مامۆستا قانع شاعیری چەوساوەکان و داماوەکانی گەلەکەیەتی و پەرەپێدەر و داڵدە و داشداری بیری نەتەوەیی و بیرۆکەی شوناسخوازانەیە و قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادری کۆییی پێشەنگە.
قوتابی بوونی قانع لە ڕووی هزر و بیریەوە و لە جەغزی بیری نیشتمانپەروەری و شوناسخوازییەکی پاکژدا وێنا و مانا دەکرێتەوە، کە حاجی پێشەنگی ئەو بیرە شوناسخوازەنەیە و ڕچەشکێنی ئەو ڕێچکە پێشکەوتنخوازانەیە لە ئەژمار دێ و ئەمە گفتێکە کە گشت لا لەسەری هاوڕان. لە لایەکی ترەوە دەکرێ بێژین قانع بەردەبازی ڕێچکەی شەتەک دانی بیری نەتەوەخوازیی پێشکەوتنخوازانەی کوێستان و گەرمێن و ڕۆژهەڵات و باشوور بووە بە ۳ واتا و ماناوە:
یەکەم) بەو مانایە کە قانع خۆی لە ڕۆژهەڵات لەدایکبووە و لە درێژەی ژیانیدا لە باشوور گیرساوەتەوە و پشکۆی ئاگری نیشتمان دۆستی و گەلویستی لە هەر دوو بەشدا داگیرساندووە و ئایساندوویەتی و شۆق و شەبەقی ئەم داگیرسان و ئایسانە قەد و لاپاڵەکانی هەر دوو بەشی گەرمێن و کوێستانی بە یەک ڕادە داگرتووە و خێوەتی ئەدەبی بەرگری و خۆڕاگری ڕاگرتووە و دواتریش بە هۆی پێشکەوتنخوازبوونی بیرۆکەی شێعرییەوە، زۆر کەس و کەسایەتی بوونەتە گراوی باڵای تەرز و بەرزی هۆنراوەی قانع و دڵگری و دڵئەنگێویی بیرۆکەی شێعریی قانع، ئینجا زۆر قوتابیی ناودار و پێشڕەو لە قوتابخانەی هزریی قانعدا پێگەیشتوون و له هەمووان بەرچاوتر و دەروەستتر و شوێندانەرتر و خاوەنشێوازتر: پەشێوی مەزن و خاوەنشکۆ؛
دووهەم) مەشغەڵی بیر و هزری قانع بە هۆی گڕ و تینی ئەو ئاگردانە بیریارانەیەی لە حاجییەوە بۆی بە میرات ماوەتەوە، لە لایەکەوە و، لە لایەکی تریشەوە ئەو داهێنان و ئافراندنە نوێخوازانەیەی پەشێوی مەزن لە باری فۆرم و ڕواڵەت و توێکڵەوە کە هاوتای ئاواڵدوانەی نێوئاخن و نێوەڕۆک و توێکڵی هۆنە و ڕاسپاردەی شێعری قانع و حاجی بووە، ئەوانە تێکڕا و هەمیسان و پێکەوە، ڕووناکیدەری قەد و لاپاڵاکەنی کوردستانی کوێستان بوون و ئێستاشی لەگەڵابێ تیشک و شەبەقی ئەم شێعرە و ئەم بیرە، وەک خۆری بەگڕ و تین و هەتاوی بەگەڕ و گوڕی هاوینان، گەرای گووران و داهێنانی جوانیناسانەی دەروەست دادەنێ و کۆڕی ئافراندنی وێژەیی پێشکەوتنخوازانی گەل و نیشتمان گەرم و ڕووناک ڕادەگرێ؛
سێهەم ) بە هۆی پەشێوی مەزنەوە و ئەو ئاڵوگۆڕە ناهاناوەکی و غەیرەجەوهەرییەی وا لە ڕواڵەت و توێکڵ و فۆڕم دا، بۆ ئەم بیر و کاکڵەی دۆزییەوە و دەروەست بەم کاکڵ و مانا و ڕاسپاردەیە مایەوە و توێکڵی داهێنەرانەی خۆی و کاکڵی ماناتەوەری قانع و حاجی، وەک ئاواڵدوانە، زۆر وەستایانە و مامۆستایانە، پێکەوەی لکاندن و لێکیگرێدان و کردی بە ڕایەڵ و پۆی تەونی نەتەوەخوازیی پێشکەوتنخوازانە‒ ڕێک بە هۆی ئەم مێکانیزمە “جوانیناسە-بیریارانەیە”ی پەشێوی مەزنەوە ‒ دیسان تیشکی بیر و هزر و هۆنەی قانع، بە تێکشکدانەوەیەکی بەربڵاو، گەڕایەوە کوردستانی کوێستان و سەدان قوتابیی مکوڕ و شێلگیر سەرقاڵی گەرمداهێنانی ئاگردانی ئەم بیرۆکەیە و ئەم شێوازە داهێنانە دەروەستە بوون و لە سەرووی هەمووانەوە قوتابیی هەرە مەزن و ناسراو و دەروەست و شوناسخواز و خاوەن هەست و هەڵوێست، مامۆستا جەلال مەلەکشا، کە خۆی قوتابخانەیەکە و سەدان قوتابی و گراوی هەیە.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای بیر و هۆنەی حاجی و قانع و پەشیو و جەلال.
- سقز رووداو
- کد خبر 21245
- بدون نظر
- پرینت