عەزیز گەردی، لە ساڵی ۱۹۴۷ لە بەحرکە لەدایکبووە، زیاد لە ۳۶ کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەک لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.
جیا لە وەرگێڕان، مامۆستا عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێک، سەروا، کێشی شیعری کلاسیکی کوردی، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، کێشناسیی کوردی، سێ دەرمان: ھەقایەتی کوردەواری، چیرۆکی بەر ئاگردان، لۆرکا: سێ تراژیدی، (چرا)یەک لەسەر مادیان کۆ، بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک، ئەفسانەی ئەرمەنی، ئەفریقی، سلاڤی و کوردی).
شاکاری داغستانی من لە نووسینی رەسوڵ حەمزە تۆڤ وەرگێڕاوە کە ئەوەندە وەستایی تێدا کردووە هەر دەڵێی بە کوردی پاراو نوسراوە و ئەوەی خوێندویەتییەوە بۆ هەمیشە مێشکی داگیرکردووە.
عەزیز گەردی لە بواری پەروەردە و فێرکردنیشدا ڕۆڵێکی باڵای هەبوو، چەندین ساڵ لە قوتابخانەی ئامادەیی ڕزگاری و قوتابخانەکانی دیکەی شاری هەولێر وانەی گوتووەتەوە.
دوای تەواوکردنی خوێندنی زانکۆش لە بەشی کوردی کۆلێژی ئاداب لە هەولێر بووەتە وانەبێژ، بەڵام لەپێناو خۆ تەرخانکردن بۆ وەرگێڕان دەستیلەکارکێشاوەتەوە، تا ساڵی ۱۹۹۴ ماستەرنامە و ساڵی ۱۹۹۹ دکتۆراکەی بەدەست دەهێنێت.
ناوبراو زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی بە باشی دەزانی.
- سقز رووداو
- کد خبر 16338
- بدون نظر
- پرینت