اخبار, سیاسی, ویژه خبری, یادداشت

هەیاسە لە دیوەخان چ باسە؟

✍د. ئیسماعیل شەمس

 

ئایا جیاوازی زمانی تەنیا لە ناو کوردە و تەنیا خەڵکی کوردستانن کە لە زمانی یەک تێناگەن؟دیارە ئەگەر مازەندەرانی بە زمانی خۆی قسە بکا، گیلانی لێی تێناگا و هەردوویان لە زمانی تالێشی کە دراوسێیانە تێناگەن و هەر سێیان لە تاتی کە چەند کیلوومتر ئەولاترە تێناگەن و هەر چواریان نازانن لۆڕی چییە و هەر پێنجیان زمانی پیرەژنێکی خەڵکی قشم فام ناکەن. تۆزێک بڕۆمە بەرۆ،خەڵکی گۆندی ئەبووزەیدئاباد لە کاشان ئەگەر بە زمانی دایکیان قسە بکەن هیچ کاشانیێک لێی تێناگات و ئەگەر خەڵکی گۆندێکی ئابادەی لای شیراز بە زمانی خۆی بدوێت شیرازیەکە هەر نازانێ چی دەڵێت.

لە ناو تورکیش کاتێک سەرۆکی ئۆزبەکستان تەک ئەردووغان وتوووێژ دەکات پیویستیان بە وەرگێڕە و کاتێک ئەو دوانە تەک قەزاقێک بدوێن هەر لە یەک تێناگەن، و کاتێک هەر سێ تەک تورکمەنێک بئاخەون دەبێ وەرگێڕ لە نێوانیان بێت و ئەگەر هەر چوار بڕۆن بۆ قرقیزستان وادەزانن بۆ وڵاتێکی غەریبە ڕۆییشتوون و ئەگەر ڕۆژێک بێت و هەر پێنجیان بیانهەوێ سەردانی داغستان بکەن و تەک لەزگی و چەرکەس گفتووگوو بکەن حەتمەن دەبێ وەرگێڕێکیان ببێ کە هەر پێنج زمانەکە بزانێت و ئەگەر هات و هەر شەشیان هاتنە تەورێز ئەوە ئیدی لە زاری تورکی ئەوێ هەر تێناگەن. ئەرێ براگیان بۆ بە هەمووی ئەوانە دەڵێن تورک و بە زمانەکەشیان دەڵێن تورکی؟ با بێینە سەر عەرەب ؛ گوندیێکی عەرەبی ئەنباری عەڕاق لە زاراوەی خەڵکی عەرەبی بەسرە تێناگات و هەردوویان لە زمانی دایکێکی فەلەستینی تێناگەن و هەر سێیان هەر نازانن کاتێک میسریێک دەڵێت گەمال مەبەستی جەمالە و هەر چواریان لە زمانی دایکیی خەڵکی توونس تێناگەن و هەر پێنجیان کاتێک بڕۆن بۆ دیداری جەولانی ئەگەر بیهەوێت بە زاری عەرەبی جەولان قسان بکات هەر نازانن چی دەڵێت و ئەگەر هەر شەشیان سواری تەیارە بن و لە بادیەی عەرەبستان دابەزن و عەرەبێکی بەدەوی بە خێرهاتنیان بکات وادەزانن جنێویان پێدەدات. دەی چ خەبەرە بەمانە هەموو دەڵێن عەرەب و بە زمانە جیاوازەکانیان دەڵێن عەرەبی؟ دەی خۆ ئەگەر زمانی فەرمی و نووسراوەی عەرەبی کە زمانی قۆرئان و دینە نەبایە هیچ عەرەبێک لە زمانی عەرەبی وڵاتێکیتر تێنەگەییشت. لە ئێرانی سەردەمی قاجاریشدا ئەگەر زمانی فارسی کە زمانی شانامەی فردەوسی و زمانی دەوڵەت و دیوان بووە، نەبووبایە وەڵڵاهی گۆندیێکی تاتی ناوچەی فەشەم لە سی کیلوومێتری تاران هەر نەیدەزانی خەڵکی ڕەی بە چ زمانێک دەئاخەون. بە داخەوە من لەم جۆرە باسانە پارادۆکسێک دەبینم کە هۆگەلی دیارە. کورد هیچ کات نە خاوەنی دینێکی ئاسمانی بووە تا زمانێکی دینی پێوەری بۆ درووست بکات و نە هەرگیز خاوەنی دەوڵەتێکی بەهێز وەک سەلجووقی و سەفەوی و پەهلەوی بووە کە بە زەرب و زۆر یا پارە و دەسەڵات و فێرکردنی مەدرەسەیی و میدیایی زمانێکی نێوانجی بۆی پێکبێنێت.

شتێکی سەیری دیکە کە ئەو جۆرە کەسانە هەر نایبینن ئەوەیە کە بۆ لە نێوان خۆیان بە شوێنی خاڵی هاوبەشن؛ تەنانەت ئەگەر وشەیکیش بێت، بەڵام لە ناو کورددا تەنیا خاڵی جیاواز دەبینن؟ دیارە کوردیش هەر وەک تورک و عەرەب و فارس زاری جیاوازی هەیە و ئاخێوەرانی لە بڕێک جێگا ڕەنگە لە یەک تێنەگەن،بەڵام بۆ ئەو هەموو خاڵە هاوبەشە نابینن؟ بۆ جلووبەرگ و هەڵپەڕکە و جێژن و تەعزیە و ئەفسانە و ئۆستوورە و ڕەسم و ڕسووماتی لە دایکبوون و مردن و زەماوەند و جیابوونەوە و کشتووکاڵ و ئاژەڵداری و هەروەها مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش و دەیان شتی هاوبەشیتر نابینن؟ کاکە گیان فەرموون بە من بڵێن کوردی ئابدانان و کرماشان و هەورامان و بوکان و وان و بادینان و بابان و ئەردەڵان و حەڕڕان بێجگە جیاوازی زمانی چ جیاوازیێکی تریان هەیە؟ دەی بۆ لەزگی و تەورێزی و قرقیز و قەزاق و ئۆزبەک و تۆرکمەن و زەنجانی و ئیستانبوولی و چەرکەس کە هەر لە یەک تێناگەن هەموویان تورکن و زمانیشیان تورکییە، بەڵام کورد چەند زمان و نەتەوەی جیاوازە؟ بە داخەوە کوردی ئێمە هەمیشە وڵامدەداتەوە و خۆی تا ئاستی تاوانبارێک کە هەمووکات پرسیاری لێدەکرێت دێنێتە خوار؛ لە حاڵێکدا دەبێ لەم کەسانە پرسیار بکرێت کە وڵامی فرە زمانی و فرە کەلتووری لە ناو تورک و عەرەب و … و ئەڵبەت لە هەمان کات ناسینیان بە یەک نەتەوە و یەک زمان بدەنەوە. منی هەورامی باشتر لە هەموو کەس دەزانم کە دایکی گۆندی و بێسەوادم لە فەیلی و سورانی و کورمانجی تێناگات، بەڵام ئەمە بۆ من ئاساییە، چوونکە دەزانم دایکی ئەردووغان و دایکی سەرۆک کۆماری ئازەربایجان و دایکی گۆندیێکی ئۆزبەک و قرقیزیش لە یەک تێناگەن و لە هەمانکاتدا پێیان دەڵێن تورک و بە زمانەکشیان دەڵێن تورکی.

من لەم یەک بان و دوو هەوایە تێدەگەم، بەڵام هیوادارم ئەو کەسانە کە بانگەشەی فرە زمانی و فرە نەتەوەیی لە کوردستان دەکەن پێمان بڵێن ئەرێ هەیاسە لە دیوەخان چ باسە و ڕوونی کەنەوە کە وڵامیان بۆ فرە زمانی ناو گەلانی دراوسێ چییە؟

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *