چێرگ، یان (مێشمرغ)، بە ناوی زانستی(Otis tarda)، باڵندەیێکی کە بە داخەوە ڕوو لە ناوچوونە. لە ئێستادا ژمارەیان لە سەرانسەری جیهان لە نێوان ٣٢ هەزار و ٢٠٠ بۆ ۴٢ هەزار و ۶٠٠ پارچە دەخەمڵێندرێت. وڵاتانی ئیسپانیا، ڕووسیا، ئۆکرانیا، تورکیا، ئەو شوێنانەن کە تێدا دەبینرێت، هەرچەندە لەنێو ئەو وڵاتانەدا ئیسپانیا زۆرترین ژمارەی هەیە، واتە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەم باڵندانە لەم وڵاتەدا دەژین.
بەداخەوە فراوانبوونی شوێنی نیشتەجێبوونی پیشەسازی و هەڵمەتەکانی مرۆڤ بۆ ژینگە،
هەلومەرجی نەگونجاوی بۆ ژیان و سەلامەتی چێرگەکان ڕەخساندووە، بەجۆرێک ساڵانە ژمارەی ئەو باڵندانە کەمدەبێتەوە و ڕووبەڕووی لەناوچوونی جیهانی دەبنەوە.
شوێنی نیشتەجێبوونی ئەم مریشکە لە ئێران، لە ساڵانی زووتردا ناوچەکانی ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوای وڵاتی ئێران ئەم باڵندەی تێدا بوە، بەڵام ئێستا، تەنیا لە کوردستاندا ماونەتەوە کە لە چەن شوێن هەن و زۆرتریان لە دەشتەکانی دەوروبەری بوکان، وەک (دەشتە سووتاوی حەمیان)، (دەشتی سێکانیان)، (دەشتی یەینگیجە) و بڕێکیشیان لە دەشت و جاڕەکانی ئاوایییەکانی (بۆگەبەسی) و (کوچکی خوارووی) سەقزدا دەژین. بەداخەوە لە چەند دەیەی ڕابردوودا هۆکارگەلێکی وەک زیادەڕەوی لە ڕاوکردن، گۆڕینی زەوییە دێمەکان بۆ ئاوی، و سووتاندن و … بوونەتە هۆی لەناوچوون خۆیان و لەناوچوونی شوێنی نیشتەجێبوونی سروشتی ئەم پەلەوەرە جۆانە.
لە ئێستادا تەنیا ژمارەیەکی سنووردار لەم پەلەوەرە لە کوردستان دەژین. باڵندەی چێرگ، باڵندەیەکی دەگمەنە لە جیهاندا، کە لە ئێستادا لە لیستی سووری یەکێتی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی سروشتدایە. پێشتر و لە ساڵی ١٣٧٢دا شانزە پارچە چێرگ لە هەمەدان هەبووە و لە ساڵانی دواتردا کەمبوونەوەی بەرچاوی ئەم باڵندەیە لە پارێزگاکەدا بەرچاو بووە، و بە وتەی شارەزایانی ڕێکخراوی پاراستنی ژینگەی پارێزگای هەمەدان، ئێستا ٢ ساڵە هیچێک لەو پارێزگایە نەبینراوە. هەروەها لە دەشتی (هەوەتووی) نێوان سەقز و دیواندەرەی کوردستانیش ژمارەیێکی لێ بوە کە لە ناوچەکانی (زەرینە) و (شاڵیشەل)لە ساڵی ۲۰۱۳ بەم لاوە نەبینراون.
بۆ ئەوەی هەنگاوێکمان بۆ پاراستنی ئەم باڵندە هەڵگرتبێ، باشتر وایە جوانتر بیناسین، هەر بۆیە زانینی ئەم بابەتانەی کە لە درێژەی ئەم وتارە کورتەدا دێت، پێویستی هەمووانە بە تایبەت چالاکانی ژینگە پارێزییە:
۱- چێرگ، باڵندەیێکە لە بنەماڵەی (هووبەرەکان) و تیرەی (ئۆتیسە)کان کە لە دەشتە پان و بێدار و زەوی و کێڵگە فراوانەکان و گەنمە جاڕەکاندا دەژی.
٢- ئەم باڵندەیە مل و قاچی درێژە، باڵی پان و پەڕی ڕەنگاوڕەنگە و لە باڵندە گەورەکانە کە هەم دەفڕێ و هەم ڕایش ئەکات.
٣- ئەم جۆرە باڵندە، یەکێکە لە گەورەترین باڵندەکانی ئێران و درێژی جەستەی تا یەک میتریش دەچێت و کێشی تا ۱۵ کیلۆگرام دەڕوا.
۴- پەڕەکانی بریتین لە ڕەنگی نۆکی و کرێمی کە هێڵی تەڕادەیی ڕەشی هەیە و لەسەر سکی بە تەواوی سپییە.
۵- قاچەکانی بەهێز و درێژن و بە سێ پەنجەکانی، قاچی کۆتایی دێت. ئەم قاچە بەهێزانە زۆر گرنگن بۆ ئەو مریشکەی کە کەمتر دەفڕێت.
۶- لەسەر زەوی هێلانە دەکات و هێلانەکەی لە ناو جاڕ و دەشتەکان درووست دەکات و زۆر جار سووتاندنی دەشتەکان بۆتە هۆی لە ناو چوونی خۆی و بەچکەکانی. لە وەرزی بەهاردا کە کاتی هێلکەکردنە، لە بەشە ئەستوورەکانی ئەو کێڵگانە هێلانەکانیان دروست دەکەن، بەڵام لە وەرزی پاییز و زستاندا، لە کێڵگە دروێنەکراوەکانیشدا دەبینرێن.
٧- لە بەهاردا هێلکە دەکات و لە ماوەی هەر دەورەی هێلکەدانێکدا، دوو تا چوار هێلکە دەکات و هەر لەو ڕوەوە بەچکەی کەمە. دوای ٢۵ تا ٢٧ ڕۆژ جووجکە لەدایک دەبێت.
٨- ئەم باڵندەیە زۆر پێشوەختە و وریایە، هەرچەندە فڕینەکەی بەهێزە، بەڵام زۆرجار کاتێک هەست بە مەترسی دەکات، ڕادەکات یان خۆی دەشارێتەوە.
٩- نێر و مێی ئەم باڵندەیە لەیەک دەچن، بەڵام نێرەکانی گەورەترن. باڵندەی نێری پێگەیشتوو هێڵێکی ڕەنگی بەڕوویی لەسەر سنگی هەیە و پەڕەکانی هاوشێوەی سمێڵی کە لە پەڕەکانی سپی پێکهاتووە لە هەردوو لای دەموچاویدا دەبینرێت.
١٠- خۆراکی ئەم باڵندەیە زۆر جیاوازە و جۆراوجۆرە و ڕووەک و گیانلەبەری ورد و مۆر لەخۆدەگرێت، لەوانە گیا و گژ و مێروو و قوربۆق و مارمیلک و …
۱۲- چێرگ،هەر کات هەست بە مەترسی بکات دەفڕن بۆ شوێنە بەرزەکان و لەوێ سەیر دەکەن و بە تەمای هێمن بوونی شۆێنیان ئەمێننەوە و لەوانەیشە بە پلی دوژمنانیان بکەون.
- سقز رووداو
- کد خبر 18317
- بدون نظر
- پرینت