من ئەم ئەرکە بە سەر دوو جەمسەردا دابەش دەکەم کە بریتییە لە:
۱-ساز کردنی گوشاری ڕای گشتی بە شێوەی ڕەسمی لە سەر دەسەڵات بۆ جێبەجێ کردنی بڕگەی ۱۵قانوونی ئەساسی. کە ئەمەیش ناکرێ مەگەر ئیرادەیەکی بەهێزی مافخوازانە لە چوارچێوەیەکی حقووقی نوێنەرایەتی ئەم گوشارە بکات و بە کەڵک وەرگرتن لە سەرجەم ئامرازە قانوونیەکان دەسەڵات مل کەجی جێ بە جێ کردنی ئامووزش و پەروەرش بە زمانی دایکی هیچ نەبێ تا کۆتایی قۆناغی سەرەتایی بکات. دەکراو دەکرێ نوێنەرانی ئەو ناوچانە کە زمانی نەتەوەییان لە گەڵ زمانی فەرمی واتە فارسی جیاوازە بە کەڵک وەرگرتن لە مەوقعییەتی حقووقیان پێشەنگایەتی ئەو گوشاری ڕای گشتییەیان بۆ دەستەبەری مافی بەکارهێنانی زمانی دایکی لە پڕۆسەی ئامووزش و پەروەرشدا بکردایێ و بکەن. ئەوەی بۆ نەکراوەو بۆ جیا لە شوعاری ئنتخاباتی و حەولی چەواشەکردنی ڕای گشتی بە هەندێ قسەی بریقەدار لەم بابەتەوە، کارێکی بنەڕەتی و گوشارێکی حقووقی بە پێی مەوقعییەتی حقووقی ئەوان وەک نوێنەر لە مەجلیس نەکراوە جێگای پرسیار و هەڵوێستەیە!
هیوادارم ڕای گشتی ئەو کەمتەرخمییەی نوێنەران بخاتە بەر پرسیار و ڕەخنە و تێڕامان و نوێنەرانی ئەو ناوچانە بە هەڵس و کەوتی خۆیان لەو بابەتەدا بچنەوە، چون بە دڵنیاییەوە هەر لە لایەن مناڵەکانی خۆیانەوە پرسیاریان لێ دەکرێ کە:
-باوکە دایکە، ئێوە کە خاوەن پێگەی حقووقی نوێنەرایەتی مەجلیس بوون بۆ کارێکتان لە پێناو ئامووزش و پەروەرشی ئێمە بە زمانی دایکی نەکرد؟!!
ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنیەکانیش بە نیسبەت پێگەی حقووقی خۆیان لە ئاست پێشەنگایەتی و وەدەنگ هاتن لە بابەت ساز کردنی ئەو گوشاری ڕای گشتییە بۆ بەکار هێنانی زمانی دایکی بەرپرسیارن و جێی خۆیەتی بڵێین ئەو ئاستە لە گوشار و پێشکەوتە کە دەیبینین لە بابەتی بەکار هێنانی زمانی دایکی لە پڕۆسەی ئامووزش و پەروەرش (هەرچەند کەم )کە ڕوویداوە لە سوێنگەی ئەوانەوەوە بووەو هەڵدەگرێت ئەو ناوەندانە بە باوەڕێکی بەهێزتر و هەست کردن بە پەرسیارەتی زیاتر لەم قۆناغە بۆشایی نابەرپرسیارەتی نوێنەرانی مەجلیس پڕ بکەنەوەو ئاڵای خواستی ڕای گشتی بۆ دەستەبەری مافی بە کار هێنانی زمان دایکی بە شێوەی ڕەسمی و قانوونی بەرز بکەنەوە.
۲-سازکردنی جەولەیەک لە چالاکی فێرکاری لە بابەت فێر کردنی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی لە هەموو ناوەندە ڕەسمی و غەیرە ڕەسمییەکان(بە تایبەت لە ئامووزش و پەروەرشی ناوچە دوو زمانەکان) و شۆڕ کردنەوەی ئەو چالاکیانە تەنانەت بۆ ناو ماڵەکانیش و هەموو شوێنە گشتییەکان. بەختەوەرانە ئاسۆی جم و جۆڵی کۆمەڵگا بە گشتی و نوخبەکانی ئەم بوارە بە تایبەتی ڕوونەو و دەکرێ حەول بۆ پەرەگرتنی زیاتری ئەو چالاکیانە لە لایەن باوک و دایکەکان و مامۆستایانی قوتابخانەکان و بەرپرسانی ڕێکخراوە مەدەنیەکان و ….. ەوە بدرێت.
خولەکانی فێرکاری ڕێنووسی زمانی کوردی لە ژێر ناوی “باخۆمان ڕێنووسی زمانی کوردی فێر بین ” دەور و نەقشێکی گرنگی بووە بۆ شکاندنی تینوێتی تامەزرۆیانی فێر بوونی خوێندن و نووسین بە زمانی دایکی و هەروەها ساز کردنی گوشاری ڕای گشتی لە بابەت دەستەبەری ئەم مافە.
یەک گرتنەوەی ئەم دووجەمسەرە لە دوا ڕۆژدا بە مەرجی خۆ ماندوو کردن و بەردوام بوونی چالاکانی ئەو بەستێنە ئاسۆیەکی ڕوون بۆ نەوەی داهاتوو دێنێتە ئاراوە.
*مامۆستای قوتابخانە
- سقز رووداو
- کد خبر 17134
- بدون نظر
- پرینت