شما اینجا هستید
اجتماعی » مۆسیقا لەدیدی جوبران خەلیل جوبرانەوە/ ئەردەڵان عەبدوڵڵا

دیارە جوبران خەلیل جوبران نەک لەناو گێتی عەرەبیدا، بەڵکە لەتەواوی جیهاندا، خاوەنی پێگەیەکی گرنگە بەتایبەتی لە ئەمریکادا، چونکە دوا ساتەکانی ژیانی لەوێ بەسەربردووەو بەشێکی نووسینەکانیشی بە زمانی ئینگلیزی چاپکردووە.

خۆشبەختانە ئێستا لەو ناو ئەدەبیاتی کوردیشدا گرنگی باش بەم نووسەرە مەزنەی لوبنان دەدەن . برای هێژامان کاک  ئازاد بەرزنجی تەواوی کارەکانی کردووە بە کوردیی و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی جەمال عیرفانەوە بەشێوەیەکی زۆر جوان چاپکراوە.

کاتێک نووسینەکانی جوبران دەخوێنیتەوە، هەست بە تام و چێژێکی گەورەی ئەدەبی دەکەیت، چونکە بە زمانێکی زۆر جوان و بەرزی ئەدەبی دەپەیڤێت و زۆرجار واهەست دەکەیت، کە دەقێکی شیعری دەخوێنێتەوە و خۆت لەبەردەم شاعیرێکی گەورەدا دەبینیتەوە، هەموو نووسینەکانی لێوانلێوە لە وێنەی شیعریی و زمان پاراوەیی و جوانیی.

لە کۆبەرهەمەکەیدا کۆمەڵێک چیرۆک و پەخشانی زۆر جوانی تێدایە، بەڵام لە هەموویان گرنگتر و جوانتر بەلای منەوە، بابەتێکی بوو بەناوی « مۆسیقا»ەوە. نووسەر ئەم بابەتەی لە ساڵی ۱۹۰۵ دا نووسیوە، تێیدا بۆچوونی خۆی لەبارەی مۆسیقاەوە دەرخستووە. من بۆچوونی زۆر فەیلەسوف و بیرمەند و نووسەری جیهانم لەبارەی مۆسیقاوە خوێندۆتەوە، بەڵام کەسیان وەکو ئەم نووسینەی جوبران خەلیل جوبران بەلامەوە جوان نەبووە. هەوڵدەدەم لەم وتارەدا کەمێک باسی جوبران خەلیل و ئەو دەقە جوانەی بکەم.

کەسێکی فرە بەهرە
جوبران خەلیل جوبران لە ساڵی ۱۸۸۳ لە ناوچەی بشەڕی لە هەرێمی چیای لوبنان لە خێزانێکی مارۆنی مەسیحی لەدایک بووە و لە ساڵی ۱۹۳۱ لە ئەمریکا کۆچی دواییکردووە. ئەو لەیەک کاتدا شاعیر و نووسەر و نیگارکێش و چالاکوانی مەدەنیی و سیاسیش بووە. لەهەمانکاتیشدا بەیەکێک لە نووسەرە دیارەکانی «ئەدەبی تاوارگە» یان وەکو عەرەبەکان دەڵێن» ادب المهجر» دادەنرێت . جگە لەوەش رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە پێشخستن و مۆدێرنکردنی شیعر و چیرۆکی عەرەبی. لە بواری چیرۆک نووسینیشدا رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، بەشێکی زۆری کارەکانیشی لە خۆرئاوادا زۆر بڵاوە، بەتایبەتی چیرۆکی «پێغەمبەر» کە لە ساڵی ۱۹۲۳ دا بە ئینگلیزی نووسیویەتی، یەکێکە لەکارە ناسراو و جوانەکانی. جگە لە کۆمەڵێک بەرهەمی جوانی تر، کە هەرهەموویان چ لەڕووی ناوەڕۆک و شێوازەوە زۆر جوانن.

یەکێکی تر لە کارە جوانەکانی پەخشانێکی ئەدەبی زۆر جوانە بە ناوی «مۆسیقا»، لە رێگەی ئەم پەخشانەوە نووسەر هەوڵیداوە بەشێوازێکی ئێجگار بەزر و جوان، وەسفی مۆسیقا بکات و کاریگەرییە گەورەکانیشی بەسەرمانەوە دەربخات. لێرەدا هەوڵ دەدەم پوختەیەک لەو بۆچوونانەی بخەمەڕوو.

مۆسیقا
وەکو پێشتریش وتم، جوبران خەلیل جوبران ئەم نووسینەی لە ساڵی ۱۹۰۵ دا بڵاوکردۆتەوەو تێیدا باسی چەندین لایەنی جوان و گرنگی مۆسیقا دەکات. لەهەمانکاتیشدا باسی پەیوەندیی مۆسیقا بە ژیانی مرۆڤەوە دەکات چ لەکاتی خۆشیدا یان ناخۆشیدا، جەنگ و ئاشتیدا، کاروان و سەفەردا. هەروەها گرنگی مۆسیقا بۆ بەخشینی ئارامی دەروونی بە مرۆڤ.

زمانی ناخی مرۆڤە
جوبران دەڵێت: بەڵێ مۆسیقا زمانی دەروونە، ئاوازەکانیش ئەو نەسیمە سازگارانەن کە ژێیەکانی سۆز دەبزوێنن. ئەو ئەنگوستە ناسکانەن کە لە دەرگای هەستەکان دەدەن و یاد بێدار دەکەنەوە.

– مۆسیقا ئەو نەغمە ناسکانەیە کە هەم یادەوەریی ساتەکانی خەم و پەژارەو هەم ساتەکانی سەفا و شادی لەسەر پەڕەکانی خەیاڵ زیندوو دەکەنەوە. ل ۴۰

– مۆسیقا وەکو چرا وایە، تاریکیی دەروون دەڕەوێنێتەوەو دڵ رووناک دەکاتەوەو پەردە لەسەر قووڵایی هەڵدەماڵێت.ل۴۱

– مۆسیقا وەکو شیعر و فۆتۆگراف، گوزارشت لە حاڵەتە جیاجیاکانی مرۆڤ دەکات و وێنەی تارماییەکانی بارەکانی دڵ دەکێشێت و خەیاڵاتەکانی ئارەزووی دەروون بەیان دەکات و ئەو شتانە دادەڕێژێت کە بە خەیاڵدا دێن و وەسفی جوانترین ئارەزووەکانی جەستە دەکات. ل۵۱

– مۆسیقا هاودەمی رۆحمان دەکات و لەگەڵماندا قۆناغەکانی ژیان دەبڕێت، خۆشی و ناخۆشیمان لەگەڵدا بەش دەکات. لە ڕۆژانی خۆشیماندا دەبێتە شایەت و لە ڕۆژانی ناخۆشیشدا، دەبێتە کەسێکی نزیک بۆمان. ل۸۴

دواتریش دەیەوێت مرۆڤ خۆی رادەستی مۆسیقا بکات و دەڵێت:
-ئێمە خۆمان رادەستی شەپۆلەکانی تۆ دەکەین و دڵیشمان بە قووڵاییەکانی تۆ دەسپێرین، هەڵیانگرە و بیانبە بۆ ئەو دیوی ماتەر و پیشانمان بدە تا بزانین جیهانی پیوار (جیهانی نادیار) چی بۆ حەشار داوین.ل۵۵

مۆسیقا لەشارستانییەتە کۆنەکاندا
پاشان نووسەر دەچێتە قووڵایی مێژووی مۆسیقا و باس لە گرنگی پێدانی مۆسیقا دەکات لەلایەن شارستانیەتە کۆنەکانی جیهانەوە بەتایبەتی میسریی و هیندیی و فارسیی و کلدانیی و ئاشوریی و یۆنانی و رۆمانی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە نووسەر زانیاریی زۆری لەبارەی مێژووی شارستانیەتەکانەوە هەیە.

لەمبارەیەوە دەڵێت:
-لە ئاسەواری ئاشوورییەکاندا کۆمەڵێک نیگار ماونەتەوە کە بریتین لە وێنەی کەژاوەی پادشایان و ئەو ئامێرە مۆسیقاییانەی لە پێشیانەوەن. مێژوونوسەکانیشیان پێمان دەڵێن کە مۆسیقا لە ئاهەنگەکاندا نیشانەی شکۆمەندی بووەو لە جەژنەکانیشدا سیمبوڵی بەختەوەری بووە. ل ۴۵

-کلدانییەکان و میسرییەکان وەکو خواوەندێکی مەزن لە مۆسیقایان دەڕوانیی و سوژدەیان بۆ دەبرد و بەرز دەیاننرخاند. فارسەکان و هیندیەکانیش لەو باوەڕەدا بوون کە مۆسیقا رۆحی خوایە لە نێو مرۆڤەکاندا. شاعیرێکی فارسیش شتێکی وەهای لەبارەوە وتوە: مۆسیقا پەرییەک بوو لە ئاسمانی خواوندەکاندا عاشقی مرۆڤێک بوو لەو بڵنداییەوە بەرەو لای مرۆڤ دابەزی. حەکیمێکی هیندیش وتویەتی: شیرینیی ئاوازەکان ئومێدم بە ئەبدەیەتێکی جوان، قایم دەکەن . ل۴۳

