شما اینجا هستید
اجتماعی » مێژووی شەوچلە/ له‌تیف سوڵتانی

شه‌وی یه‌ڵدا به‌ چله‌ی گه‌وره‌ش ناوده‌برێت، واته‌ دوایین ڕۆژی پایز که‌ ده‌کاته‌ (۳۰) سه‌رماوه‌ز، به‌درێژترین شه‌وی ساڵ داده‌نرێت‌ و ناونراوه‌ شه‌وی یه‌ڵدا ‌و میلـله‌تانیش هه‌ر یه‌که ‌و به‌شێوه‌یه‌ک ئه‌و شه‌وه‌ به‌ڕێده‌که‌ن، خواردن ‌و چالاکی‌ و فستیڤاڵ‌و کۆبوونه‌وه‌ی که‌سوکار و هاوڕێیان، له‌تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌و شه‌وه‌ن ‌و له‌ کوردستانیش به‌هه‌مان شێوه‌، شه‌وه‌که‌ به‌رز ڕاده‌گیرێت ‌و چه‌ند چالاکییه‌ک ئه‌نجامده‌ ده‌دریت.

 

مێژووی شه‌وی چله‌:
دوایین شه‌وی دوایین مانگی پایز‌ و سه‌رماوه‌ز، که‌ به‌درێژترین شه‌وی ساڵ هه‌ژمارده‌کرێت، به‌شه‌وی یه‌ڵدا ناسراوه‌، یه‌ڵدا وشه‌یه‌کی (سریانی)یه‌، به‌مانای (له‌دایکبوون) دێت، مێژووه‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می میهرپه‌رستی(میتراییزم)، واته‌ ڕۆژی له‌دایکبوونی خواوه‌ندی میهر،باس له ‌ئه‌فسانه‌یه‌ک ده‌کرێت له ‌باره‌ی شه‌وی یه‌ڵدا، گوایه‌ مانگ ‌و ڕۆژ، عاشقی یه‌کتر بوون، به‌ڵام له‌ڕاستیدا مه‌سه‌له‌ی شه‌وی یه‌ڵدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می میتراییه‌کان، دواتر تێکه‌ڵ به ‌زه‌رده‌شتییه‌کان بووه ‌‌و گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ ناو مه‌سیحیی (ڕۆمی)یه‌کان” و جووله‌که‌ و میلله‌تانی‌تر.
ئێرانییه‌کان له‌کۆندا ساڵی ۱۲ مانگه‌یان به‌سیمبۆلی جیهانی۱۲ هه‌زار ساڵه‌ ده‌زانی، که‌ دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر چوار وه‌رزی سێ مانگی سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی ساڵ، که‌ بریتی بوو له‌ له‌دایکبوونی دووباره‌ی هه‌تاو(ڕۆژ)، ئه‌ویش هه‌مان ڕۆژی یه‌که‌می زستان ‌و کۆتاڕۆژی مانگی پایز بووه ‌‌و به‌درێژترین شه‌وی ساڵیش دیاری کراوه‌، که‌ ته‌نها چه‌ند چرکه‌ ساتێک له‌شه‌وه‌کانی دیکه‌ درێژتره‌.یه‌ڵدا شه‌وی له‌ ناوبردنی تاریکی و ئه‌هریمه‌ن و له‌ دایک بوونی هه‌تاوه‌.
یه‌ڵدا که‌ مانای له‌ دایک بوونه‌، مه‌به‌ستیش لێی له‌دایکبوونی خۆره‌، دوو چله‌ هه‌یه‌ له‌ وه‌رزه‌کانی ساڵدا، یه‌کێکیان چله‌ی هاوین که‌ له‌مانگی پوشپه‌ڕه‌وه‌ ده‌ستپێده‌کات، ئه‌ویتریشیان له ‌یه‌که‌م ڕۆژی زستان له‌مانگی به‌فرانباره‌وه‌ دستپێده‌کات.

