نووسین: ئەیووب محەممەدنژاد
نەورۆز یەکێ لە جەژنە هەرە گەورەکانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناڤینە بە تایبەت بۆ خەڵکی کورد گرینگایەتییەکی زۆر تایبەتی هەر لە ڕابردووەوە تا ئەم سەردەمە هەبووە و هەیە.
لە ڕاستیدا نەورۆز بۆ هەموو کوردان و ڕەنگە بۆ باقی گەلانی دیکە، کەوا نەورۆزیان لە لا پیرۆزە واتای ئازادی و لە دایک بوونەوەیەکی دووبارە، دەدات.
ئامانجی ئەم نووسراوە باسێکی چڕ و پڕ نییە لە سەر مێژووی نەورۆز یان شرۆڤەی هەموو ڕێوڕەسمەکانی تایبەتی نەورۆز بەڵکوو بە شێوەیەکی هاسان سێ، چوار ڕەسمی کۆنی نەورۆزانە کە ئێستاش لە زۆر یەک لە ناوچەکانی کوردستان تایبەتەن لادێ نشینەکان باوە، بە ئێوەی ئازیزی دەناسێنێ.
ئاگری شەوی نەورۆز
هەر وەک ئاگادارن، خەڵکی ئێمە لە شەوی نەورۆز واتا شەوی پێش لە ڕۆژی یەکەمی خاکەلێوە، ئاگر و گڕە مشقان دەکەنەوە و لە دەوری هەڵپەڕکێ و سەما دەکەن وەک لە باوانمان بیستوومانە لە زەمانی پێشوودا کە چەک و ئەسڵەحە قەدەغە نەبووە بە تەقاندنی تیرێکی ئاسمانی دەست پێکی نەورۆز و کرانەوەی ئاگر لەو شوێنە ڕائەگەیەندرا.
لە هەندێک ناوچە هەر بنەماڵەیێک لە بەر ماڵی خۆیاندا ئاور دەکەنەوە یا خود تێکڕای خەڵکی ئاوایی لە شوێنێکی تایبەت کۆ دەبنەوە و لە دەور یەک ئاگری گەورە هەڵپەڕکێ دەکەن، کە بازەم بە پێی ناوچەکان چۆنیەتی بەڕێوەچوونی ئەم ڕێوڕەسمانە جیاوازە.
هەلاوە مەلاوە یان هەتەرێ مەتەرێ
ناوی یەکێ لە ڕێوڕەسمەکانی دەمەو نەورۆزە،لە زەمانی زوودا سەوەتە یان خود زەنبیلێکیان درووس ئەکرد لە شووڵە تەڕەی داری بی کە پێیان دەگووت چەپەرێ، منداڵان چەپەرێ بە دەست دەچوونە بەر دەرکی هاوساماڵەکان و خەڵکی ئاوایی؛ و بە وتنی: هەتەرێ مەتەرێ، شتێکمان بۆ بخەنە ناو چەپەرێ یان لە هەندێ ناوچە بە وتنی: هەلاوە مەلاوە شتێکمان بۆ بخەنە ناو تاوە، داوایان لە هاوسێ ماڵ دەکرد کە نەورۆزانەیان بداتێ، نەورۆزانە بریتی بوون لە پووڵە وردە، کەیک، نوقڵ، چکلێت و سنجوو (سرینچک)، هێلکە و…
جەحێڵان و لاوانی ناودێش بە شەودا دەگەڕان و زەمانێ کە زۆرینەی ماڵەکان ڕۆچنیان بوو لە سەر سەربانەکانەوە هەر ئەو چەپەرێیان بە پشتێندێکەوە دەبەستەوە و لە ڕۆچنەوە شۆڕیان دەکردە خوارێ و هەر بە وتنی: هەلاوە مەلاوە… داوای جەژنانەیان دەکرد، بە گشتی لاوەکان بە پێچەوانەی منداڵان کە بە هەموو شتێ قانع بوون، ئەوان زۆرتر پووڵ و هێلکەیان خڕ دەکردەوە و (پێویستە ئاماژەکەم کە دوواتر کە چەپەرێ نەما عەینی ئەم شتەی ئاماژەمان دا بە سەتڵ یان نایلۆن دەکرا و ئێستاش دەکرێ).
کۆستە و ژنی کۆستە
لەم ڕەسمەدا کە دوو کەس بەشدارن، یەکیان کۆستە و ئەوەی تریان خێزانی کۆستەیان پێ دەڵێن. کۆستە جلێکی قوڵ و فش لە بەردەکا و خێزانی کۆستەش جلی کوردی ژنانە دەپۆشێ و لە کووچە و گەڕەک و کۆڵانەکاندا دەستی یەک دەگرن و قسەی خۆش و نەقڵ و ئاواز پێشکەشی خەڵک دەکەن و نەورۆزانە وەردەگرن.
وشتر و سۆفی
لە هەندێک لە ناوچەکانی کوردستان تایبەتەن لادێ نشینەکان، شەوی جێژنی نەورۆز، کەسێک جاجم دەخۆی دەئاڵێنێ و خۆی وەک وشتر دەردێنێ و بە داسێکیش دەندووک بۆ خۆی درووس ئەکا و لەگەڵ کەسێکی دەنگ خۆش کە گۆرانی بەزمی و خۆش دەخێنێ و پێی دەڵێن سۆفی ماڵ بە ماڵی ئاوایی ئەگەڕێن و لە هەر ماڵێک گۆرانیەک دەخوێنن و جەژنانەی وەر دەگرن، وشترە شێتەش کە زەنگۆڵەیەکیشی لێ ئاڵاوە، جار جار بۆ شۆخی و بەزم کردن دندۆک ئەهاوێ بۆ ئەوانەی لە دەوری کۆ بوونەتەوە.
هەر ماڵێک کە دەچن؛ لاوان و منداڵانی ئەو ماڵە بە دوویدا دەڕۆن بۆ ماڵە دراوسێکانی دیکە و هەر بەو جۆرەیە کە ڕێژەی جەماوەر زیاد و زیادتر دەبێت و هەر ئەمە دەبێتە بەهانەیێک بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوایی تایبەتەت منداڵان و لاوان هەموو سەردانی یەک بکەن و وێڕای پیرۆزبایی جەژن، گەردنی یەک ئازاد دەکەن و دڵەکان نوێ کەنەوە.
- سقز رووداو
- کد خبر 12080
- بدون نظر
- پرینت