شما اینجا هستید
اجتماعی » یادێک له‌ دوکتور «محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی» مامۆستا شەپۆل

۵ی جۆزەردان ساڵڕۆژی کۆچی دوایی دوکتور «محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی» به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ کورتەیەک لە ژیاننامەی مامۆستا شەپۆل ئاراسته‌ ده‌کرێت.

دوکتور «محەمەدساڵح ئیبڕاهیمی» ناسراو بە مامۆستا «شەپۆل» له‌ رۆژی چواری جۆزەردانی ساڵی ۱۹۳۳ لە شاری مەهاباد لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر و ئایینیی لەدایک بووە، ناوی باپیری حاجی خەلیفە مەلا محەمەد ناسراو بە بەها، عارف و خواناس و شاعیر و خەلیفەی ماڵباتی نەهری بووە، ناوی باوکیشی مەلا ئیبڕاهیم بووە کە لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە خیرەد دەناسرا.

مامۆستا شەپۆل دوای تەواوکردنی خوێندنی ئایینی لای چەندین مامۆستای بەناوبانگی سەردەمی خۆی وەک مامۆستا مەلا حسێن مەجدی و مامۆستایانی دیکەی کوردستان، ئیجازەی ئیفتا وەردەگرێ و دەبێتە مەلای دوازدە عیلم و مامۆستا و وانەبێژی حوجرەکانی مەهاباد و دەڤەری موکریان.

دوکتور ساڵح ئیبڕاهیمی بۆ ماوەی چەند ساڵ وتاربێژی خانەقای مەهاباد و ئەمینداری شێخ عەبدوڵلا گەیلانی زادە دەبێ، تاکوو لە ساڵی ۱۹۶۱دا،  لە ڕێگەی تاقیکاری گشتییەوە لە زانکۆی تاران دەردەچێ و لە شەستەکان بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئیلاهیات وەردەگرێ و دواتر بڕوانامەی دوکتوڕا لە بواری زمان و وێژەی عەڕەبی بەدەس دێنێ.

مامۆستا شەپۆل لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەویدا دەس دەکا بە نووسینی کتێب و وتار و دەق بۆ ڕادیۆ کوردی تاران و هەر لە حەفتاکاندا دەس دەکا بە وەرگێڕانی قوڕئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی کوردی کە لەبەر قەدەغەبوونی کتێبی کوردی لەو سەردەمەدا، لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ۱۹۷۹، هەلی چاپ کردنی کتێبەکانی بۆ دەرەخسێ.

دوکتور ساڵح ئیبڕاهیمی ساڵی ۱۹۶۲ هاوکاری له‌گه‌ڵ رادیۆی کوردی تاران ده‌ست پێ کردوه‌وه‌، گوتار و نوسراوه‌ی له‌ بابه‌ت کوڵتور و فه‌رهنگی کورده‌واری نووسیوه‌ و له‌ ساڵی ۱۹۶۹دا به‌ هاوکاری مامۆستا «جەمیل رۆژبەیانی»، دوکتور محه‌مه‌دسه‌دیق موفتی زاده‌»، «ئه‌حمه‌د موفتی زاده‌»، «سواره‌ ئیلخانی زاده‌»، «محەممە‌د غفاری» کانوونی زمانی کوردی له‌ تاران ساز کرد.

دوکتور ئیبڕاهیمی یەکەم کەس بووە کە بە شێوەی فەرمی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ۷۹ لە ئێراندا، دەبێتە پێشەنگی ڕۆژنامەگەری کوردیی و لە ساڵی ۱۹٨۱دا یەکەم ژومارەی گۆڤاری گرشەی کوردستان بڵاو دەکاتەوە. مامۆستا شەپۆل کەسایەتییەکی چالاک بووە و هەوڵێکی زۆری داوە تا گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافەکانی شاد بێ و چەندین جار لە هەشتاکانەوە تا ئێستا داوای مافەکانی گەلی کوردی لە کاربەدەستانی ئێران کردووە و لەسەر رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکاندا، سووربوونی خۆی دەربڕیوە.

مامۆستا شەپۆل کەسایەتییەکی خاوەن هەڵوێست بووە و لە هەشتاکانی زایینی بەدواوە بەردەوام داوای مافی کوردی لە بەرپرسانی ئێران کردووە و داواکارییەکانی سەرەتا لە ساڵی ۱۹٨۶ی زایینی (۶۵ی هەتاوی)  لە ۱٨ مادە دا بۆ چارەسەری کێشەی کورد پێشکەشی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کردووە.

دوکتور ئیبڕاهیمی تا ئێستا نزیکەی چل کتێبی نووسیوە و دەیان وتاری لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوبوونەتەوە. لە بەنێوبانگترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بکەینە وەرگێڕانی قوڕئان بۆ سەر زمانی کوردی کە چەندین جار لە ئێران و باشووری کوردستان چاپ بووە و کتێبی زانایانی کورد کە لە چەندین بەرگ دا بڵاوبۆتەوە.

مامۆستا شەپۆل هەڵسووڕاوێکی ماندوونەناسی کۆمەڵایەتییە و لە نەوەدەکاندا، دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانی لەگەڵ ژومارێک نووسەر و رووناکبیری کورد ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردی لە شاری تاران دامەزرێنێ، هەروەها لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دێرینیی خۆی، کۆڕی کوردانی تارانیان دامەزراند.

دوکتور ئیبڕاهیمی بە دەیان ساڵ لە خوێندنگە و زانکۆکانی تاران مامۆستا بووە و تا ئێستا بە دەیان میدیای ئێرانی و کوردی و عەڕەبی وتووێژیان لەگەڵ ئەنجام داوە و بۆ دەیان کۆنگرە و سێمینار لە ئێران و باکوور و باشووری کوردستان بانگهێشت کراوە و ڕێزی لێگیراوە.

دوکتور «محەمەد ساڵح ئیبڕاهیمی»  بە کەسایەتییەکی زانا و نیشتمانپەرور، ماندوونەناس و تێکۆشەر، قسەخۆش و ڕەزاسووک، بێفیز و خاکەڕا، میوانخۆشەویست و بەدەهەند و دڵسۆزی خەڵک دەناسرێ.

 

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل