بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوکی کۆچی دواییکردوە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر ھێندە دەردە نەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی ١٩١۴ بۆ گوندی ئـاموودە دەیگوێزنەوە.
جگەرخوێن ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و ھۆشیاری و توندوتۆڵی پێوە دیاربووە و حەزی لە خوێندن کردووە، بۆیە بەھەر جۆرێک بێت، ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و سەرجەم خوێندنەکانی زۆر زیرەکانە بەرێکردووە وەک خوێندنی زمانی عەرەبی و زانستەکانی ئایینی ئیسلام، بۆیە بە ئومێدی تەواوکردنی مۆڵەتی دوازدە زانستی باکوور و ھەر چوار پارچەی کوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە.
لە ڕۆژئاوای کوردستان و ماوەیەکیش لە باشووری کوردستان و ڕۆژھەڵاتی کوردستان مەلایەتی کردووە.
جگەرخوێن لە ساڵی ١٩۴۶ ز ڕوو دەکاتە شاری قامیشلی و دەست بەکاری ڕامیاری دەکات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەکیەتییا کورد (Civata Azadî û Yekîtiya Kurd). لەساڵی ١٩۴٨ ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی کۆمنیستی سوری و لەساڵی ١٩۵۴ ز دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. لەساڵی ١٩۵٧ ز واز لەپارتی کۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێکخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێکخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموکراتی کوردستانی سوریاوە. لەساڵی ١٩۵٩ ز دا جگەرخوێن ڕوودەکاتە باشووری کوردستان و تا ساڵی ١٩۶٣ ز لە زانکۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی کوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و کاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.
بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی جگەرخوێن لەساڵی ١٩۶٩ ڕوو دەکاتە کوردستانی باشوور و چالاکی کوردایەتی خۆی پێشکەشی شۆڕشی کورد دەکات.
لەساڵی ١٩٧٣دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی کیمە ئەز (Kîme Ez) دەنووسێت.
جگەرخوێن لە ساڵی ١٩٧۶دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی ١٩٧٩ ناچار دەبێت ڕووبکاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەک پەناھەندەیەک دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ١٩٨۴. ١٠٫٢٢ کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاکی کوردستان دەسپێدرێت.
- سقز رووداو
- کد خبر 14971
- بدون نظر
- پرینت