شما اینجا هستید
اجتماعی » هــەر هــەڵـێ ڕۆژی مـوعـەلـلـیـم

ئەوا جارێکی دیکەش ڕۆژی موعەللیم بە برووقە و زرووقەی خۆی، لە ئاسۆی وڵات هەڵات و قەد و لاپاڵی بیرگەکانی وەژێر تیشک و شەبەقی خۆی خست و خانوولەی ساردی دڵانێکیشی گەرم داهێنا….
ئەو ساڵیش وەکوو ساڵەکانی پێشوو، قەڵەمە تیژەکان، پەڕینە سەر گەڵاکان و زمانە پاراوەکان کێشرانە پشت میکڕۆفۆنەکان، هەتا لە ڕۆژێک‌دا و، بەڵکوو لە چەند ساتی ڕۆژێک‌دا، دنیایەک ئاسەواری تەعلیم و فێرکاری و شوێنەواری فێرکار و موعەللیم، لە ڕووناک‌کردنی حەوای ژیان و، لە هەڵسووڕاندنی چەرخ و چەنبەری کار و باری وڵاتەکەمان بە خەڵکی ڕاگەیەنن…
……بەڵام! من لام وایە کاتی ناساندنی شوێنەواری تەعلیم و موعەللیم، تەنیا ڕۆژێک و حەوتوویەک و مانگێک نییە، بەڵکوو تەواوی کات و ساتەکانی ڕۆژ و حەوتە و مانگ و ساڵەکانە و، بۆ ناساندنی ڕێزی تەعلیم و فێرکاری و قەدر و قودبی موعەللیمیش لە هەموو کاتەکانی ساڵ‌دا هەزاران پێنووس لە کار دان و هەزاران زار و زمان دەنگ دەدەنەوە و بە درێژیی ڕۆژگار، چ لە سەر سینگی سپیی ڕۆژ و چ لە نێو دڵی ڕەشی شەو، هەر پێنووسیک بە سەر لێنووسێک‌دا ڕاست ڕادەخوشێ و سیڕەی دێ و، هەر چەرخ و چەنبەرێکی بەدەوری سەری خۆی‌دا دەسووڕێ و هاڕە و خشەی دێ و، هەر لەت و کوت و قرتم و پێچ و مۆرەی کارخانەیەکی کە هەر یەک لە جێگای خۆی، خرتە و قرتە و کرتە و گرمە و زرمەی دێ ، تێکڕا زار و زمانی هاوارکردن بۆ ڕاگەیاندنی ڕێزی موعەللیمن؛ چونکە تەواوی ئەو کارە ڕەنگینانە و ئەو ئاسەوارە نەخشینانە، بەرهەمی تەعلیم و شوێنەواری کار و تێکۆشانی موعەللیمن……

 

کۆمەڵی بەعەلاوەی موعەللیم بەرابەرە بە کۆمەڵێکی خوێندەواری تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و«بەکاروپیشەوسەنعەت‌وتێکنیک-گەیشتوو» و یەکگرتوو و، کۆمەڵی مینهای موعەللیم بەرابەرە به کۆمەڵێکی پڕژ و بڵاوی لاپرەسەنی زەنگۆڵی زەبەللاحی‌هەناسەساردی«بەهیچ‌کوێ-نەگەیشتو».
….هەر وەکوو باغ و زەمەندێکی ئاوی لێهەڵببڕدرێ و چەند ساڵان ئاو نەدرێ، گیا و گوڵەکان دەبنە پووش و بارە و، دارەکان دەبنە ویشکەڵ و، سەفا و بەر و بوویەک نامێنێ، هەروا کۆمەڵی گەورەی بەشەری بێتوو ماوەیەک تەعلیمیان لێهەڵببڕدرێ و موعەللیمیان لە نێودا نەبێ، دەچنەوە غارەکان و دەکشێنەوە بۆ ڕۆژگاری دنیابەردینە.

له یەک پیت و ڕستەدا، کۆمەڵی بێ موعەللیم یانی کۆمەڵی غارنشین و دنیابەردینە و، کۆمەڵی پەرەگرتووی تەعلیم و بەردەستی موعەللیم، یانی کۆمەڵی ئینسانانی مانگ‌نشین و کۆمەڵی ئینسانانی ڕۆژگاری کارەبا و ئەتۆم و ئەلەکتڕۆنیک و کامپیووتێر و ئینتێرنێت و بەولاوەتریش……
موعەللیم  تەنیا تەونگەرێکە کە خاوک و کولو و هۆربە وەردگرێ و تەندراوێکی نەخشین و ڕەنگین وەدەست دەداتەوە….
موعەللیم ئەندازیارێکە لە کارخانەی زاناسازی‌دا، نەزان وەردەگرێ و زانا دەردەتەواوە…
موعەللیم تەنیا ئەستێرەناسێکە کە لە دوای شەوی ڕەشی نەزانی، هەڵاتنی ڕۆژی ڕووناکی زانستی ڕادەگەیەنێ…..
موعەللیم تەنیا پەنایەکی خۆشەویستییە کە کوڕ و کچە ژیکەڵەکان باوەشی گەرمی دایک و بابەکانیان بەجێ دێڵن و هەڕا دەکەنە لای ئەوان و گەنج و لاوە دڵ پڕ لە ئاواتەکان هەموو سەرقاڵییەک وەلادەنێن و دێنە کۆڕی گەرمی ئەوان……

هەمیشە هەر هەڵێ ڕۆژی موعەللیم و،
بڵاوتر بێ تیشک و نووری ڕۆژی موعەللیم….

 

☑️ سەرچاوە :
“خەزێنە”-کۆمەڵە وتاری ئەدەبی، توێژینەویی و مێژوویی- ؛
بەشێک لە وتاری: “هەر هەڵێ ڕۆژی موعەللیم”.

این مطلب بدون برچسب می باشد.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل