عادڵ کەریمی
لە ئاسیای ناوەندییەوە هەتا ڕۆژئاواییترین شوێنی کوردستان، نەورۆز، وەکوو جەژنێکی کۆن، پیرۆز دەکرێ. دیارە ئەمە لە قووڵایی مێژوو و لە ئاڵوگۆڕی نێوان نەتەوەکانی ئەو بەستێنەوە سەرچاوە دەگرێ.
لە شیکاریی جەژنی نەورۆزدا کە زۆر جار تێکەڵ بە چریکە(ئەفسانە)ش دەکرێ، تەک ڕەهەندی لێی دەڕوانن. نەورۆز جەژنی سەرکەوتنی کاوەیە بە سەر زوحاکدا، یان جەژنێکی کشتو کاڵی و یان ئاژەڵدارییە؟
جەژنی یەک نەتەوەیە، یان گشت نەتەوەکان وا پیرۆزی دەکەن و دەیبەن بەڕێوە؟
چریکەی سەرکەوتنی کاوە و فەرەیدوون بە سەر زوحاکدا چریکەی فارسەکانە و هاتووەتە نێو کەلەپووری کوردییەوە. لە ڕاستیدا سەپاندنی ئەو شێوەڕوانینەیە کە هەوڵ ئەدا خوێندنەوەی فارسی- ئێرانی بسەپێنێت بە سەر ئەوانی تردا. لەگەڵ ئەوەدا ماکی ژیانەوەی سروشت و دەست پێ کردنی کاروفرمانە و ئەم لایەنە لە نێو زاگڕۆس نشینەکاندا وەکوو کۆڵەکەی ژیان دەهاتە ئەژمار، هەندێ هێما هەیە کە لە جەژنێکی کشتوکاڵی دەیباتە سەرترەوە. بۆ وێنە جەژنی سوورەخەرمان، تەنیا جەژنی کۆکردنەوەی بەرهەمە-لەم دواییانەشدا دیسان دەبرێتە ڕێوە- و دەبێتە بەشێ لە کەلەپووری کوردی، بەڵام ناتوانین لەوە زۆرتر قورسایی بخەینە سەری.
ئاگرکردنەوە لە ئێوارەدا، هەڵپەڕکێ لە دەوری ئاگردا دوو هێمای سەرنج ڕاکێشن. بۆ لە ئێوارەدا ئاگر دەکرێتەوە؟ هەڵپەڕکێش وەکوو پێناسەی کوردان لە دەوری ئاگری ئێوارەدا دەتوانێ نیشانەی نەریتێکی مێری(میترایی) بێت. کۆی ئەمانە تابلۆیەک لە فەلسەفەی ژیانی کوردستان پێک دێنن.
ئاگر لە گۆڕانکارییەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسیی کوردستاندا درێژ بووەتەوە بەڵام دەلالەتەکەی گۆڕاوە. ئاگر لە میترایسمدا ڕووناکیی شەوە، بەڵام لە ئایینی زەڕدەشتیدا هێمای خۆر و ئەهوورامەزدایە. لە میترایسمدا، بە پێچەوانەی زەڕدەشتی واتای میتافیزیکیی پێنەدرابوو.
جێی ئاماژەیە لەم سەردمەدا بە سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی و هەوڵ بۆ تواندنەوەی هێما نائیسلامی- عەرەبییەکان، شێوەی بەڕێوەبردنی جەژنی نەورۆز کەوتە بەر پڕووپاگەندای چەواشەکارانەی ئیسلامی سیاسی( بەتایبەت قاعیدە و ڕەوتە سەلەفییەکان). هەر بۆیە گرنگە جێگە و پێگەی جەژنی نەورۆز لەم سەردەمەدا لێکبدرێتەوە.
لە تورکەمەنستانەوە تا زریای ناوەڕاست(ڕۆژئاوای کوردستان) هەر نەتەوە بە شێوازی خۆی نەورۆز جەژن دەگرن. هەر کامیان بە پێی هەلو مەرجی سیاسی- کۆمەڵایەتییان جۆرێک بۆ نەورۆز دەڕوانن. بۆ میناک حکوومەتی تاجیکستان کە هەوڵی ژیاندنەوەی کەلتووری نەتەوەیی خۆی بەدەر لە ئیسلامە، هەوڵی زەق کردنەوەی هێما خۆماڵییەکان ئەدات. لە ئەفغانستان و ئێراندا، جەژنی نەورۆز تووشی پاڕادۆکس بووەتەوە. لە ئێراندا هەوڵ ئەدرێت خوێندنەوەیەکی ئێرانی – ئیسلامیی لێ بکرێت.
لە کوردستاندا جەژنی نەورۆز جیاوازە. لە کوردستانی تورکیا تا ۱۹۹۱، بە تێکڕا جەژنی نەورۆزیان بە هێمایەکی بەرخۆدانی نەتەوەی ناودێر دەکرد. بەڵام دواتر تووشی پاڕادکۆس بووەوە، بەرخۆدانی نەتەوەیی، یان بەرخۆدان لە هەمبەر دەوڵەتی توورکیادا(نەک بەرخۆدانی نەتەوەیی).
لە هەرێمی کوردستان بە هەوڵی مامۆستا پیرەمێردەوە نەورۆز ژیایەوە و سروود و داب و نەریتی بۆ دانرا. پاش ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ و هاوکات بوون لە گەڵ ڕاپەڕیندا ڕەهەندی پاڵەوانەتیی زەقتر بووەوە. نەورۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان درێژکراوەی شێوازی باشوور و باکوورە.
لە کوردستانی ئێراندا نەورۆز هەڵگری گیانی نەتەوەییە و هەوڵ ئەدرێ بە دەر لە شێوەڕوانینی تایبەتی سیاسی و یان هەر ڕەوتێکی تر ببرێتە ڕێوە. سەرەڕای ئەوەی کە هەندێ لایەنی ئایینی و بەدڕەوشت هەوڵیان داوە خەوشداری بکەن و لە کارکردی خۆی بە لاڕێیدا ببەن.
لە کۆتاییدا گرنگە بوترێت لە نێو ئەو نەتەوانەدا کە جەژنی نەورۆز دەگرن، کوردستان لەم ڕوانگەوە جیاوازە کە نەورۆز بۆ ئەوانیتر هێمای نوێ بوونەوەی سروشت و بە شێوەی سۆزداری بەشێکە لە ناسنامەیان، بەڵام بۆ ئێمە پێناسەی نەتەوەیی و هێمای مان و ژیانەوەیە.
- سقز رووداو
- کد خبر 12099
- بدون نظر
- پرینت