شما اینجا هستید
اجتماعی » هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى (۱۹۲۹ سه‌قز _ ۶/۱۲/۲۰۰۵ به‌غدا)

له‌بوارى چڕینى گۆرانى و کۆرسى هونه‌رمه‌ندان و ژه‌نینى ئامێرى ئیقاع، سه‌ره‌ڕاى ئه‌و کارانه‌ کارى وێنه‌گرى یشی ئه‌نجامداوه‌،

هه‌رکاتێک که‌باسى ئه‌و سه‌رده‌مه‌ى هونه‌رمه‌ند  نه‌مر حه‌سه‌ن زیره‌ک له‌ ساڵى ۱۹۵۶ له‌ شارى سلێمانى ده‌که‌ین، له‌ته‌ک ناو و ناسناو و هونه‌ره‌به‌رزه‌که‌ى زیره‌کى نه‌مر ئه‌حمه‌دى شێخاڵیش هه‌یه ‌و هاورێ و دۆستێکى نزیک و دێرینى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک بووه‌ .


ئه‌حمه‌د میرزا که‌ریم ناسراو به‌ (ئه‌حمه‌د شێخاڵى) له‌ ساڵى ۱۹۲۹ له‌ شارى سه‌قز به‌دنیا هاتووه‌.
له ‌ساڵى ۱۹۵۳ واته‌ له‌ ته‌مه‌نى ۲۴) ساڵیدا، ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ برایه‌کى به‌ناوى محه‌مه‌د پێکه‌وه‌ بۆ مه‌به‌ستى ده‌ستکه‌وتنى کار و دابینکردنى بژێوى ژیان، ڕوولە  باشوورى کوردستان ئەکەن و ماوه‌یه‌ک له ‌شارى سلێمانى نیشته‌جێ ده‌بن.
له‌ هه‌مان ساڵدا ڕوو ده‌کاته‌ شارى به‌غدا و
له‌ ڕادیۆى کوردى به‌غدا ده‌ست به‌کارده‌بێت به‌شێوه‌ى گرێبه‌ست هه‌فتانه‌ى به‌ ۷۵۰ فلس، تا دووساڵ به‌وشێوه‌یه‌ کار ده‌کات و کرێی هه‌فتانه‌که‌ى ده‌بێت به‌ دینارێک و ۵۰۰ فلس .
درک به‌ده‌نگخۆشی ئه‌حمه‌دى شێخاڵى ده‌کرێت، ڕادیۆى کوردى به‌غدا له ‌ساڵى ۱۹۵۴ ده‌سه‌ته‌ى کۆرسى به‌شى کوردى داده‌مه‌زرێنێت، که‌پێکهاتوون له‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ (خه‌لیل عه‌بدوڵڵا، قادرئه‌حمه‌د، جه‌لال کۆچه‌ر، جه‌مال جه‌لال، خوداداد عه‌لى و ئه‌حمه‌دی شێخاڵى) کارى ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ سه‌ندنه‌وه‌ى سه‌ربه‌ندى گۆرانی، گۆرانیبێژانه‌ له‌کاتى چڕینى گۆرانییه‌که‌دا.
هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دی شێخاڵى دواى ئه‌وه‌ى له‌ڕادیۆ چاوى ده‌کرێته‌وه‌ و ئاشنا ده‌بێت به‌ که‌لتوور و فه‌رهه‌نگى به‌غدا و هاورێ و ئازیزانى زۆر ده‌بن، له‌پاڵ ئه‌و کاره‌ى که ‌له‌ڕادیۆ ئه‌نجامى ده‌دات، پاش ته‌واوبوونى کاره‌که‌ى له‌ڕادیۆ، ده‌بێته‌ وێنه‌گر و کارى وێنه‌گرتن دەکات.
له‌گەڵ  حه‌سه‌ن زیره‌ک دا هەر ئەوکاتەی هێشتا هەردووک لە سەقزوڕۆژهەڵات بوون پەیوەندی وهاوڕێیەتیان بووە .
بەڵام بۆ ماوەیەک لێک دابڕاون ودواتر له ‌ساڵى ۱۹۵۵ هونه‌رى گۆرانیبێژى له‌ڕادیۆى کوردى به‌غدا به‌یه‌کترى ئاشناکردوونه‌ته‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کى برایانه‌ و دۆستانه‌یان هه‌بووه تا ئه‌و کاته‌ى که‌ حه‌سه‌ن زیره‌ک ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى کوردستان.
له ‌مانگى (۸ی ساڵی ۱۹۵۶) حکوومه‌تى ئه‌وساى عێراقى له‌ شارى سلێمانى پێشانگه‌ى پیشه‌سازى ده‌کاته‌وه‌، تیپى مۆسیقاى مه‌وله‌وى به‌ سه‌رپه‌رشتى هونه‌رمه‌ند قادر دیلان له‌ هۆڵى ئاماده‌ی سلێمانى له‌ ڕێکه‌وتى ۲۰/۸/۱۹۵۶ ئاهه‌نگێک ساز ده‌که‌ن به‌ به‌شدارى ئه‌م هونه‌رمه‌ندانه‌ (شه‌ماڵ سائیب، برایم محه‌مه‌د، قادرى حاجی حسێن، حه‌مه‌ی به‌کر، که‌ریم کابان و حه‌سه‌ن زیره‌ک) له‌و گه‌شته‌یدا ئه‌حمه‌د شێخاڵى هاوسه‌فه‌رى هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیره‌ک بووه‌، وێنه‌گرى کۆچکردوو (ڕه‌فیق) وێنه‌ى ئه‌و ئاهه‌نگه‌ى گرتووه ‌و وه‌ک دۆکۆمێنت بوونیان هه‌یه‌،
ئەحمەد شێخاڵی له‌ ساڵى ۱۹۶۰ ده‌گه‌ڕیته‌وه‌ بۆ شارى سلێمانی وهاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ خانمێک  به‌ناوى (زوبێده‌ که‌ریم مه‌حموود)کە ئەویش  له‌دایکبووى ۱۹۳۹ى سه‌قز ونیشتەجێی سلێمانی بووە ده‌کات، دواى ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى هاوسه‌رگیرى پێکه‌وه‌ ده‌چنه‌وه‌ بۆ شارى به‌غدا و درێژه‌ به‌ژیانى ئاسایی خۆیان ده‌ده‌ن، به‌روبوومى ئه‌و هاوسه‌رگیرییه‌ ۴ کوڕ و ۳ کچه‌.
ئه‌حمه‌دی شێخاڵى کۆمه‌ڵیک گۆرانى له‌ڕادیۆى کوردى به‌غدا تۆمارکردووه‌، هه‌ندێکى فۆلکلۆرن و هه‌ندێکیشیان له ‌ئاواز و هۆنراوه‌ى خۆیه‌تى، یه‌که‌مین گۆرانی که‌ له‌ ئاواز و هۆنراوه‌ى خۆی بووه‌ به‌ناوى (باخچه‌ى دڵدارى) له ‌ساڵى ۱۹۵۶ خوێندوویه‌تى .
ئەم پیاوە که‌سایه‌تییه‌کى ده‌م به‌خه‌نده ‌و ڕووخۆش و قسه‌خۆش بووه‌، باوک و هاوڕێیه‌کى نزیک و دڵسۆزی خانه‌واده‌ کەی بووه‌، که‌سێکى ساده ‌و هه‌میشه‌ حه‌زى به‌تێکه‌ڵاوى و په‌یوه‌ندى دۆستانه بووه‌، هاوڕێی نزیکى هونه‌رمه‌ندان بووه‌، ئه‌و کات که ‌له‌ ڕادیۆ پێکه‌وه‌ خزمه‌تیان به‌ هونه‌رى موزیک و گۆرانى کوردى کردووه‌، هونه‌رمه‌ندان (حه‌سه‌ن زیره‌ک، ڕه‌سوول گه‌ردى، عه‌لى مه‌ردان، محه‌مه‌د عارف جزیرى، حه‌سه‌نى جزیرى، شه‌ماڵ سائیب، جه‌لال کۆچه‌ر، قادر ئه‌حمه‌د، تایه‌ر تۆفیق، نه‌سرین شیروان، گوڵبه‌هار ).
له‌ ڕادیۆى کوردى به‌غدا به‌رده‌وام ده‌بێت و ته‌مه‌نیشى هه‌ڵده‌کشێ تا ساڵى ۱۹۸۶ خانه‌نشین ده‌بێت، خۆى سه‌رقاڵى کارى وێنه‌گرتنه‌که‌ى ده‌کات.
به‌داخه‌وه‌ ئەم  هونه‌رمه‌ندە له‌ ڕێکه‌وتى ۶/۱۲/۲۰۰۵ گیان ده‌سپێرێت و بۆ هه‌میشه‌ ئۆغر ده‌کات و ماڵئاوایی له ‌ژیان دەکات.
چه‌پکه‌گوڵى خۆشه‌ویستى ڕێز بۆ سه‌ر گڵکۆى هونه‌رمه‌ند ئه‌حمه‌دى شێخاڵى و ڕۆحى شاد و یادى هه‌میشه‌ به‌رزو به‌خێر بێت.

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل