
خەمی دووری نەخۆین هەرچی دەبێ، بێ! / دەبا بێ و بڕۆین، هەرچی دەبێ، بێ!
وەڕز بووم لەو ژیان و پنج و مۆرە / بە ئازادی بژیم تاوێکی زۆرە
هەموو زێڕ و جل و نۆشین و خواردن / فیدای تاوێ دەگەڵ ئەو ڕابواردن
هەتا کەی مەینەتی دووری بچێژین! / هەتا کەی بووکی ئاواتمان بنێژین!
هەتا کەنگێ خەیاڵ بگرینە باوەش! / بلەرزێنێ مچوڕکی بێبەشی لەش!
هەتا کەی ئەو نەبینم تێر بە چاوان! / لەسەر من داخرابێ دەرکی باوان!
هەتا کەی داخرێ سینگ و بەرووی من! / هەتا کەی نەشکێ تاسە و ئارەزووی من!
دەبا بێ و ڕوو بکەینە دوور وڵاتان! / نەجاتم دا لە نێو شوورە و قەڵاتان!
ئەگەر مەردە، بەجەرگە، پاکە، سەرباز! / دەبا بێ و من بکا لەو بەندە دەرباز!
نەبێ باکی لە خوێڕی دیوەخانان / بە پیاوان دێنە دەر گەوهەر لە کانان (هەمان؛ ل، ٢٩٣-٢٩٢).
کچی میر ئەوەندە ژیانی ئەویندارانەی لا خۆشە کە ژیانی ئێستەکانەی خۆی وەکوو ژیانی ناو بەند و زیندان وێنا ئەکا، ئەگەرچی جل و زێڕ و زیو و نۆشین و خواردنی زۆری لە بەر دەستا ببێ، بەڵام تەواوی ئەوانە فیدای تاوێک ڕابواردن لەگەڵ یار ئەکا، تەنانەت ئەگەر مەجبوور بن وڵات بەجێ‌بێڵن و بەرەو دووروڵاتان کۆچ بکەن. بیرۆکەی سەرەکیی هێمن لەو شێعرەدا ئەوەیە کە ئەوین و ئازادی – تەنانەت تاوێکیش بێ – ئەگەر زۆر باشتر نەبێ لە زێڕ و زیو و جلی جوان و … هیچ نەبێ ئەولەویەت بە عیشق و ئازادییە و ژیان بەبێ ئەم دووانە نە جوانە و نە ناویشی ژیانە.
دەبا هەر ئەتڵەس و دیبای لە بەر بێ / کچێک ڕووبەستە و چارشێو بەسەر بێ
بڵا پاژنەی لە زێڕ بێ کەوشی جوانێ / کە دانرابێ لە دەرکی دەرکەوانێ
بە کاری چی دێ خشڵ و زێڕ و زێوەر / کچێکی نەشتە نێو خەڵک و جەماوەر
بە کاری نایە بەرگی جوان و مومتاز / کچێکی چاوی دروابێ وەکوو باز (هەمان؛ ل، ٢٨٩)

هێمن بە شێوەیەکی دیکەیش بەرهەڵستی جۆرێک لە نابەرابەری دەبێتەوە، کە لە کۆمەڵگادا باوە. ئەو جۆرە لە نابەرابەری و دژایەتییە بریتییە لە ململانێی نێوان ئەو کەسانەی کە خاوەنی سەرمایەی فەرهەنگین لەگەڵ کەسانێک کە سەرمایەی مادییان هەیە. دیارە ئەم کێشەیە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە و زۆر کەسی خاوەن‌فەرهەنگ، گلەییان لەو دۆخەی کۆمەڵگا کردووە کە کاڵاکەیان، کڕیاری نییە و کەس قەدریان نازانێ. لە کتێبی “سەمفۆنیای مردووەکان”دا، “عەباس مەعرووفی” بە شێوەیەکی سیمبولیک ئاماژەی بەو ڕووبەڕووبوونەوەیە کردووە کاتێک “برای بازاڕی” دژ بە برای “شاعیر” دەوەستێت و هەوڵ دەدا لە ناوی ببا. لە ڕاستیدا، نووسەر لەو ڕۆمانەدا فەرهەنگ و پووڵ دژ بە یەک دادەنێ کە بە درێژایی مێژوو ئەو دوو برایە پێکەوە نەسازاون و زیاتر برای بازاڕی هەوڵی داوە براکانی تری بکووژێ و سەروەت و سامانی بنەماڵە هەڵگڕێ بۆ خۆی.
