شما اینجا هستید
اجتماعی » سەفەرێک بۆ تورجان؛ مەکۆی چازان و پیاوچاکان

زۆر لەمێژ بوو، بەئاواتەوە بووم، چاوم بە تورجان و فێرگە ئایینی(دارالعلوم ترجان) و مزگەوتی مێژویی ئەم شارە دێیە بکەوێ، دەرفەت هاتە پێشێ و ڕۆژی سێ شەنبەی(۱۴۰۱/۱/۹) هاوڕێ لەگەڵ حاجی مامۆستا مەلا سولەیمان ڕۆستەمی و ئەندازیار عەبدوڕڕەحیم خورشیدی لە مەهابادەوە بەرەو “حاجی لەک”ی بۆکان و لەوێ ڕا لە خزمەت مامۆستا مەلا مەحمودی مەعڕوفی(تورجان)، بەرەو تورجان وەڕێ کەوتین. لە جاددەی نێوان بۆکان سەقز، لاماندا و بە لێواری چۆمی “تەتەهو” ڕێمان گرت بەر و هێدی هێدی بە تەنیشتی ئەم دێیانەدا ڕۆیشتین، “بۆگەبەسێ”، “قاراواوی گەورە”، گردیگلان”، زەنبیل”  کە هەر دێیە، خۆنواندنێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو، هاژەی چۆمی تەتەهو، دەنگی مەل و ڕەنگی گوڵ و گیای خۆرست و دەستکرد، لەگەڵ قاسپەی کەو و شنەی بەربەیان موسیقایەکی لەڕادەبەدەر و هەواڵی ساڵێکی خۆشی دوای کڕۆنایان پێدەداین. کەویەی بەفران، لەم بەر و لەو  بەر، چاویان دەچاومان بڕیبوو. وەک خانەخوێ بەخێراتنیان دەکردین. هەر وا ڕادەبراین و کێو و بەندن و تەلان، میوانانی عەللامە قزڵجیان بەخێر هاتن دەکرد. کێوی “عاسمان بڵاغی” گوتی لێرە لادەن، لەگەڵمان وێنەیەک بکێشن، نەنتوانی بێ دڵی بکەین و بە نوێنەری هەموو چیاکانی نێوان موکریان و ئەڕدەڵان بەخێرهاتنی کردین. ڕابراین هەتا گەیشتینە شارە دێی “تورجان”، کۆنە هەواری چازان و پیاوچاکان. کێوی وەستا موستەفا، گوندی تورجانی وەک کۆرپەیەک بەرەو قیبلە لە ئامێز گرتبوو. سەرەتا چووینە حەوز و دوای دەست نۆێژ گرتن، ماڵە خودامان کردەوە و هەریەکە لە قونیسکێکی مزگەوت دو ڕەکەعەت نۆێژ و یادێک لە چێشتەنۆێژی عەللامە قزڵجین کرد، زۆر بە ئەسپایی چووینە مێحڕاب، وتاری دڵبزوێن و هاندەری چاکە و چاکە کاری و دوور بوونە و لە تاوان لە گۆن دەزرینگایە، هۆۆ گەڵو ڕابە! خۆت بەکەم مەگرە، دەزانی لەم دوانگەیە عەللامە عەبدولحەمید عەبقەری بیرو نامەی لەگەڵ زانستگای ئەلئەزهەر گۆڕیوەتەوە. لە میحڕاب کشاینەوە و چەند هەنگاوێک ئەوسەر و ئەوسەری مزگەوت و هەوای ئەلێ بابەبی سەردەمی فەقێیەتیمان کردەوە، لە پەنا کۆڵەکەکان ڕاوەستاین و مامۆستا مەحموود، چەند شوێنی لە نیگاری ڕووسەکان و چەند وێنەیەک لە خەتتی مامۆستا مەلا کەریم شاریکەندی کە لەسەر کۆڵەکەی مزگەوت نیگار کێشی کردبوو، پێ نیشان داین و دوایە بە قامکەی شادە ئاماژەی بە جێ شوێنی ڕۆنیشتن و هاتوچۆی فەقێکان کرد و بردنیێە سەربانی مزگەوت و گوتی: تورجان وەک هەرێمێکی تایبەتە، سنووری لەچوار شارانە دەگەڕێتەوە، مەهاباد، سەقز، بۆکان و سەردەشت، هەڵکەوتەی نێوان موکریان و ئەردەڵانە. بردینە خوارێ گوتی ئەوەش سەردەرانەی دەرکە و باسی لەم شێرەژن و دەست ڕۆیشتووی ئەودەمی کوردستان کرد؛ واتە: “نوڕوننساخاتوون” کە بە ماڵ و داهات بنیادنەری ئەم مزگەوتە مێژویی یە بووە کە ئێستە دەیبینن. بۆ هەتاهەتایە مەشغەڵی ڕێی زانستی هەڵکرد و بەشەکاوەیی ڕادەستی بەرەی دوای خۆی کردوە.