-لای یۆنانیی و رۆمانییەکانیش، مۆسیقا خواوەندێکی بەتوانا بوو، کۆمەڵێک پەیکەری گەورەیان بۆ دروست کرد. ئەو پەیکەرانەی نیشانەی مەزنییانن، هەروەها قوربانیگەی شکۆدار، کە تیایاندا جوانترین قوربانییەکانی خۆیان پێشکەش کردووەو بە بۆنخۆشترین بخوورد عەتراوییان کردوون، ئەو خواوەندەیان ناو نابوو « ئەپۆلۆ» ل۴۳

لە ئەفسانە یۆنانییەکانیشدا هاتووە، کە نەغمەی ژێیەکانی ئۆرفیۆسی مۆسیقاژەن، دڵی گیانەوەرانیشی بزواندووە، بۆیە گیانەوەرە دڕندەکان و رووەکەکان دوای کەوتوون، گوڵەکان ملیان بۆ درێژکردووەو لقەدارەکان بەسەریدا نوشتاونەتەوەو داروبەردیش جووڵاون و لەتاودا پارچە پارچە بوون. ل۴۴

مۆسیقاو جەنگ
دواتر باسی پەیوەندیی نێوان جەنگ و مۆسیقا دەکات، هەروەها ئەو کاریگەرییانە دەخاتەڕوو کە مۆسیقا هەیەتی بەسەر سەربازەکانەوە.

_ مۆسیقا پێش سەربازەکان دەکەوێت بۆ جەنگ و ورەیان تازە دەکاتەوەو بۆ خەبات گوڕوتینیان دەداتێ. وەکو هێزی کێشکردنیش کۆیان دەکاتەوەو یەکڕیزیان دەکات. ئەوە مۆسیقاە کە وەکو سەرکردەیەکی مەزن پێشیان دەکەوێت و هێزێکی بێوێنە بە جەستە لاوازەکانیان دەبەخشێت، گڕوتینێک کە خۆشەویستی سەرکەوتن لە دڵنیاندا بێدار دەکاتەوە. ئەوانیش بەوە بەسەر برسێتیی و تینوێتی و شەکەتی زاڵ دەبن و بەهەموو هێزی جەستەیانەوە بەرگری دەکەن و شوێن پێی مەرگ هەڵدەگرن. بەمجۆرە مرۆڤ پیرۆزترین شتی ئەم گەردوونە، بۆ بڵاوکردنەوەی خراپەکانی گەردوون بەکاردەهێنێت. ل ۴۷

ئەو دێرەی کۆتایی زۆر جوان مەبەستەکەی پێکاوە، لە لایەک مۆسیقا پیرۆزترین شتی مرۆڤە، کەچی لە خراپترین بەرهەمی مرۆڤدا بەکاریدەهێنێت کە ئەویش جەنگ و شەڕەنگێزییە.

مۆسیقاو شوان
ناتوانین شوانکاریی تەنها وەکو کارێکی ئاسایی سەیری بکەین، چونکە زۆرجار لە رێگەی شمشاڵی شوانەکانەوە کۆمەڵێک ئاوازی زۆر جوانمان گوێ لێبووە کە مۆسیقاژەنی مەزنیش نەیتوانییووە ئەو ئاوازە دابنێت. هەربۆیە مۆسیقا و شوانکاریش پەیوەندییەکی رۆحییان پێکەوەیە، شمشاڵیش دەبێتە ئەو پردە ئەفسوناوییەی کە بە یەکتریان دەبەستێتەوە. جوبران خەلیلیش هەستی بەم حاڵەتە تایبەتە کردووەو دەڵێت:

-مۆسیقا هاوەڵی شوانە لە تەنیاییەکەیدا، هاودەمێکی خۆشەویستە، خامۆشیی دۆڵە سامناکەکان دەگۆڕێت بۆ باخ و بێستانی ئاوەدان، بە ئاوازە غەمگینەکانی، چۆڵی و سامناکییەکەی لە نێو دەبات و ئاسمانەکەی پڕ لە هۆگریی و جوانی دەکات. ل۴۷

مۆسیقاو سەفەر
حاڵەتێکی تر کە نووسەر باسی لێوە دەکات، پەیوەندیی نێوان سەفەر و مۆسیقایە. ئێمە هەمیشە کاتێک سەفەرێک دەکەین، حەز دەکەین گوێمان لە مۆسیقا بێت، لەوکاتەدا مۆسیقا دووریی رێگەمان بۆ کەم دەکاتەوەو هاودەمێکی رۆحی باشی موسافیران دەبێت.

لەمبارەیەوە جوبران دەڵێت:
_مۆسیقا ڕێنوێنیی کەژاوەی موسافیران دەکات و لە شەکەتییان کەم دەکاتەوەو رێگا دوورەکان کورت دەکاتەوە. وشترەکان تا گوێیان لە دەنگی سارەوان نەبێت، لە بیاباندا ڕی ناکەن، ئەگەر زەنگوڵەکانیشیان لە مل نەکەن، باری قورس هەڵناگرن.

خۆشیی و مەرگ
تەوەرێکی گرنگی تر کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر، پەیوەندیی مۆسیقایە بە حاڵەتی خۆشیی و ناخۆشیی مرۆڤەوە، چۆن لەم دوو ساتە دژ بە یەکەدا، مۆسیقا دەبێتە هاوڕێیەکی نزیکی مرۆڤ.

نووسەر لەمبارەیەوە دەڵێت:
_ پیاو هاوسەری ژیانی هەڵدەبژێرێت و لەرێی هاوسەرگیرییەوە دەروونیان یەک دەگرێت، بەم بۆنەیەوە، خزم و کەس کۆدەبنەوەو دەیکەن بە ئاهەنگ و گۆرانی و مۆسیقاش دەکەن بە شایەت بۆ ئەو پەیوەندیی خۆشەویستییە. وەکو ئەوەی رۆژی زەماوەند، دەنگێکی سامناک بێت و خۆشی ئاوێتە بووبێت، دەنگێک کە خودا لە ئافەریدەکانیدا بەرز ڕادەگرێت، دەنگێک ژیانی خەوتوو بێدار دەکاتەوە، تا بکەوێتە رێ و بڵاوبێتەوەو ڕووی زەوی بتەنێتەوە.ل ۴۹

دواتریش لەبارەی پەیوەندی نێوان مەرگ و مۆسیقاوە دەڵێت:
_ مەرگ وەکو دوا دیمەنی ڕۆمانی ژیان، مۆسیقاێکی غەمگین دەبیستین و دەبینین چۆن لەو ساتە ئازاراوییەدا، کە دەروونێک کەناری ئەم دونیا جوانە جێدەهێڵێت و لە دەریای ئەبەدییەتدا مەلە دەکات، ئەو ناوە بە تارمایی خەم پڕ دەکاتەوە. ل۴۹

دوا قسە
بەدڵنییایەوە تەواوی نووسینەکانی جوبران خەلیل جوبران گوزارشت لە حیکمەت و ژیریی و جوانی ئەدەبی دەکەن، ئەو قسەی لەبارەی زۆر شتەوە کردووە لەوانە « هونەر، مۆسیقا، ئایین، سیاسەت، مرۆڤ، خۆرهەڵات و خۆرئاوا، شەڕەنگزیی، داگیرکاری تورکی عوسمانی، ئازار و مەینەتییەکانی گەلی لوبنان و خۆرهەڵات بەدەست ئەم داگیرکارە دڕندەیییەوە. « کۆمەڵێک بابەتی تر.

لەرووی تەکنیکی نووسینیشەوە، نووسەر هەوڵیداوە جوانترین لەهەمانکاتیشدا مۆدێرینترین شێوازی نووسین بەکاربهێنێت، هەموو ئەمانەش وایکردووە کە نووسەرێکی مەزنی جیهان لێدەربچێت و کارەکانی بۆ زۆربەی زمانەکانی جیهانیش وەربگڕێت.

لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە دەستخۆشی لە کاک ئازاد بکەین، بۆ وەرگێڕانی تەواوی کارەکانی ئەم کەڵە نووسەرەی جیهان و هیوای کاری جوانتری بۆ دەخوازین.

سەرچاوە: شارپرس/ جوبران خەلیل جوبران. کۆی کارە عەرەبی و ئینگلیزییەکان. بەرگی یەکەم. وەرگێڕانی: ئازاد بەرزنجی. چاپی یەکەم. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان  سلێمانی. ۲۰۲۱

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | تفریحی | شخصی | اقتصادی | ورزشی | فرهنگی