شما اینجا هستید
اجتماعی » مقامی شیرین و خوسرەوی نەکیسا و باربۆد بەدەنگی خوالێخۆشبوو شێخ مستەفای ئیزەدپەنا (دەرەزیارەت)/ مۆحسن سادقی

یەک لەو مقامە ڕەسەن و کۆنانە مقامی شیرین و خوسرەوی نەکیسا و باربۆدە کە بەشێوەی زارەکی هەر لە کۆنەوە وتراوە و شێخ مستەفای ئیزەدپەنا شێوازی وتنەکەی لە مقام بێژانی پێش خۆی بیستوە و لە کاسێتی وتووێژی لەگەڵ ئۆستاد میرزاپور بە کورتی ئاماژەی پێدەکا.

شێخ مستەفای ئیزەدپەنا کوڕی شێخ عەلی لە بنەمالەی شێخانی شێخ حەسەنی مەولان ئاوا، ساڵی ۱۳۰۰هەتاوی لە گوندی درەزیارەتی خواروی سەر بەناوچەی سەرشیوی سەقز چاوی بە ژیان هەڵێناوە و لە دەرەزیارەتی ژوروو ژیاوە و لەئاکامدا دوای ۷۵ ساڵ تەمەن لە شاری سەقز کۆچی دوایی کردوە. بەپێی داب و نەریت و بیرکردنەوەی ئەوکات ئەگەرچی قوتابخانە هەبووە بەڵام لە حوجرە و لە خزمەت مامۆستایانی ئایینی خوێندن دەست پێدکا و هەروەکوو خۆی باسی کردوە هەر لە مندالیەوە هۆگری خوێندنی ئاواز و مقامات بووە و لە تەمەنی دوازدە و سێزدە ساڵان لەگەڵ فەقێ شەریف گۆرانی وتوە.

 

هاوچەرخ لە گەڵ باپیری شێخ مستەفا – شێخ مۆحەمەد- لە هەردو دەرەزیارەت سێ دەنگخۆشی شارەزا بە مقامات و ئاوازە کۆنەکانی کوردەواری ژیاون کە ناوبانگی سەیر و تەواویان لە سقز و ناوچەکانی دەورو بەری هەبووە لە دەرەزیارەتی ژوورو شێخ مەعروفی کوڕی شێخ مەحمود و فەقێ شەریف -کە دواجار چوتە بانە و بە فەقێ شەریفی بانەیی ناوبانگی دەرکردوە- و لە دەەزیارەتی خوارووش ملا مۆحەمەد شەریفی پێش نوێژ و مامۆستا.

هەر زۆر لە مێژە لە هەردوو دەرەزیارەت خاوکەر و قەتار و ئەڵاوەیسی و سوارەو و حەیران و شیرین و خوسرەوی نەکیسا و باربۆد و سیاوچەمانە و …. باو بووە و دەنگخۆشان و مقام بێژان یەک لە دوای یەک خوێندویانە بەڵام وەکوو چۆن سەوزەی حەمزەبەگ و سەوزەی حەبیبی قەیم بەگ و کاولەی بادینان و تەیری گەرمێن و … تایبەتی ناوچەی فەیزۆڵابەیگین مقامی گۆزەشکێنی فەقێ شەریف و بازەن شکارەنی شێخ مەعروف و … تایبەتی دەرەزیارەتن.

 

شێخ مستەفا ئەگەر چی هاوچەرخی شێخ معروف و ملا شێخ مۆحەمەد شریف نەبووە بەڵام شێوازی خوێندنی قەتاری تایبەت بە ملا شێخ مۆحەمەد شریف و بازەن شکارەنی شێخ مەعروفی لە فەقێ شەریف و شێخ عەلی باوکی کە ئەویش هەر دەنگخۆش بوە بیستوە و  لەم ساڵانەی ئاخری ژیانیدا ئەو مقامانەی لە سەر ئەشعاری مەولەوی کورد تۆمارکردووە.

 

شیرین و خوسرەوی نکیسا وباربۆد یەکێک لەو مقامانەیە کە چەن تایبەت مەندی مێژویی و سەیر لە خۆ دەگرێ. بە پێی خوێندنەوەی نوسەران و شارەزایانی ئاواز و موسیقا لە سەر مێژو و موسیقای ئێرانی کۆن و بە پشت بەستن بە شاهنامەی فیردەوسی و شیرین و خوسرەوی نزامی و شاعێرانی دوای ئەوان، بە ناو بژێرکردن چەن ئاواز ناو دەبەن و دەڵێن کاتی خۆی لە دەرباری خوسرەو پەرویزی ساسانی باربۆد که شارەزای موسیقی و ئاواز بوە ئەم ئاوازانەی خوێندە یان بە واتایێکی‌تر پێش ئەو لە لایەن دەنگخۆشانەوە خوێندراوە بەڵام باربۆد ئەو ئاوازانەی لە ۳۰ شێواز و فۆڕمی جیاوازدا وێڕای نۆژەن کردنەوە ڕێکی خستووە و خوێندویەتەوە.

مقامی شیرین و خوسرەوی نەکیسا و باربۆد کە شێخ مستەفا خوێندویەتی مێژویێکی دوور و درێژی بڕیوە و بە سەدان قۆناغی پڕ مەینەت و ئازاردا تێپەڕیوە، بە درێژای ئەو هەزار و ئەوەندە ساڵە ئەگەرچی فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کورد خاوەنی دەسەڵاتێکی سیاسی و حکوومی وا نەبوە بەڵام گەیشتوەتە ئەمڕۆ و هەروەکو ئۆستاد میرزاپور ئاماژەی پێدەکا “ناتوانین بڵێین کەلام و شێوازی خوێندنی ئەو مقامە ئاڵ و گۆری بە خۆوە نەدیوە” ئەمەش سرۆشتیە کاتێک مقامێک یان بەیتێک لەکۆنەوە زارەکی و سینە بە سینە خوێندراوە گۆڕانی بەسەردا هاتوە بەڵام بە یەقینەوە دەتوانین بڵێین مقامێکی ڕەسەن و بەتام و چێژ و لە سەدا سەد کوردیە.

فۆڕم و شێوازی مقامەکە بەوتەی شارەزایانی مقام و ئاواز چەن بوچوونی جیاوازی لە سەرە هێندێک دەڵێن “لە دەستگای ماهوردایە و لە نێو مقاماتدا لە ئەڵڵا وەیسی دەچێ و هێندیکیش دەڵێن بەیاتەو لە بڕێک جار لە ماهور نزیک دەبێتەوە لە مقامیشدا لە خاوکەری گەرمیان دەچێ و…” کەلام و دەقی مقامەکەش کەڵهوڕیە، واتە هەر ئەو هەورامییەی وا شانامەی کوردی پێ هۆنراوەتەوە.

 

ڕەسەنایەتی و دەوڵەمەندی مقامات و مێلۆدی کوردی تەنانەت لای ناحەزان و دەسەڵاتدارانی دژە کورد حاشاهەڵنەگرە. پێشینەو و چێژ و بەرفراوانی ئاوازی کوردی تاڕادەیکە ئەوانەشی وا چاویان بە مێژو و کەلتووری کورد هەڵنایێ  و ئێستاش بە شاخستانی و …. ناومان دەبەن ناچار کردوە بۆ پەرەپێدان و ڕازاندنەوەی هونەر و موسیقای خۆیان کەڵکی لێوەرگرن.

جێگەی خۆیەتی ئەمڕۆکە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بۆ ئێمەی کورد و خاوەنی سەرەکی و ڕاستەقینەی ئەو گەنجینە کە زۆربەی سەربە مۆر ماوەتەوە و دەستی ناحەزان ڕۆخساری جوان و ساکاریانی تێک نەداوە ئاوڕێکی جیدی لێ بدەینەوە پێویستە لەم بەشەدا بۆ بووژاندنەوە و ناساندنی ئاواز و مۆسیقای ڕەسەنی کورد پێش هەموو شتێک وەکو یەکەم هەنگاو لە موزەخانەیێکی تایبەتدا هەموو ئەو ئاواز و مقاماتانە کۆکرێتەوە کە لە سەر کاسێت و گرام و ڕەیڵ و … تۆمارکراون.

دوای لێکۆڵینەوە و شیکاری ورد لەلایەن شارەزایانی بواری ئاواز و موسیقاوە هەنگاوی دووهەم سەبتی جیهانی شێوازە جیاکانی ئاواز کە بریتین لە بەیت و حەیران و سیاوچەمانە و هۆرە و شانامە خوێنی و چەمەری و ….. لە بەشی میراتی مەعنەوی یونسکۆ.

 

ئەم کارانە جگە لە بوژاندنەوە و پاراستن و ناساندنی هۆنەری میڵەتەکەمان ئەو هەلەش بۆ شوێنە ئاکادیمی و زانکۆ دەرەکیەکان و کەسانی پەسپۆر و خاوەن ڕای جیهانی دەرەخسێنێ کە لەسەر ئەو بابەتانەی وا لە لایەن خۆمانەوە تا ئێستا کارێکی شیاو و زانستی بۆنکراوە کاری لەسەر بکەن و ئەوەش لە بیر نەکەین هەر دەسکەوتێکی ئەوان لەم بوارەدا بێگۆمان خزمەتێکی بەرچاوە بە فەرهەنگ و کەلتووری کورد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل