✍ئاماده‌کردنی: ڕه‌زا سه‌رسێفی
شوێنه‌واری ئه‌م کۆمه‌ڵه له قه‌ڵای به ناوبانگی(زێویه‌ی سه‌قز) دزراوه‌ته‌وه و تا ئێستاش هه‌ر خه‌ریکی هه‌ڵکه‌ندنی ئه‌م قه‌ڵا بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنه‌واری به‌نرخی ئه‌و ده‌وره‌ن. که جگه له قه‌ڵای زێویه، هه‌شت قه‌ڵای دیکه‌ش له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌مانه‌دا بووه، که هه‌تا ورمێ له ژێر ده‌سه‌ڵاتیان بووه.
کۆمه‌ڵی مانایی، دۆستی نزیکی لولو، گوتی، نایری و سوباری بوون و نێوی ئه‌م فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه، هه‌وه‌ڵێن جار له به‌رده‌نووسراوه‌کانی ئاشووردا په‌یا بووه و ئینجا به دۆزینه‌وه‌ی قه‌ڵای زێویه، ئاسه‌واری به‌نرخ له‌م ده‌وره په‌یا بووه و لاپه‌ره‌یه‌کی ڕوون له‌سه‌ر مێژووی ماناییه‌کان ئاشکرا بووه .
ماناییه‌کان زیاتر خه‌ریکی به‌خێوکردنی ئاژاڵ، ئه‌سپ، کشتوکاڵ بوون. له سه‌ده‌ی حه‌وته‌می پێش زایین، به یارمه‌تی سه‌که‌کان هێرشیان بردوه‌ته سه‌ر ئاشوورییه‌کان، به‌ڵام تێک شکاون و هیچ کارێکیان پێ نه‌کراوه. ئه‌م فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه له ساڵی ۷۱۹ هه‌تا ۷۰۵ی به‌ر له زایین به‌رده‌وام بووه.
فه‌رمانڕه‌وایانی مانایی ئه‌مانه‌بوون:
ئیرانزو ۷۱۹ـ ۷۱۶ی به‌ر له زایین
به پێی به‌رده‌نووسراوه‌کانی ئاشوور له ساڵی ۷۱۹ی به‌ر له زایین ئیرانزو کراوه به فه‌رمانڕه‌وای ماناییه‌کان. سه‌ره‌تا سوپاێکی به‌هێزی دروست کردوه و ده‌یویست له‌گه‌ڵ ئاشوور په‌یمانی دۆستایه‌تی ببستێ، به‌ڵام سه‌رۆکانی تایفه له‌گه‌ڵی ڕێک نه‌که‌وتن و به دوای شۆڕشێکی ناوخۆیی، ئیرانزو داخوازی له سارگونی دووهه‌م، پاشای ئاشوور کرد که ئه‌و شۆڕشه له ناو به‌رێ. ئه‌ویش زۆر به توندی ئه‌وانی له ناو برد و زۆر قه‌ڵا و باره‌گای خراو کرد و له‌سه‌ر به‌ردێکدا، ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی خۆی نووسی. پاش ئه‌مه گه‌ڕاوه‌ته بۆ ئاشوور .
ئیزانزو له ساڵی ۷۱۶ی به‌ر له زایین مردووه.
ئازا ۷۱۶ـ ۷۱۳ی به‌ر له زایین
ئازا به پێی به‌رده‌نووسراوه‌کانی ئاشوور، کوڕی ئیزانزو بووه، که پاش باوکی بووه‌ته فه‌رمانڕه‌وا. سه‌ره‌تا سوپای بۆ خۆی دروست کرد و پاشان ئاوه‌دانی و باخ و قه‌نات، شار و گوندی به ناوی خۆی دروست کردووه .هه‌ر وه‌ها ده‌یویست له‌گه‌ڵ ئاشوورییه‌کان په‌یمانی دۆستایه‌تی ببه‌ستێ، به‌ڵام سه‌رۆکانی تایفه زۆریان پێ ناخۆش بووه. له‌م هه‌ڵه‌و چاخه‌دا، مانایی به ناوه‌کانی میتانی و به‌غداتی شۆڕ‌شیان کردووه و به ده‌ستی ئه‌وان کوژراوه.
ئولوسونو ۷۱۳ـ ۷١۵ی به‌ر له ئاشوور
به دوای کوشتنی ئازا پاشای ماناییه‌کان، سارگونی دووهه‌م پاشای ئاشوور له توڵه‌ی خوێنی ئه‌و سه‌رکرده‌ی کورده‌دا، هێرشی هێناوه‌ته سه‌ر ماناییه‌کان و ئه‌و دوو که‌سه‌ی که ئازایان کوشتبوو، گرتی و دایانی له دار. پاشان ئیرانزوی کرده فه‌رمانڕه‌وای ماناییه‌کان، به‌ڵام ئولوسونو به پێچه‌وانه‌ی براکه‌ی، ڕووی خۆشی به ئاشوورییه‌کان پیشان نه‌دا، دوای ماوه‌یه‌ک هێرشی برده‌سه‌ر خاکی ئاشوور و تێک شکا.
دوای ئه‌وه سارگونی دووهه‌م هاته سه‌رزه‌وی و خاکی ماناییه‌کان و قه‌ڵای زێویه و ئارامائیت(قه‌پڵانتوو)ی گرت و ئولوسونوی له دار دا.
سه‌رچاوه‌کان:
١-کتێبی سه‌ره‌تایه‌ک بۆ مێژووی کورد نووسینی: ئه‌ندازیار ڕه‌زا سه‌رسێفی چاپی ساڵی ١٣٩۴ی هه‌تاوی بڵاوکراوی ئاژوان
٢-تاریخ کرد و کردستان دکتر صدیق بوره‌که‌یی (صفی زاده) چاپ اول ۱۳۷۸ی شمسی
- سقز رووداو
- کد خبر 20459
- بدون نظر
- پرینت