زۆربەی هەرە زۆری بەردەنگان ئاگاداری ئەم ڕاستییە هەن کە مامۆستا ئەحمەدی قازی خاوەنی کەسایەتییەکی فرەڕەهەند و فرەدەنگە؛ مامۆستا قازی هاوکات ڕووناکبیر، نووسەر، لێکۆڵەر، زمانناس، زمانزان، ڕۆژنامەوان، فەرهەنگنووس، تەنزنووس، وتاروێژ، وێژاوەر و چالاکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی و ڕامیاری بوو؛ بەبێ زێدەڕۆیی و پێداهەڵگوتن، لە تێکڕای ئەم بوار و ڕەهەندانەشدا زۆر سەرکەوتوو و پێشکەوتوو و پێگەیشتوو بوو؛ لە سەرووی هەمووانیشەوە وەرگێڕێکی هەڵکەوتە و بلیمەت و زمانپاراو و داهێنەر بووە.
مامۆستا ئەحمەدی قازی، لەم وەرگێڕە بلیمەتانە بووە کە بەڕاستی زمان لە دەستیدا وەک مێو وابوو و بە هەر چەشنێک بیهەویستبایە کەڵکی لێ وەردەگرت و بەرهەمی داهێنەرانەی پێ دەخولقاند؛ وەرگێڕێک کە وەرگێڕان، بۆ ئەو هاوکات بەرپرسیاریەتییەکی ڕووناکبیرانە-داهێنەرانە بوو؛ کەوابوو لە ئاکامدا ئەو بەرهەمەی دەیخولقاند، بەرهەمێکی ڕەسەن بوو. شارەزایی و لێهاتوویی و دەسەڵاتی کەموێنەی بە سەر زمانی کوردی، وەک زمانزان و زمانناسێکی توانا و زانا و پسپۆڕ و بەئەزموون و خاوەنمرخ، لە ئاستێکی هێنده تەرز و بەرز دابوو کە زار-وتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵەکانی لە کاتی وەرگێڕانی دەقێکی ئەدەبیی داهێنەرانە لە زمانی سەرچاوەوە، هەر بە زار-وتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵی هاوتای خۆی لە زمانی مەبەستدا وەردەگێڕا و هاوتای قامووسی و میکانیکی و داتاشراوی بۆ دانەدەنان، واتە دەگەڕا نزیکترین زار-وتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵی لە زمانی مەبەست دەدیتەوە کە هاوتای واتایییان بێ لە زمانی سەرچاوەدا، نەک هاوتای وشەیی و قامووسی. لە تێکڕای ئاسەواری زۆر و زەوەندی بواری وەرگێڕانی ئەم وەرگێڕە زمانپاراو و زمانزان و زمانناسەدا، ئەم تایبەتمەندیی ناوازەیە به ڕوونی وەبەرچاو دەکەوێ؛ بۆ وێنە مامۆستا ئەحمەدی قازی لە وەرگێڕانی دۆنکیشۆت بۆ سەر زمانی کوردی_ڕێک بەوێنەی وەرگێڕانی دۆنکێشۆت بە زمانی فارسی لە لایەن مامۆستا محەممەدی قازی_ ئەوپەڕی دەسەڵاتی زمانەوانی و زمانزانیی خۆی لەم پێوەندییەدا و لەمەڕ وەرگێڕانی مانایی زار-وتەنی و زاراوە و ئیدیۆم و پەند و مەتەڵەکان لە خۆی نیشاندا، تا ئەو جێگەی کە وەرگێڕانەکەی بووەتە یەکێک لەو دەگمەن وەرگێڕانه ئەدەبییە هەر سەرکەوتوو و پاراو و ڕەسەن و داهێنەرانەی سەرانسەری مێژووی وەرگێڕانی ئەدەبیی کوردی و جێی خۆیەتی خوێندکارەکان و وەرگێڕە تازەکار و کەمئەزموونەکان، وانەی لێ فێر بن، هەروەها لێکۆڵەرانی بواری وێژە و ئەدەب بە وردی لێی خورد بنەوە و ڕاز و ڕەمزی سەرکەوتنی کەموێنەی ئەم وەرگێڕانە هەرماوە شیکەونەوە و شڕۆڤەی کەن. هەروەتر خوێندکارانی ڕشتەی وەرگێڕان و لێکۆڵینەوەکانی وەرگێڕان، جێی خۆیەتی نامەی ماستەرەکەیان لە بابەت ئەم وەرگێڕانە داهێنەرانە و ڕاهێنەرانەیە بنووسن. هەروا ئەم بەرهەمە بەپێز و بەهێزە، شیاوی ئەوەیە کە فەرهەنگنووسانی کورد، بۆ هەڵێنجانی وشه و دەستەواژە و زاراوە و ئیدیۆم و…وەک سەرچاوەیەکی جێمتمانەی زمانەوانی و وەک جستەی زمانی(Linguistic corpus)ـی ڕەسەن و باوەڕپێکراو پشتی پێببەستن و لە مانالێدانەوەی سەروشەکان، کەلکی تایبەتی لێ وەرگرن. جیا لە تەواوی ئەوانە، دەکرێ لە وانەکانی کارناسیی زمان و ئەدەبیاتی کوردی لە زانستگاکان(بۆ وێنە لە زانستگای کوردستان و لە زانستگاکانی باشوور) وەک دەقی هەڵبژاردە و داهێنەرانەی ئەدەبیی سەردەم، لە پڕۆگرامی دەرسیدا بگونجێندرێ. کارێکی دیکەی زۆر پێویست، نووسینی لێکۆڵینەوەیەکی بەراوردکارانەیە، بۆ بەراورد و هەڵسەنگاندنی دەقی دوو وەرگێڕدراوی دۆنکیشۆت بە فارسی و کوردی لە لایەن دوو وەرگێڕی هەڵکەوتە و بلیمەت و زمانپاراو و زمانزان و داهێنەری کورد: مامۆستا محەممەد قازی و مامۆستا ئەحمەد قازی.
ئەم وەرگێڕانە هێندە گرنگ و جیاواز و بەهێزە، کە بیری مرۆڤی تامەزرۆی شارەزا و ئۆگری ئەم بوارە ختووکە دەدا بۆ دۆزینەوەی دەفرییەتەکانی جیا جیا و نوێ و نوێتری ئەم بەرهەمە، هەر بۆیە من پێموایه کە ئەم وەرگێڕانە ئەم لێهاتووییە و ئەم دەفرییەتەی هەیە کە لە زۆر بواری دیکەش کەلکی شیاو و گونجاوی لێ وەرگیرێ؛ بۆ وێنە لە وەرگێڕان و دووبڵەی نوسخەی ئینگلیسی/فەڕانسە/ئیسپانیایی فیلمی دۆنکیشۆت بۆ سەر زمانی کوردی، دەکرێ وەک دەقی سەرەکی کەلکی لێ وەرگیرێ، چون زمانی ئەم وەرگێڕانە کە زمانێکی داهێنەرانەی ڕەسەنی دراماتیک و نەڕێتو و گێڕانەوەییە، بۆ بابەتی دووبلەی سینەمایی زۆر گونجاوە و پڕ بە پێستی خۆیەتی.
مامۆستا ئەحمەدی قازی، وەک وەرگێڕێکی ڕووناکبیر و دەروەست و خاوەنهەڵوێست خۆی لە بەرانبەر زمان و نیشتمان و گەل و نەتەوەکەی بە بەرپرسیار دەزانی و بەرهەمەکانی ئاوێنەیەکن کە هەتاهەتایە ئەم ڕاستییە دەردەخەن.
- سقز رووداو
- کد خبر 21669
- بدون نظر
- پرینت