لوقمان نادرپور-سه‌قز
پێشه‌کی: هه‌موو ساڵ که به‌ره‌و نه‌ورۆز ئه‌چین جم و جووڵێکی تایبه‌ت له سروشت وه‌ڕێ ئه‌که‌وێ که ژیانه‌وه‌ی زه‌وی و گژ و گیا و ئاژهڵانبه دووی خۆیدا دێنێت. ئه‌م ژیانه‌وه و جم و جووڵهتایبهت به‌وان نیه ومرۆڤیش وه‌ک بهشێکیتێکهڵاوی سروشتی گۆی زه‌وی له‌م ژیانه‌وه‌دا به‌شداره.
هه‌زاران ساڵ پێش هه‌ندێ رێ و ره‌سمی تایبه‌ت به نه‌ورۆز له هه‌ندێ ناوچه‌ی رۆژئاوای ناوه‌ڕاست بۆ پیرۆز راگرتنی ئه‌و ژیانه‌وه سازکراوه که ئێستایش دوای هه‌زاران ساڵ وه‌ک یاد و بیرهوریهکی پیرۆز به‌ڕێوه ئه‌چن. له کوردستان وه‌ک به‌شێکی گرنگ له هه‌رێمی نه‌ورۆز هه‌ندێ رێ و ره‌سمی تایبه‌ت بوه که دوای هه‌زاران ساڵ و هاتنی سه‌دان پادشا و وێرانی و شه‌ڕ و کوشت و بڕ هێشتا یاد و بیره‌وری نه‌ورۆز له ناو گه‌لی کورد پیرۆز راگیراوه(به داخه‌وه هه‌ندێ له‌و رێ و ره‌سمانه که زاڵمه‌کان نه‌یانتوانی له ناوی ببه‌ن ئێستا هێواش هێواش له ناو به‌ردئاشی مودێڕنیته خه‌ریکن فه‌رامۆش ئه‌بن و له ناو ئه‌چن).
نه‌ورۆز: بۆ چۆنیه‌تی بنه‌ڕه‌تی نه‌ورۆز زۆر بۆچوون و بیر و بڕوا له دێرین زه‌مانه‌وه تا ئێستا هه‌یه. هه‌ندێکیان ئوستوورهیین وه‌ک به‌سه‌رهاتی “جه‌مشید” پادشای ئێرانی که له شانامه‌ی فیرده‌وسی و … باس کراوه ؛ هه‌ندێکیش وه‌ک “بیرونی” و “خه‌ییام” له روانگه‌ی ئه‌ستێره‌ناسی و چۆنیه‌تی گه‌ڕی زه‌وی و خۆر باسی نه‌ورۆز ئه‌که‌ن (یحیی ذکاء-١٣٧٩).
پێشینیانی ئێمه وه‌رزێر و ئاژه‌ڵدار بوون و هه‌مو ساڵ چاویان له مردن و ژیانه‌وه‌ی سروشت بوه ؛ هاتنی هه‌وای به‌هار ژیانه‌وه‌ی دار و ده‌وه‌ن و ده‌ر و ده‌شتی به شوێنه‌وه بوه و هاته ده‌ر له تاریکی زستان و گه‌رم بوونی زه‌وی بۆ ئه‌وان زۆر گرنگ بوه. هه‌ر به‌و هۆیه‌وه یه‌که‌م رۆژی ئه‌و روداوه‌یان “نه‌ورۆز” ناو ناوه.(صمد عابدینی- ١٣٨۶) به بڕوای میرچا الیاده که یه‌کێ له ئوستوره ناسانی گه‌وره‌یه : ئه‌م یاسایانه ساڵ به دو وه‌رز دابه‌ش ئه‌که‌ن که کاتی پاشه‌که‌وت خستنی ده‌غڵ و دان یان کاتی هاتنی وه‌رزی به‌ره‌که‌ت و خێر و پڕبوونه‌وه‌ی ئاذوقهیه.(فاطمه نراقی-١٣٨۵). هه‌روه‌ها نه‌ورۆز به مانای تازه بوونه‌وه‌ی کات و زه‌مانه و دینا سه‌ر له نوێ تازه ئه‌بێته‌وه؛ هه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه ئه‌بێته ساز بوونی بڕوای گه‌ڕانه‌وه و زیندوو بوونه‌وه‌ی مردوه‌کان.(ابوالقاسم اسماعیل پور-١٣٧٩ )
هه‌ندێ له کوردان بڕوایان وایه که ساڵی ۶١٢ پ ز که ده‌وڵه‌تی ماد شاری “نه‌ینه‌وا”ی داگیر کرد و “ئاشووربانیپاڵ” پادشای ئاشووڕ شکا، بوو به بنه‌مای ساڵی نوێ و نه‌ورۆز.(هاشم سلیمی-١٣٩٠-لاپه‌ڕه‌ی ٧۶)
له رووی وشهناسیهوه ئه‌م وشه له دوو به‌شی”نه‌و+ رۆز” پێک هاتوه. “نه‌و” به مانای “نوێ” و تازه ، “رۆز”یش به مانای رۆژ که سه‌رجه‌م به مانای یه‌که‌م رۆژی ساڵه.له ده‌ورانی ئهشکانیبه جه‌ژنی یه‌که‌م رۆژی ساڵیان وتوه “نه‌وه‌ک رۆج”nok roc (علیرضا جنتی سراب-١٣٨۵ )؛ئه‌گه‌ر سه‌رنجێکی ناوی کێوی “نه‌که‌رۆز” له باشووری سه‌قز بده‌ین به جوانی پێوه‌ندی نێوان ئه‌و دوو وشه ده‌ر ئه‌که‌وێ. ( له درێژه‌ی وتار زیاتر شی ئه‌کرێته‌وه)
له ناوچه‌کانی کوردستان به تایبه‌ت نێوان سه‌قز و بۆکان له رۆژانی به‌ر له نه‌ورۆز و چه‌ند رۆژی ئه‌وه‌ڵی ساڵدا هه‌ندێ رێ وره‌سم به‌ڕێوه ئه‌چن که گرنگترینه‌کانی به‌م جۆره‌ن:
- أ. میر
- ب. کۆسته
- ج. وشتر
- د. ئاگری نه‌ورۆز
- ه. هه‌لاوه مه‌لاوه
- و. هێلکه شکێنێ
- ز. سه‌وزه و ئاوه‌نیا
- ح. سه‌مه‌نی یان سه‌مه‌نوو
لێره‌دا زۆر به کورتی هه‌رکامیان باس ئه‌کرێن و بنه‌ماکانی هه‌ندێکیان شی ئه‌کرێنه‌وه.(پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێت که هه‌ندێ له‌و رێ و ره‌سمانه به‌داخه‌وه ئێستا به‌ڕێوه ناچن یان ئه‌گه‌ریش مابن زۆر به ده‌گمه‌نن و چۆڕ چۆڕی ئاخریانه.)
میر یان میرمیرێن: میر له چه‌ند رۆژی ئاخری زستاندا که به وته‌ی پسپۆڕانی ئه‌و بواره پێنج رۆژی ئاخری زستان، ساز ئه‌کرا و حوکماتی ئه‌کرد(روح الامینی-١٣٧۶-لاپهڕهی۴۶). به وته‌ی به‌ساڵاچوانی ناوچه له ئاخری پاییز و ناوه‌ڕاستی زستان و ئاخری زستان میریان ساز ئه‌کرد. شێوه‌ی سازکردنی میر له هه‌ندێ شوێنی کوردستان به‌م جۆره بوه: یه‌ک نه‌فه‌ریان دێنا و کراسی شه‌ق و شڕ و رهشکهیان ئه‌کرده به‌ری و به کراسه‌که‌یدا هه‌موو جۆره شتی سه‌یر و سه‌مه‌ره وه‌ک ئێسکی سه‌گ و که‌لله‌سه‌ری ئاژه‌ڵ و زه‌نگوڵه‌یان پێدا هه‌ڵئه‌واسی.
مامۆستا ایوبیان له وتارێکدا باسی ژاک دمورگان ئه‌کات که ساڵی ١٨٩٠ز له مهاباد باسی میر ئه‌کات و ئه‌ڵێ: “کارناواڵی میر ، کارناواڵێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه” (عبیداله ایوبیان- ١٣۴١)
دهمو چاویان به خه‌ڵووز ره‌ش ئه‌کرد و به ئێسکی ئاژه‌ڵ قلیانیان بۆ ساز ئه‌کرد به‌ڵام نه‌ده‌بو پێ بکه‌نێ. یانی به هیچ جۆر ئیجازه‌ی پێکه‌نینی نه‌بو چون به‌گشتی خه‌ڵک تێکڕا به‌ر شه‌قیان ئه‌دا. ئه‌ویش له ماوه‌ی میر بوون و حوکماتی خۆیدا که یه‌ک دو رۆژ بوه هه‌ر فه‌رمانێکی بدایه ئه‌بوا به قسه‌ی بکه‌ن جا هه‌ر که‌س بوایه ره‌عیه‌ت یان ئاغا فه‌رقی نه‌ده‌کرد چون حوکمی ره‌وا بوه. جاری وابو که میر ده‌ست به ئاوی ئه‌کرد ، دو که‌سی ئه‌کرد به کاسه مهستهراح ، یه‌ک له راست و یه‌ک له چه‌په‌وه و پای له سه‌ر پشتی ئه‌وان ئه‌نا وه‌ک ده‌ست به‌ئاو کردن. میر ئه‌گه‌ر فه‌رمانی بدایه بچن بۆ ماڵ فڵانه ئاغا له فڵانه ئاوایی خۆی بێنن یان پاره‌ی لێ بستێنن ئه‌چوون و ئاغایش حوکمی میری قبوڵ ئه‌کرد و ئه‌یوت: سڵاو له میر ئه‌که‌م،چون زستانه خۆم ناتوانم بێم به‌ڵام ئه‌مه پووڵ و خودا حافیزتان. له دوای ئه‌و چه‌ند رۆژه له حوکمات ئه‌هاته خوار و هه‌رچی په‌یدایان بکردایه به فه‌قیر و هه‌ژاریان ئه‌دا.