 

له‌ناو نه‌ته‌وه‌ ئارییه‌کانی کۆندا، یه‌که‌م شه‌وی زستان، به‌مانای سه‌رکه‌وتنی ئاهوورامه‌زدا به‌سه‌ر ئه‌هریمه‌ندا دێت، به‌مانایه‌کی دیکه‌ سه‌رکه‌وتنی خواوه‌ندی چاکه‌یه‌ به‌سه‌ر خواوه‌ندی خراپه‌دا، واته‌ سه‌رکه‌وتنی ڕووناکی به‌سه‌ر تاریکیدا”.بۆیه‌ له‌م شه‌وه‌دا که‌س نابێ بخه‌وێ چونکه‌ ئه‌هریمه‌ن زاڵ و حاکمه‌ و تا به‌یانی ده‌بێ ئه‌و شه‌وه‌ به‌ ڕابواردن به‌ سه‌ر بدرێت.
هه‌تاو سیمبۆلی ئێزیدی مه‌زن (میترا) بووه‌، که‌ جیهانی ڕزگارکرد، چونکه‌ هه‌ر ئه‌و هه‌تاوه‌ یا خود میترا‌ بوو که‌ له ‌یه‌که‌م ڕۆژی مانگی به‌فرانباردا، هێزی ئه‌هریمه‌نی شه‌وی تێکشکاند ‌و جیهانی له ‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شوومی ئه‌و شه‌وه‌ درێژه‌دا ڕزگارکرد، بۆیه‌ کوردان و ئێرانییه‌کانی سه‌رده‌می ئایینی میهری، شه‌وی یه‌ڵدایان به‌شه‌وی له‌دایکبوونی میترا ناوده‌برد ‌و ده‌یانکرده‌ جه‌ژن، چونکه‌ خۆر ‌و ڕووناکی به‌سه‌ر شه‌وی تاریکیدا زاڵ ده‌بێت.

 

شه‌وی چله‌ له ‌ڕووی زانستییه‌وه‌:
شه‌وی یه‌ڵدا که‌ درێژترین شه‌وه ‌و کورتترین ڕۆژه‌که‌شی کورتترین ڕۆژی ساڵه‌، له ‌ڕووی زانستییه‌وه‌ کاتێک ڕووده‌دات، که‌ خۆر ده‌که‌وێته‌ دوورترین خاڵی سه‌ر هێڵی نێوه‌ڕاستی گۆی زه‌وییه‌وه‌.
به‌گوێره‌ی ڕۆژژمێری زایینیش، شه‌وی یه‌ڵدا هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی زستانه‌ له ‌نیوه‌ی باکووری زه‌وی له‌نێوان (۲۰-۲۳)ی کانوونی یه‌که‌می هه‌موو ساڵێک، له‌ نیوه‌که‌ی باشووریش له‌نێوان (۲۰-۲۳)ی حوزه‌یرانی هه‌موو ساڵێک ڕووده‌دات.

 

یادکردنه‌وه‌ی شه‌وی چله‌:

له‌ کۆنه‌وه‌ تا ئێستا له‌لایه‌ن کورده‌وه‌ یادی ئه‌و شه‌وه‌ ده‌کرێته‌وه ‌‌و له ‌کۆندا خواردن ئاماده‌ ده‌کرا‌ و هاوڕێ ‌و خزم ‌و دۆستان له ‌به‌رده‌م سۆمپای داردا کۆده‌بوونه‌وه‌‌ و تا‌کوو به‌یانی به‌خۆشی ‌و ئاهه‌نگ گێڕان ڕۆژیان ده‌کرده‌وه‌‌ و تا ئێستا به‌شێوازی جیاواز ئه‌و ئاهه‌نگ ‌و یاد کردنه‌وه‌یه‌ له‌شه‌وی یه‌ڵدادا له‌کوردستاندا ده‌کرێته‌وه‌.

شه‌وی یه‌ڵدا له‌هونه‌ر‌ و هۆنراوه‌دا:
شه‌وی یه‌ڵدا له‌ناو شاکاره‌ هونه‌رییه‌کان‌و هۆنراوه‌ی شاعیرانی کلاسیک‌و نوێدا به‌کارهێنراوه ‌‌و تا ئێستا که‌ یادی شه‌وی یه‌ڵدا ده‌کرێته‌وه‌، شه‌وه‌که‌ به‌چه‌ندین چالاکی ‌و شیعری جۆرا و جۆر به‌ڕێده‌کرێت.

 

خواردن‌ و چالاکی له‌شه‌وی یه‌ڵدادا:
له‌شه‌وی یه‌ڵدادا هه‌ر ناوچه‌یه‌ک ‌و هه‌ر هۆزێک شێوازی خواردنیان جیاوازه‌، جووله‌که‌کان له‌و شه‌وه‌دا جه‌ژنێکیان هه‌یه‌ که‌ به‌جه‌ژنی دره‌خت ناسراوه‌، مۆم داده‌گیرسێنن ‌و ده‌ست به‌نزا و پاڕانه‌وه‌ ده‌که‌ن، به‌ڵام لای کورد ئه‌و شه‌وه‌ به‌جیاوازتر ناوده‌برێت، له ‌نێو کورددا به‌شه‌وی یه‌ڵدا ده‌وترێت (شه‌وی شه‌و چله‌ی شه‌و) که‌ که‌سوکار و خزم ‌و هاوڕێ کۆده‌بنه‌وه‌ و کاتێکی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن، ئه‌و شه‌وه‌ش له‌ناوچه‌ی موکریان که‌سوکار له‌ده‌وری یه‌کتری کۆده‌بنه‌وه ‌و بۆڵه ‌ترێ که‌ له ‌مانگی کۆتایی هاویندا به‌په‌ت هه‌ڵده‌گیرێت‌ و وشک ده‌کرێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌و شه‌وه‌دا بخورێت، هه‌ر له‌و شه‌وه‌شدا کاسه ‌و دراوسێیه‌تی ده‌کرێت له‌نێوان خۆیاندا که‌ دراوسێیه‌کان خواردن بۆ یه‌کتری ده‌نێرن،له‌ناوچه‌ی (سنه‌)ی خۆرهه‌ڵاتی کوردستانیش له‌کۆتایی هاویندا، کاڵه‌ک هه‌ڵده‌گیرێت که‌ پێی ده‌وترێت (کاڵه‌ک‌ تورش‌) ده‌خرێته ‌نێو سرکه‌وه ‌و له‌و شه‌وه‌دا له‌گه‌ڵ یاپراخی باینجان‌ و بیبا‌ری سوور ده‌خورێت”. هه‌ر له‌شه‌وی یه‌ڵدادا زیاتر شووتی ‌و هه‌نار و هه‌رمێ ده‌خورێت، خواردنی شووتیش به‌مانای ماڵئاوایی کردنه‌ له‌ وه‌رزی گه‌رما و پێشوازی کردنه‌ له ‌وه‌رزی سه‌رما”.

بۆنه ‌‌و مه‌راسیم له‌شه‌وی یه‌ڵدادا:
شه‌وی یه‌ڵدا له‌نێو گه‌لانی جیهاندا تایبه‌تمه‌ندیی خۆی هه‌یه ‌و هه‌ر وڵاتێک له‌و شه‌وه‌دا به‌پێی دابونه‌ریته‌کان ئاهه‌نگ‌و فێستیڤاڵ ڕێکده‌خه‌ن، له ‌ژاپۆن له‌سه‌ده‌ی حه‌وته‌می زایینییه‌وه‌ به ‌ده‌رکه‌وتنی خواوه‌ندی خۆر (تامیتراسۆ) له‌ئه‌شکه‌وتێکدا یادی ئه‌و شه‌وه‌ کراوه‌ته‌وه‌، له‌هه‌ندێک شوێنی دیکه‌ی ژاپۆنیش به ‌لێنانی خواردن ئه‌و شه‌وه‌ به‌ڕێده‌کرێت، به‌ڵام له‌چین، له‌و شه‌وه‌دا خێزانه‌ چینییه‌کان ژه‌مه‌ خۆراکی (تانگیوان) ده‌خۆن که‌ له ‌پێکهاته‌که‌ی برنجه‌، به‌مانای یه‌کگرتوویی خێزانه‌کان دێت، ئه‌مه‌ وێڕای ئه‌نجامدانی ئاهه‌نگ ‌و چه‌ندین فێستیڤاڵی جۆراوجۆر.

 

کات له‌شه‌وی چله‌ وڵاتاندا:
درێژترین شه‌وی ساڵ له وڵاتی ‌فه‌نلاند دایه‌‌ و پله‌ی یه‌که‌مه‌ چونکه‌ ماوه‌که‌ی (۱۸) کاتژمێر‌ و (۲۲) خوله‌که‌، دووه‌میش نۆرڤێژ دێت که‌ شه‌وی یه‌ڵدا تێیدا (۱۸) کاتژمێر ‌و نۆ خوله‌که‌، سویدیش له‌ پله‌ی سێیه‌مدا دێت که‌ (۱۷) کاتژمێر ‌و (۵۴) خوله‌که‌، درێژترین شه‌ویش له‌ کوردستاندا که‌ شه‌وی یه‌ڵدایه‌، (۱۷) کاتژمێر‌و (۱۴) خوله‌که.‌

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل