شما اینجا هستید
اجتماعی » زمانی زگماکی

۱- نەتەوەی بێ زمان بوونی نییه

ئەو نەتەوانەی که وڵاتیان لێ ئەستێندراوەتەوە و له کیانێکی سەربەخۆ بێبەشن، تەنیا ڕازی  مانەوەی خۆیان له زماندا دیوەتەوە. زمان داڵدەدەری هەموو شتێکی ئەو نەتەوانەیە.گەل تەنیا لە ڕێگای زمانەوە باس لە شوناس و پێناسە و کەسایەتیی خۆی دەکات .زمان کەرەستەی دەربڕینی کامەرانی و بەختەوەری و هەروەها ژان و دەرد و مافخوراوی و بێبەشییە، تەنیا زمانە کە دەتوانێ مکانیزمێک بڕەخسێنێ کە لەو مکانیزمەدا هەموو بابەتە گرینگ و زیندووەکان بکەونە بازنەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە. کاتێ گەلێک نەیتوانی  لە رێگای زمانی زگماکی خۆیەوە، کولتوور و شوناس و زانستی خۆی بۆ زەین و سینگی نەوەی داهاتووی راگوێزێ ، دار و خاچی خۆی به دووی خۆیدا رادەکێشێ و بەرەو نغرۆبوونێکی ئەبەدی دەڕوات . تەنانەت ئەو گەلانەش کە لە پێش داڕشتنەوەی زمانی نەتەوەیی خۆیان ، سەربەخۆ بوون و وڵاتیان بنیات ناوە ، خێرا دەستیان بە ساخکردنەوە و زیندووکردنەوەی زمانەکەیان کردووە و بە هەوڵ و تێکۆشانی پسپۆڕانە بە ئاکامی دڵخوازی خۆیان گەیشتوون. کەوابوو لە هەر حاڵدا دەتوانین بڵێین نەتەوەی بێزمان بوونی نییە و ئەوە پانتایی زمانە چوارچێوە نەتەوییەکان دیاری دەکات . ئەگەر لە وڵاتانی فرەزماندا ، زمانێک هەست بە بوونی خۆی و ئازادی خۆی نەکات ، لەو وڵات و مەڵبەندە دەڕاسێ و هەوڵی خۆڕاپسکان لە دەستی زمانی سەردەست دەدات . چونکە زمان وەک دەڵێن دیکتاتۆڕە و دەبێ ئەو دەسەڵاتەی خۆی لە هەر بارودۆخێکدا بپارێزێ و بە گۆڕ لە گۆڕەپاندا بمێنێ. هەر وەک دەبینین لە هێندێک وڵاتی ڕۆژاواییدا زمانەکان لە پەنایەکدا دەسەڵاتداری دەکەن و بە بێ هیچ گرفت و شەڕ و ئاژاوە و مەترسییەک لەسەر یەکتر ، دمێننەوە.

۲- پێگەی زمانی کوردی

کوردیش وەکوو هەموو گەلانی تر لەم بارودۆخه ناسک و ئاڵۆزەدا بە وشیاریی نەتەوەیی گەیشتووە و توانیوییەتی بۆ له قوڕ دەرکێشانی بەڕەی خۆی پەل باوێ. هەر بۆیە بۆ رزگارکردنی زمانەکەی لە فەوتان و پەل‌پەلبوون و دیاردەی مەترسیداری زمانکوژی (linguicide) دەستی بە هەوڵێکی ناسیستماتیک کردووه .لە لایەکی تریشەوە بە هۆی هاتنە ئارای ئاڵوگۆڕی تایبەت بە ناوچەکە زمانی کوردی بۆته زمانی دیوان و خەریکە بە ئەزموونی بوون بە دەسەڵاتدا تێدەپەڕێ. بە هۆی هەوڵی ناوەندەکانی  زمانپارێزی کورد بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات و دروستبوونی دیپلۆماسییەکی رێکوپێک له نێوان هەرێم و وڵاتانی دێموکراسیخواز و کراوەدا نیمچە پێگەیەکی بۆخۆی کردۆتەوە و لانیکەم بەرێزەوە سەیری دەکرێ. ئەمانە و چەندین فاکتەری تر باس لەو پێگەیە دەکەن کە زمانی کوردی بۆخۆی مسۆگەر کردووه و رەنگه ئیتر مەترسی لەناوچوونی لەسەر خۆی کەم کردبێتەوە.

۳- ئێمه و زمانی زگماکی

هەموو هەلەکان دەقۆزینەوە و بۆ دوارۆژێکی گەش و ڕوونی زمانەکەمان و دڵسۆزانه تێ دەکۆشین :

ئا- له هەموو نووسینەکانماندا بەکوردی دەنووسین و لەم رێگەیەوە خوێندنەوە و نووسینەوەی کوردی لە خۆماندا بەهێز دەکەین .

ب-پەیامە تەلەیفوونییەکانمان(sms) و هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان به کوردی دەنووسین و لەم رێگەیەوه  هەموان مەجبوور دەکەین ئاوڕ له زمانی زگماکی خۆیان بدەنەوە و بەباشی خوێندنەوە و نووسینەکەی فێر بن.

پ- لە هەر هەل و دەرفەتێک کەڵک وەردەگرین و منداڵان و قوتابیانمان  فێری خوێندنەوە و نووسینی زمانی کوردی دەکەین. هەروەها به ئامادەکردنی  گۆڤار و کتێبه کوردییەکانی تایبەت به منداڵان، بواری فێربوون بۆ هەموو منداڵانی ئەم زمانه دەڕەخسێنین .

ت- به کەڵکوەرگرتن و گوێگرتن له دەنگ و ئاواز و گۆرانیی کوردی  ، دەروونی مات و چۆڵمان لە زەوق و گۆرانیی نەتەوەیی پڕ دەکەین و گۆران گوتەنی  میزاجی کوردەواریمان له تێکچوون ڕزگار دەکەین.

ج- بوار بۆ ئەوە دەڕەخسێنین که منداڵانمان لە بەرنامەی  منداڵانەی تەلەفزیۆنە کوردییەکان و ناوەندە تایبەتەکانی بەرهەمهێنەر لەم بوارەدا چێژ  وەرگرن و لەم رێگەوە بۆ فێربوون و نووسینەوە و خوێندنەوەی زمانی زگماکی هەنگاو دەنێین.

چ- هەموومان دەبینه مامۆستای فێرکاری و زمانەکەمان فێری یەکتر دەکەین و هەموو هەل و دەرفەتەکان بۆ فێرکردنی هاووڵاتیانمان دەقۆزینەوە.

ح- له شوێنه گشتییەکان و شوێنی کار و بنەماڵە و قوتابخانەکاندا ، گۆڤار و حەفتەنامه کوردییەکان دادەنێین و بەو کارە هەل بۆ زۆربەی هاووڵاتیانمان دەڕەخسێنین که لانیکەم له ڕۆژدا چەند ساتێک چاو له نووسراوه کوردییەکان بکەن و رۆژ لەگەڵ رۆژ چێژی زیاتر له زمانەکەیان وەربگرن.

خ- له قسەکردن و باس و خواستەکانی رۆژانە لەگەڵ بنەماڵە و کەسانی دەورووبەرماندا له وشەی جوان و ڕەسەنی کوردی کەڵک وەردەگرین و زمانمان بەگشتی له وشەی زمانەکانی تر پاک دەکەینەوه.  هەموومان به کوردی ئەدوێین و بۆ کەڵکوەرگرتن له وشەی رەسەن و دۆزینەوەیان زەحمه ت دەکێشین.

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل