چیا!؟ کێهە عاشق، ئەوەندە مەعشووقەکەی خۆی خۆش دەوێت و بۆ جێژوان و ڕابواردن، گیانی خۆی لەسەر دەس دادەنێت و پەنا گاشەبەردەکانی پڕ لە بەفرت، ئەکاتە جێی ڕابواردنی خۆشترین کاتەکانی ژیان؟
چیا!! کامە عاشق سوانەی شۆڕەوبووی بناری ئەشکەوەتەکانت ئەکاتە گوێسوانەی دڵداریت و کولووە بەفری لاپاڵ و شیوت ئەکاتە بەفرە شادی و ئەمجار سروودی «تا چیام ڕامان و هێزە هەر هەم و خۆڕاگرم»¹ت بۆ ئەکاتە گۆرانی و سەرلووتکەکەت ئەکاتە گۆڕەپانی پێکەوە بوون و یەک گرتووی و هەڵپەڕینی سەردووندت ئەکاتە چیرۆکی بیرەوەری پێکەوەبوون و ڕابواردنی پڕ لە ئەشق و ئەوینێکی نادیار و بێوێنە؟!!
چیا دەستم بە دامانت
سێ عاشقی دڵ پڕ لە سۆت میوانی شەوانی پڕ ئەستێرە و ئاسمانی پڕ لە هەور و داوێنی تەژی لە سۆز و سەرمای کوردانەتن.مەگەر جگە لەوەیە ،لە هەر هەموو ماڵەکانی کوردستانا ،میوان ڕێزی تایبەتیان هەیە و شەوچەرە و خوڵکی کوردانەیان ناوبانگی مێژوویی هەیە.
دەسا سوێند بە باوەشی گەرمی پڕ لە عەشقت ،سەخڵەت و سەرمای شەوانی ساردت ،لە ژێر هەرەسی داڕماوتا بکە بە شەوچەرە و ماڵێکی پڕ لە گەرما بۆ پەنای بێ پەناهان و جەستەی ماندوو و دڵی سارد و سڕی عاشقەکانی پڕ زاخ و زووخی عاشق بە باڵای بەرزت.
چیا دەستم بە دامانت
مەگەر خاتوو زەمهەریرت لە بیر نەماوە لە بەر خۆشەویستی براکانی، واتە چلەگەورە و چلە چووکە، شینێکی وەهای گێڕاوە، سەدان ساڵە وێردی سەر زوانی هەموو کوردێکی بە ئەمەگە و سەرمای سێ ڕۆژەی، کردە دیاری بۆ ئەو عەشقە و دواتریش بە دڵدارەکەی خۆی واتە ئاڵەکۆک نەگەیشت. دەجا ئەمجارە با وانەبێت و گوڵاڵە سوورە نەبنە یادگاری ئەو عەشقانە.
چیا سوێندت دەدەم بە بەستەڵەکی براگەورەکەی خاتوو زەمهەریر و سەرجەم سۆزی عەشقی، عاشقە پێک نەگەیشتوەکان، ئاگات لە ڕۆڵە باڵابەرزەکانی میوانت بێت و پێیان بڵی نەک هەر بنەماڵەکەیان، بەڵکوو نەتەوەیێک چاوەڕوانی گەڕانەوەیانین تا ئەمجار، هەموو لە نەوروزا بێینە شنۆی پڕ لە شنەی خۆشەویستی و وەفای ڕەندۆڵە بکەینە چیرۆکێکی ناوازە و هەموو پێکەوە بڵێین:
پڕ چیام گڕکانی عەشقە و باوەڕی پڕسۆزی من
خۆشەویستی نیشتمانە ئاگری نەورۆزی من
✍️سەقز:کامیل محەممەد جانی
۱_ڕەحیم لوقمانی شاعیری هاوچەرخ
- سقز رووداو
- کد خبر 18540
- بدون نظر
- پرینت