شما اینجا هستید
اجتماعی » پەروەردە بە بێ زمانی زگماکی / شەماڵ ئیسماعیل پوور *

ئەو منداڵانەی بە زمانی زگماکی ناخوێنن؛ بۆ فێر بوون و پەروەردە بوون کۆمەڵێک کێشەی تایبەتیان هەیە. ئەوان دەبێ لە پێشدا زمانی مەبەست فێربن و بەشێکی زۆر لە ساڵانی خوێندن، لەباتی فێربوونی زانست و بەرەو پێشکەوتن چوون بە زمانی فەرمییەوە خۆ خەریک بکەن. پاشان کە وردەوردە زمانەکە فێر بوون، دەبێ لە زەین و مێشکیاندا زمانی فەرمی وەرگێڕنە سەر زمانی زگماکی و ئەوسا خۆیان بە فێربوونی زانستەوە ماندوو بکەن. واتە فێربوون و زانست بە بێ ئانقەست دەچێتە پلەی دووهەمەوە و جێی خۆی بە زمان و فێربوونی زمان دەبەخشێ.

 

بنچینە و شێوەی بیرکردنەوە لە زمانەوەیە. ئەو قوتابییانەی بە زمانی خۆیان ناخوێنن ؛ بۆ بیرکردنەوەش تووشی گرفت دەبن. وەک دەڵێن زمان دایکی بیرکردنەوەیە . کاتێک کە منداڵ ناتوانێ لە داوێنی ئەو دایکەدا پێبگات ، لە بیر و بیرمەندی دا هەتیو دەمێنێتەوە . لە فەلسەفەی شیکارانەدا زۆربەی لایەنگرانی ئەو قوتابخانەیە لە سەر ڕۆڵ و شوێنی زمان پێداگری دەکەن . جۆرج موور دەڵێ بۆ تێگەیشتن لە چەمک و بابەتە فەلسەفییەکان دەبێ زمانی ئاسایی خەڵک بکەنە پێوەر . لە خوێندن بە زمانی نازگماکی دا ئەوە بۆ منداڵی دووزمانە ناڕەخسێ و ناتوانێ بابەتە فکرییەکانی دەقە وانەییەکان بباتەوە سەر ئەو زمانە. ویتگنشتاینی دووهەم (ویتگنشتاینی دواتر) ش لە سەر ئەو بڕوایەیە کە ئەوە خودی چەمکە دەبێ باس لە خوێ  و مەبەستی خۆی بکات و مانا ببەخشێ . کەوابوو بە پێی وتەی ئەم بیرمەندە چەمکێک کە لە زمانێکی نەناسراوەوە هاتبێتە ئاخاوتن و بیرکردنەوەی منداڵەوە ؛ ناتوانێ ڕووناکی بە بیر و زەینی منداڵ ببەخشێ و ببێتە هۆی تێگەیشتن.

 

سیستەمی پێوەندی لە ڕێی زمانەوە دادەمەزرێ و قوتابییەک نەتوانێ لە ڕێی زمانی دووهەمەوە خۆی لە جەغزی ئەم پێوەندییە باوێ ؛ ناکارامە و سەرلێشێواو و دەستەوەستان دەمێنێتەوە. هەر بەم هۆیە لە نێوان قوتابی و مامۆستا و هەروەها قوتابی و کتێبە دەرسییەکاندا پێوەندییەکی ساغ و کارامە چێ نابێ .

 

مرۆڤ نیازەکانی خۆی لە ڕێی زمانەوە باس دەکات . زمانێک کە هێشتا ئاخاوتنی سادە و ڕۆژانەشی لێ فێرنەبووە ؛ چۆن دەتوانێ  نیازەکانی خۆی لە چوار چێوەی ئەو زمانەدا بگونجێنێ ؟

چوونە سەرەوە و گەشەی پێوەندییە کۆمەڵاتییەکان لە ڕێی زمانەوە مسۆگەر دەکرێ . کە زمانی پەروەردە زمانی نادایکی و نەناسراو بۆ منداڵ بێت؛ ئەو گەشە و پێگەیشتووییەش دەکەوێتە بەر ڕەشەبای ناکامڵی و ناتەواوی و منداڵیش لە کۆمەڵگا و دەوروبەری دادەبڕێ.

گرینگترین کەرەسەی بەیان و نیشاندانی کەسایەتی زمانە . منداڵ هەرکات و سات و هەر ڕۆژێکی قوتابخانە پێویستی بە دەربڕینی هەست و سۆز و نیشاندانی کەسایەتی خۆی هەیە ؛ چۆن دەتوانێ بە نیمچە زمانێکی تازە فێربوو ئەم کارە بکات؟

یەکێک لە گرینگترین ڕێبازەکانی خوێندن و قوتابخانە ، گەیاندنی قوتابییە بە ئاستی وەسفی بابەتەکان و کردنەوەی گرێ پووچکەکانی ژیان . ئەو گرێ پووچکانەی کە دەیان سوغرا و کوبرای زمانی پێویستە و وەدەست هێنانی ئاکام و نەتیجه بەبێ زمانێکی تۆکمە و ڕەسەن نەشیاوه ؛ گەیشتن بە ئامانج  لەم بابەتەشەوە ئاستەمە .

 

بە سەرنجدان بە هەموو ئەو بابەت و فاکتۆرانەی کە لە سەرەوە هاتن ؛ بەو قەناعەتە دەگەین کە پەروەردە لە نەبوونی زمانی زگماکی دا سەقت و ناتەواوە و ئەگەر بە بیانووی جۆراوجۆر خۆمان ڕازی کردووە و وەها  پەوەردەیەکمان بە باش زانیوە ، لە بەرانبەر زمانی زگماکی و قوتابیاندا هەستمان بە بەرپرسایەتی نەکردووە .

زمان دایکی بیرکردنەوەیە و هەر نەتەوەیەک ئەو کەرەسەیە بە نەوەکانییەوە نەهێڵێ؛ لە بیرکردنەوە بێ بەشە!

**مامۆستای قوتابخانە و زانکو

#سه‌قزرووداو

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل