شما اینجا هستید
اجتماعی » کورتە یادداشتێک بەبۆنەی بڵاو بوونەوەی دوو دەفتەری شێعری شاعیری سه‌قزی یوونس ڕەزایی/  ڕەهبەر مەحموودزادە

کە باسی دەقی چەنددەنگ دەکەین، دەکرێ ئەو دەنگاودەنگ بوونه بە چەند شێوەی جۆراوجۆر خۆی دەرخا؛ شێوازێک ئەوەیە دەنگه جیاوازەکان، بەجیا و بە نۆرە لەناو دەقدا دەور بگێڕن و دواتر ئەو دەنگانه لە گشتایەتی دەقدا یەکێتییەک پێک بێنن. لەم شێوازەدا ئەگەر دەق وەک یەکەیەکی گەورەتر ئەو کۆمەڵە دەنگانە پێکەوە کۆ نەکاتەوە، دەکرێ ئەم دەنگە جیاوازانە هێڵ به هێڵ و تاڵ به تاڵ لێک هەڵاوێردرێن. واتە دەنگەکان تێکەڵ بوونه بەڵام لەناو یەکدا نەتواونەتەوە.

شێوازی دووەم ئەوەیە دەنگە جیاوازەکان لەناو یەکدا بتوێنەوە و لەگەڵ ئەوەی گشت دەنگەکان لەناو دەقدا ئامادەن، لێک هەڵاواردنی دواییان کاری نەکردە* بێ. چەنددەنگ بوونی شێعرەکانی دەفتەری “بە دەروای باخەوە” بەم شێوازەی دواییە.

ئەگەر دەقی فۆلکلۆر بەگوێرەی سروشتی خۆی لەباری زمان و ڕاوێژ و ڕوانینەوە مۆرکی ناوچەیی بوونی بە زەقی پێوە دیارە، ئەوا دەقەکانی ناو دەفتەری “بە دەراوەکانی باخەوە” بەگوێرەی سروشتی چەنددەنگیان سنووری ناوچەیی بوونیان هەڵبواردووە و “باڵایان بەقەد باڵای نیشتمانە”:

کچ دەڵێ:
ئەمن لە شانم کردووەتەوە ڕووسووریی شەقام
کردوومەتەوە بەر بوێریی ئەو شارەی ناوی سابڵاغە
ناوەڵا ئەوان باژێران ئێستەکێ پێی دەڵێنەوە
پیرە کۆبانێ
دێمەوە به خۆفی گوللە و مەجالی بریندا
تا دەگەمەوە سنووری هەناسەکانی کوڕەحەیرانێ
ئاڵایەک بە دیاری دێنم
ڕەنگی لە دەنگی خۆر دەچێ و
باڵای لە بزەی حەدەحەدی شەقامەکانی سەر لە ئێوارەی
بۆکانێ

ئەوە دەنگی حەیرانە کە خوێنەری کورد دەیبیسێ، بەڵام حەیرانێک کە لە سەدەکانی هەژدەیەم و نۆزدەیەمەوە قەڵەمبازێکی داهێنەرانەی داوەتە سەدەی بیست و بیست و یەکەم و لە چاوە خانووەکان و بگرە لە شانشینەکانی ئەدەبی جیهانی و ئاوانگارددا خەریکە جێگایەک بۆخۆی دەستەبەر دەکا.

بەڵام چامەکانی دەفتەری “سوێند به فورات” ڕێک سروشتی ڕووباریان هەیە. وەک چۆن ڕووبار لە ڕەوتی ڕێ‌کردنی ڕووبارانەی خۆیدا کوێستان و گەرمێن وەک یەک دەگرێتە باوەش، هەناوی دۆڵ و دارستان پڕ دەکا و بە لادێ و شاردا تێدەپەڕێ و بە یەکجاری له شوێنێکدا پەنگ ناخواتەوە، ئەو چامانەش هەر ئاوا ئیماژی شاعیرانە و گێڕانەوەی چیرۆک‌ئاسا، وەک یەک لە بەستێنی خۆیاندا لە باوەش دەگرن؛ ڕیوایەتی سوورریالیستی لەناو ڕاستییە مێژووییەکاندا دەتوێننەوە و دەنگی نەرمی فۆلکلۆر لە دەنگی شکۆداری دەقی پیرۆز دەهاڵینن. بەڵام لێرەشدا “منی شێعری” بەقەد هەموو نیشتمان هەراش بووە و هێندەی “سەردەم” و بگرە هێندەی “سبەینێیەکی ڕووناک” هەڵیداوە و مۆدێڕن بووە و لە مەجلیسی بوێژە دیواندڕەکانی ئەدەبی پێشکەوتوودا قسەی بۆ کوتن پێیە.

دەڵێم تابووتێک بنووسم، لە توانای وشەدا نەبێ
تەختی لە داربەڕووەکانی ئیلام
چوار دەوریشی
دار هەناری دەست کچێکی هەورامانی کە مزر بوو
دار گێلاسی دەشتی لاجان
کە لە گوێن گۆی مەمکی کچێکی ئەویندار … تورت
دار هەرمێی سەردەشت … که کێویم
وەک چی … که کێوی بێ و مێوینە
ئێوە بیڵێن؟

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل