کاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ وردەوردە هەنگاوە شێعردۆستەکان، ڕێگەی مەکۆی ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوانیان گرتەبەر و چاویان بڕییە دەنگی زاراوەکوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی هەناسەی خۆیان.
هەر لە یەکەم ڕوانیندا هۆڵەکە بە بچووکی خۆیدا دەچووەوە و خۆشەویستیی مەریوانییەکان بۆ شێعر تا دەهات تەکی بە دیوار و پەردە هەڵدەچنی.
وەکوو بڕیار بوو بە هەشت قۆناغدا، هەشت پەنێلی ڕەنگامە، دەنگیان دا لە زمان و وێنەیان کێشا بە ئاسمانی خۆزگەکانی گوێگراندا و لە کاتژمێری پێنجەوە، بۆکان و سنە و مەریوان و سەحنە، گوێیان نا بە خوڕەی فێنکی شێعرەوە و بە پلیکانەی پەنێلەکانی تردا هاواری وشە گەشتە پێنجەمینی خۆی و هۆڵ تەژی بوو لە ئەمەگی گوێگرانی جوانی.
کاتژمێر ۱۰شەو، دیسان ئەوینی شێعر باوەشی گرتەوە بۆ هەنگاوەکانی شەیدایی و بە دەنگی گەرمی دوو پێشکەشکاری خاوەن ئەزموونەوە، تریفەی شێعر فڕییە ئاواتەکانی چاوی بەردەنگەوە؛ سێ پەنێلی کۆتایی، ئاسمانی ئاهوورایی هەورامانی هەڵکێشا لە بارانی وشەی موکریانی و لوڕستانی و جوانڕۆیی و خۆراسانی.
کاتژمێر لایدابوو لە یەکی شەو و کورسییە خەواڵووەکانی هۆڵی قانع تاونەتاوێک بە زریقەی چەپڵەی لاو و پیری بەردەنگەکانەوە دادەچڵەکا و ڕێزگرتن لە ماندووبووان و کۆڕگێڕان، کوردانەترین میواندارییەکانی هەڵدەڕێژایە چاوی میوانانەوە.
شەو لە نیوە لایدا و دەنگی شێعر وەکوو تاریکایی، خزایە هێمنیی شەوی وردەشەپۆلەکانی زرێبار و تا دێڕێکی تر تێکەڵ بە کایەی وردەماسییەکان بوو.
بەمجۆرە، تا زرێبار و دێڕێک یەکەمین هەنگاوی خۆیی هەڵگرت و ئاواتی دووهەمین هەنگاوی هێشتەوە بۆ ئەو قەڵەمانەی پەنگدەخۆنەوە بۆ نووسینەوەی خۆیان.
💠لیژنەی ڕاپۆرتی “تا زرێبار و دێڕێک”
ئەنجومەنی فەرهەنگی-ئەدەبیی مەریوان
هەینی ۲۷۲۲/۴/۳۱
- سقز رووداو
- کد خبر 16687
- بدون نظر
- پرینت