اجتماعی, اخبار, فرهنگی, ویژه خبری

نیشانەناسیی ئاسەواری هونەرمەند فەردین سادق ئەیووبی

- عەلی سوهرابی

لەم وتارەدا زۆر بە سودفە و بێ گوڵبژێرکردن، دوو تابلۆی هونەرمەندی نیگارکێش و ناودار و پەنجە نەخشینی کورد مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی دەخەینە بەر سەرنج تا لە ڕێی ئەم کورتە نووسراوەوە، نوێن و ڕووکارێ گشتی لە ئاسوارەکانی ئەم هونەرمەندە ناوازەی شاری سنە بدەین بە دەستەوە.هەرچەند کارێک ئەستەمە، بەڵام بێگومان بەسوودە و فارس وتەنی؛
“آب دریا را اگرنتوان کشید/هم بەقدرتشنگی بایدچشید!”

تابلۆی یەکەم

ئەم تابلۆ یەکێکە لە کارە تایبەتەکانى مامۆستا فەردین سادق ئەیوبی ــ ڕەسسامی بەناوبانگی کورد ــ کە بە شێوازی کۆلاژ و موزاییک کاری ڕەنگین و هەندەسی ناسراوە. ئەسەری دیاری کراو، ڕیشەیەکی قووڵی فەرهەنگی، هۆزناسانە و هەستیارانەی هەیە.شتێک سەرترە لە تەنیا ڕەنگ و شێوە؛ ئەمە وێنەیەکی دەگمەنە لە خێزان و کەلتووری نیشتمانی.
هێماکان و توخمە سەرەکییەکانی ئەم تابلۆ ئەمانەن:

‍‍ خێزانی کوردی:
لە ناو ئەم تابلۆدا، سێ کەس دیارن: باوک، دایک و منداڵ. کە نیشانەیەکی ڕوون لە خێزانێکی کوردن. ڕوخسار و هەڵسووکەوتیان پڕە لە خۆشەویستی، پاراستن و پەیوەندێکی پتەوی بنەماڵەیی.
٭پیاو (باوک):
بە جل و بەرگی ڕەسەنی کوردی(کەشیە و پشتوێن و کەواو پانتۆڵ و سۆرانی) دانیشتووە و سەقامگیرە.
ڕاستەوخۆ دەڕوانێت و بە دەسڵات دیارە،بەڵام پەنجەکانی نەرم و پارێزەرانەیە .
ئەو هێمای پشتگری باوکانە و ئەستوندەکی تاوڵی خێزانە.
٭ژن(دایک):
جلوبەرگێ ڕەنگین و تایبەت بە ژنانی کورد(هەوری،لەچک،سوخمە و پشتوێن)ی لەبەردایە. بەشێ لە ئەگریجەی لە لاجانگیەوە دەرخستووە کە تایبەتی ژنانی کوردە.سەری ناوە بە لارۆ،حاڵەتی پاراستن و هێوری و هاوڕێیی و ئەوینێکی بێ کەلامی دایکانەی وێنا کردووە.
ئەو بە لە ئامێزگرتنی خێزانەکەی نیشاندەری ناوەڕۆکی عاتیفی ماڵەکەیە.
٭کچ(منداڵ):
بە پۆشینەیەکی کوردانە و ڕەنگامە و بووکەشووشە لە باوش، لە نێوان دەستەکانی باوک و دایکیدایە.
نیشانەیە لە بەردەوامی جیل، پاکی منداڵی و ئومێد بە داهاتوو .کچ لە باوشی باوکدا و لە ژێر چاوەدێری دایکیدا،سەرۆبەخشی هێمنایەتی و عەشقێکی بێ کۆتاییە.

– ئامرازەکان و شێوازی وێنەیی:

شێوازی کۆلاژ:
هونەرمەند بە بەکارهێنانی تیکەگەلی کاغەزی/پارچەیی ڕەنگامە و هەندەسی، کاریگەرییەکی گەورەی هونەریی خوڵقاندووە.
ئەم تەکنیکە هاوخوێنە لە گەڵ ڕۆحیەو ژیانی کوێستانیی خەڵکی کورد.
ڕەنگەکان:
سادق ئەیووبی زیاتر لە ڕەنگی زیندوو و گەرم کەڵکی وەرگرتووە.کە هێمای ڕەنگامەیی کەلتووری،شادی لە نێوان ژیانێکی ئەستەم و زیندووبوونی خەڵکی کوردە .
ڕەسم و شێوەکانی جل:
جلەکانیان پڕە لە گوڵ، ئەستێرە و هێڵ و خەیاڵی کوردی.
ئەمە نیشانەیەبۆ کەلتووری دەوڵەمەند و شێوە و ناسنامەی نەتەوەیی.

– پەیامی گشتی:
ئەم تابلووە وێنەیەکە لە هەستی خێزانی کورد، بەهێزیی باوک، خۆشەویستیی دایک و پاکی و ئومێدی منداڵ لە بەستێنی فەرهەنگی بەشکۆی کوردیدا. مامۆستا فەردین لەم بەرهەمە هونەرییەدا بە شێوازێ ناوازە، ڕەنگ و هەستێ تایبەت دەبەخشێ بە بێدەنگیی پڕمانا و پڕشکۆی ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی خۆی .

تابلۆی دووەم

 ئەم وێنە، کە ساڵێ۱۴۰۴ کێشراوەتەوە، سیاقەڵەمێکە لە هونەرمەندی کورد،مامۆستا فەردین سادق ئەیووبی، تێکەڵێکە لە نیشانەگەلی کەلتووری، دەروونی و ئوستورەیی کە بە شێوازی تایبەتی خۆی ـ “کوردی-مۆدێڕن” ـ دەیناسێنێ پێمان.
ئەم کارە نە تەنیا وێنە، بەڵکوو چیرۆکێکی وێنەییە لە توێ دەروونییەکانی مرۆڤ ، کۆمەڵگا و مێژووی کوردستان.
ئێستا چەند خاڵی گرنگی تابلۆکە:

✔️ڕوخسارگەلی مرۆیی بە فۆرمگەلی شکاو و هێڵی ڕاستەوخۆ:
ڕوخسارە جۆراوجۆرەکانی ناو تابڵۆکە، هەر یەک شوناسێکی تایبەتیان هەیە. فۆرمگەلی بزڕبزڕ و گا زاویەدار، نیشانێکن لە شیکاریی دەروونی، قەیرانی شوناس یان بیرۆکەی شێواو. وەک بڵێی کەسایەتییەکان لە نێوان خەون، ڕاستی و بیرەوەرییەکاندا گیریان کردبێت .

✔️توخمە ئاژەڵییەکان (باڵندە، گا، مار، ماسی):

باڵندەکان“، لە لای ڕاست، نیشانەی ئازادی و ڕه‌هایین، بەڵام جەستەیان بە شێوەی هەندەسی سنووربەندی کراون؛ ئەمە دەبێت نیشانەی هەوڵ بۆ فڕین لە ناو سنوورەکاندا بێت.
گا“، لە فەرهەنگی ئوستورەگەلی ڕۆژهەڵاتی ناوین و کەلتوورە کەوناراییەکان، وەک نیشانەی هێز، زایین و بەرهەم هێنان و سروشت بەکارهاتووە.
مار” ، لێرەدا هێمای زمان و قسەگەلی ئازار بەخش و ترسێنەرە لە ژیانی مرۆڤدا.
ماسی
” و توخمە ئاوییەکان، ئاماژەیە بە ژیان، لە دایکبوون یان تەنانەت ناوشیاری یۆنگ ی .

✔️جەستەگەلی ڕووت و زێدەڕۆیی لە فۆرمە کاندا:
جەستەگەلی ڕووت و دێفۆرمەی ژنان، بە تەواوی پەیامی دەستدرێژی،سەرکوت، ئازاری ژنان و جنسایەتی لە کۆمەڵگای نەریتیی ئێمەدا وێنا دەکەن.بەکارهێنانی هێڵە خەمڵاوەکان لەسەر پێستی جەستە، وەک تاتۆ یان هێماگەلی کەلتووری کوردی دەردەکەون.

✔️هێڵگەلی سەمبولیک، دیزاینکراو و هەندەسی:
وێنەگەلی دووپاتەکراوو تێکراری ، شێوەی قاڵی یان جل و بەرگی کوردی دەدەن. ئەمانە تەنیا بۆ جوانکاری نین، بەڵکوو کۆدگەلی فەرهەنگی و ماناییان هەیە.

✔️دەستی بە سیگار و ڕوخسارە ماندووەکان:
نیشانەیەکە لە بێ‌واتایی، ڕۆژانەبوون (=روزمرگی) و شایەدیش جۆرێ  ناڕەزایەتی دەربڕین و ناهومێدی فەلسەفییە لە دۆخی ئێستا .

✨  فەردین سادق ئەیووبی بە بەکارهێنانی زمانی وێنەیی سەمبولیک، تەنیا دنیای دەرەوە نیشان نادات، بەڵکوو بە تەواوی دەکەوێتە کەندوکۆڵی ناوشیاری کۆمەڵگا، بیرۆکەی گشتی و بیرۆکەی هۆز و داڵغەگەلی تاکەکەسی.
کارەکانی کاک فەردین بەنرخن و جۆرە گێڕانەوەیەکی  وێنەییی شاعیرانەیە؛ کە لە نێویاندا فۆرم و ناوەڕۆک بە باشی یەکتر دەگرنەوە.
ڕۆحی ئەم تابڵۆیە پڕە لە تاڵییەکی جوان ، ئازارێکی مانادار و مڵ و مۆی شوناس. وێنەیەک کە وادەکا لە بینەر، جگە لەوەی تماشا دەکات ، هاوکات وەک ئاوێنەی باڵاڕوان خۆیشی لە ناویدا ببینێتەوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *