شما اینجا هستید
اجتماعی » ئەنفال و خەیانەت/فەرهاد هادی*

کورد نە یەکەم نەتەوە بووە و نە دواهەمین نەتەوەشە کە هەوڵی ژینۆساید کردنی بدرێت.

کەم نین ئەو گرووپ و نەتەوانەی، کە زۆر خراپتر و بێ‌ڕەحمانەتر لە کورد هەوڵی سڕینەوەیان دراوە! دیار نیە بە درێژایی مێژوو چەند کەمینە و گرووپ و نەتەوە هەبوون، کە لە لایەن ئەویدی و باڵا‌دەستەکانیانەوە لە نێو چوون و هیچ ناو و نیشانێکیشیان لێ بەجێ نەماوە!
ئەوەی لێرەدا کورد لە زۆربەی ئەو نەتەوانەی کە هەوڵی ژینۆسایدکردنیان دراوە، جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە کورد نە لە ناو چووە و نە بە تەواوەتی لەو دۆخە ڕزگاری بووە!
ئەگەر کورد بۆ نموونە لە “دێرسیم” لە مانای ئەو ژینۆسایدەی بە سەریدا هات، تێنەگەیشتبێت، ئەوە خۆ پاش ئەنفال و هەڵەبجە، دەرکی بەو هەوڵ و پلانە جیددیە کرد؛ کە مەیلی سڕینەوەی لە پشتەوە بوو. بەڵام ئاخۆ لە هەمانکاتدا، هەرگیز بە بیری کوردێکدا هاتبێت کە ساڵانێکی زۆر دواتر کورد لە شەنگال و کۆبانێ و عەفرین، بێ‌ڕەحمانەتر لە جاران ژینۆساید دەکرێت!؟
زۆربەی ئەو نووسەرانەی کە باسی ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەنفالیان دەکرد، یا ڕەشبین و خەیاڵاوی دادەنران یا بە هەند وەرنەدەگیران.
زۆر نموونەی مێژوویی، ئەوەی پیشانی کورد کە هەردەم وا لە بەردەم ئەگەری جۆرە جیاوازەکانی ژینۆساید و توانەوە و قەڵاچۆکردندا.
دیارە زۆر هۆکار هەیە کە ئەگەری دووبارە بوونەوەی کارەساتی لە چەشنی ئەنفال بەقووەت دەکەن، بۆ نموونە ئەو قەدەرە جۆغرافییه‌ی کە کورد تێکەوتوە، یان ڕۆحی نەسرەوتن و ملکەچ نەکردنی کورد لە هەمبەر ماف‌خوراوی و توانەوە‌دا، یاخۆ جۆری ڕوانین و مامەڵەی هەمیشەیی ئەویدی لە گەڵ کێشەی کورددا و هتد.
لەم نێوەدا دیارده‌ی خەیانەت بەردەوام ئامادەیی هەبووە. زۆرجار لە وێزگە هەستیارەکانی مێژووی کورددا؛ خەیانەت کایەکەی بەقازانجی دۆژمنانی کورد گۆڕیوە! زۆربوونی ژمارە و ژەهری ئەو خنجەری خەیانەتانەی کە لە پشتی کورد دراوە، وایکردوە کە لە نێو کورددا بە سووکترین وشە ناو لە کەسانی خەیانتکار ببرێت و بە ناشیرینترێن شێوەش، تەعبیر لە کردەوەی خەیانەتکارانە بکرێت.
بێ‌شک زۆر بوونی دیاردەی خەیانەت لە نێو کورددا هەرگیز پێوەندی بە ڕۆح و جەوهەری مرۆڤی کوردوە نیە، بەڵکوو پێوەندی بەو تایەتمەندی و قەدەرە مێژووییەوە هەیە کە کورد وەک نەتەوە تێکەوتوە، بۆیە هەر جۆرە بەراورد کردنێکی کورد لە گەڵ نەتەوەکانی دیکە لە باری ڕادەی خەیانەتەوە، هەڵەیەکی زۆر گەورەیە، چۆنکە کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی دیکە، پێکهاتەی تایبەت بە خۆی هەیە و لە نێو هاوکێشە‌ی جیاوازدا ڕاوستاوە.
باسکردن لە خەیانەت و ڕەوڵی خائن، بۆ نموونە لە شاڵاوەکانی ئەنفال‌دا، هەرگیز بە مانای خۆ بە تاوانبار کردن و ڕاکشانی پەنجەی تاوان بۆ خۆ و داشۆرینی دەستی خوێناوی دۆژمن نیە، بەڵکوو دەر‌خستنی گرینگی ڕەوڵی ئەو دەستانەیە کە لە نێو دەستی دۆژمندا بوون و دەستی جەلادیان تا دووا حەشارگە‌کانی قوربانی ڕادەکێشا!
دیاردەی خۆ بە تاوانبارزانین لە نێو کورددا کە هەوڵ دەدەم لە دەرفەتێکی دیکەدا بگەڕێیمەوە سەری، دیاردەیەکی زۆر گرینگە کە پێش ئەوەی به‌رهەمی خەیانەت بێت خۆی یەکێکە لە دەرکەوتە و دەرئەنجامەکانی خەیانەت.
کریس کۆچێرا لە یەکێک لە کتبەکانیدا باس لە ژمارەی چوارسەد فەوج یاچوارسەد هەزار کورد دەکات کە لە خزمەتی سوپای بەعسدا بوون!
دیارە بە بێ بوونی ئەو ژمارە خاینە لە سوپای دۆژمندا و بە بێ پەلکێش‌کردنی بەعس لە لایەن ئەوانەوە، هەرگیز کارەساتی ئەنفال و چەندین کارەساتی دیکە، بەو شێوە بەربڵاوە، ڕوویان نەدەدا.
چۆن دەستی بەعسیە بیابان‌نشینەکانی ناوەڕاستی عێراق، دەگەیشتە گوندەکانی “بەرگەڵو” و “سەرگەڵو” و “دوڵی بالیسان” و “ناوچەی جافایەتی”، ئەگەر بەکرێ‌گیراوەکان دەستیان نەگرتبایە و نەبوواین بە چاوساقیان و پەلکێشیانیان نەکردبای؟! چۆن ئەو خەڵکە هەژارە کە لە ترسی دەڕەندەیی بەعس‌، تەنانەت گوندەکانیشان چۆڵ‌کردبوو و لە شاخەکان خۆیان حەشار دابوو، فریویان دەخوارد و خۆیان ڕادەستی ئەو هێزە بێ ڕەحمە‌ی بەعس دەکرد، ئەگەر هاو زمانەکانیان متانەیان پێیان نەدای!؟
ڕەنگە زۆربەی ئەو کوردانەی ناو سوپای بەعس، وەک ئەو جوولەکانەی کە لە سەردەمی هۆلۆکاستدا یارمەتی نازییەکانیان دەدا، پاساوی ئەوە بهێننەوە کە ئەگەر ئێمەش نەبووایین ئەو کارەساتە هەر ڕووی دەدا و ئەوەی ئێمە کردمان بە ئەختیاری خۆمان نەبوو و ئەوندەش کە لە دەستمان هات، ئەوە بوو کە لە ژمارە و ئازاری قوربانییەکانمان کەم کردەوە.
بەڵام ئەوە تەنیا پاساو هێنانەوە و خۆ دەرباز کردنە لە تاوانی بەشدار‌بوون لە جەنایەتدا و هەروەها جۆرێکە لە هەڵهاتن لە ئازاری ویژدان و هەستی تاوانباریی! ئەویش بەو بیانوەی کە گوایه هیچ چاره‌یەکی دیکە نەبوو! لە حاڵێکدا لە هەمان سەردەمی ئەنفالدا ژمارەیەکی کەمی پێشمەرگەی‌ئازا، بە هەزاران خەڵکی ئەو گوندانەیان

ڕزگار کرد کە بڕیار بوو ئەنفال بکرێین، ئەویش تەنیا نەختێ بەر لەوەی دەستی جەیش و جاشیان پێبگات.
تاوانی ئەنفالچییە‌ کوردەکان کاتێک دووقات دەبێتەوە کە ئەوان ئاگاداری قووڵایی کارەساتی ئەنفال و چارنووسی ئەو خەڵکە‌ بووبێتن کە بۆچی ڕاپێچی ناو ئۆردووگاکان دەکران و لە پێناو چیدا بەعس ماڵ و سامانەکەیانی وەکوو دەسخۆشانە دەدا بە ئەوان!؟
ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو زۆر مرۆڤی کورد وەکوو تاک یان گرووپ، خەیانەتی لە نەتەوەکەی خۆی کردوە، بەڵام هیچکات کورد خۆی نەخشە داڕێژەر و قازانج‌کەری سەرەکی پیلانەکانی خەیانەت نەبووە! بەڵکوو تەنیا وەک فریو خواردوو لە پێناو بەرژه‌وەدی کاتیدا، تێوە گلاوەو و زۆر جاریش هەر خۆیشی لە پێناو پیلانەکەدا کراوەتە قوربانی و لە ناو براوە.
بێ گومان خەیانت وەکوو زۆر دیاردەی دیکە بەرهەمی کۆمەڵێ کێشەی ورد و دروشتی دیکەیە و بە گشتی لە سەر ئەساسی بنەمایەکی قەیراناوی ساز دەبێت. بۆیە تەنیا کاتێک خەیانەت کەم دەبێتەوە کە هەوڵی جددی بۆ چارەسەری ئەو کێشە و نەخۆشییە بنەماییانەی نێو کۆمەڵگا بدرێت.
زۆربەی کات کە باس لە چەمکی خەیانەت ده‌کرێت، دوو کێشەی گەورە دێتە ئاراوە؛ یەکه‌م ئەویکە ئەو پێناسەی بۆ خەیانت دەکرێت و یا خۆ ئەو تەسەورەی لە خەیانەت بە خەیاڵدا دێت، زۆر تەسک و دیاری‌کراوە و تەنیا شێوەناسراوەکەی خەیانەت پیشان دەدا و پەچە لە سەر ڕۆخسارە نادیارەکانی ئەو دیاردە لا نادات.
دووهەم ئەوەی‌کە؛ باس لە ئەو کێشە بنەمایی و هۆکارانە ناکرێت کە خەیانەت بەرهەم دێنن. چۆنکە ئەمڕۆ ئیدی خەیانەتکاران تەنیا ئەو کەسانە نین کە وان لە نێو ڕیزەکانی دۆژمندا، بەڵکوو ئەوەی کە ئەرکی تاکە کەسی و کۆمەڵایەتی خۆی لە هەمبەر کۆمەڵگا ڕاناپەڕێنیت، و قازانجی گشتی و بەرژەوەندی نەتەوەیی لە بەرچاو ناگرێت، ئەوە بە جورێ لە جوڕەکان بنەما بۆ خەیانەت خۆش دەکات و بە دڵنیایەوە ئەویش خەیانەتکارە. لێرەدایە کە گەندەڵی و خەیانەت یەک‌‌دەگرنەوە و دەبنە تەواکەری یەکتر!
لەم ساڵانەی دواییدا؛ کورد چەندین نموونەی زۆر ناخۆشی لەو یەک گرتنەوە شوومە، تۆمار کردوە.
بەبێ دوودڵی چۆڵکردنی شەنگاڵ بۆ داعش و دواتر چۆڵکردنی کەرکووک بۆ حەشد، خەیانەت بوون و هەردووکیان لە بەرهەمە گەورەکانی گەندەڵی سیاسی و ناکارامەیی دەسەڵات و دامەزراوەی بەرگری بوون.
جیا لەوانەش ئەبێ بزانین کە خەیانەت تەنیا ئەو شتە نیە کە لە ساتێک لە ساتەکان و چرکەیەک لە چرکە هەستیارەکانی مێژوودا ڕوو دەدا و تۆمار دەبێت و خەڵک لۆمەی دەکەن، بەڵکوو خەیانەت ئەمڕۆ توانای ئەوەی هەیە کە لە هەموو چرکەکان و لە هەموو کون و قۆژبنەکانی ژیانی ڕۆژانەدا ئامادە بێت و ڕوو بدات، بەڵام نەتەنیا کەس تۆماری نەکات و کەس لۆمەی نەکات، بەڵکوو تەنانەت هەر بەرچاویش نەکەوێت و زۆر کەس دەرکی پێ نەکەن و ناوی خەیانەتیشی لە سەر نەبێت.
ئەگەر کوژرانی لاوێکی گەرمیانی لە “نۆگرە سەلمان” بەرهەمی خەیانەتی ئەنفالچییە کوردەکان و ناوی خەیانەت ببێت، ئەوە بە دڵنیایەوە خنکانی لاوێکی شارەزووریش لە زەریای ئیجە، بەرهەمی گەندڵیی بەرپرسە کوردکانە و هەر ناوی خەیانەتە.
ئەگەر ئەنفالچیەکان خەیانەتکارن چۆن دەبێ ئەوانەی سازی ناکۆکی و دوو ئیدارەیی لێدەدەن و ئەوانەی هەلی گۆڕان لە بار دەبەن و ئەوانەی کورسیەکان بە مۆڵکی بنەماڵەیی خۆیان دەزانن و ئەوانەی مافی بنەماڵەی ئەنفال‌کراوەکان دەخۆن و ئەوانەی دەسەڵاتی کوردی لە بەرچاوی خەڵک دەخەن و ئەوانەی ڕەحمەت دەنێرن بۆ سەدام، خەیانەتکار نەبن!؟ جا چ جیاوازیەکی هەیە ئەگەر ئەو کەسانە لە نێو یا لە دەرەوەی دەسەڵات بن یا تەنانەت ڕەخنەگریشی بن.
ئەگەر بمانەوێ لە گەڵ خۆماندا ڕاستگۆ بین، ئەبێ بڵین: ئەوانەی ئەو دۆخەی دەخولقێنن
کە تێدا ئەنفالچی دەرباز دەبێت و دادگایی ناکرێت و تەنانەت کورسیش وەردەگرێت، هەم زۆرتر لە ئەنفالچیەکان تاوانبارن و هەم ئەبێ پێش ئەوان دادگایی بکرێن! چۆنکە ئەوانە ئەو کەسانەن کە گەندەڵیی و خەیانت بە یەک دەگەینن! ئەوان ئەو گەندەڵانەن کە سنووری نێوان جەلاد و قوربانی دەشێوێنن و ناهێڵن حەق لە ناحەق جیا بکرێیتەوە! ئەوانە کۆمەڵگا ئەوندە لێڵ و تەماوی دەکەن کە شورەیی خەیانەت دەشکێت و بەرە بەرە خەیانەت‌کردن ئاسایی دەبێتەوە.
ئەو گەندەڵیە بۆ داپۆشینی خۆیشی بێت، لە هەمبەر خەیانەت‌‌دا بێدەنگ دەبێت! دیارە لەو دۆخەدا، گەندەڵان و خەیانەتکاران بەشێوەی ئۆتۆماتیک دەبن بە یاریدەر و تەواوکەری یەکتر و بەردەوام یەکدی بەرهەم دێننەوە.

*ده‌نگی‌کوردستان

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی