موفتی پێشڕەو و پێشەنگی بیرە نوێیەکانی زانستی و پەروەردەی هاوچەرخ و ڕامیاری سەردەمە.
وشیاری نەتەوەیی لای موفتی پێنجوێنی
موفتی پێنجوێنی لەو شاعیرانەیە کە بەشێکی زۆری دیوانەکەی تایبەتە بە نەتەوە، هەموو دیوانەکەی لە خزمەتی نەتەوەکەیدا بووە، ئەمەش بەو دەلیلەی کە بێجگە لە شیعرە نەتەوەییەکانی کە بەڕوونی هەستی پێدەکەین لە شیعرە کۆمەڵایەتی و ئەو شیعرانەی بۆ کوڕوکچانی کوردی نووسیوە، یان ئەو شیعرانەی وەک وەسێتنامە بۆ کچ و کوڕانی خۆی نووسیوە، یان بە جوانی سروشتی کوردستاندا وتویەتی، لە تێکڕای ئەمانەدا هەستێکی نەتەوەیی پەنهان دەخوێنینەوە، هانی کوڕ و کچانی کورد دەدات بۆ ئەوەی خۆیان بە زانست و زانیارییەوە خەریک بکەن ئەمە لەپێناو نەتەوەکەدایە و هاوکات کە بابەتە هەستیارە کۆمەڵایەتییەکانیش دەخاتە بەرباس بۆ ئەوەیە کە نەتەوەکەی سەرفرازبکات و هەوڵی نوێبوونەوە و گۆڕان بدات تێیدا.
نموونەی شیعری موفتی:
ئەی وەتەن من تێئەگەم بۆ شین و زاری کارتە
بۆ نەبوونی عیلمی بەرزی گەورە و سەردارتە
ئاخ و داخ و ئاهی سەردی تۆ سەبەب ئەم دوانەیە
خۆ پەسەندیی و غایە ویستی گەورەکانتە.
موفتی پێنجوێنی وەک خۆی ئاماژەی پێدەکات، تێدەگات دەردی دواکەوتوویی نەتەوەکەی چییە و ئەو دەیگێڕێتەوە بۆ نەبوونی زانست، بۆتە دەردی دواکەوتوویی و خۆرەی جەستەی کۆمەڵگەی کوردی. هەر لەو شیعرەدا ئاماژە بە پێشکەوتووی هەموو وڵاتانی دنیا دەکات،شاعیرێکی ئاگادار بووە لە دەوروبەری خۆی و کەسێکی بێئاگا نەبووە لە پێشکەوتنەکانی ئەوکاتەی جیهان بۆیە، نەک تەنها لەم شیعرەدا، بەڵکو لە زۆر شیعری تریشدا ئەم بابەتە ڕەنگدانەوەی بەرچاوی هەبووە و لە شیعرێکدا بەناوی (سۆز) کە شیعرێکی پێنج خشتەکییە موفتی باس لەوە دەکات کە ئەم کوردە هەر خەوتووە و بێدار نابێتەوە بۆ ئەوەی بگات بە زانست و وشیاربێتەوە ئەو دەنووسێت:
کوردە خەو تاکەی دەسا دەستی من و دامانتە
وەختی هوشیاریتە خەو زنجیری ئەژنۆ و ڕانتە
دوژمنت دایم خەریکی موڵک و ماڵ و گیانتە
حەیفە تۆ فکر و خەیاڵی گەردش و سەیرانتە
رۆژی تێکۆشین و هەوڵ و کاتی هەڵسوڕانتە.
موفتی پێنجوێنی زۆر بە پەرۆشی نەتەوەوە بووە و بێ نەتەوە ئەو هیچ مانایەک لەنێو ژیاندا نابینێتەوە کە ئەم هەستە بەشێوەیەکی زۆر واقیعی لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا هەستی پێدەکرێت. دەرککردنی موفتی بەو هەموو شتە لەو سەردەمەدا گرنگییەکی تایبەتی هەیە و هەر ئەم گرنگیەشە کە ئەم شاعیرە دەخاتە خانەی نەمرییەوە، چونکە هیچ شاعیر و نووسەرێک ناتوانێ نەمری بۆ خۆی و بەرهەمەکانی بەدەست بهێنێت ئەگەر شاهیدی ڕاستگۆی قۆناغێکی ژیانی نەتەوەکەی نەبێت و ئەرکی مێژوونووسێکی ڕاستگۆ نەگێڕێت، بۆیە دەکرێت لێرەدا و پاش خوێندنەوەی تەواوی دیوانە پڕ بایەخەکەی موفتی پێنجوێنی ناسنامەی مێژوونوسێکی ڕاستگۆش بدەینە پاڵ ئەم شاعیرە، چونکە هەموو نووسەرێک بە شێوەیەک لە شێوەکان دەستیان لە نووسینەوەی مێژووی نەتەوەکەیاندا هەیە، بەڵام ئەوە گرنگە لێرەدا ئەوەیە کام لەو شاعیر و نووسەرانە بوونەتە مێژوونوسێکی ڕاستبێژی سەردەمەکەی خۆیان، موفتی لەپاڵ چەند شاعیرێکی وەک نالی و سالم،کوردی، بێکەس، ئەحمەد موختار جاف، پیرەمێرد،قانیع و…هتد، شایەنی ئەو نازناوەیە.
سەرچاوە:
ـ دیوانی شاعیر. ئومید ئاشانا، عەبدولکەریم موفتی.
ـ ویکی پیدیا.
- سقز رووداو
- کد خبر 16410
- بدون نظر
- پرینت