لەم بەشەدا، واتە بەشی کۆتایی ،ئەمانهەوێ بپەرژێینە سەر ئەوەی بزانین هۆی ئەو هەموو گرینگی دانەی شاعیری بابەتەکەمان بە خوێندن و زانیاری چی بووە و مەبەستی شاعیری نەمر چیە کە فەرموویەتی:
ژینی خۆت داوا بکە تا بێیتە ڕیزی هەندەران
چاوی هەڵدووراوی تۆ هەر خوێندنە ئەیکاتەوە
گۆی هونەرمەندی بزانە خوێندنە ئەیباتەوە
خوێندنە ڕێگەی ژیان و ئارەزووت ڕوون
کاتەوە
دیارە ئەگەر کەسێک بە هۆیی ناساغی خۆی یان یەکێک لە ئازیزترین کەسەکانی بنەماڵەکەی کە تووشی گیر و گرفت و نەخۆشی جەستە بووبێ ،پەشێو و غەمبار دەبێ،بۆ دەوایی دەردی گران پەنا بۆ هەموو دوکتۆر و پسپۆڕ و تەنانەت نووشتەنووس و دوعانووس و چارەنووسێکیش دەبات.
کاتێک بە وردی تەماشای سەرجەم هۆنراوە بەنرخەکانی مامۆستا ئەکەین،بۆمان دەردەکەوێ ئەو نەخۆشەی مامۆستا زۆر زۆر پەروشی بووە و خوێندنی وەکوو دەوا و دەرمان بۆ چارەسەری برینەکەی هەڵبژاردووە ،نەخۆیان بوونە و نە هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵەکەی ،بەڵکوو ئەوەی لای مامۆستامان، هەم لە خۆی و هەم لە نزیکترین کەسایەتیەکانی ژیانی خۆشەویست تر بووە ،نیشتمان و وەتەنێک بووە کە دیسان زیاتر لە ۲۰۰ جار لە ناخی دڵەوە ،بە خۆشی و ناخۆشی و گاگاش بە کۆلیلی ناویان لێ دەبات و بۆ ساڕێژی زامی نیشتمانەکەی،جگە لە مەرهەمی خوێندن، حازر ئەبێ ڕۆحی شیرینی بۆ دەربێنێت و لە درێژەی وەسیەت نامە پیرۆزەکەیدا کە پێشتر ئاماژەمان پێکرد بە وریای کوڕی ئەڵێ:
ڕۆحی شیرینت دەرێنە بۆ دەوای دەردی گران
ڕووکەرە قەندیل و ئاکۆ هەر بڵێ یا نیشتمان
ئیتر جوان دیارە تەنانەت حازرە ڕۆحی شیرینیشی بۆ دەوای دەردی گرانی وەتەن دەربێنێت و زام و ناسۆری نیشتمانە چەوساوەکەی پێ تیمار بکات و ڕزگاری ببێت لە خەم و خەفەتێکی ئێگجار قورس و گران کە تەنیا و تەنیا سەرکەوتنی میللەتەکەی و گەیشتن بە ئامانانجە پیرۆزەکانی قووڵایی دڵی زامداری ،دەتوانێ سارێژی ئێش و زامی بێ دەرمانی بێت، چونکا دیسان ئەفەرمێت:
ئەی وەتەن! دایم خەریکی شیوەن و گریانتم
ئەی وەتەن! سووتاوی زامی دەردی بێ دەرمانتم
یان لە زۆربەی هۆنراوەکانیا وەک فەرموویەتی ،دایم حازری گیان فیدایی بووە لە پێناو لاوەکانی وڵاتدا و شیواویی حاڵی گەلەکەیدا:
گەر خوا بۆمکا بە وەڵڵا گیان فیدای لاوانتم
ئەی وەتەن شێواوی حاڵی قەومی بێسامانتم
هەموومان ئەزانین زۆربەی شاعیران و نووسەران و گەورەکانی مێژووی گەلەکەمان ،نیشتمان و وەتەنیان خۆشویستووە و کەمتر شاعیر یان نووسەرێک ئەبینین ،هۆنراوەیێکی لەو بابەتەوە نەبێت ،بەڵام کەسیان هێندەی قانعی چەوساوەکان سەودای نیشمانیان لە سەردا نەبووە و چاوەکانیان بۆ کزی نیشتمان فرمێسکیان لێ نەباریوە و قەڵەمیان ئاوا هاواری هۆزی نەکردووە و گوێیان سەدای گریان و زاری نەتەوەکەیانی نەبیستووە و پەنجەکانیان هەر لە یەک هەرتا هەزار شیعری لەم چەشنەیان نەخوڵقاندوە و دڵەی پڕ لە زاخ و زووخیان وەکوو دەنکاڵە گۆشتێک ئاوا ناڵەی نەبیسراوە و جەرگیان چەشنی کەباب هەڵنەقڕچاوە بۆ کزی کوردی هەژار و لاقەهەڵگرەکانی لاشەی زەبوونیان، بەشوێن نان و لە دەس دوژمنا هەڵنەهاتوون.
هیوادارم ئێمەش شیعرەکانی مامۆستا بکەینە گوارەی گوێی دڵمان و تا گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانی، لە بیریان نەکەین و هەتا هەتایە نەک هەر وێنەکەیان، بەڵکوو ڕێگە و ڕێبازی پیرۆزیشیان بە خوێندن و خوێندەواری گەشە پێ بدەین و بە خۆمان و نەوەی داهاتوشمان بڵێین :
قانعی نەمر بەڕاستی ئاوێنەیێکی باڵانمامی ئەندێشەی نوێی عیلم و زانیاری سەدەی بیست بووە.
بوێە بۆ هەمیشە بە شاعیرێکی نەتەویی ناوی لێ براوە و هۆنراوە بەنرخەکانی لەبەر کراون و لە گۆی ئاگری شەوانی زستانی مزگەوت و ماڵان و لە چاخانەکاندا بە بەزم و ئاوازەوە خوێندراونەتەوە و ئێستەش هەر وەتر بوونەتە مایەی دڵخۆشی و دڵگەرمی دڵەی پڕ لە دەردی دڵداران و هۆگرانی دڵ پڕ لە سۆی نیشتمان و تینی زاتی خستۆتە دەروونی لاوچاکانی ئازا و خوێن گەرمی گەلە ماف خوراو و چەوساوەکەی.
لە کۆتاییدا پێویستە وێڕای دەسخۆشی لە مامۆستای ڕێزدار کاک عابید حسەینی کە ئەم هەلەی بۆمان ڕەخساند بە هانایانەوە بین بۆ بەرز ڕاگرتنی هزر و هەستی گەورە شاعیری دڵدارانی نیشتمان، پێشنیارم ئەوەیە وەکوو سەرجەم کارە جوانەکانی تریان ، خۆیان و هاوڕێیانی ماندوو نەناسیان لە بیری کۆنگەرەێیکدا بن بە جوانی جوانیەکانی باڵای بەرزی کوردستانەکەمان، بۆ یادێک لە شاعیری چەوساوەکان.هەرچەن پێشتریش بە ڕێوە چووبێت ،بەڵام بۆ نەوەی ئێستا و داهاتوو، هێشتا هەر کەمە بۆ وەی بزانن ئەم کەسایەتیە بلیمەتە چۆنە کە هەرگیز هۆنراوەکانی کۆن نابن و هێشتا هەر بۆنی تازەییان لێوە دێت.
- سقز رووداو
- کد خبر 18981
- بدون نظر
- پرینت