شما اینجا هستید
اجتماعی » شانۆ هەنگاوێک بەرەو پێش / بە بۆنەی دەست پێکردنی شانزدەهەمین فستیڤاڵی نێو نەتەویی شانۆی کوردی سەقز

فەرەیدوون محەمەدزادە، ماستەری ئەدەبی شانۆیی
مۆدێڕنیتە ڕۆخساری نوێی ژیانە. بمانەوێ و نەمانەوێ تێپەڕبوونی سوننەت لە ئارادایە. شانۆ دیالکتیکە.شانۆ چۆنیەتی ژیانی ئەمڕۆیە.شارستانییەتە. ئەگەر بە وردی و بە کۆرتی چاو لە شانۆ بکەین بۆمان دەر ئەکەوێ کە ڕووبەڕووی ڕووداوێکی مۆدێڕنین. ئەوەی کە چەندین کەس پێکەوە لە هۆڵێکدا دابنیشن و جەماوەرێک لە سەر شانۆ دەور بگێڕن، جۆرێک پێشکەوتنە. نیشانەی ئەزموونێکی بە کۆمەڵە. بە ڕەواڵەت شتێکی سەیر و سەمەرە نیە و ئاساییە بەڵام ئەوە کێشەی هەرە دژواری ئەمڕۆیە. لە ڕۆژگارێک دا کە کەس تاقەتی خۆی نیە و بەرەبەرە مرۆڤەکان تەری ئەبن لە یەکتر، شتێک وەکوو شانۆ ئەتوانێ ئێمە بە یەک نزیک کاتەوە. بیر و بۆچوونمان لە یک نزیک بکاتەوە. دیالۆگ دیاری جیهانی نوێیە. جیهانێک کە بە جێگای ئەوە بەردەوام لە شەڕدا بین، دیالۆگ بکەین. تەنانەت ئەو شەڕ و ململانیێەیش بە شانۆ و شەڕیش ئەبێ بە دیالۆگ بێ نە بە چەک. کاتێک زمان دێتە گۆ، چەک سەر دادەنەوێنێ.
شانۆ لە تەنیایی دەرچوونە و پێکەوە بە گرێ دانە. شانۆ ژیانە. چیرۆکی نەتەوەیەکە بۆ بە دی هێنانی ئامانجەکانی فەزا و دیالکتیک هەڵ دەبژێرێ. چیرۆکی پاڵەوانەتییە. تراژیدیایە، کۆمیدیایە، دڕامە. شانۆ وت و وێژی مرۆڤە لەگەڵ مرۆڤ. ئەو کاتەیە کە مرۆڤ خنجێر دادەنێت و بە بەرانبەرەکەی دەڵێت با بە دیالۆگ چارەسەری کێشەکە بکەین.
لە مێژوو و فەرهەنگ و کەلەپووری کوردیدا شێعر چرای ڕێگا بووە. ئامرازێک بۆ گوتنی ئارەزووەکان، عیشق و ئەوینداری. شێعر زمانی خۆشی و شایی بووە. زمانی شین و ناخۆشی. لە کوردەواریدا شێعر کوڕێکی لادێیی بووە کە لە سرووشت تێگەیشتووە. تامی دڵۆپی بارانی کردووە و بۆنی دارستان دەزانێت. بەرزایی لوتکەی کێوی بینیوە و لەوێوە لە دنیا ڕوانیویە. لەم فەرهەنگەدا شیعر زمانی ئاو بووە و زمانی خاک بووە. بەڵام شانۆ کچێکی شاریە. حەزی لە شار و شەقام و بازاڕە. حەزی لە ئاپۆڕە و هات و چووە. حەزی لە هەرا و هۆریایە. زەماوەندی شیعری کوڕی لادێیی و کچی شانۆی شار، ئەتوانێ پێکهاتەیەکی جوان درووست بکا. منداڵی ئەوان بەرهەمێکی جوانی ئەدەبی ئیجراییە کە کورد ئەتوانێ لە پێناوی ئەوەدا خۆی بناسێ و خۆی بناسێنێ و بەرەو پێش بڕوات.
مۆدێڕنیتە وەکوو ڕەوتێک جیهانی ئەمڕۆی لە بەر گرتوە. مۆدێڕنیتە شێوازی نوێی ژیانە. شێوەی سوننەتی ئیتر ناتوانێ جوابی ژیانی مرۆڤی ئەمڕۆ بداتەوە. کە وایە ئەبێ دەرباز بین. دەرباز بوون لە سوننەتەوە بۆ مۆدێڕنیتە. سوننەت لە ئۆتۆپێای ڕابردووی خۆیدا خول ئەخوات. ئۆتۆپیایەک کە دیار نیە ڕاست بێ. کە وایە بەردەوام ئەگەڕێتەوە بۆ دواوە و ئامانج و ئارەزووەکانی خۆی لە ڕابردوودا ئەبینێ و بەردەوام تێ ئەکۆشێ بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە. بەڵام مۆدێڕنیتە داهاتوو ئەبینێ. داهاتوویەک بەرەو پێش کەوتن، بەرەو ڕووناکی. مۆدێڕنیتە لە گۆڕان پێک دێت. ئەو شتانە وا لە سوننەت دایە ئەبێ بگۆڕدرێ. وێنەی ئاسایی ئەم گۆڕانکاریە لە شکڵی ژیاندا بە دی ئەکرێ. تکنۆلۆژی شێوازی ژیانی گۆڕاوە. ئەم ئامرازانەی وا لە دەور و بەرماندایە هەمووی شکڵی مۆدێڕنی ژیانە. چنینی کەل و پەلی ماڵ، ژیانی ماشینی، مۆبایل و دنیای مەجازی و…. بەڵام مۆدێڕنیتە تەنیا لە کەل و پەلی مۆدێڕن پێک نایت. لە زۆر بواری تردا پێویستە گۆڕانکاری بکرێ تا مۆدێڕنیتە پێک بێت. گرینگترین گۆڕانکاری لە ئەندیشەدایە. ئەندیشە ئەگەر نەگۆڕدرێ هیچ گۆڕانکاریەکی زاهێری ناتوانێ مرۆڤ و کۆمەڵگا بە مۆدێڕنیتە بگەیەنێ. کە وایە هەنگاوی یەکەم گۆڕانی بیر و هزرە. بیری سوننەتی ئەبێ بگۆڕدرێ. بیری سوننەتی چیە؟ بیری سوننەتی ئەوەیە کە ئێمە سەنتەری جیهانین. بیری سوننەتی ئەوەیە کە بەردەوام حەق بە ئێمەیە. بیری سوننەتی ئەوەیە کە چی ئێمە ئەڵێین ڕاست و درووستە و باقی باتڵە. بیری سوننەتی ئەوەیە کە ئەبێ هەموو وەکوو ئێمە بیر بکەنەوە. بیری سوننەتی خۆ بە جیا زانین لە جیهانە. بیری سوننەتی تاک بوون و یەکە بوونە و پێچەوانەی تەواوی ئەم باوەڕانە مۆدێڕنیتە. بەڵام مرۆڤ و کۆمەڵی سوننەتی چۆن ئەتوانێ گۆڕانکاری بە سەر مێشکیدا بێنێ و مۆدێڕنی کات؟ بە دڵنیاییەوە بە خوێندن، بە دیتن، بە گەڕانن، بە بیر کردنەوە و بە وت و وێژ. شانۆ یەک لەو گرینگترین ئامرازانەیە کە ئەتوانێ بیر و هزر لە سوننەتەوە بۆ مۆدێڕنیتە بگۆڕێ. شانۆ دژ بە تاک بوون و یەکە بوونە. شانۆ کۆمەڵێک لە باوەڕهای جۆرواجۆرە. بەردی بناغەی شانۆ لە سەر دیالۆگ بونیات نراوە. کۆمەڵێک کەس پێکەوە وت و وێژ ئەکەن و بە سەر هاتێک ئەگێڕنەوە. شانۆ بە هاوبەشی داناننی بیری گشتیە. بە هاوبەشی دانانی بیر و باوەڕە. کە وایە کۆمەڵگایەک بیهەوێ بەرەو پێش بڕوات بیەوێت لە سوننەت تێپەڕ ببێ و مۆدێڕن بێتەوە ئەبێ شانۆی ببێ. ئەبێ ئیش لە سەر شانۆ و شانۆگەری بکا. ئەبێ هەوڵ بۆ شانۆ بدات.
فستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز یەک لەو ڕووداوانەیە کە لەم ڕهەندەدا واتە مۆدێڕنیەت، هەنگاوی هەڵ هێناوە و ئەمڕۆ شانزدەهەمین خولی خۆی بەرێوە ئەبات. حەق وایە بە کار کردن، بە نووسین و بە بەشدار بوون ئەم نمامە ئەستوورتر بکەین.

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی