فەرهاد ئەمین پوور
نزیک سەدەیەکە کە دەوڵەتی مودێڕنی تورک، بەشێکی گرینگ و بەرچاو لە سیاسەتە ناوخۆیی و ناوچەییەکانی خۆی لە رێگەی کوردەوە فورمولە دەکات، بێئەوەی کورد ئاگای لەم کاردانەوە نەخوازراوەی خۆی ببێت کە بە تەواوی جیاوازە لە پێوەندیی کورد و تورک وەک ئەکتەری سیاسی لە تورکیا یان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. کورد چەنێک هەڕەشە بووە لەسەر مانەوەی تورکیا وەک وڵاتێکی یەکپارچە بە ئایدیۆلۆژییەکی رەگەزتەوەرەوە، ئەوەندەش دەرفەت بووە بۆ ستراتیژیست و بیرمەندە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە تا لەسەر نواندنەوەی رواڵەتیانەی ئەم بە ناوهەڕەشەیە، ئەو چەشنە لە دەسەڵات و حوکمڕانی بونیاتبنێن و پەرە پێبدەن کە دەرکەوتەی راستەوخۆ و راستەقینەی ئەم ئایدیۆلۆژیایە و بە تەواوی لەگەڵ مێژوو و کولتووری ئەم وڵاتەشدا تەبایە.
رەنگە ئەمە ئەو بەشە فەرامۆش کراوە بێت کە کورد ئەوەندەی ئێهتیمامی بە بەرەنگار بوونەوەی راستەوخۆ بەرانبەر بەم دەوڵەتانە داوە، ئێهتیمامی بەم بەشە نەداوە و وەک خوێندنەوە و ئەکتی سیاسی، نەپەرژاوەتە سەری. واتە ئەوەندەی دەولەتە سەرکوتکەرەکانی کورد بە تایبەت تورکیا لە رێگەی بەرجەستە کردنەوە و دەرخستنی ئەم رەهەندە لە داڕشتن و بەڕێوەبردنی ستراتیژی و سیاسەتەوە لاواز دەبن و بەشێکی گەورە لە پاساوە مێژوویی و فەهەنگی و سیاسییەکانیان بۆ درێژەدان بەم چەشنە حوکمڕانییە پووچەڵ دەبێتەوە، بێگومان هیچ کردارێکیتر بە تایبەت شەڕی راستەوخۆ وەها ئەنجامێک دەستەبەر ناکات.
تەنیا رێگەی ئاوڕدانەوە لەم رەهەندە گرینگ و پشتگوێ خراوە، خوێندنەوە و ناسینی بنەما تیۆریکەکانی ئەم چەشنە لە سیاسەت و حوکمڕانییە لە وڵاتیکی وەک تورکیادا. دەبێ بزانین بونیادەکانی ئەم ستراتیژییە سیاسییە، لە بنەماوە چۆن داڕێژراون و چۆن باڵایان کردووە و دەوری کورد لە گەشەی ئەم سیستەمەدا چی بووە؟
کتێبی “قووڵایی ستراتیژی؛ پێگەی نێونەتەوەیی تورکیا” نووسینی ئەحمەد داودئۆغلوو، یەک لەو کتێبە گرینگانەیە کە دەتوانێت سەرەتایەکی باش بێت بۆ ناسینی شێوەی ئیشکردنی ئەم لۆژیکە سیاسییە فرەڕەهەندە. داودئۆغلوو جیالەوەی یەکێکە لە دیارترین بیرداڕێژە سیاسییەکانی بیست ساڵی رابردووی ئەم وڵاتە، خۆی لەم کتێبەدا، ستراتیژییە سیاسییەکانی پێشووی وڵاتەکەشی بە شێوەیەکی رخنەگرانە هەڵدەسەنگێنێ و هەڵە و لاوازییەکانی دیاریدەکات. بۆیە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بە تایبەت بۆ ئەو کەسانەی لە کوردستاندا لە بەستێنی ئەندێشەی سیاسیدا کار دەکەن، بەڕاستی پێویستە. هەروەها پێویستە بۆ هەموو سیاسییەکانی کورد کە لە هەموو ئەم ساڵانەدا، لەباتی ئەوەی بەرنامە و هەڵوێستی سیاسی خۆیان بەرانبەر بەم دەوڵەتانە و ئەم ستراتیژییە درێژماوە و گرینگانە داڕێژن، تەنیا کەڵکەلەیان ئەوەیە هەموو بەرنامە وسیاسەتیان بەرانبەر بە لایەنە نەیارەکانی خۆیان لە ناوخۆی کوردستان داڕێژن.
شانازی دۆستایەتی بەردەوام لەگەڵ وەرگێڕی ئەم کتێبە گرینگە واتە بەڕێز “وریا غەفووری”، دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخساندم تا لە نزیکەوە ئاگاداری هەموو ئەو هەوڵ و تیکۆشانانەی ئەم مرۆڤە هێمن و بیرمەندە بم بۆ وەرگێڕانی ئەم کتێبە دژوارە، ئەویش راستەوخۆ لە زمانی تورکییەوە. وریا غەفووری جیالەوەی بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە دەریخست وەرگێڕێکی بەتوانا و گەورەیە، بەشێکی گرینگ و بەرچاو لە زەرفییتە نەناسراوەکانی زمانی کوردیشی لەم بوارە گرینگەدا خستە گەڕ. بە دڵنییاییەوە وریا غەفووری لە کەسایەتییە سەرکەوتووەکانی کوردە لە بواری وەرگیڕاندا کە میژووی زمان و فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی شانازی پێوە دەکات.
جارێک هاوڕێ لەگەڵ دۆستی ئازیزم مەنسوور تەیفووری دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخسا چەند رۆژێک لە خزمەت زمانناس و وەرگێڕی گەورەی کورد رەحمەتی مامۆستا “شوکر مستەفا”دا بین. یەکێک لەو قسانەی لەسەر زمانی کوردی کردی و قەت لە بیرم ناچێتەوە ئەوە بوو: “کاتێک دەتوانین بڵێین زمانی کوردی گەشەی کردووە کە ئەگەر ویستمان وشەیەک لە زمانێکی ترەوە بکەین بە کوردی، ٨٠ لە سەدی ئەو کەسانەی دەیبیستن یەک بەرانبەر بۆ ئەو وشە لە زەینیاندا دروست ببێت.” بڵاوبوونەوەی وەها کتێبگەلێک نیشانییەکی دڵخۆشکەرن بۆ ئەوەی بڵێین زمانی کوردی لەم خەونەی مامۆستا شوکر نزیکبۆتەوە. بە خۆشحاڵییەوە بەرەیەکی نوێ لە وەرگێڕانی کورد پێگەشتوون کە دەکرێ بڵێین میراتگرانی شیاوی گەورەگەلێک وەک “هەژار” و “هێمن” و “شوکر مستەفا” و “سەلاح ئاشتی”ن و وەرگیڕانی کوردییان لەو سەرلێشێواوی و شپرزەییەی کە ماوەیەک بوو ئەدەب و ئەندێشەمانی خستبووە گێژاوێکی قووڵەوە، دەرباز کردووە. بێگومان وریا غەفووری یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی ئەم بەرە پرشنگدارەیە کە داهاتوومان قەرزداری دەبێت.
- سقز رووداو
- کد خبر 13204
- بدون نظر
- پرینت