جا ئه‌وی زۆر گرنگ بێ بنه‌مای ئه‌سڵی “میر” بوه و به مانای ئه‌وه‌یه که زوڵم و زۆر هه‌تا سه‌ر نیه و دنیا جێگای گوزه‌ره(حسن ذوالفقاری-١٣٨۵). میرمیرێن ئه‌توانێ پاشماوه‌ی ئایینێکی کۆنی ناوچه‌ی “نێوچهمان” بێت به ناو جه‌ژنی “اکیتو”(علیرضا حسن زاده-١٣٧٩). هه‌روه‌ها زۆر له ئایینی کۆنی کوشتنی پادشای پیر و په‌ک که‌وته ئه‌چێ؛ ئه‌گه‌ر پادشا پیر بوو ناتوانێ وه‌ک جێ نشینی خواکان کار وباری خۆی به‌ڕێوه به‌رێ و زه‌وی زار و ئاژه‌ڵ و له گشتی گرنگتر مرۆڤ زا و زێ ناکه‌ن و له ناو ئه‌چن(ج.فریزر –١٣٨٨- لاپه‌ڕه‌ی ). له گشتی سه‌یرتر ئه‌ویه که له پێنجوێن خه‌ڵک ئیزهدین و پادشا لایان زۆر گرنگه و ئه‌گه‌ر پیر و په‌ک که‌وته بێ و توانای منداڵ بوونی نه‌مێنێ کوشتنی ره‌وایه.(مهرداد بهار- ١٣٨٧-لاپهڕهی٢٧٣)
کۆسته: “مسعودی” له کتێبی مروج الذهب که له سه‌ده‌ی چواره‌می کۆچیدا ژیاوه باسی رێ و ره‌سمی کۆسته ئه‌کات (روح الامینی-۴۶). یه‌که‌م رۆژی به‌هار چه‌ند که‌س له ئاوایی کۆ ئه‌بوونه‌وه و یه‌کیان دێنا کراسی سپیان له‌به‌ر ئه‌کرد و سه‌ر و چاویان به ئارد سپی ئه‌کرد. کڵاوێکیان له سه‌ر ئه‌کرد و دوو گوێچکه‌یان وه‌ک که‌روێشک بۆ ساز ئه‌کرد. گه‌سک یان په‌شمی مه‌ڕیان بۆئه‌کرد به ریشێکی پان. یه‌ک که‌سی دیکه‌یش ئه‌بو به ژنی کۆسته و کراسی ژنانه‌ی له‌به‌ر ئه‌کرد. ئینجا به ئاوایی‌دا ئه‌گه‌ڕان و شۆخی و جه‌فه‌نگیان ئه‌کرد. له هه‌ر ماڵێکدا کۆسته کوتێکی به ژن کۆسته‌وه ئه‌دا و ئه‌ویش شه‌قێکی له کۆسته هه‌ڵئه‌داو ئه‌م چه‌ند دێڕه‌یان ئه‌وت:
“هه‌ته‌رێ مه‌ته‌رێ
سه‌ری وێڵاشم به قوونی که‌رێ
شتێکم بۆ بخه‌نه بن چه‌په‌رێ”
خاوه‌ن ماڵیش بڕێ پاره یان هێلکه و نوقڵ و سنجوو و خورمایان پێ ئه‌دان.
له هه‌ندێ شوێنی دیکه ئه‌م دێڕه‌یان وتوه:
کۆسته هاتوه بۆ تووتن
که‌وتوه وه‌ک سه‌گی کوڵکن
وه‌رن هێلکه بده‌ن به من
یان
کۆسته هاتوه به‌و ریشه‌وه
به‌و ریش و بیش و پهشمهوه
گۆشتم بۆ بکه‌ن به شیشه‌وه
ئه‌گه‌ر ماڵێکیش حه‌یوانێکی سه‌ر ئه‌بڕی له‌و گۆشته‌یان پێ ئه‌دان، ئه‌وانیش له دواییدا گۆشته‌که‌یان به خه‌ڵکی فه‌قیر ئه‌دا.
وشتر: جاجمێکیان ئه‌دا به‌سه‌ر دو نه‌فه‌ردا و ئه‌وی پێشه‌وه داسێک که‌به په‌ڕۆ ئهپێچرا و زه‌نگوڵه‌یان پێدا هه‌ڵئه‌واسی ئه‌یگرت به ده‌سته‌وه که ئه‌بو به ملی وشتر جا به‌و نوکی داسه خۆی ئه‌خوراند و قورتمی لێ ئه‌دا و خڕه‌خڕی ئه‌کرد یان ئه‌چوو بۆ خه‌ڵک و ئه‌وانیش گاڵته‌یان پێ ئه‌کرد.وشتر ئه‌چوه ماڵان و گۆرانیان ئه‌وت و پوڵ و شتیان له خه‌ڵک ئه‌سه‌ند.شایانی باسه له هه‌ندێ شوێندا رێ و ره‌سمی وشتر وه‌ک به‌شێک له کۆسته دابه‌ش کراوه(
ئاگری نه‌ورۆز: خه‌ڵکی شار و دێ له ئێواره‌ی ئاخرین رۆژی زستاندا چیلکه و دار کۆ ئه‌که‌نه‌وه و به‌ر له رۆژئاوا بوون ئاگری ئه‌ده‌ن. به ده‌ور ئاگردا هه‌ڵپه‌ڕکێ و به‌زم و ئاوازه هه‌تا به‌شێک له شه‌و. له‌و به‌زمه‌دا هه‌ندێ جاریش به سه‌ر ئاگردا بازبازێن ئه‌کرێ و له ئاگر ئه‌په‌ڕنه‌وه. له ساڵانی پێشوودا به‌سه‌ر قوڵهدارێکهوه په‌ڕۆیان ئه‌پێچا و بزمار رێزیان ئه‌کرد و له ناو نه‌وتدا چه‌ند رۆژ خووسیان ئه‌دا. له شه‌وی نه‌ورۆز ئاگریان ئه‌دا و ئهیانخست به حه‌وادا. ئه‌م کاره ناوی شه‌م هه‌ڵدان بوه. له گۆرانیه‌کی ناوچه‌ی سه‌قز وتویانه:
خاڵێک ها وه‌بان په‌نجه‌ی پیرۆزۆ
وه‌ک “شه‌م” ئه‌دره‌وشێ به “نه‌که‌رۆز”ۆ
ئه‌مه ئه‌توانێ به‌ڵێن له‌سه‌ر ئه‌وه بدات که شه‌م هه‌ڵدان له شوێنێکی تایبه‌ت بووبێت وه‌ک لووتکه‌ی کێوه به‌رز و پیرۆزه‌کان وه‌ک کێوی نه‌که‌رۆز له باشووری سه‌قز. هه‌ندێ له به‌ساڵاچوان بڕوایان وایه که ئاگر کردنه‌وه‌ی نه‌ورۆز به هۆی کوشتنی زوحاک بوه به ده‌ست کاوه‌ی ئاسنگه‌ر، که به‌م شێوه خه‌به‌ریان به خه‌ڵک داوه و بۆ کوژرانی زاڵم جه‌ژنیان گرتوه.
به بڕوای پێشینان ئاگریهکێ له چوار خشتی بنه‌ڕه‌تی دنیا بوه که بریتین له : ئاگر، ئاو، خاک، هه‌وا. ئه‌و چوار بنه‌ڕه‌ته لای ئێرانیه‌کان زۆر پیرۆز بوون و ئایینی ئه‌وان زۆرتر پێوه‌ندی به‌و چه‌ند بنه‌ڕه‌ته‌وه بوه(سوسن پورشهرام- ١٣٩٢). ئاگر لای پێشینان زۆر جێی رێز و حورمه‌ت بوه و ئاگریان به ئاسمانی زانیوه چون به‌ره‌و سه‌ره‌وه ئه‌ڕوات(ژان شوالیه – ١٣٨٨-به‌رگی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ۶٢). به بڕوای “باشلا‌ر” ئه‌وین یه‌که‌م هۆی ساز بونی ئاگره و ئاگر زۆرتر کوڕی مرۆڤه تا کوڕی دار چون ئه‌وین و شه‌هوه‌ت له یه‌ک ههڵسوان پێک دێن. (ژان شوالیه – ١٣٨٨-به‌رگی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ۶۶) ئێستایش هه‌ندێ که‌س بڕوایان وایه که که‌سێ منداڵی کوڕی نه‌بێ وه‌جاخی کوێره. وه‌جاخ و ئاگر رۆشن کردنی ماڵ ئه‌رکی کوڕ بوه جا ئه‌وه‌یش هێمایه‌که له درێژه‌ی پشت و نه‌ته‌وه له لایه‌ن ئه‌ولادی نێرینه‌وه.
ئاگر ئه‌سووتێنێ و له ناو ئه‌بات ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر به باشی مه‌هار بکرێ توانای زایین و ئافراندنی هه‌یه … هه‌ر وه‌ها ئاگر هه‌م له ئاسمان هه‌یه و هه‌م له زه‌وی ، له به‌هه‌شتدا هه‌یه و له جه‌حه‌نده‌میش هه‌یه(سمیه رمضانی ماهی – ١٣٨٩)
گرنگترین خاسیه‌تی ئاگر پاک کردنه‌وه و سووتانی خراپه‌کانه(ژان شوالیه – ١٣٨٨-به‌رگی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ۶٠). هه‌ر بۆیه کاتێ زێڕ ئه‌خه‌نه ناو ئاگر خه‌ل و خه‌وشه‌که‌ی ئه‌سووتێ و زێڕی خالیس ئه‌مێنێته‌وه. ئه‌گه‌ر چاوێک له ئوستووره‌ی “سیاوه‌خش” یان “سیاوه‌ش” بکه‌ین ئه‌بینین بۆ سه‌لماندنی پاکی خۆی به سه‌ر ئاگردا ئه‌ڕوا و چون بێ تاوانه ئاگر هیچی ناکا. ئاگر هێمای یه‌کێ له یاریده‌رانی خوای “ئه‌هورامه‌زدا”یه به ناوی “ئوردیبهشت” یان”ئه‌رته وههیشته” که نێرینه‌یه(بهروز اتونی-١٣٨٩).رێ و ره‌سمی به‌سه‌ر ئاگر په‌ڕینه‌وه ئێستایش وه‌ک باسکرا له ئێوارانی نه‌ورۆزدا وه‌ک هێمایه‌ک ئه‌بیندرێ.
له به‌سه‌رهاتی حه‌زره‌تی “ئیبراهیم”دا ئه‌بینین ئه‌خرێته ناو ئاگر به‌ڵام به سڵامه‌ت دێته ده‌ره‌وه که بۆ سه‌لماندنی پاکی بوه. هه‌روه‌ها له دینی ئیسلامدا باوه‌ڕ وایه که له رۆژی قیامه‌ت ئه‌بێ به‌سه‌ر پردێکی زۆر سه‌خت و ئه‌سته‌مدا بڕۆن که ژێره‌که‌ی ئاگری جه‌حه‌نده‌مه، که‌سێک پاک بێ به ئاسووده‌یی گوزه‌ر ئه‌کا به‌ڵام تاوانباران لێی ئه‌که‌ونه خواره‌وه. هه‌ر له دینه‌کانی جووله‌که و مه‌سیحی و موسوڵماندا هاتوه که تاوانبارانی ئیماندار دوای سووتان له ئاگردا خه‌ل و خه‌وشیان نامێنێ و پاک ئه‌بنه‌وه و ئینجا ئه‌چنه ناو ریزی به‌هه‌شتیان.
هه‌لاوه مه‌لاوه: له ئێواره‌ی نه‌ورۆزدا جه‌حێڵان و تازه‌لاوان ئه‌چوونه سه‌ربان و له کولاوکهو و رۆچنه‌وه پشتوێنیان شۆڕ ئه‌کرده خواره‌وه و ئه‌یانوت:
هه‌لاوه مه‌لاوه
کوڕتان و کچتان ببێ به زاوا
شتێکم بۆ بخه‌نه بن تاوه
له هه‌ندێ شوێنی دیکه وه‌ک ئاوایی سه‌رچاوه بنی قابلهمهیهکیان کون ئه‌کرد و چرا ده‌ستی و ئاوێنه و مێڵ و کلتووریان تێ ئه‌خست و له سه‌ربانه‌وه شۆڕیان ئه‌کرده خواره‌وه و هه‌لاوه مهلاوهیان ئه‌کرد. جا ژنانی ناو ماڵ ئه‌گه‌ر پێیان خۆش بوایه چرا ده‌ستیان رۆشن ئه‌کرد و له‌به‌ر ئاوێنه‌که به‌و مڵێ و کلتووره چاویان ئه‌ڕشت و شتێکی وه‌ک هێلکه و نوقڵ و سنجوویان بۆ ئه‌خستنه ناو قابله‌مه‌که. له هه‌ندێ شوێنی دیکه وه‌ک ئاوایی تاهیر بوغده لهنتهرێکیان ئه‌خسته نێو پشتوێنه‌که‌وه و مێڵ و کلتور و سابوونیان تێ ئه‌خست و له کولاوکهوه دایانئههێشت وئه‌یان وت:
- أ. هاته‌رێ ماته‌رێ
سه‌ری ئاوهڵم به قوونی که‌رێ
شتێکمان بۆ بخه‌نه بن لهنتهرێ
یان
- ب. هه‌لاوه مه‌لاوه
کوڕ و کچتان ببێ به زاوا
شتێکمان بۆ بخه‌نه بنی تاوه
ژن یان گهورهکچهکانی ناو ماڵیش ئه‌گه‌ر که‌یفیان لێ بوایه چاویان له به‌ر ئاوێنه و له‌نته‌ره‌که ئه‌ڕشت جا له دواییدا هێلکه و سێ‌و و نوقڵ و خورما و سنجوویان بۆ تێ ئه‌خستن.
له‌م رێ و ره‌سمه‌دا ئه‌بینین هه‌ندێ شتی وه‌ک چرا و ئاوێنه و مێڵ و کلتور و شانه و هێلکه و سنجوو وه‌ک چه‌ند هێما دیارن. ئه‌گه‌ر چاو بقووچێنین وه‌ک تابلۆیه‌کی زۆر جوان دێته به‌ر چاومان. هه‌ر یه‌ک له‌وانه مانای تایبه‌تیان هه‌یه چرا ئه‌توانێ هه‌ر به مانای ئاگر و رۆشناییبێکه پێشتر باسکرا. ئاوێنه ئه‌توانێ به مانای ناسین و راستی و پاکی و سه‌فا و دڵی پاک بێ(ژان شوالیه – ١٣٨٨-به‌رگی یه‌که‌م لاپه‌ڕه‌ی ٣٢٣). مێڵ و کلتور بۆ چاوڕشتن و جوان کردن بوه و هه‌ندێ که‌سیش بڕوایان وایه که بینایی چاو زیاد ئه‌کا. شانه ئه‌توانێ به مانای تیشکی هه‌تاو که به سه‌ر سه‌را ئه‌ڕژێت ببێ. هه‌روه‌ها بۆ جودا کردنه‌وه‌ی تاڵه قژه‌کان به کار دێ که هێدی بوون نیشان ئه‌دات(ژان شوالیه – ١٣٨٨-به‌رگی چواره‌م ١٣٨۵ لاپه‌ڕه‌ی ١۵). هێلکه له خواره‌وه باس ئه‌کرێ.سنجوو نیشانه‌ی ئه‌وین و عه‌شقه و بۆنی گوڵ و گه‌ڵاکه‌ی ئه‌وین ئه‌بزوێنێ و له به‌هاردا شه‌هوه‌ت زۆر ئه‌کا.نوقڵ و خورما و شیرینی و هه‌ندێ جاریش پاره بۆ ده‌م شیرینی و شاباش بوه. سێ‌و یه‌کێ له میوه بهههشتیهکانه و میوه‌ی پارێز لێ کراوی ئاده‌م و حه‌ووا بوه که به هۆی خواردنی سێ‌و له به‌هه‌شت ده‌رکراون. سێ‌و به مانای هۆشیار بون و ناسینی چاکه و خراپه‌یه… هه‌روه‌ها میوه‌ی جوان و تازهبوونه(ژان شوالیه-١٣٨٨- لاپه‌ڕه‌ی ٧٠٠و٧٠١)
هێلکه شکێنێ: له نه‌ورۆزدا جه‌حێڵان ئه‌چوون هێلکه‌یان دێنا و هێلکه شکێنهیان ئه‌کرد. به‌م جۆره که هێلکه له یه‌ک ئه‌ده‌ن و هه‌ریه‌کیان درزی برد ئه‌یدا به‌وی دیکه. هه‌ندێ یاسای تایبه‌ت له‌م کاره‌دا هه‌یه:
قوڵ به قوڵ: یانی بنی هێلکه له یه‌ک بدرێن
سه‌ر به سه‌ر: یانی سه‌ری تیژ له یه‌ک بدرێن
لاشان، لاژ: لاشانی هێلکه له یه‌ک بدرێن
چه‌شتن: بۆ تاقی کردنه‌وه‌ی نه‌رم و ره‌قی هێلکه له ددان ئه‌درێن. هه‌رچه‌ند هه‌ندێ که‌س ئه‌م کاره به حه‌رام ئه‌زانن
خه‌وتن: یه‌کیان هێلکه رائه‌گرێ هه‌تا هێلکه‌ی لێ بده‌ن.(رزها سه‌رسێفی- ١٣٨٨- لاپه‌ڕه‌ی ٧٣)
هێلکه یه‌کێ له هێماکانی ژیان و له دایک بوونه، له بهندهشن دا ئه‌ڵێ: یه‌که‌م جار ئاسمانی ساز کرد … که به شێوه‌ی هێلکه‌یه(احسان خانی سومار-١٣٩٢). هه‌ر ئه‌و بڕوا بوه که له ده‌ورانی زۆر کۆندا مردو له ناو کووپه‌ی هێلکه‌یی ئه‌خرا به‌ڵکو زیندو بوونه‌وه‌ی له‌و دنیای دیکه ئاسان بێ.
سه‌وزه و ئاوه‌نیا: له رۆژانی نزیک نه‌ورۆز داچاندنی ده‌غڵ و دانی وه‌ک گه‌نم یان نیسک و نۆک و… له ناو بنه‌ماڵه‌کاندا ره‌واجی هه‌یه و کاتێ باڵای کرد و گه‌وره بوو له رۆژی سێزده به‌ده‌ر له ده‌ر و ده‌شت ئه‌یده‌ن به‌ده‌م ئاوه‌وه؛ هه‌رچه‌ند هه‌ندێ که‌س له پیره‌پیاوان بڕوایان وایه که ئه‌و سه‌وزه جوانه مه‌رگ ئه‌بێ و نابێ سه‌وزه فڕێ بده‌ن.ئه‌و بڕوای جوانه مه‌رگ بوونه به جۆرێک ئه‌توانێ بیره‌وه‌ری خواکانی سومێڕ و بابێل بێننه‌وه یاد: “ته‌موز” که خوای گژ و گیاکانه به قسه‌ی ژنه‌که‌ی خۆی “ئینین” که خوای ئه‌وین و ئاسمان و شه‌هوه‌ته، به‌ره‌و دنیای نه‌مان ئه‌چێ و ته‌موز جوانه‌مه‌رگ ئه‌بێ. به‌ڵام له ئاخردا ئینین په‌شیمان ئه‌بێته‌وه و ته‌موز له رۆژی یه‌که‌می ساڵدا زیندوو ئه‌بێته‌وه و ژیانێکی نیوه‌ی ساڵی پێ ئه‌به‌خشن( هنریتا مک کال- ١٣٧٧- لاپه‌ره‌ی ٩۵ هه‌تا ٩٨). هه‌ر بۆیه له رێ و ره‌سمی سه‌وزه و ئاوهنیایشدا پێویسته سه‌وزه بخرێته ناو ئاو. ئاو یه‌کێ له نیشانه‌کانی ئینین بوه و ئه‌توانێ ژیانی پێ بداته‌وه.
له ده‌ورانی ساسانی‌دا له ناو باره‌گای پادشا، بیست و پێنج رۆژ به‌ر له نه‌ورۆز، دوازده بورج ساز ئه‌کرا له خشتی کاڵ و له سه‌ر هه‌ر بورجێک یه‌ک جۆر ده‌غڵ و دان دائهچێندرا وه‌ک گه‌نم، برنج ، هه‌رزن ، نۆک و لوبیا و… . هه‌ر یه‌کیان زووتر سه‌وز بوایه ئه‌و ساڵه به‌ری باشتر هی ئه‌وه ئه‌بێت.(ناصر ملائیان-١٣٨۶) هه‌ر وه‌ها ئه‌بوره‌یحان بیرونی ئه‌ڵێ: ئه‌م یاسا ێستایش هه‌ر ماوه و خه‌ڵکی له ماڵه‌که‌یاندا حه‌وت بورج ساز ئه‌که‌ن و له سه‌ر هه‌ریه‌ک له‌وانه یه‌ک جۆر ده‌غڵ و دان دا ئه‌چێنن و به‌و شێوه ئه‌زانن ساڵی کشت و کاڵ باش ئه‌بێ یان خراپ.(روح الامینی-١٣٧۶-لاپه‌ڕه‌ی ۵۵)
سه‌مه‌نی: له چه‌که‌ره‌ی گه‌نم ساز ئه‌کرێ و تامێکی زۆر خۆشی هه‌یه. سه‌مه‌نی ئه‌توانێ به مانای رواندن و به‌ره‌که‌ت بێ که ئه‌چێته سه‌ر سفره‌ی خه‌ڵک و لێی ئه‌خۆن. وه‌ستا حه‌سه‌ن نادرپوور ئه‌ڵێ: پێشینانوتوویانه
چوومه ماڵی ئه‌رمه‌نی
قوڵته قوڵتی سه‌مه‌نی
چوومه ماڵی جووله‌که
قوڵته قوڵتی کووله‌که
چوومه ماڵی موسوڵمان
ده‌نگی یاسین و قورئان
له رووی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌وه وێده‌چێ که سه‌مه‌نی ساز کردن له ناو ئه‌رمه‌نی زۆر گرنگ بووبێت.
ئاکام: نه‌ورۆز به‌و جۆره‌ی که باسکرا وه‌ک ره‌سمێکی دێرین له‌ناو گه‌لی کورددا هه‌ر ماوه و تێکه‌ڵاوی ژیانی خه‌ڵکی شار و گونده. هه‌ندێ یاسای تایبه‌تی نه‌ورۆز که خه‌ڵکی نازانن له کوێوه هاتون به‌ڵام به‌ڕێوه ئه‌چن بنه‌مایه‌کی زۆر دێرین و جوانیان هه‌یه وه‌ک هۆی سازکردنی میر و هه‌لاوه مه‌لاوه و … . له‌م سه‌رده‌مه‌دا ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌موانه له‌و رێ و ره‌سمانه که هه‌زاران ساڵ له ناو گه‌لی کورددا ماون پاسه‌وانی بکه‌ن و نه‌هێڵن له ناو به‌ردئاشی مودێڕنیته ون ببن.
سه‌رچاوه‌کان:
الف) کتێب:
- از اسطوره تا تاریخ – مهرداد بهار – نشر چشمه ١٣٨٧ چاپ ششم
- اسطورههای بین النهرینی- هنریتا مک کال-ترجمه عباس مخبر- نشر مرکز ١٣٧٣
- آیین ها و جشن های که‌ن در ایران امروز- محمود روح الامینی – نشر آگه ١٣٧۶
- داب و نه‌ریتی کورده‌واری- رزها سه‌رسێفی- نشر گوتار١٣٨٨
- زمستان در فرهنگ مردم کرد – هاشم سلیمی – نشر سروش ١٣٩٠
- نوروز در کردستان- مصطفی کیوان-سازمان چاپ تبریز ١٣۴٩
- شاخه زرین – جیمز.ج. فریزر – نشر آگاه ١٣٨٨ چاپ ششم
- فرهنگ نمادها – ژان شوالیه – ترجمه سودابه فضائلی- ١٣٨٨ نشر جیحون ۵ جلد
- التفهیم-ابوریحان بیرونی با تصحیح استاد جلال همایی-
ب) وتار:
- بخشی از صحبتهای مرحوم انجوی شیرازی راجع به نوروز – ناصر ملائیان – مجله نجوای فرهنگ شماره ۵و۶ پاییز و زمستان ١٣٨۶
- بررسیتطبیقیاسطورهیآبدراساطیرایرانوهند – احسان خانی سومار – فصلنامه مطالعات شبه قاره شماره ١٧ سال١٣٩٢
- تجلی آیین و‌ر در نگاره گذر سیاوش از آتش- سمیه رمضانی ماهی – نشریه هنرهای زیبا بهار ١٣٨٩
- تخیل ادبی که‌ن الگوی آتش در داستان سیاوش از منظر گاستون باشلا‌ر – سوسن پورشهرام – فصلنامه تخصصی مطالعات داستانی سال اول شماره چهارم ١٣٩٢
- درونمایههای اساطیری نوروز – دکتر ابوالقاسم اسماعیل پور مطلق – مجله کتاب ماه هنر بهمن و اسفند ١٣٧٩
- رمزگشایی اسطورهشناختی از ناسوزندگی سیاوش بر بنیاد اسطورههای زردشتی – دکتر بهروز اتونی- مجله ادب پژوهی شماره دوازدهم تابستان ١٣٨٩
- میر نوروزی – دکتر حسن ذوالفقاری – مجله نجوای فرهنگ شماره ٢ زمستان ١٣٨۵
- میر نوروزی – عبیداله ایوبیان – مجله دانشکده ادبیات و علوم انسانی تبریز بهار ١٣۴١
- نگاهی به عید باستانی نوروز در گستره ی تاریخ – علیرضا جنتی سراب – روزنامه خراسان ١٣٨۵ شماره ۱۴۰۸۸
- نگاهی کوتاه به تاریخچه جشنهای نوروزی – فاطمه نراقی – مجله نجوای فرهنگ شماره ٢ زمستان ١٣٨۵
- نگرشی بر عید نوروز و دلایل بقای آن – دکتر صمد عابدینی – مجله نجوای فرهنگ شماره ۵و۶ پاییز و زمستان ١٣٨۶
- نوروز در تاریخ و تقویم– یحیی ذکاء – مجله کتاب ماه هنر بهمن و اسفند ١٣٧٩
- نوروز و باززایی ساختهای آیین که‌ن – علیرضا حسن زاده – مجله کتاب ماه هنر بهمن و اسفند ١٣٧٩
ج) وت و وێژ له گه‌ڵ به‌ساڵاچوان:
- حاجی برایم سواره ته‌مه‌ن ٧٣ ساڵ ئاوایی سه‌رچاوه
- حاجی عه‌بو ئه‌شره‌ف ته‌مه‌ن ۶٠ ساڵ ئاوایی سه‌رچاوه
- مام ره‌حیم ره‌وشه‌نی ته‌مه‌ن ٧۵ ساڵ ئاوایی تاهیر بوغده
- وه‌ستا حه‌سه‌ن نادرپوور ته‌مه‌ن ۵٨ ساڵ ئاوایی سه‌رچاوه
- سقز رووداو
- کد خبر 12135
- بدون نظر
- پرینت