هێمن هەست بەو کێشە کۆمەڵایەتییە دەکا، ناڕەزایەتی دەردەبڕێ و دەڵێ: من لەمێژە دەوەی گەییوم قەڵەم نانی پێ پەیدا نابێ. هەروەها لە زۆر شێعردا ئەم کێشەیە وێنا دەکا کە سەرمایەی فەرهەنگی بایەخی پێنادرێ و هونەرمەند و ئەو کەسانەی خاوەنی ئەم جۆرە لە سەرمایەن جێگە و پێگەی کۆمەڵایەتیی شیاویان نییە:
چ ئینسافە ئەمن بەو دەنگی خۆشم / ئەسیر و دیل و زیندانی و خەمۆشم
بەڵام ئێستا قەلی ڕووڕەش لە گوڵزار / بە قاڕەقاڕ دەدا گوێی خەڵکی بازاڕ
گوتم ئەی بولبولی خەمگینی دڵمەند / مەناڵێنە لە دەس داو و لە دەس بەند
بزانە ئەوی ئەهلی هونەر بێ / دەبێ یا دەسبەسەر یا دەربەدەر بێ
هونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە / هونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە
ورینگە خۆشەکەت بۆ تۆ بەڵایە / ئەتۆ خۆش‌خوێنی حاڵت بۆیە وایە
ئەگەر نەتبا ورینگە و دەنگی وا خۆش / بەڕەڵڵا بووی وەکوو ئەو ڕووڕەشە تۆش (هەمان؛ ل، ١٢٨).
هێمن لای وایە کۆمەڵ جیاوازی دادەنێ لە نێوان خاوەنی زێڕ و خاوەن‌فەرهەنگ و ئەمەیش بە خەسارێکی کۆمەڵایەتی دەزانێ، کە خوێندەواری و زانین کەڵک و بایەخی نییە و لە هەمان کاتیشدا کەسێک کە سەرمایەی مادی هەیە دەتوانێ ببێ بە ئەدیب و خوێندەوار، بەڵام سەرمایەی فەرهەنگی لە بەرچاوی خەڵکت دەخا و سووکت دەکا:
لە بار و قیت و قۆزە خاوەنی زێڕ / ئەگەر کووڕە و وەگەر گۆجە و شەل و گێڕ
بەژن‌باریک و شووش و شۆڕەلاوە / ئەگەر پیرێکی خوێن‌تاڵە و ورگ تێر
دەڵێن زانا و ئەدیب و خوێندەوارە / ئەگەر نەیخوێندبێ شەش پیت و دوو دێڕ
بەڵام زێڕت نەبێ سووکی ئەگەر تۆ / بدەی دەرسی هەزاری وەک شکسپێڕ (هەمان؛ ل، ۶۶)
خاڵێکی گرینگ کە هێمن ئاماژەی پێدەکا ئەوەیە لە کۆمەڵی کوردەواریدا ئەگەر زێڕت نەبێ پێگەی کۆمەڵایەتیی باڵات نابێ، لەوە ناخۆشتر و خەساری گەورەتر ئەوەیە کە لە بازاڕی ژیاندا ئەوانەی کە غەیری هونەر خاوەنی هیچ سەرمایەکی دیکە نین، بەشیان ڕەنجەڕۆیی، دەربەدەری، پەرێشانی و خەفەت دەبێ:
منیش چونکە بڕێک خاوەن‌هونەر بووم / هەمیشە ڕەنجەڕۆ بووم، دەربەدەر بووم (هەمان؛ ل، ١٢٩)
دەزانی بۆچی من هێندە پەرێشان و خەفەت‌بارم / لە بازاڕی ژیان، غەیری هونەر نیمە چ سەرمایە (هەمان؛ ل، ١۴٩)
بەشی کوردێکی زانا لەم وڵاتە مەینەت و دەردە / ئەوەی نەتویست بڵێ ڕەببی بە دەردی کوردی زانا چێ
لە ناو بازاڕی ئەورۆکەی ئەدەبدا شێعری تۆ هێمن / وەکو پووڵی چرووکە، هیچ ڕەواجێکی نییە، ناچێ (هەمان؛ ل، ١۵١)
لەو شێعرەدا، هێمن لە چوارچێوەی تیۆریی سەرمایەی “بۆردیۆ”دا قسە دەکا. ژیانی وەکوو “بازاڕ” و هونەریشی وەکوو “سەرمایە” وێنا کردووە – هەڵبەت زۆر زووتر لە بۆردیۆ ئەو شێعرەی نووسیوە. دیارە لە تیۆرییەکانی بۆردیۆدا بازاڕ جێگای نابەرابەری و ململانێی چین و توێژە جۆراوجۆرەکانە، کە هەر کامە سەرمایەی تایبەت بە خۆیان هەیە. هێمن بۆ نیشاندانی ئەو نابەرابەری و دژایەتییە لە چەمکی وەکوو “کەماڵ” – “ماڵ”، “دەنگ‌خۆش” – “ڕووڕەش”، “ماڵپەرست – جوانپەرست” کەڵک وەردەگرێ و بەم چەمکانە دووبەرەکی و نابەرابەریی ناو کۆمەڵ شی دەکاتەوە.
تۆش دەگۆڕیەوە دەگەڵ گەوهەر هونەر؟ / کەنگێ گەوهەر جوانی کردن بەختەوەر؟
زێڕ بەڵایە، بێوەفایە دەوڵەمەند / هەر هونەر نەمرە، هونەروەر مەرد و ڕەند
“چڵکی دەستە ماڵی دنیا” وەک دەڵێن / ماڵپەرست پەیمان‌شکێنە و بێ‌بەڵێن
قەدەری جوانی کوا دەزانێ ماڵپەرست / جوانپەرستە پیری خاوەن زەوق و هەست (هەمان؛ ل، ٢۵۴)
لەم شێعرانەدا کە دووبەرەکییەکە زەقترە، زمانی هێمن توندترە و ڕاستەوخۆ دەچێ بە گژ ئەوانەدا کە قەدری جوانی و هونەر نازانن و سوودپەرستن:
چ ناپیاون ئەوانەی سوودپەرستن / دژی خاوەن دڵی شەیدا دەوستن (هەمان؛ ل، ٢٩۶)
ئەگەر زێڕ و دراو دەوری نەبووبا / بلووری ژین دەبوو غەوری نەبووبا
ئەگەر پارە نەبووبا بیر و بڕوا / دەبوو زاڵم لە کوێ وا دەستی بڕوا (هەمان؛ ل، ٢٩٧)
ئەو کەسانەی پووڵپەرستن، تەنیا عەیبیان ئەوە نییە کە قەدری عیشق، جوانی و دڵی شەیدا نازانن و هەوەسبازن، بەڵکوو بایەخی سامان و سەرمایەی کۆمەڵایەتیش لە کۆمەڵدا دەکەن بە هیچ:
نا مەچۆ، جوانێ مەچۆ، واوە مەچۆ / تۆ فریوی زێڕ و زێوی وان مەخۆ
ئەو هەوەسبازانە جێی متمانە نین / هەر دەزانن گوڵ‌چنین و بەی‌ڕنین (هەمان؛ ل، ٢۵۴)
ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی کەسانی خاوەن پووڵ و سەرمایەی مادیی لەگەڵ کەسانێک کە جوانپەرستن و غەیری هونەر چ سەرمایەیەکیان نییە، ڕەنگدانەوەی زۆری بووە لە شێعر و ژیانی هێمندا. بەگشتی پرسی دژایەتیی چینایەتی و نابەرابەری یەکێک لەو بابەتانە بووە کە هێمن بیری لێ کردۆتەوە و لێکدانەوە و هەڵوێستی بووە.
لە سەردەمی هێمندا ئەندێشەی چەپ و مارکسی زاڵ بووە بەسەر بیر و بۆچوونی ڕۆشنبیران و چالاکانی سیاسیدا و بەپێی ئەم زاڵ بوونە چاوەڕوان دەکرا کە هێمنیش وەکوو بەشێکی زۆر لە نووسەران و شاعیران هەر لەو چوارچێوەیەدا هەڵوێست بگرێ، سەرنجی زیاتر بدا بە دۆخی ئابووری و بەرابەری و دەسەڵاتی سیاسی بە تاکە ڕێگاچارەی کەم کردنەوەی زوڵم و زۆر بزانێ. بەپێچەوانەی ئەندێشە و گوتاری سەردەم، هێمن، ڕێ‌وشوێنێکی دیکە دەگرێتە بەر و بایەخی زیاتر بە تاک و فەرهەنگ دەدا، بۆیە عیشق لای هێمن ڕەهایی‌بەخشە و زۆر لە زێڕ و زێو بە باشتری دەزانێ.

سەرچاوەکان:
-ایوبی، حجت‌الله (۱۴۰۰) به طعم فرهنگ: جامعه‌شناسی سیاسی پی‌یر بوردیو، تهران، نشر ثالث.
-بوردیو، پی‌یر (۱۳۸۴) شکل‌های سرمایه: در کیان تاجبخش، سرمایه اجتماعی: اعتماد، دموکراسی و توسعه ، ترجمه‌ی
افشین خاکباز و حسن پویان، تهران، انتشارات شیرازه.
– دیوانی قانع: کۆی بەرهەمەکانی قانع (٢٧٢١ کوردی) کۆکردنەوەی: ڕفێق ساڵحی، سنە، انتشارات آمیار.
– هەژار (٢٠٠١) بۆ کوردستان: هەولێر، بڵاوکراوەی ئاراس.
-سەرجەم بەرهەمەکانی مامۆستا هێمن (٢٠١۴) هەولێر.

 

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل