✍یادداشت: عەبدولقادر نیازی (نووسەر و ڕەخنەگر و کارناسی باڵای لێکۆڵینەوە کەلتوورییەکان)
گوتاری تۆتالیتەری توندئاژۆ و کاڵفام گوتاری دژوازی و پاڕادۆکسە. نەستی گشتی و سەرچەشنەکانی تۆتالیتەری ڕادیکاڵ و توندئاژۆ کە پتر لە هەموو بەستەرێک خۆی دە بەستەری هێزی یاساداناندا دەدۆزێتەوە، خاوەندارێتی هیچ چەشنە لۆژیک و عەقڵانییەتێکی پلۆڕال و فرەڕەهەند و فرەشێواز ناکا. یەکانگیری نەتەوەیی و پێناسەکردنی نەتەوەکانی تر لە ژێر مێتافیزیکی ئیدئۆلۆژیکی فارسیزمدا، خۆویستانەترین خسڵەتی کاڵفامیی گوتاری تۆتالیتەرە. نموونەکەی پەسن نەکرانی یاسای خوێندن بە زمانی دایکییە لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ئێران. هۆکاری ڕووخانی وەها عەقڵییەتێک ئەو پڕەنسیپە خەست و تۆخە ئیدئۆلۆژیک و تێکدەرانەیە کە سەر و گوێلاکی تەنیوە. بەو جۆرەی لۆکاچ دەڵێ:
ئەو عەقڵانییەتە نیشتاوی(رسوب)مێتافیزیک/ئیدئۆلۆژیکییە، بۆیە نە پێبەندی هیچ شێوازێک لە عەقڵ و هزرە و نە هیچ ئەویترێک بە فەرمی دەناسێ بەڵکوو لە بنەڕەتەوە بە هۆی ئەوەیکە عەقڵییەتێکی پاوانخواز و یەکدەستخوازانە و ڕووهەڵماڵاوی هەیە، هیچ ئەویترێک دە بەرامبەر خۆیدا نابینێ. ئیدئۆلۆژی بەو شێوازە لە ڕوانگەی لوکاچەوە نە تەنیا ئاگایی درۆیین و ڕووخەکە بەڵکوو ئاگاهی ناپێبەند و بەڕەڵلا و نادەروەستیشە. دە ڕاستیدا عەقڵییەتی تۆتالیتەر، عەقڵییەتێکی دیهاوێژە کە لە بنەڕەتەوە دە پەلەقاژەی ڕاکردن لە ئیدئۆلۆژی دایە بەڵام خۆی دە داوی پاساوی ئیدئۆلۆژی ژینۆسایدیک و کەلتووری و شوناسخوازانە کەوتووە. دیهاوێژی(برون فکنی) ئەو عەقڵانییەتە ڕێک دەوە دایە کە خۆی لە بنەڕەتەوە لە سەر پڕەنسیپی بۆشایی دامەزراوە. سۆبێکتی ئەختەکراوی ئەو گوتارە بە هۆی هەڵپەسێرانی لە نێوان ئیدئۆلۆژی و نا/شوێنی ئاڕمانخوازانەدا، حاسڵاتی بەستێنێکی هیستریک و بەتاڵە لە هەر چەشنە واتایەک.
عەقڵییەتی ئەو ستایلە لە پاوانخوازی و پانیستی، لە وەهم دەست پێ دەکا و بە مێتافۆڕ کۆتایی دێ. دە ڕاستیدا بۆ ئەو عەقڵییەتە، بەستێنێکی بوونناسانە وجوودی نییە بەڵکوو خۆی لکاندووە بە مێژوویەکی بەتاڵ و دەسەڵات و بە هۆی لێک گرێدرانی لە گەڵ تڕۆما و مەنفییەت، پتر خاوەنی مەیلێکی ئاماڵ گەندەڵە. لەو بوارەوە ئیگۆی تۆتالیتەر و پاوانخواز، هەڵوەسراوە بە ئۆبێکت و بەرناسی داخوازراوە کە لە ڕیشەوە تووشی تڕۆما و ڕووح برینداری بووە. تەنگژەی سەرەکی ئەو ستایلە لە پاوانخوازی، ناچاربوونێتی لە نمادین کردنی کردەی واقیع کە ڕێک دە بێ تاریخ بوونیدا دەبێ سوراغی بگیرێ. ئەوەی نەستی گشتی پاوانخوازی و تۆتالیتاریزم لە ژێر ناوی سیاسەت و یاسا نواندندا دەیکا، قەرەبووکردنەوەی هەمان بێ تاریخی و ژیانە بە تڕۆما و ئیدئۆلۆژی و قەشمەجاڕی پانیستیک دا.
- سقز رووداو
- کد خبر 20663
- بدون نظر
- پرینت