شانۆی پردێک لە شووشە باسی پردێک دەکات لە شووشە، لە نێوان تاوانبار و شکاتکارێک، لە نێوان ژنان و تاوانباریی پێشوەختەی، لە نێوان کۆمەڵگای نەریتی و پیاوسالار و ژنانی بێتاوان، پردێک لە نێوان ژیان و مەرگ، پردێک لە نێوان یاسا و ڕێسای ناو کۆمەڵگا و ئەوەی کە جیاکاری ڕەگەزی لە نێو کۆمەڵگای نەریتیدا دەبێتە هۆی کارەساتی مرۆیی و دووبارە بوونەوە چەندبارەبوونەوەی تاوانەکان، ئەوەی کە نە یاسا و نە باوک و نە شوو، گوێ نادەن و بەڵگەهێنانەوە و ڕاستییەکان گرنگ نین، بەڵکوو گوشاری کۆمەڵگا، گرنگترین بەشی ژیانە و ژنان یەکەم و سەرەکیترین قوربانیەکانی ئەم بارودۆخە دڵتەزینە نادادپەروەرانەیەن. هەر شانۆیەک بتوانێت بە دەستپێکێکی سەرنجڕاکێشەوە دەست و دڵی بینەر بگرێت و بیباتە ناو هەناوی ڕووداو و بابەتەکەوە، کاریگەریی و پەیامنێریی خۆی مسۆگەر دەکات و بینەر لە هەوێڵ دادەبڕێت و دەیکا بە بەشێک لە ڕەوتی ڕووداوەکە و پەیامی خۆی دەچەپێنێتە ناو ناوشیار و دڵی بینەرەوە، ئەمەش هەر هەمان مەبەستی شانۆنامە و نووسەر و دەرهێنەرە، کە لە دەروونناسیدا پێی دەوترێت دابڕان ، واتە ڕەوتانەیەکی هیپنۆتیسمی کە سەرنجی بینەر بە تەواوەتی بۆ لای چیرۆکەکە و تایبەتمەندیەکانی ڕادەکێشێت و دواتر لە دەرەوە و هەوێڵ دایدەبڕێت و یەکسەر بینەر دەکا بە بەشێک لە شانۆکە و چیرۆکەکە و ئەڵێی خۆی دەورگێڕی ڕووداوەکانە و بەبەردەوامی لە هەناوی ئەم ئەکتەر بۆ ئەو ئەکتەر دەگوازرێتەوە و ئاگای لە هیج شتێکی دیکەی دەورووبەر نامێنێت و ئاوێتەبوونێکی تەواو ئەزموون دەکات.
شانۆکە، لە خولەکە سەرەتاییەکانی خۆیدا بینەر لەگەڵ خۆی ڕادەکێشێ و سەرەتا بە ئاوێتەیەک لە ژیری نووسەر و دەرهێنەر، بە گۆڕانی پەیتا پەیتای نوور و کایە بە نوور، بە بەردەوامی سەرنجی بینەر لەسەر ژنەکەوە، دیالۆگ بە دیالۆگ دەگۆڕێت بۆ لای پیاوەکە و هەرکامیان چیرۆکی هاوتەریبی خۆیان لەو شەوەدا دەگێڕنەوە. ئەم کایەکردنە بە نوور و ئەکتەر و گێڕانەوە کورتەکان، ئاسانکاری زیاتر بۆ ڕەوتانەی دابڕان دەکات و هاتووچۆکردنی بەردەوام و یەک لە دوای یەک بە سەرنج و گوێی بینەر، جۆرێک لە ئاوێتەبوونی ناوشیارانە لە ناو دەقدا درووست دەکات و کۆمەڵێک پرسیار لە مێشکی بینەردا دەخوڵقێنێت و لێرەدا نوسەر و دەرهێنەر بە کەڵکوەرگرتنی ژیرانە لە ڕوتانەی هەڵواسراوی ، ناجێگیریی بۆ باروودۆخەکە و سەرسووڕمان بۆ بینەر دەخۆڵقێنن و بینەر یەکسەر دەکەنە بەشێک لە ڕووداوەکە. ژنەکەی ناو شانۆکە هەموو پێوەرەکانی شێواوی زەبری دەروونی پاش کارەساتی هەیە و ترس و تۆق و فلاشبەکی هەیە و بەردەوام باسی تاکسیەکی سپی خەت نارنجی دەکات و ئەڵێی ئەو بیرەوەریە لە مێشکیدا چەسپاوە و پەنگ دەخوات و دەسووڕێتەوە و ناوەناوە هێرش دەهێنن بۆ مێشکی. شووی ژنەکە، پیاوێکی نەریتی تۆخە و نوێنەری بەشێکی زۆری کۆمەڵگایە کە ژن وەک ئامرازێک و کەلوپەلی ماڵەوە دەزانن، ئەم پیاوە نوێنەری ڕەوتێکی مێژووییە کە نوینەرایەتی کەسانێک دەکات کە پیاوسالاری تۆخیان لا باشترین بژاردەیە و ژن وەک مرۆڤ سەیر ناکەن و تەنیا دەبێ لە خزمەتی پیاواندا بن و لە چێشتخانە و هەوێشخان و دیو و حەوشە دوور نەکەونەوە و تەنانەت مافەسەرەتاییەکانی مرۆڤیش بۆ ئەوان نییە و ئەوان تەنیا خزمەتکارێکن لە ماڵ ی شوودا. لەم شانۆیەدا، ئەکتەری پیاوی یاسا و شووەکە و باوکەکە، هەر یەک ئەکترن، واتە دەرهێنەر بەم ژیرایەتیە دەیەوێت بڵێت ئەمانە هەر یەکێکن و لەیەک زارەوە دەدوێن و هەموویان هەر درێژەدەری یەک بیروباوەڕن.
بەڵام ڕۆڵ و دەسەڵات و شوێنە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانیان جیاوازە. ئەگینا لە هەناودا هەر یەک کەسن. ئەم چیرۆکە دڵتەزێنە ڕێک چیرۆکی سەدان و هەزاران کچ و ژنی ئەم کۆمەڵگایە کە بە دیلی و بێ ئاگایی و بێ توانای بڕیاڕی سەربەخۆوە باردێن و دواتر هەر هەمان پەروەرێنەرانیان بە سەختی دەیانخنکێنن.
- سقز رووداو
- کد خبر 20060
- بدون نظر
- پرینت