شما اینجا هستید
اخبار » کاک ئەحمەدی شێخ و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

د. شەهباز موحسێنی

 

حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ، ناسراو بە کاک ئەحمەدی سلێمانی، یەکێ بووە لەو زانا هەڵکەوتەو خواناسە بەرز و بلیمەتە ناودارانە، کە خاکی پیرۆزی کوردەواری، پەروەردەو پێشکەشی جیهانی ئیسلام و مرۆڤایەتی کردووە.

ئەم زاتە جگە لە پێگەی بەرزی بنەماڵەیی، هەموو توانا و هێز و زانست و ئیعتیبار و ژیانی، وەقفی خزمەتی خاوێن و ڕاستەقینە بە ئایینی پیرۆزی ئیسلام و ڕێنوێنی مۆسوڵمانان کردبوو. ئێستاش دوا تێپەڕبوونی نزیک بە سەدوپەنجا ساڵ لە کۆچی دوایی، یاد و بیرەوەری ئەم زاتە هەر لە سەر زار و زمانی خەڵکدایەو لە زۆر مەجلیسی دانیشتن و کۆڕی عیلمی و ئایینی، باسی ڕەفتار و کەلام و هزری هەرمان و یادی پیرۆزی هەر زیندووە.

بە گشتی خەڵک و مامۆستایان و زانایان بە خۆشەویستی زۆرەوە لە کەسایەتی دینی و کۆمەڵایەتی بەرز و بەرچاوی کاک ئەحمەدی شێخ دەدوێن. دیارە شاعیرێکی بە هەست و ناسراوی وەک شێخ ڕەزا تاڵەبانی، ڕوانگەی خەڵکی، ئاوێتەی هەستی شاعیرانەی خۆی کردووە و دەڵێ:

مەربووتە حەیاتم بە سولەیمانی و خاکی

خۆزگەم بە سەگی قاپییەکەی ئەحمەدی کاکی

 

ئەو قودوەیی ساداتە کە سوککانی سەماوات

شەڕیانە لە سەر سوجدە لە سەر مەرقەدی پاکی

 

بە هۆی یەک عومر خزمەت بە ئایین و نیشتمان و پێگەیاندنی زۆر فەقێ و سالکی تەریق، و نووسینی کتێبی کاریگەر و گرینگی وەک “مەکتووبات”، زیندوو کەرەوەی دین واتە “مجدد” بووە لە زەمانی خۆی دا. خەڵکی زاناپەروەر و ئەمەک ناسی کوردوستانی ڕۆژهەڵاتیش، شێخ رەزا وتەنی، حەیاتیان بە خاکی سڵێمانی و مەرقەدی نوورانی کاک ئەحمەدی شێخ، مەربووتە.

لەم وتارەدا باسی هەندێ کەسایەتی لە کوردوستانی ئێران دەکرێ کە پێوەندی ڕاستەوخۆیان لە گەڵ حەزڕەتی کاک ئەحمەد هەبووە و هەوڵیان داوە بۆ بڵاو بوونەوەی فیکر و ئەندێشەو ئەزموونی مەکتەبی کاک ئەحمەدی شێخ. بە هۆی کەمی کات و دەرفەت، تەنیا سێ نموونە باس دەکەین.

ا.  کاک ئەحمەدی شێخ، لەگەڵ زۆربەی شار و وڵاتانی دەور و بەر و هەروەها ئێران، پێوەندی بووە. بە هۆی پێگەی دینی و ئاستی باڵای عیلمی خۆی و بنەماڵەی، لە لایەن مەشایخ و زانایان و مامۆستایان بە تێکڕا، ڕێزی تایبەتی لێ دەگیرترێ.

یەکێ لە بنەماڵە زانیارییەکان، بنەماڵەی ڕێزداری شێخەلئیسلامی بانەیە، کە دەچنەوە سەر پیر خزری شاهۆ  و بە درێژایی ئەم سێسەد ساڵەی دوایی، پتر لە هەشتا مامۆستای ژیر و شەرع زان و بلیمەت و مودەرریس یان لێ هەڵکەوتووە، کە لە ئێران و عێراق و تورکیا بڵاو بوونەتەوە. زانایانێکی وەک مەلا مووسای موحەددیسی بانەیی و مەلا عەبدوڵڵای حافز و مەلاعەبدولسەلامی بانەیی و… لەم شەجەرە موبارەکەن. خوالێخۆشبوو مامۆستا جەلالەدینی شێخەلئیسلام، کتێبێکی لە مەڕ ناساندنی هەندێ لەم کەسایەتییانە نووسیوە. من و کاک مەلا مادێح کوڕی مامۆستا جەلالەدین، ئەو کتێبەمان ڕاست کردۆتەوەو دوا پێداچوونەوە، ئامادە کردووە بۆ چاپ.

مامۆستا عەبدولسەلام لەگەڵ حاجی کاک ئەحمەد، پێوەندی قووڵ و دۆستایەتی گەرم و گووڕ و هات و چۆی بووە. ئەم زاتە لە ۱۲۵۲ی کۆچی لە شاری بانە لە دایک بووە. دوو ساڵ لە خزمەت موفتی زەهاوی لە بەغدا خوێندوویەو موفتی زەهاوی بە هۆی ئەوە کە پێشتر لە بانە شاگردی مەلامەحموودی باوکی بووە، زۆری حورمەت لێ گرتووە. موفتی زەهاوی بە فەقێ عەبدولسەلامی دەکوت: باوکی تۆ یەکێ لە ئەولیای خودا بوو. مەلا عەبدولسەلام، موجازی موفتی زەهاوی بووە و لێی داوا کراوە لە بەغدا بمێنێتەوە و راتبە و مانگانەیشی بۆ تەرخان دەکەن، بەڵام قەبووڵی ناکاو دەگەڕێتەوە کوردستان. لە سلێمانیش لە گەڵ مەلا ئەحمەدی چاومار باوه گه وره بێخودی شاعیر و موفتی سلێمانی دانیشتن و وت‌ووێژی عیلمی بووە. لە حوجرەو مەدرەسەی مەلاعەبدولسەلام، هەمیشە و لە هەر کاتدا پتر لە سەد فەقێ حوزووریان بووەو دەرسیان خوێندوە لە وڵاتی دەوروبەر وەک عێراق و تالش و تەنانت میسر فەقێ ڕوویان دەکردە مەدرەسەی ئەو کاتی بانە. بۆ وێنە جەنابی مەولەوی تاوەگوێزی، کە فەقێی مەلاعەبدولسەلام بووە. یۆنس خان، حاکمی بانە، زۆر گوێ ڕایەڵی مامۆستا عەبدولسەلام بووەو هەرچی وتبا و ویستبای بە قسەی دەکرد و هەموو خەرجی مەدرەسەو و حوجرەی لە ئەستۆ گرتبوو.

مەلاجەلال شێخەلئیسلام نووسیویە: مەلاعەبدولسەلام و کاک ئەحمەدی سلێمانی، ڕەفیقی گیانی یەکتر بوون، تا ڕادەیێ کە کاک ئەحمەدی شێخ، لە عالەمی دۆستایەتیدا، چل و هەشت نامەی بە کوردی و عەرەبی و فارسی بۆ ناردووە و لە هەر نامەیەکدا بە نێوێکی تایبەت یادی کردووە: جاری وای پێی وتووە “حاجی مەلا عەبدولسەلام”، جاری وایە وتوویە “شێخ عەبدولسەلام”، یان “سەید عەبدولسەلام” یان “کاک عەبدولسەلام” و هەروها  “حاجی مامۆستای بانە”… تەنانەت جارێکی ئاوای بۆ نووسیبوو: “فدیتک جمیع ما ٲعطانی الله سوی کتبی لٲنها حاویه القرآن و الٲحادیث”.

مەلاعەبدولسلام دوو جار لە بانەوە بە تایبەت بۆ دیداری حاجی کاک ئەحمەد تەشریفی بردووە بۆ سڵێمانی و جارێکیان بۆ “نۆدێ”. چەن پیاوماقووڵی بانەیی وەک حاجی مستەفا بەگی نائب، باوکی حەسەن خانی نمەشیر لە خزمەتیدا بوون. حاجی کاک ئەحمەدیش هەتا دووڕیانی چنگنیان چووە بەرەو پیری مامۆستای بانە. لە سەفەری دووهەم بۆ سلێمانی، شێخ محەمەدڕەش، ناسراو بە ٳبن الکاژاوی و چەن کەسی دیکەی لە خزمەتدا بوو.

کاک ئەحمەدیش چەن جار بۆ دیداری مامۆستا عەبدولسەلام، تەشریفی چۆوەتە شاری بانە و لە ماڵی مەلا عەبدولسەلام میوان بووە.

باسی کەڕامەتێکی حاجی کاک ئەحمەد لە کتێبەکەی مەلال جلال هاتووە، یەکێ لە ئەژدادی بنەماڵەی حەمزەپوور لە بانە – کە مورید بووە – کوڕەکەی بە هۆی نەخۆشییەوە لاڵ دەبێ و ناتوانێ قسە بکا. دەچێتە خزمەت مەلاعەبدولسەلام و عەرزی دەکا زۆر پەرۆشم. نامەیەکم بۆ حاجی کاک ئەحمەد بنووسە، بەڵکو بە حورمەتی نامەی جەنابت زیاتری ئاگا لێمان بێ و ئیشەڵڵا بە دۆعای ئەو زاتە، کوڕەکەم چاک ببێتەوە. کە دەچێ بۆ سلێمانی، حاجی کاک ئەحمەد نامەکەی مەلاعەبدولسەلام، لە سەر قەلبی خۆی دادەنێ و چاو دەبەستێ و دوایە کە چاو دەکاتەوە و نامەکە دەخوێنێتەوە. هەر ئەو نامەیە وەک نووشتوو دەپێچێتەوەو دەیخاتە نێو کڵاوی کوڕەکە. کوڕە توزێ، خەوی لێ دەکەوێ. کە منداڵە لە خەو هەڵدەستێ، حاجی کاکە ئەحمەد دەپرسێ: کوڕم مێۆژ دەخۆی؟ لە وڵام دا کوڕە دەڵێ: بەڵێ  قوربان! و بەم جۆرە شیفا پەیدا دەکا و سەلامەتییەکەی دەگەڕێتەوە. حاجی کاک ئەحمەد دەفەرمێ: ئەمە بە بەرەکەتی نامەکەی حاجی مامۆستای بانە بووە. بۆ خۆت دەزانی من دۆعام نەنووسی! دوایە حاجی کاک ئەحمەد لە بابی کوڕە دەپرسێ: ساڵی چەن جار دێی بۆ ئێرە؟

عەرزی دەکا: قوربان چوار جار. دەفەرمێ: نیاز نیە خۆت تووشی زەحمەت بکەی. ڕۆژانی پێج شەممۆ بۆ نوێژی عەسر بچۆ مزگەوتی ماموستا عەبدولسەلام و دوای نوێژی جەماعەت، تەمەننای دۆعای بەخێری لێ بکە.

 

ب. بە پێی “ٳن آثارنا تدل علینا” کاک ئەحمەدی شێخ، بە سەر هەموو زانستە ئیسلامییەکان وەک فیقە و کەلام و تەسەووف… زاڵ بووە، هەروەها لەعیلمی ئەنساب و ناسینی شەجەرەی بنەماڵەکان، بە توانا بووە. نێو و ئیمزا و مۆری کاک ئەحمەدی شێخ، لە ژێر هەندێ شەجەرەنامەدا هەیە، کە به هۆی واژۆ کردنی جەنابیان، ئەو شەجەرەنامانە بۆ خەڵک و عالمان جێی متمانە و باوەڕپێکردنە. بۆ وێنە شەجەرەنامەی بنەماڵەی بەڕێزی کاک ئەحمەدی بابەشێخ لە سەقز بە پێنووس و پەراوێز و واژۆ و مۆری کاک ئەحمەدی شێخ ڕازاوەتەوە و ئەوڕۆکە بۆ توێژێنەران وەک بەڵگەیەکی قورس و قایم و باوەڕپێکراو دێتە ئەژمار. بنەماڵەی بابە شێخی سەقز سەدوپەنجا ساڵە لە دەرگاشێخانەوە هاتوونە سەقز و لە ساداتی حەسەنین و  بە پێی ئەو بەڵگەنامەیە کە کاکە ئەحمەدی شێخ واژۆی کردووە دەچنەوە سەر شێخ عەبدولقادری گەیلانی -قدس اللە سرە -. شێخ عەبدولرەحمان نزیک بە سەدوپەنجا ساڵ لەوە پێش هاتۆتە سەقز بۆ ئێرشاد و کوڕەکەی کاک ئەحمەدی بابەشێخ جێگری بووە کە لە ۱۳۶۴ی هەتاوی کۆچی دوایی کردووە و ئێستا  کاک عەبدولرەحمانی بابەشێخ کار و باری تەکیە و ئێرشادی موریدانی ئەم لقە لە تەریقەتی قادری بەڕێوە دەبا و جێی بڕوا و متمانەی خەڵکن. کاک ئەحمەدی شێخ وەک وتمان، وەکو قودوە و گەورەی سادات لە کوردستان، ئەم شەجەرەیەی خوێندۆتەوەو دوای توێژینەوە، واژۆ و مۆری کردووە و شایەتی داوە کە ئەم نەسەبە، ڕاست و تەواوەو بە خەتتی خۆی نووسیویە: “هذا النسب صحیح ینبغی ٳعتقاد صحته و لامجال للطعن فیه. قال ابن حجر علیه الرحمه علیه الرحمه: من ادعی نسبا لم یشتهر بغیره سلّمت له دعواه انتهی فیجب علی کل من اطلع علی هذه الشجره ٳکرام صاحبها و الکفّ عن ٲذاه و اعتقاد ٲنه من ٲهل البیت النبوی. هذا ما قاله بفمه و کتبه بقلمه الفقیر المعروف النودهی عفاالله عنه آمین….کتبه الفقیر الحقیر السید احمد بن السیدمعروف النودهی المدرس بمدرسه المسجد الجامع الرحمانیه بسلیمانیه کرسی مملکه بابان”.

کە ئاماژە دەکا بەوەی کە لەو کاتەدا لە مزگەوتی جامێعەی عەبدولڕەحمان پاشای‌بابان لە سلێمانیە سەرقاڵی تەدریس و وانەوتنەوە بووە.

ج. حەزرەتی شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی(صدرالسادات)غەوس ئاباد(۱۲۳۵_۱۲۹۳ی هەتاوی) یەکێ بووە لە خەلیفە بەرز و بەڕێزەکانی حەزرەتی کاک ئەحمەدی شێخ. ئەم زاتە مرۆڤێکی زانا و شاعیرێکی بیرمەند و پزیشکێکی بە توانا بووه. بۆ فێربوونی زانستەکانی سەردەم چەند ساڵ سەفەری میسر و بەغدا و کەشمیری کردووە. کە گەڕاوەتەوە لە موکریان بە تێری و تەسەلی خزمەتی هەمەلایەنەی کردووە بە خەڵکی ناوچە، لە ئیرشادەوە بگرە تا دەرمانکردنی نەخۆش. کتێب و ئاسەواری لێ بەجێ ماوە وەک دیوانی شێعر و کتێب لە پزیشکی دا.

کە ئاگری شەڕی یەکەمی جیهانی هەڵدەگرسێ دەوڵەتی عوسمانی و ڕووسی تێزار گوێ نادەنە بێ لایەن بوونی دەوڵەتی قاجار لە ئێران‌دا و بەشێک لە خاکی ئێران واتە کوردستان و ئازەربایجان داگیر دەکرێ و هێزەکانی ئەم دوو دەوڵەتە لەوێدا لە گەڵ یەک بە شەڕ دێن. کارەسات دەقەومێ. دەهەزار کەس واتە دووبەشی حەشیمەتی دانیشتووی ئەو کاتی سابڵاغ بە دەس هێزی ڕووسیا دەکوژرێن بە تۆڵەی گەلەکۆمەکێی کوردان لە سوپای خەلافەتی عوسمانی بە پێی بانگهێشتن و فەتوای مەشایخی قادری و نەقشبەندی. بەڵام شێخ باباسەعید، بەشداری و هاوکاری کوردانی لە سوپای عوسمانی پێ دروست نەبووە و ئەو شەڕەی، پێ جیهاد و غەزا نەبووە.  هێزی عوسمانی دەس بەسەری دەکەن و لە گوندی کەرێزەی نێوان سەقز بۆکان شەهیدی دەکەن.

وەک وتمان شێخ بابا، خەلیفەی حەزرەتی کاک ئەحمەد بوو. پیاوێکی دنیادیدە و ڕووناکبیر بوو. دەقی خەلافەت نامەی کاک ئەحمەدی شێخ کە لە دەستماندایە خاڵی زۆر گرینگی تێدان کە بەکورتی باسی دەکەین. دەقەکە بە فارسی و عەرەبییە. بە نێو و حەمد و سەنای خودا و پەسنی حەزرەتی ڕەسووڵ – دروودی خودای لێ بێ – دەس پێ دەکا.

بە پێی بابەتەکانی ئەم نامەیە، کاک ئەحمەدی شێخ، ئیزنی تەڵقین و بەیعەت وەرگرتن لەو کەسانەی دەیانەوێ ببنە سالک، بە شێخ باباسەعید داوە. حەزرەتی کاک ئەحمەد خۆی بە کەم زانیوە و بە مرۆڤێکی خەتابار و پڕگوناح باسی خۆی دەکا و دەڵێ لە لایەن قوتبی تاقانە و گەورە و شێخم، جەنابی باوکم، سەید محەمەدمەعرووفی نۆدیهی بەرزنجی، فەخر و شانازی تەڵقین و بەیعەت وەرگرتنم پێ بەخشراوە.

لە مانگی جمادی الاولی ۱۳۰۴ی کۆچی ئیجازەی تەڵقین و زیکر و بەیعەت وەرگرتنم لە سەر رێباز و تەریقەتی حەزرەتی عەبدولقادری گەیلانی داوە بە جەنابی سەیدباباسەعید کوڕی سەید ئیسماعیلی غەوس ئاباد. لە درێژەدا دەفەرمێ: “دوای ئەوەی کە شێخ بابا، خەڵوە و چلەی کێشا، ئیجازەنامەم بۆ نووسیوە بەو هیوایە ببێتە ڕێنومای خوازگارانی ڕێگەی سلووک، بەڵام دەبێ پێشتر بزانێ ئایا مورید بەڕاستی لە سەر ئەمری سلووک [کە کارێکی ئەستەمە] ساغ بووەتەوە و عەزمی جەزمە یان نە”.

سەعدی شیرازی وتەنی:

اگر طالبی کاین زمین طی کنی

نخست اسب بازآمدن پی کنی…

 

کاک ئەحمەدی شێخ لە نامەکەیدا  زۆر ژیرانە، مەراتبی سلووک بە سێ ئاست و پلەی(بەرز و  نێونجی و نزم =اعلی و اوسط و ادنی) دابەش دەکا و دەڵێ: “دەبێ شێخ بابا بە پێی پلەوپایەی شیاو بوون و لێهاتووی مورید، زانیاری پێ بدا و خۆی لەگەڵ ماندوو بکا” واتە “کلم الناس علی قدر عقولهم”. دوایه دەڵێ: هەموو موریدەکان دەبێ هان بدا بۆ بەجێ هێنانی فەڕز و سوننەت و واجبەکان و هەموو چەشنە تاعەتێک بە پێی هیممەت و توانا”.

مەسەلەی گرینگ تر لەم نامەدا، بەرژەوەندی کاک ئەحمەدی شێخە لە بەدواداچوون و وەدووکەوتنی خێر و سەڵاحی ئوممەتی ئیسلام و هەروەها خەڵکی کوردستان، بە مەبەستی دووری لە تەفرەقەو دژایەتی لەگەڵ یەکدی.  حاجی کاک ئەحمەد ڕاشکاوانەو بە ڕوانگەیەکی خەسارناسانە دەڵێ: “بە هیچ جۆرێک نابێ لەگەڵ تەریقەکانی دیکە وەک نەقشبەندییە دژایەتی و دوژمنایەتی بکرێ”. ئەم زاتە وەک ڕێبەرێکی حەکیم و دڵسۆز بۆ نیشتمان، دەڵێ: “تەنانەت ئەگەر ئەوان سەدجار ئازاریان دان و قسەی خرابیان کرد ئێوە هەرگیز هیچ نەڵێن. تەریقەتەکان هەر وەک چوار مەزهەبە فیقهییەکان، هەموویان حەق و پیرۆزن”.

ئەم ڕوانگە و بۆچوون و ئەسپاردەییە دەبێ بە ئاوی زێڕ بنووسرێ و تەنانەت لە زانکۆکاندا تەدریس و شی بکرێت و وەک خەسارناسی کێشەی ناکۆکی و دووبەرەکی و ناتەبایی نێوان بزاڤە دینی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان و بگرە ناوچە و جیهان، بەرز بنڕخێندرێ و یادی لێ بکرێ چەشنە لێبوردوویی و سینە فراوانییە بۆ ئێستاو دوا ڕۆژیشمان دەبێتە مایەی دەرس و عیبرەت و دەبێ یادی وەها پێشەوایەکی مەعنەوی بەرز بگیرترێ.

خاڵی دیکەی حەکیمانەی بەرچاو کەدەتوانێ لایەنی پەروەردەیی و ڕاهێنان بێت، ئەوەیە کە دەفەرمێ: “ئەگەر کارێکی ناحەز واتە مونکەرت چاو پێکەوت، بە دڵ پێت ناخۆش بێ و ئەگەر زانیت نابێتە هۆی دوژمنی و دژایەتی نێوان تۆ و ئەو کەسە، ئامۆژگاری بکە”. واتە  زەبر و زۆر و توند و تیژی، شێوەیەکی شیاو و گونجاو نییە.

هەروەها ڕەخنەی گرتووە لەوانەی عیرفان و تەسەووف دەکەنە دوکان و بازاڕ و دەڵێ: “ئەگەر کەسێک خۆی هەڵکێشاو لافی لێداو ئیددیعای ئەحواڵ و کەشف و کەراماتی کرد بەڵام بە قەدەر سەرە موویەک لەشەرع لای دا ئەوە ئیستیدڕاجە”! بە پێی قوڕئانی پیرۆز ئیستیدڕاج، یەکێ لە سوننەتەکانی خودای مەزنە، بە واتای نزیک بوونەوەی تەدریجی و بەرەبەرەی مرۆڤی کافر و فاسیق بە هیلاکەت و بەدبەختی. والذین کذبوا بآیاتنا سنستدرجهم من حیث لایعلمون(اعراف۱۸۲)

هەروەها دەڵێ: “دەبێ ئاگاتان لە خۆتان بێ و بە تاریف و پیاهەڵگوتنی جەماوەر و خەڵکی ئاسایی نابێ دڵشاد و خۆشحاڵ بن و هەروەها نابێ بە زەمم و بەدگۆیی ئەوان پەژار و نیگەران ببن. ئەگەر دیتت کەسێک تەرکی گوناحی کرد و هیدایەت بوو زۆری پێ دڵخۆش بەو شوکری خودا بە جێ بێنە”.

لە ئاخردا باسی ئەوە دەکا کە ” سالک دەبێ لە کارەکانیدا، بێ خەوش و بە تەواوی بۆ خودا بێ و لە ڕیاکردن و ڕۆاڵەت سازی خۆ دوور بگرن”.

خاڵی دوایی بەرچاوی نامەکە ئەوەیە کاک ئەحمەدی شێخ، بە مەبەستی یەکگرتوویی و یەک ڕیز بوونی ڕێڕەوان، خۆی بەم جۆرە ناساندووە:”المُجیز المُبایِع الموکّل الملقّن السید احمد النودیهی ثم البرزنجی (القادری النقشبندی)”.

سەرچاوەکان:

ـ  اثبات منصوری؛ نگاهی به زندگانی و بذخی آثار عارف شهید حضرت شیخ باباسعید برزنجی، سید محمد صمدی، مهاباد، ۱۳۸۹

ـ عمر فاروقی، تاریخ فرهنگ سقز کردستان، سقز ۱۳۷۱

ـ ماموستا جلال الدین شیخ الاسلام؛ خاندان شیخ الاسلام بانه،  زیر چاپ

ـ مسعود سعیدی، زندگینامه عارف شهید حضرت شیح باباسعید غوث آباد، بوکان، ۱۳۹۶

ـ مەکتووباتی کاک ئەحمەدی شێخ، وەرگێڕاوی مەلا عەبدولکەریم موده رریس، بغداد، ۱۹۸۴

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل