شما اینجا هستید
اجتماعی » نێچیری میدیاکان/ فەرهاد هادی*

ئەم قسانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، کاردانەوەی زۆریان لێ‌‌کەوتەوە و زۆر کەس ڕەخنەیان له‌و خانمه گرت که گوایه بێ‌ڕێزی به‌و دوو هونەرمەندە گەورەیە کردووه. وێڕای ئەو ڕەخنانه، بڕێ کە‌سیش تەنانەت سنووری ئەخلاقیان تێ‌پەڕاند و بێ‌ڕێزی زۆریان بە خانمی بەرزەنجی کرد.

دیاره خۆشەویستی و تەنانەت پیرۆزیی ئەو دوو هونەرمەنده، بەشێک له هۆکارەکانی ئەو ڕەخنانەن. بەڵام ناکرێ نکووڵی لەوە بکەین کە بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ بێزاربوون لە زیاد لەڕادە دەرکەوتن و خۆنواندن لە لایەک و لە لایێکی دیکه؛ بۆ ئێرەیی بردن بە جۆرێ له سەرکەوتن و تایبەتمەندییە‌کانی بێژەری ئەو قسانه.
مەبەست لەو ڕەخنە و بێ‌ڕێزیانه، هەرچی بێت، کەمترین پێوەندیان هەیە بە ناوەڕۆکی قسەکانی سەنا خانمەوە. چونکه، ئێمه زۆر جار له ڕێگەی بەرهەمی هونەرمەندێکه‌وە، لەگەڵ ئەسڵ و بنچینەی ئەو بەرهەمە، ئاشنا دەبین و بۆ سەرچاوە و داهێنەری سەرەکی بەرهەمەکە، دەگەڕێینەوە. زۆر ئاساییه ئەگەر نەوەی نوێ، له سەرەتادا لەگەڵ بەرهەمی جیددی و قورسی کلاسیک‌دا، ناسیاواتییان نەبێ و لە هەر ڕێگەیەکەوە بێت، دواتر بیناسن و یان تەنانەت هەر نەیانناسن و نەبنه هۆگریان. بۆ نموونه له ڕۆژهەڵات زۆر کەس له ڕێگەی گۆرانییه‌کانی “ناسر ڕەزازی”یـەوە، “عەلی‌مەردان” یا “تایەر تۆفێق”یان ناسی.

ئێستاش بڕێ کەس نازانن که گۆرانی “وەرە قوربان” لە سەرەتادا ڕەزازی نەیخوێندووه! یان بەشێ له گۆرانییه‌کانی “عومەر دزەیی” پێشتر هونەرمەندانی دیکه خوێندوویانه و زۆر نموونەی دیکه.
بۆیه قسەکانی سەنا خانم، له ڕاستیدا کێشەی گەورەی تێدا نییه بەڵکوو کێشەی گەورە، داوێکی میدیاکانه، که ئەو هونەرمەندە و زۆر هونەرمەند و ناهونەرمەندی دیکه، پێوەی دەبن.
داوێ که میدیاکان بۆ بەشداربووان و تەنانەت بەردەنگەکانی دەینێنەوە. داوێ که تێیدا بە‌بەزم‌کردن و تەنانەت بەگاڵتەجاڕکردنی قوربانییه‌کانی، توندوتۆڵتر دەتەنرێتەوە. داوێ که تەنیا و تەنیا مەبەستی کۆکردنەوەی بینەر و تەماشەکەره! ئیدی گرینگ نییه که هیچ ناوەڕۆکێکی نەبێت و یا تەنانەت ناوەڕۆکەکەی دژی بەرژەوەندی هەر تاک و گرووپێک بێت.
بەلای ئەو جۆره میدیایانه‌وە، پاراستنی کەرامەتی میوان و بەردەنگ و بنەماڵە و منداڵ و کۆمەڵگا و بەرژەوەندی وڵات، ئەگەریش گرینگ بن، هەرگیز ناکەونه سەرووی بەرژەوەندی خودی میدیا و دەزگا و دەسەڵاتەکەی پشتییەوە.

بۆیه بۆ ئەو جۆره میدیایانه، گرینگ نییه ئەگەر له کاتێکی هەستیاردا، بڵێن: “سەری ڕەش چۆڵ‌ کراوە”! یان وەکوو هەواڵێکی گرینگ، بڵێن: “پیاوێ له گەڵ بزنێ جووت بوو”!
ئەو جۆره میدیایانه توانای ئەوەیان هەیه کە داکەوتن و بریندار بوونی کرێکارێ به شووشێکی ئاسن، بکەنە مایەی پێکەنین و هێنانی ژنی دووهەم و سێهەم، بکەنه ڕازی بەختەوەری خێزان.
ئەو ئەخلاقه میدیاییه، سڵ ناکاتەوە لەوەی که کارەساتێکی مرۆیی وەک شەنگال، بکاته گورزێ بۆ لێدانی لایەنی بەرامبەر، یان بە حەماسەتەوە باسی داگیرکردنی بەشێ له نیشتمان بکات و لە هەمان کاتتدا، بەرامبەرەکەشی دەتوانێ هەر لە ڕێگەی میدیاوه، بێ‌پلان‌بوون و دۆڕانێکی گەوره‌ی خۆی، بۆ خەیانەتی چەند کەسێ، کورت بکاتەوە و تاوانباربوونی خۆی، وەکوو تراژدیای پاڵەوانی‌خەیانەت‌لێکراو، به بینەر و بەردەنگ، بفرۆشێتەوە.

ئەو ئەخلاقه نەشیاوە، تەنیا بۆ یەک جۆر میدیا و یەک شوێنی کوردستان کورت نەبووەتەوە، بەڵکوو زۆربەی زۆری میدیاکان و بەتایبەت سۆشیاڵ میدیای تەنیوەتەوە.
دیاره ئەو شێوازه له مامەڵەکردنی میدیاکان، زیاتر له یەک هۆکاری هەیە. بەڵام له باشوور، ڕەگێکی دەچێته سەر نەریتی میدیایی سەردەمی براکوژی و ڕەگێکی دیکه‌شی به میدیای ئەهلی و ئۆپۆزسیونەوە بەندە کە بەناوی ڕەخنه و ڕاشکاو‌بوون و یاخی‌بوون له دەسەڵات، زۆر شێوەی ناپڕۆفیشناڵیان، کرد به نەریت.
ئەوە تەنیا باشوور نییه که بێ‌ئەخلاقی میدیایی تێدایه، بەڵکوو ئەگەر له ڕۆژهەڵاتیش بوونی هەیه و ئەگەر نەختێ  کەمتر بێت، لەبەر ئەوەیە کە میدیای ئەهلی و سەربەست‌بوونی میدیاکار، زۆر کەمتره.
ئەگەرچی بێ پەرچینی و دەروەست‌‌نەبوون له سۆشیاڵ میدیا، زۆر فرەتره. بەڵام باسی سۆشیاڵ میدیا زۆر جیاوازه و لێرە‌دا ناکرێ.
ئاساییه کە وەکوو هەموو جیهان، میدیای کوردی‌یش، مەبەست و مەرامی تایبەتیی له پشتەوە بێت و بە شوێن پێخۆر و قازانجی خویدا بگەڕێ. بەڵام ئەوەی نائاساییه، ئەوەیه که بڕێ میدیا هەیە، که کەمترین مافی بیرکردنەوە و بڕیاردانێ به بەردەنگی خۆی نادا.

له لۆژیکی بەشێ لەو میدیانه‌دا، مرۆڤ ئەبێ تەنیا له چاویلکەی ئەوانه‌وە سەیری جیهانی دەورووبەری بکات و پیرۆزییەکانی، هەمان پیرۆزییەکانی ئەوان بێت و کۆتا بڕیار هەر ئەوان بۆی بدەن و سەرجەم ئەوەی ئەوان دەیڵێن، وەک ڕاستییەکی ڕەها، ئیمانی پێ‌بهێنن. بۆیه مافی ئەوە بە خۆیان دەدەن، که بۆ خەڵکی دیاری بکەن؛ کێ بەڕێزه و کێ سەرۆکه و کێ نەمره و هتد.

ئەکڕێ بڵین بە دەگمەن میدیای کوردی هەبێ که بێ‌لایەنی پێویست بپارێزێت و قوتار بێت له دوو جەمسەریی تۆخی بەرگری لە لایەنێک و دژایەتی یەک یا چەند لایەنی دیاریکراو.
جارێ، هەواڵنێرێکی کاناڵێکی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان، له باشوور، دوای سڵاو، یەکەم پرسیاری له پیرە‌ژنێکی گوندنشین، ئەوە بوو که “تۆ بۆچی پێت ‌وایه که حکوومەتی هەرێم ئەبێ بڕووخێت؟!”
ئەمە ئیدی تەنیا بێ لایەنی میدیایەک پیشان نادات، بەڵکوو ئەوە نەبوونی کەمترین پڕەنسیبی کاریی ئەو میدیایه دەگەینێت.
ئەوەی مەبەستی ئەم باسەیه، کێشەکانی میدیای کوردی نییه. بەڵکوو ڕامانێکی کورته لە سەر دۆخی ئەو کەسانەی که دەبن بە نێچیری داوی میدیاکان و ئێمەش بە جۆرێ دەبین بە هەمان ئەو داوەوە و هاوکاتیش له نێچیرەکە‌ی دەدەین.
دیاره له ئێستادا زۆر ئەستەمە کەسێکی بێ‌بەهرە بتوانێت به‌ناوبانگ بێت، ئەگەر له ڕێگەی میدیاکانه‌وە نەبێت. بۆیه ڕۆژانه له میدیاکان زۆر کەس دەبینین که ئەوندەی بەناوبانگن، بەهرەمەند نین. ئەوە میدیاکانن کە بە جۆرێ ئەو ناهاوسانییه دەشارنەوە که نە خودی کەسەکە و نە خەڵک، هەستی پێ‌‌‌ناکەن. بۆیه هەڵەی گەورەی کەسانی بەهرەمەندیش له‌و کاتەوە دەست‌ پێدەکات کە ده‌چنه نێو ئەو هاوکێشه نا‌هاوسانه‌ی میدیاکانەوە.
کێ بێ نەزانێ که ئەگەر داوی میدیای زەرد نەبێ، نە مەلا عەلی کەڵەک دەبێته دوکتۆر و نە دوکتۆر فەرهاد پیرباڵ ئەڵێ: “کتێب سووودی نییه” یان “پیاو سالاری نییه”!! و…
ئەوە میدیاکانن که داو دەنێنەوە و ئەوان دەکەن بە نێچیری خویان و بە هەزاران بینەر لە دەوری ئەو بەزمی ڕاوکردن و قوربانی‌بوونه، کۆ دەکەنەوە.
میدیاکان زۆر باش دەزانن کە نە تەبابەتی مەلا عەلی ڕاسته و نه تووڕه بوونەکانی مەلا هەڵۆ! نه بەزمەکانی فەرهاد پیرباڵ تازەگەری تێدایه و نه قسەکانی “شارا ئیبراهیم” جیددییه. بەڵکوو ئەوان هەر هەمووی ئەو جۆره بابەتانە بۆ چەندمین جار بڵاو دەکەنەوە، بەو هیوایه کە ببێت به بەزم و خەڵک بێنێته سەیر.
هەر لەم نموونە تازەیەدا، ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین؛ جوان دیاره کە پێشکەشکار ئەیەوێت بینێتە‌ زمانی میوان کە گوایه ئەم خۆی له زیرەک و ماملێ به‌سەرتر دەزانێ!
میدیاکان ماتڵ دەبن کە له نێو قسەکانی “ڕەزازی” یا “غۆڵامی‌”دا، قسەیکی سەیری دژە دین دەر‌بێنن، بەڵکوو لێشاوی کۆمێنت‌نووسان، بۆ لای خویان ڕابکێشن!
میدیاکان جوانی کچە مۆدێله‌کان پیشانی بینەر نادەن، بەڵکوو هەوڵ دەدەن بیانکەنە بەزمی بینەرەکانیان.

میدیاکان تەنیا کەسەکان ناکەن بە بەزم، بەڵکوو زۆر باس و بابەتی جیددیش، تا ئاستی بەزم و باو، دادەبەزێنن.
ئەگه‌ر ئەوە لۆژیکی میدیا بێت کە بە دوای خۆراکەوەیە و هاوکات ئەوە پەتای بەشی زۆری میدیای کوردی بێت کە کەسانێ بکات بە بەزم؛ پرسیاری سەرەکی ئەمەیە که بۆچی ئەبێ کەسانێ ببن بە نێچیری ئەم داوە نەشیاوەی میدیاکان و خەڵکی پێوە بخڵافێنن و خۆشیان بکەنە قوربانی!؟
هەروەها بۆچی ئەبێ ئێمەی خەڵکیش، ببین بە داوەکەوە و بەرامبەر بە قوربانییه‌کان، ئافەرین له یەکیان و بێ‌ڕێزی بە ئەوی دیکه‌یان بکەین.
دیاره هونەرمەندان و سەرجەم ئەو کەسانەیش کە بەشداری بەرنامەی میدیاکان دەبن، ئەبێ بزانن ئەرکی ئەوان چییه و بۆچی هاتۆن؟ گۆرانی‌بێژی وا هەیە لە پڕۆگرامی ئاشپەزی و چێشت‌لێنانەوە تا باسی ده‌روون‌ناسی و خاو و خێزان و چوونه بەر ماڵی هەژاران، ئامادەیه. بۆیه سەیر نییه که زۆر جار کەسەکان دەبنه قوربانی میدیاکان و تەنانەت کەرامەتیان بریندار دەبێ. کەم نین ئەو کەسە‌ بەهرەمەندانەی که میدیاکان تووشی له خۆ‌بایی‌بوون و بەلاڕێدا چوونیان کردن و بەهرەکەیان پووکایه‌وە و هەرگیز نەگەیشتن بەوەی ئەبووا بۆی بچن.
دەگێڕنەوە: لە گەڕەکێک، پیرەپیاوێک دەبێ که بە تەنیایی دەژیت. نیوەشەوێک، دز دەدا له ماڵەکەی و ئەمیش کاتێ خەبەری دەبێتەوە، له ژێر لێفەکەوە دەبینێ کابرای دز زۆر زەلام و ترسناکه، لە بەر خۆیەوە ئەڵێ: ئەگەر هاواری لێبکەم، ڕەنگه تا خەڵک بگەنە فریام، ماڵەکەم ببات و هەڵبێت یا تەنانەت خۆمیش بخنکێنێ. بۆیه هەر لە ژێر لێفەکەوە هاوار دەکا: کوره هەرکەس هەیت، ئامان بگە‌ره فەریام، خەریکم دەمرم، نەجاتم بدە، هەرچیم هەیە دەیبەخشم پێت و شوێنی زێڕ و ئاڵتوونەکانیشت نیشان دەدەم!

کابرای دزیش که ئەمە ئەبیستێ، ئەڵێ با بچم یارمەتی بدەم که هەم مرۆڤێ ڕزگار دەکەم و هەم گەنجێکم دەست دەکەوێت و هەم نابم بە دزیش. بۆیه دەپرسێ: مامەگیان من هاتووم بۆ دزی، بەڵام چۆن ئێژی تا یارمەتیت بدەم؟ پیرە پیاو ئەڵێ: کوره تۆ دز نیت، تۆ فریشتەی نەجاتی منی، یا ڕەبی بەخەیر بیت. من جار جار تووشی وەستانی دڵ دەبم، ئەبێ کەسێ ماساژی سینگم بدا و بیشێلێ تا چاک ببمەوە.
تەنیا لە بیرت بێ که من له کاتی ماساژدانما ئێشم زۆر دەبێ، بۆیه زۆر هاوار دەکەم! بەڵام تۆ گوێ مه‌ده و کاری خۆت بکه.
کابرای دز دەکەوێته ماساژدان و شێلانی سەردڵی خاوەن‌ماڵ و ئەویش تا هێزی تێدایه هاوار دەکا: کوره کوشتمت!
خەڵکی گەڕەک له هات و هاواری کابرا دەگەنە سەریان و کاتێ دەپرسن: چی بووە؟ خاوەن ماڵ ئەڵێ: ئەم کابرا بێ‌ویژدانه ماڵەکەمی دزیوە و خەریکه خۆیشم بکوژێت!
خەڵک کە ئەمە دەبینن، بەردەبنه گیانی کابرای دز و ئەوندەی لێ‌دەدەن که خاوەن ماڵ بەزەیی پێدا دێتەوە و دەڵێ: بەسە ئیدی لێی مەدەن گوناحه! کەچی کابرای دز دێتە جواب و ئەڵێ: نەوەڵا هیچ گوناح نیم و لێ‌گەڕێ با تا مردن بمکوتن! ئاخر بێژه من دزم یا دوکتۆر؟!

*رۆژنامه‌نوس

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل