لە کۆتایی مانگی ڕەشەمەی سەدەی ڕابردوو واتا قەرنی چواردە شانۆی سیاساڵ وەکوو دواهەمین شانۆی کوردی لە شاری سەقز لە نووسین و دەرهێنانی پەرویز ئەحمەدی هاتە سەر سێن. ئەم شانۆیە دەپەژرێتە سەر بەشێک لە مێژوی کوردەواری لە سەردەمی کۆماری کوردستان و سەرەتای شۆڕشی ساڵی پەنجاوحەوتی ئێران. چارەنووسی هێندێک لە قوتابیانی کۆماری کوردستان کە بۆ زانکۆی شاری باکوو بەڕێکرابوون بووەتە هەوێنی نوسینی ئەم شانۆیە. ئاوڕدانەوە لە مێژووی هاوچەرخ و نووسینی وەها شانۆنامەیەک بۆ لە بیر نەکران و ناسینی کەسایەتییەکان و دەرس وەرگرتن لە مێژوو، کارێکی شیاو و ئەرکی ئاسایی نوسەرانی نەتەوەییە. شایەد ئەرکی شانۆ، نواندنی هێما نەتەوەییەکان نەبێ، بەڵام نەتەوەی بێ شانۆ و بێ گێڕانەوە تا بە نەتەوەبوون هێشتا مەودای هەیە بە واتایەکی تر شانۆ بێ نەتەوە دمێنێ و ژیانی بەردەوامە بەڵام نەتەوە بێ شانۆ ئەستەمە بمێنێ یاکوو لە پەراوێزی مێژوو تۆزی لێ دەنیشێ و لە بیر دەکرێ. دیتنی ئەم شانۆیە بوو بە هەوێنی نووسینی ئەم چەند دێڕە بەڵکوو بتوانم پردێک هەڵبەستم بۆ تێگەیشتن و پێوەندی گرتن لەگەل هێندێک دیمەنی ئەم شانۆیە.
۱. دەقی شانۆ
داڕشتن و دراماتۆرێژی تراژێدی سیاساڵ لە سەر بناغەی ڕووداوێکی مێژوویی خولقاوە. ڕووداوێک کە لانی کەم سێ نەسڵ لەگەڵ دەرەنجامەکانی ئەو کارەساتە بەرەوڕوو بوونەتەوە. ئەم شانۆیە لە ڕیزی شانۆی مێژوویی پۆلێن دەکرێ. نووسەری ئەم شانۆیە وێڕای گێڕانەوەی بابەتی سەرەکی ئەم مێژووە، بە لێکگرێدانی ڕووداوەکانی ئێستا و ڕابردووی شوێنی ڕوودانی کارەسات، پەل دەهاوێژێ بۆ ئەساتیر و کات و ساتی نادیار و کەسایەتی بێسەروشوێنکراوی شانۆ لە پەیکەری شازادەیەکی ئەویندار خۆیا دەکا. هاتووچۆی گێڕانەوەی شانۆ لە مەودای کاتی ئێستا و ڕابردوو و زەمەنی ئەساتیر، چەندین ئاڵقەگێڕانەوە دەخولقێنێ کە نێوان و مەودایان هەیە لەگەڵ ڕەوایەت و گێڕانەوەی ئالقەی پاش و پێشی خۆیان. ئەویندارێتی و خۆشەویستی نەتەوەیی کەسایەتی بێسەروشوێنکراو، دەبێتە هەوێنی لێکگرێدانی سەرەداوەکانی درامی شانۆ و پێوەندی نێوان ئاڵقەکانی گێرانەوە و شوێندانان له سهر کهسایهتیهکانی تری شانۆ و بەرەوپێشچوونی گێڕانەوەو نزیک بوونەوە لە خاڵی وەرچەرخان و کردنەوەی گرێکان.
نووسەری شانۆنامە لە هێندیک هێمای ئەساتیری وەکوو پەلکبڕین و موو هەڵکزاندن بۆ کەسایەتی ژن و پیاو کەڵک وەردەگرێ. پەلکبڕین له شوێنی خۆی بە کار هاتووە و واتای ئەویندارێتیەکی لە بڕاننههاتوو بۆ کەسایەتی لە دەستچوو دەگەیێنێ، بەڵام موو هەڵکزاندن لەوانەیە واتای تری بۆ بەردەنگ هەبێ و واتای وەبیرهێنانەوە نەگەیێنێ بەڵکوو لە ئەفسانەکان بۆ بە هاناوەچوونی بوونەوەرێکی ئەفسانەیی بە کار هاتبێ. باشتر دەبوو نووسەری شانۆنامە کەرەسە و یادگاری تری دڵدارەکەی بۆ وەبیرهێنانەوە بە کار هێنابا تاکوو بەردەنگ بۆی ئاساییتر بووبا.
۲. دەرهێنان
ئەم شانۆیە بە پێی فۆرم و شێوەی نواندنێک کە هەڵیبژاردووە پێوستی بە ئاکسسوار و کەرەسەی زۆر نیە. دەکرا بە کەڵکوەرگرتنی لەبارتر لە ژمارەی زۆری لیستکوانان و ئاوازخوێنەکان بۆ دەرهێنانی میزانسێنی شانۆ و دیمەن و وێنە شانۆییەکان، قەرەبووی پێداویستیەکان بکا. هەر وەکوو لە دیمەنی سەفەری باکوو و سواری قەتار بوون، لیستکوانان وێڕای موسیقا و ئاواز، قوڵایی میزانسێنی شانۆ بە جوانی پێشان دەدەن. پێویستی بە ئەو سەکۆ قورسانە نەبوو.دیتنی ئاڵوگۆڕ و ئامادەکردنی سێن بۆ هەر پەردەیەک، خاڵی لاوازی سەرەکی نواندن بوو و بەردەنگ لە گێڕانەوە دادەبڕا. دەرهێنەر بە کەم کردنەوەی کەرەسەکان و دەکار کردنی پسپۆڕانەتری نوور و کەڵکوەرگرتن لە هێزی نواندنی لیستکوانان بۆ داڕشتنی میزانسێن دەیتوانی ئەو درزە پڕ کاتەوە و ئیماژەکان دوا بە دوای یەک دا بێن و کات نەسووتێ!
خاڵی سەرنجڕاکێشی شانۆی سیاساڵ، کهڵکوەرگرتن لە مویسقای سەردەمیانەیە. داهێنان لە بواری مێلۆدی و شێعر و نواندنی شێوەموزیکال-ئۆپێرایی بۆ شانۆیەک کە چاوەڕوان دەکرا موسیقای خۆماڵی و نەتەوەیی بە کار بهێنێ، هەنگاوێکی لەبارە بۆ نامۆکردنەوە و مەودادانانی شانۆیی. دیارە وەکوو نەریت لە کوردەواری مەقام و بەیت بۆ شینگێڕی و گێڕانەوەی تراژێدیە کوردیەکان بە کار هاتووە، دەکرا موسیقای شانۆ بە جیا یا تێهەڵکێشی موسیقای نەریتی نەتەوەیی و موسیقای پێشکەوتووی جیهانی دەکار هاتبا، بەڵام وادیارە دەرهێنەر مەبەستی نامۆکردنەوەیە و وەکوو ئامرازێکی شانۆیی، موسیقای سەردەمی بە کار هێناوەو و لەو بوارە سەرکەتوو بووە. پێویستە ئاماژە بکرێ هەناوی دەقی ئەم شانۆیە هەڵگری ئەم شێوە نواندنە موزیکال-ئۆپێراییە بوو، شێوە موزیکالێک لە چەشنی نەریتی موزیکالی گێڕانەوەی بەیتی کوردی. تەنانەت دەکرا زۆرینەی پەردەکان ئاوازی بۆ داندرابا یا بە تەواوەتی موزیکال بوایە. ئەم بوارە دەرفەتی دەرەخساند بۆ نواندن و دەرهێنانی میزانسێنی شانۆ لەم وزە جەوهەریەی نەریتی کوردی بۆ ئاوازی تراژیک کەڵکی شیاو وەرگیرابا تاکوو پێکهاتە و فۆرمی نواندن یەکانگیرتر و یەکدەستتر دەرهاتبایێ. گەیشتن بەو ئامانجە ڕووح و گیان وەبەر شانۆ دەهێنێ. دەرهێنەر لە چەن کاری ڕابردوو و ئەم شانۆیە خەریکە لە زمان یا شێوەدهرهێنانی تایبەت بە خۆی نزیک دەبێتەوە.
۳. نواندن
لیستکوانانی سیاساڵ کەم تا زۆر ڕۆڵی خۆیان بە شێوەیەکی بەرچاو گێڕابوو. لەم بەینە کەسایەتیەکانی وەکوو ساڵە و خامناز و شهیدا به پێوانەی ڕێژەیی جوانتر دهرهاتبوون. وێدەچێ لەگەڵ ڕۆحی ئەم تراژێدیە پێوەندی باشتریان گرتبێ و خوێندنەوەی باشیان لە سەری بووبێ. کەسایەتییەکانی تر هێشتا مەودایان مابوو تا نواندنیان باوەرپێکراوتر بێ. هێندێکیان کوردی بە زاراوەی فارسی دەدوان. بێگومان دانیشتنی لیستکوانان بۆ شیکردنهوه و خوێندنەوەی باشتری شانۆنامە لە باوەرپێکراوتر کردنی کەسایەتییەکان، کاردانەوەی بەرچاوی بۆ نواندنی باشتری داهاتوو دەبێ. داهێنانی شتومەک و لیباس بە تایبەت شازادە و دەزگیرانەکەی زۆر بەرچاو بوو. لە پەردەی سووتانی ئەنباری تەمماکو، دیمەن و کایەی شیاو دەرنەهاتبوو. گرینگی ئەو پەردەیە لەوە دایە خاڵی وەرچەرخانی داستان و کەسایەتیەکانە. پێویستی بە دیزاین و میزانسێنی تایبەت بوو تا دووایین بەشی شانو لە سەر خۆڵەمێش یا ئاواری دار و پەردوو بەردەوام بووبا و خامناز کەمێک دار و پەردووی هەڵداباوە و نەکەوتبا پەراوێزی سێن. سێنۆگرافی ئەم بەشە جێگای ئاوڕلێدانەوە و گۆڕانکاریە.
- سقز رووداو
- کد خبر 15816
- بدون نظر
- پرینت