مامۆستا گڵۆڵەی مێشکی ئێمەی بەرەو دووسەد ساڵ لەمەوبەر بردەوە و هاتینەوە بەرەو قوبڵە و فەرموی بۆ وەی فەقێکان لە زەرعات بێ بەش نەبن، ئێرەش جێ زەڕعاتی فەقێکان بووە، قامکی دۆشاومژەی ڕاداشت بۆ لای چەپ و گوتی ئێرەش فێرگە و زانستگای تورجان بووە کە پێشبڕکێی لەگەڵ بەغدا و ئەلئەزهەری میسرو کردوووە، دوایە هەناسەیەکی هەڵکێشاو و فەرمووی بەداخەوە ئەم فێرگەیە هەر جێیەکەی ماوە و شوێنەواری نەماوە. لە پەنا حوجرەکان مزگەوتێکی نوێ دروست کراوە. ئەندازیار خورشیدی وێنەی لێهەڵدەگرتن و مامۆستا ڕۆستەمیش خەریکی دیکۆمیندسازی و فیلم هەڵگرتن بوو.
سەرتان نەیەشێنم ئەندازیار خورشیدی ماشێنەکەی هەڵکرد و بەرو قوبڵەی گوند، داگەڕاینە خوارێ و سەردانی گۆرستان دێمان کرد کە چەند ئەستێرەی پڕشنگداری ئاسمانی زانست، وێژە و ئەدەب، خێرومەند و خۆبەش، چەند خەباتکاری کوردی و کەسایەتیی ناودارەکانی موکریان کە لەو شوێنە بە خاک سپێردراون کرد؛ وەک:
۱ـ‌ شێخ وسوو(عارف) ۲ـ عەللامە قزڵجی. ۳ـ نورەلنساء(بنیادنەری مزگەوتی مێژوویی) ۴ـ قۆج بەگ(دەسەڵات دار) ۵ـ مومین بەگ(خاوەن مڵک). ۶ـ حاجی مەلا عەبدوڵڵای پەسوێ ۷ـ حاجی بابە شێخی تورجان و سەرۆک وەزیرانی کۆماری کوردوستان.ک ٨ـ شەهید حەسەن عەسکەر (شەهید شەڕی یەکەمی جیهان) ۹ـ عەللامە عەبدولحەمید عەبقەری(قدسی) ۱۰ـ سەیید عەبدولقادر سەیادەت (شاعیر) ۱۱ـ مەلا عەبدولعەزیزی سەیادەت(نوسەر،‌ فەیلەسووف).. دەیان کەسی تر کە هەر کامیان قوتاب خانەیکی دوڵەمەندی کوردین، فاتیحان خۆێند؛ هەدییەی ڕووحی بەرزی ئەم کەڵە پیاوانە و نوورەلنساء کرد.

 

زانیم کە ئێمە دەوڵەمەندین بەڵام نەمانتوانیوە خۆمان بە خەڵک بناسێنین. جیا لەم چەند گۆڕە مەزنە، زۆری تری لێبوون. ئەوەی جێی سرنج بوو! کێلی دەکەس لەم کەسایەتیانەی کە ناوم بردن، حاڵەتی لاکێشە و درێژۆکە(مستطیل)یان هەبوو جگە لە ئی شێخ وسوو کە چوار گۆشە(مربع) بوو. لەم جۆرە کێلانە لە شەڕەفکەندی گوندی مامۆستا هەژاریشم دیوە، هەر وەها ئەم گۆڕانەی نزیکی بداغ سوڵتان و سارم بەگی موکرین لە مەهاباد کە ئەمانە چۆن بەردتاشی و هەڵکراون!؟
گلەییەک لە خۆم و لە خۆت: ئەرێ تا کوێ هەوڵمان داوە ئەم کەسایەتیانە بناسین و بیانناسێنیین!
دوایی لە قەراغ گۆڕستان بە ساردوگەمی حازر، دوو چامان خواردەوە و دوایە گەڕاینەوە و لە کۆنە مزگەوتی تورجان کە بەر لە عەللامە قزڵجی چاکراوە و کاتی خۆی شێخ وسووی لەسەر بووە، نۆێژی نێوەڕۆ و هێواڕێمان بە کورت و کۆ(قصروجمع) کرد.
وەڕێ کەوتین، ڕومان کردە زەنبیل و چوینە سەر گۆری حاجی سەید عەبدولکەریم خەلیفەی شێخ عوسمان شێخ سیڕاجەددین کە ساڵی ۱۲۴۲هەتاوێ لە سەر ئیزنی شێخ عوسمان دەێتە مەڵبەندی موکریان، دیارە شێخی بوڕهانیش، نزیکی ساڵی ۱۲۳۶هەتاوی واتە نزیک شەش ساڵ پێش حاجی سەید عەبدولکەریم لە تەوێڵەڕا دێتە موکریان و پەرە بە ڕێبازی نەقشبەندی و عیرفان لەم مەڵبەندە دەدەن، هەر لەوێ چووینە سەر گۆری بنەماڵەی حاجی سەیید عەبدولکەریم کە هەموو لەشوێنێێک بەخاک سپێردرابوون؛ وەک گڵکۆی شاعیری ناودار، سەید کامیل ئیمامی(ئاوات) ، شاعیر حاجی سەید موحەممەدی نورانی کە نازناوی (غالیب) بووە، خاتونی ڕێزدار ئاگادار بەسەر شێعرەکانی حافیز و مەولەوی تاەگۆزی کە هەم زەوقی شێعری بووە هەم شێعری چاک و خراپیش لێک کردۆتەوە، سەید زادە مەهتاب بووکی عەللامە قزلجی ناسراو بە “سەیید زادەی بۆکان”. دوایی بە خۆێندنی فاتیحایەک و گرتنی چەند وێنەیک ماڵ ئاوایین کرد و بۆ نەهار چووینە گۆلی ماسی کاک “جەعفەری عەبدوڵڵاهی” هەڵکەوتو لە نزیکی قاراوا.
بەڵێ! ئەمن بەپەلە بووم دەنا دۆستەکانم دەیانگوت خوا دەزانێ کەی دەرفەتی ئاوامان بۆ دەڕەخسێ! تەلەفوونم بۆ نوسەر و لێکۆڵەر کاک ناسر عەلیار کرد تا درەنگانێک لە خزمەتی دا بووین، باس باسی کتێب و موتاڵا و فەرمووی پێویستە مامۆستایانی ئایینی زیادتر لە جاران هەستیار بن، بخوێننەوە، بنوسنەوە وڵامی گەنجان بدەنەوە و لە دوایی دا هەندێ بابەتی ڕۆژمان تاوتوو کرد و بە کێشانی چەند وێنەیەک لە ڕاست و چەپی پەرتوک خانەکە کە وێنەی چەند کەسایەتی ئیلخانی هەڵاوەسرابوون. خوا حافیزیمان کردو مامۆستا مەحموودن لە حاجی لەک داناو ئێمەش گەڕاینەوە مەهاباد.
خوێنەری بەڕێز! بەجێم مەهێڵە، پێمخۆشە و بە پێویستیشی دەزانم ئەم جارەش بگەڕێمەو بۆ تورجان بە جەستە نا، بەڵکە بە ئاوەڕدانەوە لە سەر ناوی هەندێ لەم مامۆستایانەی قەدیمی و کە دوای عەللامە قزڵجی لە تورجان مەلا بوونە و بەڵام چل و دوساڵێکم بۆ ڕوون نەبۆوە ئەویش دوای کوڕی عەللامە قزلجییە. ئەوە ئێوە و ئەوەش ناویان بۆ ئەوەی زیندو ڕاگیردڕێ:
عەللامە قزڵجی دو کوڕ و دو کچی بوونە، ۱ـ مەلا حەسەن کە لە بۆکان بەخاک سپێردراوە، ۲ـ مەلا حوسێن کە وا بزانم لە مەهاباد ئەسپەردەی خاک کراوە کە دەبێتە بابی مەلا موحەممەدی قزڵجی موفتی بەغدایە و بابی مامۆستا مەلا ئەحمەد تورجانی زادە. ۳ـ مەلا ئایشێ کە لە شاریکەند بەخاک سپێردراوە. ۴ـ مەلا زارا کە لە پێشاسپی سەردەشت بەخاک سپێردراوە.

۱ـ عەللامە قزلجی(وتار خوێن و وانە بێژ)؛ ساڵی ۱۲۵۹کۆچی کۆچ دەکات.
۲ـ مەلا موحەممەد حەسەن (ابن القزلجی)کوڕە گەورەی عەللامە قزڵجی تا ساڵی ۱۲۵۶هەتاوی لە تورجان دەبێ و دوایە لەسەر داواوی سەردای بۆکان بانگێشتێن دەکرێ و دەبێتە ئیمام جومعەی فەرمی بۆکان.
۳ـ مەلا موحەممەد حوسێن تورجانی، کوڕە چووکەی عەللامە قزڵجی کە دوایە دەچێتە مەهاباد، بەڵام ۴۱ ساڵ ونە کە تا ساڵی ۱۳۰۳هەتاوی، کێ لە تورجان مەلا بووە، ڕەنگە هەر مەلا عەبدوڵڵای پەسوێ لەوە بووبێ.
۴ـ مەلا عەبدوڵڵای پەسوێ(وەڵزی)، (وتار خوێن و وانەبێژ).
۵ـ حاجی مەلا عەلی وەڵزی (وتار خوێن و وانە بێژ).
۶ـ عەللامە عەبدولحەمید عەبقەری (وتار خوێن و وانە بێژ).
۷ـ مەلا مەجید برای مامۆستا عەبدولحەمید. (وتار خوێن).
٨ـ مەلا عەبدوڵڵای محەممەدی (وتار خوێن و وانە بێژ).
۹ـ مەلا حەسەن ئەدیب (وتار خوێن و وانەبێژ).
۱۰ـ مەلا سەدیق عەلایی. (وتار خوێن و وانە بێژ).
۱۱ـ مەلا عەبدولعەزیز سەیادەت (وانە بێژ).
۱۲ـ مەلا ڕەحیم موحەممەدی، (وتار خوێن).
۱۳ـ مەلا غەفوور قادر پور (وتار خوێن وانە بێژ).
۱۴ـ حاجی سەید ئەنوەر (وتار خوێن)

۱۵ـ  مەلا عومەری کەریمی.(وتار خۆین)
۱۶ـ مەلا موستەفا ڕەحیمی (وتار خوێن).

۱۷ـ مەلا عەبدوڵڵای ئیسفەندیاری (وتار خوێن و وانە بێژ).
۱٨ـ مەلا عەزیز قادری (وتار خوێن و وانە بێژ).
۱۹ـ مەلا ئەبوبەکر مەعڕۆفی (وتار خوێن).
۲۰ـ مەلا ڕەحمەت نسووحی (وتار خۆێن).
۲۱ـ مەلا سەیید موحەممەد حەسەنی (وتار خوێن).
۲۲ـ مەلا ڕەسول عزیزی (وتار خوێن). ئێستاکە تەشریفی لەوێیە.
زۆر سپاسی ئەم بەڕێزانە دەکەم کە یارمەتیان دام بۆ ناوی مامۆستاکانی کە لەم دێیە مەلا بوونە. ۱ـ م: مەلا مەحمود مەعڕوفی(ترجان)، ۲ـ کاک سەید عەبدوڕڕەحمانی سەیادەت(تورجان) ۳ـ م: مەلا عەبدوڵڵا ئیسفەندیار ۴ـ ویبلاگی تایبەتی شێرکۆ تورجانی.
تا دیدارێکی تر و یادگاڕێکی تر ماڵ ئاوا

✍سەیید موحەممەد ئەمین واژی/مەهاباد

۱۴۰۲/۵/۲۷هەتاوی

-لە ڕاستەوە:
حاجی مامۆستا مەلا سولەیمان ڕۆستەمی،
کاک ناسر عەلیار، مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد ئەمین واژی، مامۆستا مەلا مەحموود مەعڕوفی

 

شما هم می توانید دیدگاه خود را ثبت کنید

کامل کردن گزینه های ستاره دار (*) الزامی است -
آدرس پست الکترونیکی شما محفوظ بوده و نمایش داده نخواهد شد -

سایت خبری سقز رووداو | خبری | اجتماعی | کوردانه | اقتصادی | سیاسی | فرهنگی | گزارش | عناوین بین الملل